- لە ئێستادا ئەندامانی خێزانەکان لە ماڵەکانیاندان و ماڵەکان چۆڵ نیین، لە بەر ئەوە دزە بچوکەکان لە هەموو کاتێک بێ ئیشترن و پەکیان کەوتووە، بە ڵام نەوت فرۆش لە بەینی دوو کەوانەدا.
- ڕۆژانێک هەبوو داهاتی ساڵانەی ئەم هەرێمەی لەمەڕ ئێمە لەئاستیێکی بەرزدا دابوو ( داهاتی پشکی فرۆشی نەوت )، نرخی نەوت لە ئاستی بەرزدابوو، بەڵام بەهۆی فەسادی و گەندەڵی ئیداری لە ژێرخان و بنیاتنانەوەی ئەم نیشتیمانەدا بەکار نەهات، کەرتی کشتوکاڵیان پێ نەخستە سەر قاچ و نەبوژاندەوە کە بنەمایەکە بۆ پەرەسەندن و بوژاندنەوەی نیشتیمانی ئێمە، ژمارەیەک کارگەیان بنیادنەنا بۆ ئەوەی لانیکەم گەر هەناردەناکەین بەرهەمی ناوخۆمان هەبێت و هاوردە کەم بکرێتەوە.
- ئەو داهاتە زۆرەی ساڵانی پێشوو تاقەت نەکرا بە میکانیزمی ( پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش ) بەڵکو تەخشان و پەخشانکرا و خرایە خزمەت حیزب، مەعسوبییەت، مەحسوبییەت، ڕەفاهییەتی بەرپرسان و زەوتکرا، بەدەستەواژەی خۆیان لە ژێر زەمیندا زەخیرەکرا بۆخۆیان، بە دەستەواژەی ئەندامانی پەڕلەمان سێ سەد و شەست شوقەی لە ئەڵمانیا پێکڕدرا، بە قەول و ڕیوایەتی ئەندامێکی پەڕلەمان کە شوقە هەیە پایەکانی لە ناو ئاودا دەرچوون ( کە ئەمانە نمونەی مشتێکە لە خەرمانێک ) و ئەونمونانەن کەدرکیان پێکراوە.
- فەلسەفی ئیدارەدان ئەوەیە بە سوود وەرگرتن لە دوێنێ، لە ئەمڕۆدا ئیش بکەیت و لە ئەمڕدا بژیت، چاوت لە بەیانی بێت و ئاسۆ و هیواکانت بۆ بەیانی ڕوون و ژیان بەخش بێت.
- لەم دۆخەی ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لێرە و لەوێ گلەیی و گازندەی چین و توێژەکان لەدۆخی ئابورییان بەدیدەکرێت، وتمان کە پێویستە ڕەچاوی ئەو بارودۆخە بکەین کە تێی کەوتوین، بەڵام بیهێنە ناو هەستی خۆت و پێش چاوی خۆت، خۆت بکەرە شوێنی ئەو دایک و باوکەی منداڵەکانیان و ئەندامەکانی خێزنەکەیان داوای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان لێدەکەن و توانای وەڵامدانەوەی داواکانیان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان نییە، چی دۆخێکی دەروون ماندووکەر و ناخ بریندارکەرە!؟ چی حەسرەتێکە! چی داخێکە نەتوانیت بە دایکایەتی و باوکایەتی هەستیت!
هەژاری گەیشتووەتە ئاستێک کە خەریکە چینی ناوەند کەم بێتەوە بە جۆرێک خەرەندێکی گەورە لە بەینی دووچیندا دروست بێت، کەمینیەیەکی زۆرداری خۆشگوزەران لەگەڵ چینی زۆرینەی بەشمەینەت، لە دۆخێکداین ڕۆژانە چاودەکەیتەوە خێزانێک لەبەردەم کامێراکان بەدەم گریان و مەراقەوە شەکوای بێ حاڵی خۆیاندەکەن، ماڵ و حاڵیان لەسەر جادە و لا کۆڵانێک کەوتووە لەبەر نەبوونی کرێی خانوو.
- بیر لەو کرێکار و کاسبکارە بکەرەوە داهات و بژێویێەکەی ئەوە بووە کە ڕۆژانە پەیدای کردووە و ڕۆژێک نەچوون بۆ ئیش پێوەی دیار بووە بەڵام ئێستا ڕۆژانێکە بێ ئیشە، بیر لە دۆخی ئەو تاک و خێزانانە بکەرەوە ...
- باوەڕداری و ئینسانییەت ئەوەیە ئینسان لە ئاست زوڵم و زۆرداری و نادادی هەڵوێستی هەبێت، گەر نەتوانرا با هەڵوێستەکە بە پێی جۆر و چەندایەتی کەسەکان بێت لەبەر ئەوەی خوای گەورە ئەرک ناخاتە سەر کەسێک کە لە توانای کەسەکەدا نەبێت هەروەک خوای گەورە دەفەرموێت: ( لایکلف اللە نفسی الی وسعها - خواش تەکلیفی شتێک ناکا مرۆڤ پێی نەکرێت )
- سەرەتای بەیان و مانفێستی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ ڕزگاری بەندە و دادپەروەری بوو، سەرەتایترین کارەکانی ئیسلام ڕزگارکردنی کۆیلە و ژێردەستەکان بوو، یەکسانکردنی هەمووان بوو لە ئەرک و ماف، نەهێشتنی کۆیلە و مەحفکردنەوەی فەچیلەتی ئینسان بوو بەسەر ئینسانێکیتردا قودسییەتی گەڕاندەوە بۆ تاک و تاکی کردە سەنتەر، چەمکی تاک کە شانازییەکی ناو فەلسەفەیە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەوەندە ڕێز و ئیعتیباری بۆ تاک دانا منداڵی ناو سکی دایک کە هێشتا لە دایک نەبووە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا عیبارەت و ڕێزی تاکی هەیە و لە باربردنی کۆرپەلەی بەتاوان داناوە، بەڵێ ئاینی پیرۆزی ئیسلام یەکسانکردنی تەواوی قەبیلە و شەعب و دەنگ و ڕەنگە جیاوزەکان بوو و پاشخانی بنەماڵەیی نەهێشت بەڕێزترین ئینسان ئەوکەسەیە کە تەقوای زیاترە نەک سەر بەم هۆز و ئەو گەل و ئەم بنەماڵەیەیە، بیلالی حەبەشی کردە هاوتای ئەبو سوفیانی جێنتڵمانی ناو پیاوانی هۆزی قوڕەیش لە مەککە.
ئەوەی کە تاک بارز دەکات کەفائەتە نەک وەلاو، بارزی و دیاری تاک دەبێت لە توانستەوە سەرچاوە بگرێت نەک ئەوەی سەر بە چی دائیرە و گروپێکە، سەرەتای ئاین جبە و عەمامە، مێزەر و کەشی بوونی نەبوو، لەجیاتی جبەی بەدەن ڕۆحی صدق ئاسای ئەبوبەکر بوونی هەبوو، لەجیاتی عەمامەی سەر و کەلە دەرونێکی دادپەروەری عومەر ئاسا بوونی هەبوو، لە جیاتی مێزەر، کەوا و کوتاڵ، ڕۆحییەتێکی پڕ لە عەقیدەیی بیلالێکی ڕووت و ڕەجاڵ بوونی هەبوو.
