پژاك له‌باره‌ی "ئه‌نتیگراسیۆنی دیموكراسی" وه‌ڵامی كۆمه‌ڵه‌ ده‌داته‌وه‌
  2026-10-31     

دوای ئه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ رایگه‌یاند، ئەنتیگراسیۆنی دیمۆکراسی، چەمکێکی هاوردەیەو بەهیچ شێوەیەک بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات گونجاو و قابیلی قبوڵ نییە. پژاك له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، ئه‌نتیگراسیۆنی دیموكراسی پڕۆژەیه‌كه‌ بۆ گۆڕینی بنەڕەتی دەوڵەت نەک ڕادەستبون به‌ ده‌وڵه‌ت.

ئاوێنه‌: ناوه‌ندی راگه‌یاندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ژێر ناونیشانی "ئه‌نتیگراسیۆنی دیموکراتیک؛ پڕۆژەیەک بۆ گۆڕینی بنەڕەتی دەوڵەت، نەک تەسلیمبون بەرامبەر بە دەوڵەت" وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ره‌خنه‌ی توندی له‌ چه‌مكی ئه‌نتیگراسیۆنی دیموكراسی گرتبو.

پژاك ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئه‌نتیگراسیۆن بە مانای سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد نییە، بەڵکو بریتییە لە پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە مافە کۆمەڵییەکان، فرەنەتەوەیی، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراسیانه‌ و بەشداریی یەکسان لە دیاریکردنی چارەنوسی سیاسیدا.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لە ڕوانگەی تیۆریی دیموکراسیی فرەنەتەوەییشەوە، دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە ناچاری تەنها لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆوە بەدی نایەت، بەڵکو دەتوانێت لە ڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵات، خۆبەڕێوەبردن، مسۆگەرکردنی مافە کۆمەڵییەکان و بنیاتنانەوەی پێکهاتە یاساییەکانەوە بەدی بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، بۆیه‌ ئەو بانگەشەیەی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ کە گوایە ئه‌نتیگراسیۆنی دیموکراسی بەناچاری دەبێتە هۆی لەناوچونی بوونی سیاسیی کورد، ئەنجامی شیکردنەوەیەکی بەڵگەدار لەباره‌ی ئه‌م تیۆره‌یە نییە.

ئه‌وه‌شی وتوه‌ "لەم مۆدێلەدا، دەوڵەتە هەنوکەییەکان دەبێت لە ڕێگەی پێداچونەوەیەکی بنەڕەتی بە دەستورەکانیاندا، دەست لە سەپاندنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی فەرمی و تاکانە هەڵبگرن، دان بە بوون و مافە سیاسی و کولتوورییەکانی نەتەوەی کورددا بنێن و زەمینەی خوێندن بە زمانی دایک، بەڕێوەبردنی دیموکراسی ناوچەکان، بەشداریی کاریگەر لە دەسەڵاتدا، ئازادیی ڕێکخراوبوون و مسۆگەرکردنی مافە کۆمەڵییەکان دابین بکەن."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "لە پەیوەندی بە ئێرانیشەوە، خستنەڕووی ئەم ئاسۆیە بە هیچ شێوەیەک بە مانای قبووڵکردنی کۆماری ئیسلامی، پەسەندکردنی دەستووری ئێستا یان دەستهەڵگرتن لە خەبات دژی سەرکوتی نەتەوەیی نییە. بە پێچەوانەوە، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە تێپەڕین لە پێکهاتە جیاکاریخوازە هەنووکەییەکان و دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی هەیە کە مافەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە بە شێوەیەکی یاسایی، پابەندکەر و جێبەجێکراو مسۆگەر بکات."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەتوانرێت بەبێ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەوڵەت‌ـ‌نەتەوەی ناوەندگەر و بەبێ سەپاندنی یەکدەستکردنی نەتەوەیی، مۆدێلێک بۆ پێکەوەژیانی ئازادانە و یەکسان دروست بکرێت؟ ئه‌نتیگراسیۆنی دیموکراسی وەڵامێکی تیۆری و سیاسی بەم پرسیارە دەداته‌وه‌و پێویستە بەهای ئەم وەڵامە لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی توانای دامەزراوەیی و ئەگەری جێبەجێبوونی کردەییەوە دیاری بکرێت، نەک بە دابەزاندنی ماناکەی بۆ تەسلیمبوون یان توانەوە."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"مشتومڕی ئێستا تەنها ناکۆکییەک لەسەر زاراوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دوو شێوازی جیاوازی بیرکردنەوەیە دەربارەی داهاتووی پرسی کورد. لایەک هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی مۆدێلە ناسراوەکانی دەوڵەت، فیدراڵیزم و دابەشکردنی خاکیی دەسەڵاتدا بیر دەکاتەوە، لایەکی دیکەش هەوڵ دەدات بە دانانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، مافە کۆمەڵییەکان، خۆبەڕێوەبردن و گۆڕینی دەستوور لە ناوەندی بیرکردنەوەی خۆیدا، ئاسۆی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی نەتەوەیی بکاتەوە."

پژاك جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ "حیزبە نەریتییەکانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی مێژووی خەبات و قوربانیدانیان شایانی ڕێزە، ناتوانن تەنها پشتبەستن بە ڕەوایی مێژوویی، خۆیان بکەنە جێگرەوەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی نوێ، یەکگرتوو و کردەیی بۆ داهاتوو."

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ دوێنێ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ره‌خنه‌ی توندی له‌ چه‌مكی "ئه‌نتیگراسیۆنی دیموكراسی" گرت رایگه‌یاند، "ئێمە خەتی «ئەنتیگراسیۆنی دیمۆکراتیک» بە هاوردەیەکی نادروست و ناتەبا لەگەڵ مێژوو، ناوەرۆک و دروشمی بزووتنەوەکەمان، ناتەبا لەگەڵ ویست و ئاواتی گەلی کورد لە ئێران دەزانین. لە خەونێکدا کە «ئەنتێگراسیۆن» بۆی دیوین، نە مافی دیاریکردنی چارەنووس، نە هیچ بەرنامەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد، نە هیچ کیانێکی کوردی، نە هیچ مافێکی یاسایی و نە هیچ ستاتووسێک بۆ کورد، نە هیچ میکانیزمێکی یاسایی بۆ بەشدارییەک لە دەسەڵاتی سیاسی، بەدی ناکرێت."

به‌بڕوای كۆمه‌ڵه‌ "باڵاترین بەرهەمێک کە ئەو ڕوانگەیە دەتوانێ بۆ کورد بەدەستی بهێنێت، لە خۆتواندنەوەیەکی دڵخوازانە زیاتر هیچ نییە. «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» چەمکێکی هاوردەیە کە بە هیچ شێوەیەک بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات گونجاو و قابیلی قبووڵ نییە."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پژاك:

ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک؛ پڕۆژەیەک بۆ گۆڕینی بنەڕەتی دەوڵەت، نەک تەسلیمبوون بەرامبەر بە دەوڵەت.

ڕەخنەیەک لە بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دەربارەی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک

بەیاننامەی دوایی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دەربارەی «ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک»، زیاتر لەوەی ڕەخنەیەکی زانستی و بەڵگەدار لە بنەما تیۆرییەکانی ئەم چەمکە بێت، ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی سنووردار و سادەکراوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی کە هەوڵ دەدات پرسی مێژوویی کورد لە دەرەوەی دوو هەڵبژاردەی نەریتی، واتە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان ملکەچبوون بۆ دەوڵەتی هەنووکەیی، پێناسە بکاتەوە.

