میدیای ره‌سمی ئێران بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، وه‌فدێكی باڵای قه‌ته‌ری گه‌یشتۆته تاران بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاته‌كه. رۆیته‌رز ده‌ڵێت، سه‌ردانی وه‌فده نێوه‌ندگیره قه‌ته‌رییه‌كه له چوارچێوه‌ی ههوڵهكاندایه بۆ گه‌یشتنی ئێران و ئه‌مریكا به رێككه‌وتن و سه‌ردانه‌كه‌ش به هه‌ماهه‌نگییه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
ئاوێنه: ئاژانسی ره‌سمی ئێران بڵاویكرده‌وه، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، وه‌فدێكی قه‌ته‌ری به سه‌رۆكایه‌تی راوێژكاری باڵای سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر گه‌یشتۆته تاران به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران.
به‌پێی ئاژانسه‌كه، بڕیاره له كۆبونه‌وه‌كاندا په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییهكانی نێوان تاران و ده‌وحه‌و هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه تاوتوێ بكرێن.
كه‌مێك به‌رله‌وه‌ش ئاژانسی رۆیته‌رز له‌زاری به‌رپرسێكی ئاگاداره‌وه بڵاویكرده‌وه، وه‌فدی نێوه‌ندگیریی قه‌ته‌ری ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته تاران بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌یشتنی تاران و واشنتۆن به رێككه‌وتن.
به‌رپرسه‌كه به رۆیته‌رزی وتوه، گفتوگۆ نێوه‌ندگیرییه‌كانی قه‌ته‌ر به هه‌ماهه‌نگییه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
پێشتر به‌رپرسێكی ئاگادار له دانوستانه‌كان به رۆیته‌رزی راگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو قه‌ته‌ر ره‌شنوسی پێشنیارێكی ئاشتی خستۆته به‌رده‌م ئێران، به‌ڵام به‌رپرسانی ئێران رهشنوسهكهیان ره‌تكردۆته‌وه و به "قبوڵ نه‌كراو" ناویان بردوه.
رۆژی چوارشه‌ممه عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، تاران له په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وام و نزیكدایه له‌گه‌ڵ نێوه‌ندگیره‌كان بۆ پێداچونه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه له پێشنیاره‌كه‌ی ئێران بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن هاتون.
دوێنێش محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران رایگه‌یاند، مه‌رجه‌كانی وڵاته‌كه‌ی چه‌ندین جار‌و به‌ڕونی به وڵاتانی نێوه‌ندگیر راگه‌یه‌ندراون و به‌بێ رازی بون به حه‌وت مه‌رجه‌كه‌ی تاران هیچ به‌ره‌وپێشچونێك به‌دی نایه‌ت.
هه‌ر دوێنێ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، راسپاردنی جه‌ی دی ڤانس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران له‌باره‌ی پرسی گه‌یاندنی هاوكاری پزیشكی بوه بۆ ئێران و په‌یوه‌ندیدار نه‌بوه به هه‌وڵه‌كان بۆ بوژاندنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان.