- لە سیستەمێکی دیموکراسیدا، کە بڕێکی باش ماف و ئازادی و عەدالەتی تێدایە، "ناڕەزایی" ڕاستەوخۆیە. یەعنی هاوڵاتییەکی سویدی، کە دژی شتێک دێتە سەر جادە، تەنیا بۆ ئەو شتە هاتووەو مەبەستی شتێکی تر نیە. بەڵام لە دۆخی دیکتاتۆریەت و ستەمکارییدا، ناڕەزایی ناڕاستەوخۆیەو تۆ بۆ هەر شتێک بێیتە دەرەوە، مەبەستت شتێکی تریشە، کە خودی ڕژێمەکەیە. لە کۆماری سێدارەشدا، ئەگەر کۆمەڵێ جوتیار، بۆ پەین و سەمادیش بێنە دەرەوە، هەر سەرئەکێشێ بۆ ناڕەزایی گشتی، چونکە لەوێ، تەنیا کیشەی جوزئیمان نیە، بەڵکو کیشەی سیستەم و ستەمی گشتییشمان هەیە.
- یەعنی ئەگەر ژینا، لەسەر کوردبوونیش کوژرابێ، تارانییەکان هەر دێنە سەرجادە، چونکە ستەمێکی گشتی هەیەو هەموو شتێکیش بیانویەکە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمە. ئەگەریش ژینا کچێکی فارسبێ، کوردی سنەو سەقز هەر دێنە سەر جادەو کوردییانەش دێن، چونکە لە پاڵ پرسی ئازادی، کە پرسی هەموو ئێرانییەکانە، پرسێکی کوردیش هەیە، کە دیسان هەموو شتێک بیانوە بۆ هەڵدانەوەی!
- ناڕەزاییەکانی ئێران فرەڕەهەندە، ڕەهەندێکیان گشتییەو بۆ هەموو ئێرانییەک وەکو یەکە بەبێ جیاوازی، کە ئەمە پرسی ئازادی و دیموکراسییە. ڕەهەندێکی تری ناڕەزاییەکان، ئەو ستەمەیە کە تایبەتە بە هەنێ لە پێکهاتەکان، وەکو ئەوەی لەسەر کوردو سونەو بەلوج و عەرەبی ئەحواز هەیە، کە ئەمانە جگە لە پرسی ئازادی و ستەمە گشتییەکە، خۆیان بە بندەست و مەغدوری ستەمێکی تریش ئەزانن. ڕەهەندێکی تری ناڕەزاییەکان، پرسی ژنەو ژنی ئەم ناوچەیە، ئۆتۆماتیکی ستەمی کولتوری پیاوساری لەسەرەو کاتێکیش ئەم کولتورە ئەبێتە دەسەڵات و دەستور، ئیتر ستەمی سەر ژن ئەگاتە لوتکە.
- کۆی ئەو کێشانەش کێشەی مرۆڤەو ڕەهەندی مرۆڤانەشی هەیە، بۆ ئەوەشی مرۆڤانە چارەسەر بکرێ، ئەبێ ئەو بەشانە ڕازی بکرێن و ستەمەکەیان لەسەر هەڵگیرێ، نەک بە شیعاری مرۆڤایەتی، باز بەسەر ئازاری بەشەکاندا بدرێ و جارێکی تریش ستەمیان لێبکرێتەوە!
- مەسەلەن ناکرێ بە کورد بڵێی کورد مەبە لەپێناو مرۆڤبوون، چونکە کوردبوون ڕێگرنیە لە مرۆڤبوون و کوردێک هەر بە کوردبوونەکەیەوە مرۆڤە. ناکرێ بە ژن بڵێی ژن مەبە لەپێناو مرۆڤبوون، چونکە ژنبوون پێچەوانەی مرۆڤبوون نیەو ژنێک هەر بە ژنێتییەکەیەوە مرۆڤە. مرۆڤبوون ئەو گشتە ئەخلاقییەیە، کە حەقی بەشەکانی داوەو ڕێگەی داوە وەکو خۆیان هەبن، نەک ئەوەی بە شیعاڕێکی گشتی، لە خۆبوون دایانماڵیت، کە ئەمە مرۆڤایەتی نیەو فاشیزمە!