لاوازیی میتۆدی ئەم بەیاننامەیە لەوەوە دەست پێ دەکات کە جیاوازیی نێوان «تێکەڵکردنی زۆرەملێ و توانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی» لەگەڵ «یەکگرتنی ئارەزوومەندانە لەسەر بنەمای یەکسانیی مافە سیاسی و یاساییەکان» لەبەرچاو ناگرێت. لە کاتێکدا لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ڕێبەر ئۆجەلاندا، بە تایبەتی لە باسەکانی پەیوەست بە نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی ئازادانەی نەتەوەکاندا، ئینتێگراسیۆن بە مانای سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد نییە، بەڵکو بریتییە لە پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە مافە کۆمەڵییەکان، فرەنەتەوەیی، خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک و بەشداریی یەکسان لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیدا. لە ڕوانگەی تیۆریی دیموکراسیی فرەنەتەوەییشەوە، دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە ناچاری تەنها لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆوە بەدی نایەت، بەڵکو دەتوانێت لە ڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵات، خۆبەڕێوەبردن، مسۆگەرکردنی مافە کۆمەڵییەکان و بنیاتنانەوەی پێکهاتە یاساییەکانەوە بەدی بێت. بۆیە ئەو بانگەشەیەی بەیاننامە کە گوایە ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە ناچاری دەبێتە هۆی لەناوچوونی بوونی سیاسیی کورد، ئەنجامی شیکردنەوەیەکی بەڵگەدار لەم تیۆرییە نییە، بەڵکو لە یەکسانزانینی دوو چەمکی بنەڕەتاً جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕەخنەی زانستی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد لە بنەماکان، شێوازەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامەکانی تیۆرییەک هەیە، نەک بەستنەوەی ئەو ئەنجامانە بە تیۆرییەکە کە لە بنەماکانیەوە بە ناچاری دەست ناکەون.

لە ڕوانگەی یاسای بنەڕەتی و تیۆریی چارەسەری دیموکراتیکی ناکۆکییە نەتەوەییەکانەوە، پێویستە ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک وەک پرۆسەیەکی مەرجدار، دوولایەنە و پشتبەستوو بە گۆڕانی بنەڕەتیی پێکهاتەی دەوڵەت تێبگەین، نەک خۆگونجاندنی یەکلایەنەی نەتەوەیەکی ژێردەست لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتداری هەنووکەیی. لەم مۆدێلەدا، دەوڵەتە هەنووکەییەکان دەبێت لە ڕێگەی پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە دەستوورەکانیاندا، دەست لە سەپاندنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی فەرمی و تاکانە هەڵبگرن، دان بە بوون و مافە سیاسی و کولتوورییەکانی نەتەوەی کورددا بنێن و زەمینەی خوێندن بە زمانی دایک، بەڕێوەبردنی دیموکراتیکی ناوچەکان، بەشداریی کاریگەر لە دەسەڵاتدا، ئازادیی ڕێکخراوبوون و مسۆگەرکردنی مافە کۆمەڵییەکان دابین بکەن.

ڕێبەر ئۆجەلانیش لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنفرانسی «ئاشتی و ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک» لە ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، جەختی لەسەر پێویستیی چاکسازیی یاسایی و دەستووری، فراوانکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییە ناوخۆییەکان و دانپێدانان بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک کردووەتەوە. بۆیە ئینتێگراسیۆن لەم تێگەیشتنەدا بە مانای قبووڵکردنی بێ‌مەرجی دەوڵەتی هەنووکەیی نییە، بەڵکو بە مانای ئەوەیە کە پێکەوەژیانی سیاسی بە گۆڕینی سروشتی یاسایی و دامەزراوەیی دەوڵەتەوە گرێ بدرێت. لەم ڕوانگەیەوە، دانوستان لەگەڵ دەوڵەتێک بە مانای ڕەواییبەخشین بە پێکهاتەی دەسەڵاتخوازیی ئەو دەوڵەتە نییە؛ بەڵکو دانوستان دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ خەبات لە پێناو گۆڕینی هەمان پێکهاتەدا. لە پەیوەندی بە ئێرانیشەوە، خستنەڕووی ئەم ئاسۆیە بە هیچ شێوەیەک بە مانای قبووڵکردنی کۆماری ئیسلامی، پەسەندکردنی دەستووری ئێستا یان دەستهەڵگرتن لە خەبات دژی سەرکوتی نەتەوەیی نییە. بە پێچەوانەوە، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە تێپەڕین لە پێکهاتە جیاکاریخوازە هەنووکەییەکان و دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە کە مافەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە بە شێوەیەکی یاسایی، پابەندکەر و جێبەجێکراو مسۆگەر بکات.

