کۆمپانیای کار گروپ تەواوبوونی پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی گازی سروشتیی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند، هاوکات ئاشکرای دەکات کە بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ نیو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
ئاوێنە: شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گروپ، لە پەیامێکی فەرمیدا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردەوە، لە قۆناغێکی هەستیاردا پڕۆژەی نیشتمانیی بەستنەوەی تۆڕی گازی سروشتیی بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە. بەپێی پەیامەکە، لەمەودوا گازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە، لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوان و یەکگرتووی بۆرییەوە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کارگەکان و دامەزراوە پیشەسازییەکانی پارێزگای دهۆک. ناوبراو ئەم هەنگاوەشی بە بنەمایەک بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزە و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق وەسفکردووە.
لەلایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی هەناردەی نەوت، ناوەندی نیشتمانیی یاسا، ستراتیژ و دیپلۆماسیی وزەی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی گازەکەدا، هەناردەی نەوتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە گەشەسەندنێکی بەرچاوی تۆمارکردووە و لە 250 هەزار بەرمیلەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە. لەم چوارچێوەیەشدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گروپ سوپاس و پێزانینی کۆمپانیاکەی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەنانە کردووە کە هاوکار بوون لە سەرخستنی ئەم پڕۆژانەدا.
سەبارەت بە گرنگیی ستراتیژیی بۆریی نەوتی هەرێم، شێخ باز بەرزنجی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر بۆرییەکە بگاتە ئەوپەڕی توانای خۆی لە هەناردەکردندا، کە بڕی یەک ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئەوا نزیکەی 33%ی کۆی گشتیی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان؛ ئەمەش دەبێتە هۆی فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی وڵات.
پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر و گەیاندنی بۆریی گاز بە پارێزگای دهۆک، بە یەکێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانی کەرتی وزە دادەنرێت بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کارەبا. ئەم هەنگاوە کردارییانەش دوای کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت، کە تێیدا خشتەیەکی کاتی بۆ چارەسەرکردنی کۆتایی دۆسیەکانی نەوت و کارەبا لە نێوان هەردوولادا دیاریکرابوو.