وەك ئاشكرایە , نەوتی خاو بە یەكێك لە بزوێنەرە سەرەكییەكانی ئابووری جیهان دادەنرێت , هاوكات گاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر باری ڕامیاری وئابووری وڵاتان هەیە , هێندێكجار هەڵكشان و داكشانی نرخەكەشی پتر لە بابەتێكی تەواو ڕامیاری دەچێت وەك ئابووری سەبارەت بە سیاسەتی نێودەوڵەتی ووڵاتانی بەرهەمهێن و بەكاربەری نەوتەوە . لە جیهاندا دوو پێوەری سەرەكی بۆ جۆری نەوت هەن , كە لەسەر بنەمای ئەو دوو پێوەرە نرخ دیاریدەكرێت، ئەوانیش ( نەوتی خاوی برێنت یان تێكەڵی برێنت )ە كە بریتیە لە تێكەڵی كۆمەڵێك جۆری نەوتی خاوی كێڵگەكانی دەریای باكوور ( بەریتانیاو ووڵاتی نەرویج) كە پێوەرە بۆ سێیەكی نەوتی جیهان، دووەمیان : (WTI) نەوتی خاوی كێڵگەكانی ڕۆژئاوای تەكساسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە .
هەردوو جۆرەكە لەڕووی كوالێتیەوە بە باشترین جۆری نەوتی سوك دادەنرێت , هەروەها ڕێژەی گۆگرد و خڵتەكان تیایاندا كەمە . لە ئێستادا نەوتی خاوی برێنت نرخەكەی زیاترە لە بەرامبەرەكەی , ئەمەش لەبەر كەمی نرخی بەرهەمهێنان و هەروەها هەڵكەوتە جوگرافیەكەی ,كە ئاسانترە بۆ گواستنەوە وەك لە نەوتی ئەمەریكی , كە بە بۆری لە ویلایەتەكانی تەكساس و لویزیاناو دا كۆتای باكورەوە دەنێردرێت.
لە بازاڕی نەوتی جیهاندا , سێ جۆر پێوەر بۆ گرێبەستی فرۆشتن و ئاڵوگۆری بازرگانی نەوتی خاو هەن , كە بریتین لە:
•گرێبەستی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ , كە بریتیە لە ڕادەستكردنی ڕاستەوخۆی بڕی دیاریكراوی نەوت بە پێی گرێبەست ,بە نرخی ڕۆژ.
•گرێبەست بۆ دواتر (العقود الاجلە) ئەم جۆرەیان بەپێی گرێبەستی نێوان كڕیار و فرۆشیار لەسەر بڕێكی دیاریكراوی ,نەوت لە كاتێكی دیاریكراودا ( لەنێوان مانگێك بۆ سێ مانگ , هەندێك جار زیاتریش ) بەپێی جۆر و شێوەی ڕێكەوتنەكە , بۆ ڕادەستكردنی بڕی دیاریكراو ی نەوت بە نرخی ڕۆژی ڕێكەوتن (گرێبەست ).
•گرێبەست بۆ داهاتوو ( العقود المستقبلیە ) ئەم جۆرەیان ئاڵوگۆڕی بازرگانی بڕێكی دیاریكراوی نەوتی خاوە , بە پێی گرێبەست لە نێوان هەردوولادا . بۆماوەیەكی دیاریكراوی داهاتوو ( كە هەندیكجار لە 12 مانگ زیاترە) لێرەدا لە ئەرزی واقیعدا هیچ جۆرە ئاڵوگۆرێك ڕونادات تەنها ئەوەیە , كە بە پێی ئەو گرێبەستە پێشوەختەیە ڕێكەوتوون لە سەری .كە بە نرخی ڕۆژی گرێبەست كاڵاكە هەژمار دەكرێت.