یەکێکی دیکە لە کەموکوڕییە شیکارییەکانی بەیاننامەی کۆمەڵە، دروستکردنی دژایەتییەکی ناپێویستە لە نێوان دیموکراتیزەکردن و چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەییدا؛ وەک ئەوەی دیموکراسی تەنها چوارچێوەیەکی گشتی بۆ خستنەڕووی داخوازییەکان بێت و پرسی کوردیش دەبێت بە جیا لە گۆڕانی دیموکراتیکی پێکهاتەی دەوڵەت چارەسەر بکرێت. ئەم جیاکردنەوەیە ناتوانێت پەیوەندیی ناوخۆیی نێوان چڕبوونەوەی دەسەڵات، نکۆڵیکردن لە فرەنەتەوەیی و بەرهەمهێنانەوەی ستەمکاری بە دروستی ڕوون بکاتەوە. پرسی کورد تەنها داواکارییەک بۆ بەدەستهێنانی هەندێک مافی کولتووری نییە، بەڵکو پرسێکی مێژوویی، سیاسی و پێکهاتەییە کە پەیوەندی بە دابەشکردنی دەسەڵات، دانپێدانان بە ناسنامەی کۆمەڵی و مافی بەشداری لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیدا هەیە. ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەر لەم خاڵەوە دەست پێ دەکات و لەبری ئەوەی خەبات تەنها بە گۆڕینی خاوەنانی دەسەڵات سنووردار بکات، گۆڕینی ئەو یاسا و ڕێسایانە دەکاتە ئامانج کە دەسەڵات لەسەر بنەمایان بەرهەم دێت و بەکار دەهێنرێت. بێگومان ئەم تیۆرییەش لە پێویستیی وەڵامدانەوەی ڕوون بە پرسیارەکانی پەیوەست بە سنووری دەسەڵاتی دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرەکان، زامنەکانی جێبەجێکردنی مافە نەتەوەییەکان، شێوازەکانی چاکسازیی دەستووری و چۆنیەتیی بەدیهێنانی ئیرادەی ئازادی خەڵکی کورد بێبەری نییە. بەڵام بوونی پرسیاری جێبەجێکردن، بەڵگەیەک نییە بۆ ڕەتکردنەوەی تەواوی چوارچێوەیەکی تیۆری. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەتوانرێت بەبێ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەوڵەت‌ـ‌نەتەوەی ناوەندگەر و بەبێ سەپاندنی یەکدەستکردنی نەتەوەیی، مۆدێلێک بۆ پێکەوەژیانی ئازادانە و یەکسان دروست بکرێت؟ ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک وەڵامێکی تیۆری و سیاسی بەم پرسیارە دەدات و پێویستە بەهای ئەم وەڵامە لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی توانای دامەزراوەیی و ئەگەری جێبەجێبوونی کردەییەوە دیاری بکرێت، نەک بە دابەزاندنی ماناکەی بۆ تەسلیمبوون یان توانەوە.

