ئەمریکا پاتریۆتەکانی بۆ ئیسرائیل گواستەوە 
  2026-10-31     

لەگەڵ زیادبوونی گومانەکان دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێ لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، دوای هەڵبژاردنە ناوەندەکانی ٣ی نۆڤەمبەر، سوپای ئەمریکا دەستی بە گواستنەوەی شەپۆلێکی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی پاتریۆت لە ویلایەتی تەکساسەوە بۆ ناوچەکە کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ئامادەکارییە فراوانەکانی هێزە ئەمریکییەکان بۆ ئەگەری توندبوونەوەی ململا‌نێکان لەگەڵ ئێران.

 

ئاوێنە: ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل لەزاری شیکەرەوە سیاسییەکانیان کە داتاکانی گشتیی شوێنکەوتنی فڕۆکەکان دەخوێننەوە، ڕایگەیاندووە کەلە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکا لە بنکە ئاسمانییەکانی باشووری ئیسرائیل نیشتوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆربەی ئەو فڕینانە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی بیگزی ناوچەی ئەل پاسۆ لە تەکساسەوە دەستیانپێکردووە و مەبەستیان بنکە ئاسمانییەکانی نڤاتیم و عوڤدا لە باشووری ئیسرائیل بووە. هەروەها، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی ئەمریکاش نێردراونەتە بنکەکانی واشنتۆن لە ئوردن، عەرەبستانی سعودی، قەتەر و کوەیت.

ناوەڕۆکی بارەکانی ئەم فڕۆکانە دیار نییە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئەم گواستنەوانە پەیوەندییان بە بەهێزکردنی سامانه‌کانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەکەوە هەبێت.

بەرپرسانی ئەمریکاش ئاگادارییان بەچەند وڵاتێکی کەنداوی عەرەبی داوە کە خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کورتخایەن، بەڵام توند، دژی ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی ٣ی نۆڤەمبەر ئامادە بکەن.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×