- سەرەتا و شۆڕشگێڕی پێغەمبەر محمد ( صلی اللە علی وسلم ) دوای هەوڵ بۆ یەکتا پەرستی، شۆڕش بوو دژی چەوساندنەوە و نادادی، شۆڕشگێڕێک بوو دژ بە زاڵم و چەوسێنەرەکانی سەردەمی خۆی، بوو بە پاڵپشتی چەوساوە و مەزڵومەکانی سەردەمی خۆی، لە هەگبەی پەیامەکەی ئەودا ڕێز و تەقدیر بۆ ئەوان هەبوو. چۆن دەکرێت خۆمان بە پەیڕەوکەری ئاینی پیرۆزی ئیسلام بزانین و پێغەمبەر محمد ( صلی اللە علی وسلم ) بە پێشەوای خۆمان بزانین و بەرامبەر زۆڵم و ستەم و چەوساندنەوە و نا دادپەروەری هەڵوێستمان نە بێت یان بچینە خانەی زاڵم و زوڵم و نا دادییەوە!؟
- گەر جیهادت دەوێت، جیهاد تەنها چوون نییە بۆ مەعرەکە، جگە لە چوون بۆ مەعرەکە، وەستان بەڕووی حاکمی زاڵم خۆی جیهادە، بوەستەرەوە بە ئەندازەی ئەو دەسەڵاتەی کە هەتە.
- هەمیشە بابەتی داودپەروەری و یەکسانی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا جەختی لێکراوەتەوە، لەبەر ئەوەی جەوهەری ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاشتی، ئازادی، ڕزگاری، دادپەروەری و یەکسانییە، لەبەر ئەوە با هەوڵدەین لەگەڵ ستەمکار و ستەمکاری و نادادی نەبین و بەرامبەر ستەمکار و ستەمکاری و نادادی هەڵوێستمان هەبێت و نەبینە لایەنگر و یارمەتیدەری ستەمکار و ستەمکاری و نادادی، هەروەک خوای گەورە دەفەرموێت: ( وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ وَمَا لَكُم مِّن دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنصَرُونَ}
هود:۱۱۳ - نەکەن لایەنی ستەمکاران بگرن و بەکارەکانیان ڕازیبن، نەکەن مەیلی دڵتان لەگەڵ ئەوانەدابێت ستەمکار و زاڵمن. چونکە ئەوکاتە ئاگر دەتانسوتێنێ. ئەوکات جگە لە خودا هیچ کەسێ پشتوانتان نابێت و لەوەودواش یارمەتیی نادرێن. واتا ئەوانەی دژی زوڵم دەوەستنەوە خوا پشتوانیان دەبێت )
نەکەن مەیلی دڵتان لەگەڵ ئەوانەدابێت ستەمکار و زاڵمن! مەیلی دڵ! مەیل!
ئەی ئەوانەی لەناو دائیرەی ستەمکار و زاڵمدان!
- پێغەمبەر محمد ( صلی اللە علی وسلم ) فەرموویەتی من رأى منكم منكرا فليغيره بيده ، فإن لم يستطع فبلسانه ، فإن لم يستطع فبقلبه ، وذلك أضعف الإيمان - واتا: کێ لە ئێوە خەراپکاریەکی بینی با هەوڵدات ڕێگری لێبکات بەدەستەکانی خۆی ، ئەگەر نەیتوانی با بەشێوەی قسە ڕێگری لێبکات ، وئەگەر بەمەش هەر نەیتوانی با بەدڵ پێی ناخۆشبێت و لەگەڵ ئەو خەراپیە نەبێ ، وئەوەی هەر هیچی بۆ نەکرا ئاوا لاوزترین ئیمانی هەیە )
پێویستە لەهەر شوێنێک ستەمکار و ستەمکاری و نادادیمان بینی هەوڵبدەیت بەو توانایەی هەمانە ڕێگری لێبکەین و بیگۆڕین، سەرەتا بەدەست و بە کردەوە هەڵوێستمان هەبێت و ڕێگری لێبکەین ئەگەر توانامان نەبوو بە زمان و قسە هەڵوێستمان هەبێت و ڕێگری لێبکەین، ئەگەر هەرتوانای ئەوەشمان نەبوو با لانیکەم هەڵوێستێک و شتێک زیاتر لە ( اضعف الایمان ) مان هەبێت و لەگەڵی نەبین.