لە جۆری دووەم و سێیەمدا ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەی بەرمیلی نەوت ڕوونادات لە كاتی گرێبەستدا , تەنها بە پێی ئەو نوسراوەی (گرێبەستەی) كە لە نێوان كڕیار و فرۆشیاردا هەیە , هەر نوسراوێك بڕەكەی 1000 بەرمیل نەوتی خاو دەبێت , لە ڕۆژی ئەنجامدان و واژوكردنی ئەم گرێبەستانەوە تا دووا وادەی كۆتایی هاتنی بەشێوەی قەواڵە (سەنەدات) لە لایەن بازرگانانەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت , كە مەبەست لێی بازرگانی و بەدەستهێنانی قازانجە .
هەروەها بە پێی سیاسەتی ئاڵوگۆڕكردنی بازرگانی لە وویلایەتە یەكگرتووەوكانی ئەمریكا , بەرواری مافی گرێبەستەكان لە نێوان ڕۆژانی 23 تا 25 ی هەر مانگێكدا دەبێت ( كە ڕەنگە هەندێكجار پشووی كۆتایی هەفتەكە بكەوێتە نێوان ئەم بەروارەوە ).
واتە لە ڕۆژی 26 ی مانگەوە ئاڵوگۆڕی گرێبەستی مانگی داهاتوو دەستپێدەكات . بۆ وێنە ئەو پشكانەی , كە لە 20 ی مانگدا ئاڵوگۆڕیان پێوە دەكرێت بریتییە لە پشكی یاخود گرێبەستی ئاڵوگۆڕپێكراوی ئەو مانگەی كە تیایدایە , كە نزیكبۆتەوە لە بەرواری بەسەرچوون , بە واتایەكی تر لە دووای 26 ی مانگەوە گرێبەستی مانگی پێشوو كاری پێناكرێت , چونكە كاتی ڕادەستكردنی كاڵاكەیە نەك ئاڵوگۆڕپێوەكردنی . لەم كاتەدا كۆتا كەس , كە پشكەكانی (گرێبەستەكەی ) كڕیوە دەبێتە خاوەنی ڕاستەقینەی پشكەكان . بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بگەڕێتەوە لای خاوەنی یەكەمی (فرۆشیار) ی كاڵاكە و پاكۆی (تسویەی) گرێبەستەكەیان بكەن , كە ئەم پاكۆیەش بە دوو شێوە دەبێت :-
1-كەسی یەكەم (فرۆشیار) بە پێی ژمارەی گرێبەستەكان (عقدەكان) و جۆری ڕێكەوتنەكە ,بڕی بەرمیلە نەوتە دیاریكراوەكان ڕادەستی كڕیار دەكات .
2- یاخود لەسەر پاكۆ بەدراو ڕێكدەكەون . بە بەراوردكردنی نرخی بەرمیلێك نەوت , كە لە گرێبەستەكەدا جێگیر كراوە , هەروەها نرخی بازار لە ڕۆژی ڕادەستكردندا . واتە ڕۆژی كۆتایهاتنی گرێبەستەكە . بەپێی ئەمە خاوەنی كۆتایی گرێبەستەكە قازانج دەكات لەو پشكانەی كە كڕیویەتی یان زیان , چونكە نرخی ڕۆژ ئەمە دیاری دەكات , بەهەمان شێوە بۆ فرۆشیاری یەكەمیش هەروایە .