لە کۆتاییدا، مشتومڕی ئێستا تەنها ناکۆکییەک لەسەر زاراوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دوو شێوازی جیاوازی بیرکردنەوەیە دەربارەی داهاتووی پرسی کورد. لایەک هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی مۆدێلە ناسراوەکانی دەوڵەت، فیدراڵیزم و دابەشکردنی خاکیی دەسەڵاتدا بیر دەکاتەوە، لایەکی دیکەش هەوڵ دەدات بە دانانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، مافە کۆمەڵییەکان، خۆبەڕێوەبردن و گۆڕینی دەستوور لە ناوەندی بیرکردنەوەی خۆیدا، ئاسۆی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی نەتەوەیی بکاتەوە. حیزبە نەریتییەکانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی مێژووی خەبات و قوربانیدانیان شایانی ڕێزە، ناتوانن تەنها پشتبەستن بە ڕەوایی مێژوویی خۆیان بکەنە جێگرەوەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی نوێ، یەکگرتوو و کردەیی بۆ داهاتوو. هەرچەندە کۆمەڵە بەرگری لە فیدراڵیزم دەکات، بەڵام ڕاگەیاندنی ئامانجێکی گشتی بە تەنها وەڵامی ئەو پرسیارە ئاڵۆزانە ناداتەوە کە پەیوەندییان بە چۆنیەتیی گواستنەوەی دەسەڵات، مسۆگەرکردنی مافەکان، بەشداریی کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە دووبارە چڕبوونەوەی دەسەڵاتەوە هەیە. ڕەخنەی جددی لەم حیزبانە کاتێک مانایەکی ڕاستەقینەی دەبێت کە ڕوون بکرێتەوە بەرنامەکانیان تا چەند بوونەتە شێوازی دیاریکراو و جێبەجێکراو. لە بەرامبەردا، ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکیش دەبێت بە هەمان پێوەرەکان هەڵبسەنگێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەتکردنەوەی پەلەپەلەی ئەم تیۆرییە، بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەڵگەدار لەگەڵ بنەما فکری و یاساییەکانی، زیاتر لەوەی نیشاندەری باڵادەستیی پڕۆژەیەکی سیاسی بێت، سنوورداریی ئاسۆی تیۆریی ئەو ڕەخنەیە دەردەخات. داهاتووی پرسی کورد نە بە پیرۆزکردنی مۆدێلەکانی ڕابردوو و نە بە قبووڵکردنی بێ‌پرسیاری تیۆرییە نوێیەکان دیاری دەکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی کێبڕکێی ئازادی بیرۆکەکان، خەباتی دیموکراتیک، دانوستانی پشتبەستوو بە مافە یەکسانەکان و گۆڕینی بنەڕەتیی ئەو پێکهاتانەوە کە نکۆڵیکردن و زاڵبوون بەرهەم دەهێنن، شێوە دەگرێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی پژاک

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌:

لە ماوەی ڕابوردوودا چەمکێک و دەستەواژەیەکی نوێ بەناوی ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک لە فەزای مەجازی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان هێنراوەتە ئاراوە و وەکوو ڕێگە چارەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە قەڵەم دراوە. ئەوەش لە هەمووان ڕوونە کە سەرچاوەی هێنانە گۆڕی ئەو بابەتە و پێشکەش کردنی، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان واتا پژاکە. ئەو بابەتە کاردانەوەشی لێکەوتۆتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵات ڕەخنە و تێبینی خۆیان خستۆتە ڕوو.

با پێشەکی جارێکی دیکە دووپاتی بکەینەوە کە ئێمە بە مافی هەموو هێزە سیاسییەکان و هەموو تاکێکیشی دەزانین کە ڕوانگە، سیاسەت، پێشنیار و گەڵاڵەکانیان، هەروەها ڕەخنەکانیان، لە ئاستی کۆمەڵگادا بهێننە گۆڕێ و بیدەنە بەر باسی گشتی. هەر بەو پێوەرە، دەبێ ئامادەش بن وەڵامیان بدرێتەوە و پرسیار و ڕەخنە و تێبینیان ئاراستە بکرێت.

ئێمە بەدوای تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە و بە لەبەر چاو گرتنی بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە و مەترسییەکانی بەردەم کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە پێویستمان زانی ڕوانگە و هەڵوێستی خۆمان لەو بارەیەوە ڕوون و ڕاشکاوانە و بەکورتی بە ئاگاداری هەمووان بگەیەنین. ئێمە بەتایبەتی لەو بڕوایەداین کە ڕوانگەی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک»، ئەگەر بێوەڵام بمێنێتەوە، دەتوانێ چەواشەییەکی گەورە بخوڵقێنێ و زیانێکی گەورە بە بزووتنەوەکەمان و دەسکەوتەکانی بگەیەنێت.

کۆمەڵە، وەکوو حیزبێک کە هەزاران شەهید و هەزاران کەم ئەندام و بەندکراوی سیاسی لەپێناو ڕزگاری کوردستان و دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد و ئازادی و بەختەوەری خەڵکەکەی پێشکەش کردووە و بست بە بستی ئەو نیشتمانەی بەخوێنی گەشی ڕۆڵەکانی نەخشاندووە، وەکوو هێزێکی پێشەنگ و ڕچەشکێن کە توانیویەتی خەبات بۆ مافی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لەگەڵ داکۆکی کردن لە ئازادی و دادپەروەری و بەها دێمۆکراتیک و پێشکەوتنخوازانەکان لێکهەڵپێکێ و کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی پێ دەوڵەمەندتر بکا، وەکوو هێزێک کە بەرپرسایەتییەکی گەورەی بۆ ڕابەری کردن و بەرەو پێش بردنی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەستۆ بووە و ئێستا لە هەمیشە زیاتر هەیەتی، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ کە لەسەر ئەو چەمکە بدوێ و ڕەخنە و ڕوونکردنەوە و هۆشدارییەکانی پێشکەش کۆمەڵانی خەڵک بکات.

١- گرفتێکی سەرەتایی چەمکی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» لێڵ بوون و ناڕوون بوونی ناوەرۆکی کۆنکرێتی ئەو بابەتەیە. زۆر لە «کۆمەڵگەکان»ی نێو وڵاتی ئێران دەدوێ بەڵام دیار نییە دەقیقەن چ مافێک بۆ کورد دەستەبەر دەکا، هیچ کیانێک، هیچ پێگەیەک و هیچ چوارچێوەیەکی یاساییش بۆ داهاتووی کورد باس ناکرێت. بەگشتی، دەنگ و هەرایەکی زۆر و ناوەڕۆکێکی کەم و نادیار.

بەڵام گەورەترین و بنەڕەتیترین گرفتی ئەو بابەتە ئەمەیە کە کورد نەک وەکوو نەتەوەیەک، نەک وەکوو گەلێکی ستەملێکراو بەڵام خاوەن ماف، نەتەوەیەکی بێدەوڵەت بەڵام خاوەن نیشتمان، بەڵکوو وەکوو کەمینەیەکی فەرهەنگی، وەکوو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگای چل تیکەی ئێراندا دەبینێ و بەو پێیەش هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکا و هەر بەشی ئەوەندەش مافی بۆ دەخوازێ.

«ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک»، پرسی کورد لە ئێران لە پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی و ناسێنەخوازانەوە دادەبەزێنێ و بەرتەسکی دەکاتەوە و تەنیا وەک پرسی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی کە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی نەتەوە، پێناسەی دەکا.

٢- بە هەڵکەوت نییە کە جێگەی مافي دیاری کردنی چارەنووس، وەکوو مافی بنەڕەتیی هەموو نەتەوەیەک، لە چەمکی ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیکدا بەتەواوی خاڵییە. ئەمەش لەگەڵ هەموو ئەزموونی مێژوویی شۆڕشەکانی کورد و لەوانە کوردی ڕۆژهەڵات و هەر وەها لەگەڵ باوەڕ و پڕەنسیپی سیاسی کۆمەڵە ناتەبا و نەگونجاوە.

هەر لەو ئاراستەیەش دایە کە لە «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک»دا هیچ کیانێکی کوردی، لە خودموختارییەوە بگرە تا نیزامێکی فێدرالی و هەتا سەربەخۆیی، بەدی ناکرێ و بوونی نییە. ئەو ڕوانگەیە پرسی کورد، نەک وەک پرسێکی سیاسی، بەڵکوو وەکوو پرسی کەمینەیەکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی چاو لێدەکا، بۆیە هیچ داخوازی سیاسی بۆ کورد تێدا نییە، کیانێکی کوردی ناوێ و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی داوا ناکا. بەگشتی، سیاسەت، دەوڵەت، دەسەڵات و بەشداری لە دەسەڵات، کیانی سیاسی و ئیداری، بە ڕەسمی ناساندنی مافەکانی کورد و زەمانەت کردنی لە یاسای بنەڕەتیدا و هەموو ئەو شتانەی کە دەگەڕێنەوە سەر پرسی داخوازیی سیاسی جێگەیەکیان لەو دیدگایەدا نییە و وەکوو دیاردەگەلی ڕێبازی «کلاسیکی» و حیزبی «کلاسیکی» ڕەت دەکرێنەوە.