- دەسەڵاتی کوردی چەنێک گەندەڵە، ئەونەی تریشی بخە سەر، هێشتا ئێمە ناتوانین عێراقیی قوح بین، چونکە کوردوبوون ئایدۆلۆژیا نیە لێمان بارکرابێ، بەڵکو بوونی سروشتی خۆمانە. ئایدۆلۆژیای پەکەکە هەرچییەک بێت، کوردێکی ئامەد ناتوانێ کوردبوونی خۆی لە ماڵەوە دانێ و وەکو هاوڵاتییەکی ئیزمیر بێتە سەر جادە. کابرای کۆمەڵە، ئەتوانێ لەماڵەوە دانیشێ تیۆری ئینتەرناسیۆنال بۆ کوردی سنە بنوسێ، بەڵام دواجار هاوڵاتییەکی سنە، ئەگەر کۆمۆنیستیشبێ، هەر کوردانە دێتە دەرەوە، کاتێکیش کە وا دێت، لەبەر خاتری دیموکرات نیە، بەڵکو ئەوە بوونی ئەوەو ناکرێ خۆی داکەنێ!
- لێرەدا هەردو نەفەسی (قەومچی و دژەقەومی) تەواو ناکوردییە، یەکێکیان لە ڕێگەی دوژمنسازییەوە کورد ئەهێنێتە سەر شانۆ، وەکو ئەوەی کورد خۆی دوژمنی کەمبێ! یەکێکیشیان ئەیەوێ کورد لە ڕێگەی خۆنەبوونەوە هەبێت، کە ئەمە هەمان ئەوەیە کە دوژمن لە ئینسانی کوردی ئەوێ! لەو نێوانەدا شتێک هەیە، کە کوردبوونەو دوژمنسازیش نیە، خۆبوونەو پچڕانیش نیە، بەڵکو ئەتوانێ لەگەڵ کەیسی ژن و کەیسی ئازادی و کەیسی گشتی ئێرانییەکانیش خۆی گرێداو کوردیش بێت!
- کورد پێویستی بە سیاسەتی هاوسەنگییە، کە تایبەتمەندی خۆی لەگەڵ سیاقە گشتییەکان گرێ بداتەوە، (نەک سیاسەتی پچڕان و خۆ تەریک کردن، نەک سیاسەتی خودنەفرەتی و خۆتواندنەوە لە سیاقە گشتییەکەدا) کە ئەوە هەردوکی نامرۆڤانەیە، چونکە مرۆڤایەتی ئەگەر مانایەکی ئەخلاقی و باڵای هەبێت، هەر ئەوەیە کە ستەمی تێدا نەبێت. هەر ئەوەیە کە تۆ وەکو تاک ئازادو یەکسان بیت، وەکو پێکهاتەش ئازادو یەکسان بێت، هەریەکێ لەو دوانەت نەبێ، مرۆڤایەتییەک لە گۆڕێدا نیە. ئا لێرەشدا هەنێک لە ئێمە خراپ لە "مرۆڤایەتی" تێگەیشتووین و وائەزانین مرۆڤایەتی بریتییە لە خۆنەبوون، لەکاتێکا ڕێک پێچەوانەکەیەتی و مرۆڤایەتی بریتییە لە بواری خۆبوون.
- کورد ئەبێ وەکو خۆی ئینتەرناسیۆنال بێت نەک لەسەر حسابی خۆی. کورد ئەبێ وەکو خۆی ناسیۆنالیست بێت نەک وەکو ئەوانیتر. کورد لە ناسیۆنالیزمدا، هەم خۆی کۆپی ئەوانیتر ئەکاتەوە، هەمیش زۆر توند بەریانئەکەوێ، کە ئەمە هەردوکی هەر زەرەرە. کورد لە دۆخی ئینتەرناسیۆنالیشدا، تا ئاستی "کوردنەفرەتیی" ئەڕوا، کە ئەمە تێپەڕاندنی ناسیۆنالیزم نیە، بەڵکو خزمەتکردنی ناسیۆنالیزمی ئەوانیترە. کورد پێویستی بە فیکرێکە، تۆزێ گەورەتر لە ناسیۆنالیزم و تۆزێ بچوکتر لە ئینتەرناسیۆنالیزم، چونکە دۆخەکەی وایەو ئەبێ دۆخەکەی خۆی بناسێ!
- حیزب و شۆڕشی ئێمە، دامەزراوەیەکی نائەخلاقییە، چونکە ژیاندۆست نیەو مەکینەی بەکوشتدانی ئینسانە، شانازییە گەورەکەی ئەوەیە کە ناوی حیزبی شەهیدان بێت و زۆرترین ئینسانی دابێت بەکوشت. ئەم دامەزراوەیە ئەبێ پەروەردە بکرێتەوە بە ئەخلاقی ژیاندۆستی، سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتیش، دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو پەروەردەیە.
- یەعنی گرنگە ڕۆژهەڵاتییەکان یەک بن، بە خەڵک و تەواوی حیزبەکانەوە، بەڵام ئەم یەکبوونە بە مەرج بێت و خەڵکەکە تەنیا لە دوو حاڵەتدا گوێ لە حیزبەکان بگرن: یەکەم بە مەرجی ئەوەی حیزبەکان لە خزمەت ناڕەزاییەکەدابن، نەک ناڕەزاییەکە لە خزمەتی حیزبەکاندابێ و موتاجەرەو موزایەدەی پێوە بکەن. دووەمیش بە مەرجی "پارێزگاری ژیان" بەگوێیان بکەن و لە حاڵەتی پەمپدان و بەکوشتداندا وێڵیانکەن.