ووردتر بڵیین ئەوەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕویداو , دابەزینی بەرچاوی نرخی پشكەكانی گرێبەستە دواخراو و داهاتووەییەكانی نەوتی تەكساس ڕویدا , بەهۆی دابەزینی لە ناكاوی نرخی ئەو گرێبەستانەوە بوو لە بازاڕەكە بە بەهۆی بڵاوبونەوەی بەرچاوی ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا لە هەموو جیهاندا و بە تایبەتی لە سەرەتای ئەم مانگەوە , دەركەوتنی كاریگەرییەكانی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانداو پەكخستنی سێكتەرەكانی وەك پیشەسازی و وزەو پاڵاوتەكانی نەوت و كارگە پترۆكیمیاییەكان , هەروەها بۆ یەكەم جار پڕبوونی تەواوی كۆگاكانی نەوت لە ئەمریكاداو بەهۆی دابەزینی بەرچاوی خواست لە سەری , هاوكات زۆری و بەردەوامی خستنەڕووی لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانەوە , هەروەها خاڵێكی تری گرنگ بەرزبونەوەی زۆری كرێی عەمباركردنی نەوتی خاو لە كۆگاكاندا, بازرگانەكانی خاوەن پشكی گرێبەستی دوواخراوی ناچار بە ساغكردنەوەی كاڵاكانیان كرد ,ئەگەر چی بە نرخی كەمتر لە نرخی خۆیشی بێت , تاوەكو دەرباز بن لە كرێی زۆری عەمباركردن و ساغنەبوونەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر , هەوڵدان بۆ ئەوەی لانی كەم بڕێكی سەرمایەكەیان دەسبكەوێتەوە لە ڕاستیدا ئەگەر چی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی بەرچاو گەشە سەندن و ئابووی جیهانی پەكخست و وڵاتانی بەكاربەری گەورەی نەوتی وەك چین و تا ڕادەیەك هیندستان و هەروەها ئەمریكا بە ڕێژەیەكی زۆر خواستیان بۆ نەوت دابەزی , بۆ نمونە چین كە ڕۆژانە نزیكەی 11 ملیۆن بەرمیلی بەكار دەبرد , زیاتر لە %30 ئەو ڕێژەیە كەمی كرد , وڵاتانی بەكاربەری ئەوروپاش بە هەمان شێوە بیبەش نەبوون لەم دەرئەنجامانە:
بەڵام ئەمە لەو ڕاستیە كەم ناكاتەوە ,كە پێش ئەم بارەش لە بازاڕی ووزەدا ڕێژەیەكی زۆری نەوت لە بازاڕەكاندا هەبوو , پتر لە پێویستی بەكاربردن لە جیهاندا ئەمەش لە هاوكێشەی خستنەڕووی داواكاری بازاڕدا بە زیانی نرخی نەوت شكاوەتەوە ,ئەگەر چی وڵاتانی گەورەی وەبەرهێنی نەوتیش بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی زیاتر لە %90 ی داهاتیان بەرهەمی سروشتی نەوتی خاوە , ئەمانە زیانی بێ شوماریان بەردەكەوێت لەهەر دابەزینێكی نرخدا , وەك سعودیە عیڕاق و فەنەزوێلا.
عێڕاق , كە دووەمین بەرهەمهێنی نەوتی ڕێكخراوی ئۆپیكە وە چوارەمیشە لەسەر ئاستی جیهان , زیانی گەورەی بەردەكەوێت لە هەر دابەزینێكی نرخدا بە تایبەتی لە هەرەسی ئەم دواییەی نرخەكاندا . كە وڵاتی چین پلەی یەكەمی هەیە , لە هاوردە كردنی نەوتی عێڕاقدا پاش ئەویش هندستان كە هەردووكیان تا ڕادەیەكی زۆر گەشەی ئابورییان ڕووی لە داكشان كردو خواستیان تا ئاستێكی زۆر ڕووی لە دابەزین كرد .
ئەگەرچی بە پێچەوانەی بۆچونەكانی هەندێك , كە پێیانوایە نەوتی عێڕاقیش , كە دەچێتە چوارچێوەی نەوتی (ئۆپیك)ەوە ڕوو لە داكشانە بە رچاوەی نەوتی ئەمریكا دەكات، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە لە بەرئەوەی وەك ئاماژەمان پێدا كۆمەڵێ فاكتەری تایبەت نەوتی خاوی ئەمریكای بەو نسكۆیە برد , كە جیاوازە لە ووڵاتانی ئۆپیك و ئەوروپاشدا، ئەگەرچی كاریگەری نەرێنی هەر درووستدەكات، پاشانیش عێڕاق نزیكەی ( 400.000 ) هەزار بەرمیل لە كۆی زیاتر لە 4.500.000 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە هەناردەی بازاڕەكانی ئەمریكا دەكات , كە لە ئێستادا تەنها بەو بڕەی كورت دەهێنێت .
*نوسەری ئەم بابەتە ئەندازیاری نەوت-ە