٣- هەڵەیەکی گەورەی دیکەی ئەو هێڵە فکرییە، نادیدە گرتن، یان ئەگەر بە زەقی باسی بکەین لێسەندنەوە و داماڵینی کوردە لە سەرزەمین و نیشتمان. ئەو چەشنە ئەنتێگراسیۆنەی وەکوو نوسخە بۆ چارەسەری پرسی کوردی ڕۆژهەڵات دەینوێنن، لەڕاستیدا بۆ پەنابەران یان کۆچبەرانێک دەتوانێ گونجاو بێ کە لە سەردەمێکدا وڵاتی خۆیانیان بەجێ هێشتووە و لە وڵاتی دووهەم، بۆ نموونە کورد لە سوێد یان تورک لە ئاڵمان یان عەرەب لە فەڕانسە، جێگیر بوون و هەڵبەت ناتوانن نیشتمان و کیانی سیاسی و فێدڕاڵی و شتی وا داوا بکەن. بۆ ئەوان، دانپیانان بە مافی فەرهەنگی و لەوانە گونجاندنی دەرسێک بە زمانی دایک لە بەرنامەی پەروەردەی ئەو وڵاتەدا یان تەرخان کردنی بوودجەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ یارمەتی بە پاراستنی فەرهەنگ و پەرە پێدان بە چالاکیی هونەری و کولتووریی خۆیان، دەتوانێ بەرنامەیەکی شیاو و هەنگاوێکی دێمۆکراتیک و مرۆڤدۆستانە بێت. بەڵام داسەپاندنی ئەو مۆدێلە بە سەر کوردستان و بزووتنەوەکەی، لە ڕاستیدا جگە لە بنکۆڵ کردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و لێسەندنەوەی ڕەوایی ئەو ماف و داخوازییانە، مانایەکی دیکەی نییە. کورد خێڵێک یان کەمینەیەکی کۆچبەر و پرژ و بڵاوی بێ خاک و بێ نیشتمان نین. کوردستان نیشتمانی هەزاران ساڵەی کوردە و هیچ چەشنە ڕۆمانتیزە کردنی چەمکی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» ناتوانێ و ناشبێ ئەم ڕاستییە مێژووییە لەبەر چاوان ون کات.

٤- یەکێک لەو چەمکانەی کە لایەنگرانی «ئەنتێگراسیۆن» بە خەستی بەسەر خوێنەریدا دەبارێنن، چەمکی دێمۆکراسی و وشەکەیەتی. بەڵام بەداخەوە لێرەشدا هەڵە و چەواشەکاری جێگەی تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەی لە ڕۆڵ و کارکردی دێمۆکراسی گرتۆتەوە و ئەو بابەتەی بە لاڕێدا بردووە. کەس لە سەر ڕۆڵی ئەرێنی و گرنگی دێمۆکراسی، بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێران کە بەدەست ڕژیمێکی تۆتالیتێری مرۆڤکوژ بەڕێوە دەچێ، قسەی نییە، گومانیش لەوەدا نییە کە ئەو دێمۆکراتیزە بوونە خزمەت بە پرسی کوردیش دەکا.

حیزبە کوردییەکانیش هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە ئەوەیان بەباشی دەزانی. کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە لەسەر دێمۆکراسی لە ئێران بەگشتی، وە هەروەها لە کوردستاندا، پێداگر بووە، خەباتی بۆ کردووە و شانازیشی پێوە دەکات.

بەڵام دێمۆکراسی بە هەموو گرینگییەکەیەوە، جێگرەوەی چارەسەری پرسی نەتەوەیی نییە، ئەم بابەتە بەرنامەی خۆی و گەڵاڵەی خۆی و خەباتی خۆی پێویستە و بۆ چارەسەر کردنی هەبوونی پڕەنسیپی سیاسی دروست، بەرچاو ڕوونی و لێکدانەوەی دروستی بارودۆخ و گەڵاڵەی گونجاوی پێویستە. هەر وەکوو هەمووان دەزانن، کۆمەڵە بۆ چارەسەری ئەو پرسە لە چوارچێوەی ئێراندا بەرنامەی مافی فێدرالی لە ئێرانێکی دێمۆکراتیکی فرەچەشنی سێکولاری هێناوەتە ئاراوە.