- (ناڕەزایی بە مەرجی خەڵکپارێزی) خەیاڵێکی ڕۆمانسی و پەمەیی نیە، بەڵکو هۆشیارییەکە کە مرۆڤی ئێمە، ئەبێ فێری ببێ و حیزبەکانیش فێر بکات. فێری ئەوەی کە ئازایەتی ژیانپارێزییەو ڕاستە دوژمن دڕندەیەو ئەکوژێ، بەڵام چیتر "بەکوشتدان" نابێ بمێنێ و ئەمەیان بەدەست خۆمانە. ئا ئەوە ئەگەر ڕووبدا، خاڵی وەرچەرخانە لە عەقڵیەت و خەباتی ئێمەدا.
- سیاسەتی گرێدانەوە مەرجی سەرکەوتنە. چۆن کۆمەڵەو دیموکرات و پژاک.. سیاسەتی خۆیان گڕێدەنەوە، چۆن "خەڵک و حیزبەکان" خۆیان گرێدەنەوە، چۆن کوردەکان خۆیان لەگەڵ ناڕەزایی کۆی ئێرانییەکان گڕێدەنەوەو نەیان بوغزێنن، چۆن دیبلۆماسیەت لەکارابێ و ناڕەزاییەکان لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی گرێ بدرێتەوە، چۆن ناڕەزاییەکان کوردی هەموو پارچەکان گڕێبداتەوەو لەپاڵ هۆشیاری نەتەوەییدا، هۆشیارییان بە ژن و ژیان و ئازادی و "دۆستایەتی گەلان"یش بەرزببێتەوە.
- چۆن لە شتی گرگن و بچوک خۆمان بپارێزین، وەکو ناکۆکی و موزایەدەی نێوان حیزبەکان، ڕقی قەومچێتی نێوان کوردو فارس، مەزهەبگەرایی و بەتایبەت سونەگەرایی، لەکاتێکا نیوەی کوردی ڕۆژهەڵات شیعەن.. لە هەمووی گرنگتر خۆپارێزی لە توندوتیژی، کە ئەوە خاڵی بەهێزی بەردەوامی و سەرکەوتنی خەڵک و خاڵی لاوازی ڕژێمە!
- ئەوەی کە خواییە ئازادییە، ئازادی یەعنی (فرەییەکی دیارو ڕووکەش، لەسەر ئەساسی یەکێتییەکی نادیارو جەوهەریی) یەعنی هەرکەس بە ڕەنگ و ڕۆحی خۆی هەبێ و دەرکەوێ، بەڵام هەمووشیان لەناو ئاشتی و پێکەوەژیاندابن، کە ئەمەیان بنەمایەکی نادیارەو لە دڵ و هۆشیارییدایە. لە ئایەتەکەدا "شعوب و قەبائیل" ئاماژەیە بۆ فرەیی کولتوری و بەشە دیارەکە، "تەقوا"ش ئاماژەیە بۆ بنەما نادیارەکە کە کەسیان پێشێلی نەکەن، هەردوکیشی پێکەوە ئەکاتە ئازادی و هەر ئەوەشە کە خوایی و عەقڵی و ژیانییە. بەڵام دینی دەجالەکانی سونەو شیعە، ڕێک پێچەوانەکەیەتی، (یەکڕەنگکردنی ئەوەی کە دیارەو کوشتنی بنەما نادیارەکەی ژێرەوە) کە ئەوە فەسادو ستەم و سەپاندنەو فەسادو ستەم و سەپاندنیش ناکرێ خودایی بێت!
- دواجار ئەمەی ئێران، ئاوێنەیەکی باشە بۆ دوکانە دینییەکانی ئێمەش، کە ئەوسەری خۆیانی لێوە ببینن. ئەوانەی کە خەریکی دینبازی و کەرنەڤاڵی تاجی زێڕینن، ئەبێ بزانن، نەتیجەکەی لەوسەرەوە، "دین نەفرەتی"و کەرنەڤاڵی سوتاندی لەچکەو زۆر قەرەباڵغتریش. گرنگە بزانن "ڕووکەشبازیی" سەرەتاکەی فیتنەیەو ناوەڕاستەکەی نیفاقەو کۆتاییەکەشی (یخرجون فی دین اللە افواجا) کە ئەوەش دەرچوونێکی پیرۆزە، چونکە کافربوون بە دینی ئیکراهی کاهینەکان، ڕێک چوونە ناو دینی ئازادی خوایە.