نووسەر و مامۆستای زانکۆ
(7) ساڵ لەمەوبەر، سەبارەت بە سەرکردایەتی پارتەکان و دەوڵەتی داگیرکەری )عێراق(، ئەم چەن دێڕەم نووسیوە. ئێستەش نەک هەر چاک نەبووە، بەڵکوو زۆر خراپتریش بووە!
بە داخەوە، گەلی کورد لە باشووری (کوردستان)، یەک سەرکردە و پارتی دڵسۆزی کوردپەروەری نییە، تا داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکا. سەرکردەی ئەم پارتانە، لەنێوخۆدا سنگ شێر و قارەمانن، کەچی لەبەردەم دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)دا، هەر ئەوەیە کڕنووشیان بۆ نابەن، لە زۆر داواکاری و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان وازدەهێنن، بۆئەوەی لێیان ڕازیبن و پشتی پارتە کوردییە نەیارەکەی خۆیان بشکێنن!
ئاخر ئەم دوو باڵە گەورەیەی بزووتنەوەی کوردایەتی (جەلالی) و (مەلایی)، چەندین جار جەنگی نێوخۆیان هەڵگیرساندووە، هەلی مێژووییان لەدەستداوە، جگە لە ئەوەی بە هەزاران ڕۆڵەی کوردیان کوشتووە و بەکوشتداوە، هیچ بەشێکی (کوردستان)یش نەماوە، لەدەست زیانی ئەمانە ڕزگاریبووبێ، بە فرمانی سەرانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (توورکیا)، گەلێ کادێر و جوامیری کوردیان لەنێوبردووە. کەچی تا ئێستەش کەس نەیبیست، سەرکردایەتی ئەو دوو باڵە، داوای لێبووردن لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد بکەن!
سەیر ئەوەیە، ئەو هەموو هەوادار و ئەندامانەیان هەیە، ئەوانیش دەستیان بە کڵاوەکەی خۆیانەوە گرتووە، تا با نەیبا، دوای سەرکردایەتییەکانیان کەوتوون، نە دەنگ بەرزدەکەنەوە، نە ڕەخنەدەگرن و نە بە سەرکردەکانیشیان دەڵێن: ئیدی تا کەی، واز لە ناکۆکی، دووبەرەکی، جەنگی نیوخۆ و ناپاکی ناهێنن؟!! چونکە ئەو جەماوەرەی لەگەڵیان دان، وەک ڕانەمەڕ وان، چۆنیان بوێ، وایان لێ دەخوڕن، تا تێردەبن، لە لەوەڕگە دەوڵەمەند و پاکژەکەی، پارتەکانیان دەلەوەڕێن، ئیدی چۆن ئەو ژیانە بێ ئەرک و ئاسانە، بە خۆڕایی لەکیس خۆیان دەدەن؟!!
من بیر لە ئەوە دەکەمەوە، کاتێ سەرکردەی ئەم بە ناو پارتانە، هەر لە سەرەتای سەردەمی شۆڕشی (11. 9. 1961)ەوە، سەردانی (بەغدا)یان کردووە، بە چ شێوەیە، گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆکەکانی دەوڵەتدا کردووە، ئاخۆ دەبێ، چییان وتبێ؟! داواکارییان چی بووبێ؟!!
ئایا سەرکردەی ئەم پارتانەی لە مەڕ خۆمان، کاتێ سەریان لە (بەغدا) داوە، لەگەڵ سەرانی دەوڵەتی (عێراق) کۆبوونەتەوە، چۆن ڕێزی خۆیان گرتووە؟!! چییان بەو سەرکردانە گوتووە؟! داوای ج جۆرە مافێکیان، بۆ گەلی کورد کردووە؟!
بە ڕاستی، هەرچەندە لە هەڵسوکەوت و قسەکانی ئەم سەرکردانە ورددەبمەوە، ئینجا تێدەگەم، بۆچی لێپرسراوانی (بەغدا)، دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا نانێن، چونکە سەرکردەی ئەو پارتانە، نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکەن! ئەمەش نەک هەر کوردایەتی نییە، بەڵکوو گاڵتەجارییەکی زۆر گەورەیە!