دێمۆکراسی، کۆسپی ئیستیبدادمان لە بەرپێ لادەبا، زەبر و زەنگ و کوشت و بڕی دیکتاتۆریمان بە سەرەوە ناهێڵێ و ئیمکانی خەباتی ئازادانەتر و بەربڵاوتر لە پێناو مافەکانمان بۆ فەراهەم دەکا. بە واتایەکی تر، دێمۆکراسی جێی خەبات لە پێناو مافە نەتەوییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو دەروازەیەکمان بۆ دەکاتەوە کە ئازادانەتر، کاریگەرتر، بە بەردەنگێکی زۆرترەوە و بە ئەگەری توندوتیژی کەمترەوە لە دژمان، بۆ ئامانجەکانمان تێبکۆشین. بەداخەوە، «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» چەکی دێمۆکراسی نەک بۆ مسۆگەر کردنی مافەکانی کورد بەڵکوو بە مەبەستی سڕینەوە و پشتگوێ خستنی ئەو مافانە بەکار دێنێت و کەڵکی خراپی لێوەردەگرێت.

لە کۆتاییدا، بە لەبەر چاو گرتنی هەموو ئەو بابەتانەی سەرەوە، ئێمە خەتی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» بە هاوردەیەکی نادروست و ناتەبا لەگەڵ مێژوو، ناوەرۆک و دروشمی بزووتنەوەکەمان، ناتەبا لەگەڵ ویست و ئاواتی گەلی کورد لە ئێران دەزانین. لە خەونێکدا کە «ئەنتێگراسیۆن» بۆی دیوین، نە مافی دیاری کردنی چارەنووس، نە هیچ بەرنامەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد، نە هیچ کیانێکی کوردی، نە هیچ مافێکی یاسایی و نە هیچ ستاتووسێک بۆ کورد، نە هیچ میکانیزمێکی یاسایی بۆ بەشدارییەک لە دەسەڵاتی سیاسی، بەدی ناکرێت. باڵاترین بەرهەمێک کە ئەو ڕوانگەیە دەتوانێ بۆ کورد بەدەستی بهێنێت، لە خۆتواندنەوەیەکی دڵخوازانە زیاتر هیچ نییە. «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» چەمکێکی هاوردەیە کە بە هیچ شێوەیەک بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات گونجاو و قابیلی قبووڵ نییە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندی

٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، ٣٠ ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زایینی

زۆرترین بینراو
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی: داوا له‌ وه‌زیر نەكراوە دەسەڵاتەکانی بداته‌ بەڕێوەبەرە گشتییەکان
جه‌ی دی ڤانس: تره‌مپ رێگه‌نادات ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران ببێته‌ جه‌نگێكی بێ كۆتایی
ۆڵ ستریت جۆرناڵ: سوپای ئه‌مریكا بژارده‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌دژی ئێران خسته‌ به‌رده‌م تره‌مپ
دەرکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران بە نەخشی ئاڵای کوردستانەوە لە کەناڵی ئینگلیز، کاردانەوە لێدەکەوێتەوە
لەسەر کێشەی ٣٠٠ دۆلار کوژرا؛ کەسوکاری ئارام ئیمامی: ڕێگەمان بە گەنجەکانمان نەدا تۆڵە بکەنەوە و چاوەڕێی یاساین
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پرۆگرامێکی نوێی دیجیتاڵی و دەنگیی بۆ خوێندنی زمانی کوردی خستە بەردەست
"هونه‌رمه‌ندانی چه‌مچه‌ماڵ له‌ یه‌كه‌مه‌كانی خه‌ڵاته‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی عێراقن"
وه‌فدێكی قه‌ته‌ر بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكا گه‌یشته‌ تاران
کونسوڵی گشتیی ئێران لە گوڵەخانە: بناری سورێن سەنگەری هاوبەشی ڕابردوومان بووە دژی ڕژێمی بەعس
تره‌مپ: به‌مزوانه‌ شه‌ڕی ئێران كۆتایی دێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×