بەشی یەكەم
"ئەم كارەم بەماندووبونی هەردوو هاوڕێیانی پزیشكم د.كامەران قەرەداغی و د.وەسفی تاڵەبانی پێشكەشە"
دەروازە: لەدایكبوونی پرسیار
هەندێك نووسین بەگشتی و فەلسەفیش بەتایبەت نازانرێت كە چۆن لەدایكدەبن، وەك ئەم نووسینە بۆنموونە. ئەم نووسینە، ناونیشانەكەی و بەشێك لە تێۆریزەكانی زادەی دادوەرییەكی پێشوەخت و تێڕامانێكی ئامادە نین بەقەد ئەوەی كە دەركەوتنی كۆرۆنا خستیانیە هزری نووسەرەكەیەوە. بەڵێ نووسینەكە نیگای كارتێكەری بزووتنەوەو شەپۆلی فەلسەفیی جیاجیاو ئەندێشەی هەندێك هزرەڤانانی تێكەوتووە بەس هەرگیز ئەمە ئەوە ناگەیێنێت كە پێمانوابووبێت كە ڕۆژێك دێت و لەژێر ناونیشانی "فەلسەفە و كۆرۆنا " نووسینێك دەخەینە بەردەست خوێنەرانمان.
هاتنی كۆرۆناڤایرۆس Coronavirusهاتنی چاخ و سەردەمێكی فەلسەفیی نوێ نییە هەروەك ئەوەی لەفەلسەفەدا باوە كە چاخەكان یان سەردەمەكان بەواتا و ڕووداو (بۆنموونە تازەگەری،ڕێنیسانس،ڕۆشنگەریی) یاخود بە بزووتنەوە و ڕێبازە فەلسەفییەكانەوە ناوزەددەكرێن یاخودیش گرێدەدرێنەوە، تەنانەت لە بواری پزیشكیشدا كۆرۆنا سەردەمێكی پزیشكی نییە بەقەد ئەوەی كە بەشێكە لە مێژووی ڤایرۆس یان زانستی ڤایرۆس ( Virologyڤایرۆسناسی)، كە ئەوەش دەچێتە خانەی مایكرۆبایۆلۆژی Microbiologyیەوە (ئەو زانستەی لە زیندەبچووكەكان دەكۆڵێتەوە). لێرەوە دەڵێین ، بەو مەرجە هاتنی كۆرۆنا دەركەوتنی دیاردەیەكە شایانی تێڕامانی مەزنە كە مرۆڤەكان ئامادەبن فێربوون لە كۆرۆناوە بەدەستبهێنن و تێگەیشتنە جوانكاری، ڕەوشتیی و كۆمەڵایەتییەكانیان بەرەو ئاستێكی باڵاتر بەرن.
بەدڵنیاییەوە لە قۆناغی پۆست -كۆرۆناڤایرۆس Post-Coronavirus پرسیاری نوێ لەدایكدەبن و مرۆڤەكانی كۆمەڵگە جیاكانیش سەبارەت بە داهاتوو، بەو شتەی بەڕێگاوەیە و هیچی لەبارەوە نازانین،ڕووبەڕووی لێخوردبوونەوەی جیا دەبنەوە: هەنگاوەكانی پۆست كۆرۆنا چیدەبن؟ چۆن مامەڵە لەتەك سێستەمی خواردن و سێكس و حەوانەوەمان بكەین؟ ئابووری پێش بە سیاسەت دەداتەوە یان بەپێچەوانەوە؟ئەی شوێنی تەندروستی (ئاگایی تەندروستی، پەروەردەی تەندروستی) لە هاوكێشە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكاندا چ ڕەوتێك وەردەگرێت؟ مەرگ، جەستە، ساغی/ناساغی ئەمانە چییان بەسەردێت؟ ئەدی دژە جوولەگەرایی Antisemitism، ڕەگەزپەرستیRacism ، ڕق لە ژن، ئیسلامۆفۆبیا، پیسكردنی سروشت، چۆن دەكەونەوە؟ ڕۆژێك دێت بڵێین سوپاس بۆ كۆرۆناڤایرۆس كە پەردەی لەسەر یەك دونیا درۆو ناڕوونی ( Obscurantism تاریكیپەرستی) مرۆڤی هاوچەرخ هەڵدا یان ئێژین نەخێر هەرگیز كۆرۆنا بە شادمانی Ecstasy خۆی نەگەیشت و هیچی فێرنەكردین. ئەوە بۆچوونێكی فاشیستانەیە كە سوپاسگوزاری كۆرۆناڤایرۆس بین، هەر ئەوە تێۆری مالتۆسمان Thomas Malthus بیردەخاتەوە كە پێیوایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی زۆری دانیشتوان و ترسی كەمی خواردن ڕژێمەكان پێویستە ناساغی و نەزۆكی بڵاكەنەوە، لێ ئەوانە لەولاوە بوەستێت خۆ كۆرۆنا دروستكەری بیركردنەوە بوو لەسەر داهاتوو، ڕۆشتن بوو لە بیركردنەوەی خودی خۆوە بۆ بیركردنەوەی خودی ئەویتر. هاتنەدەرەوە بوو لە "من" و چوونیش بۆ لای "تۆ" ،بێسڵەمینەوە ئەمەش وایكرد بیربكەینەوە لەوەی كە""من و تۆ""پێكەوە چۆن ڕووبەڕووی كۆرۆنا ببینەوە كە پێشتر بەیەك ئاشنانەبووین.كۆرۆنا ڕێزمانی گفتوگۆی جێندەری گۆڕی بەرەو ئاقارێكی ڕەوانبێژی سەرسامكەر. كۆرۆنا جارێكی تر وتاری ڕۆشنگەری Enlightment ڕۆژئاوایی خستەوە ژێرپرسیار و چارەنووسی دروشمەكانی شۆڕشی فەرەنسی(ئازادی، یەكسانی، برایەتی) سەرلەبەر هەڵتەكاندووە. كەواتە كۆرۆنا سەرلەنوێ ئەو تێگەیشتنە فەلسەفیی، زانستیی ،هونەریی و ئابوورییەی تەڵخكرد كە بنەمای بۆ ئەو وتارە دانابوو كە فەلسەفە ناوی لێنابوو وتاری مۆدێرنە، ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی كە لەگەڵ تەوژمی باس لە كۆرۆنا بەها هاوبەشەكان كە پێشتر وتاری ڕۆشنگەریی خەمی بوو بیپارێزێت و جیهانگیریش دەمامكی ئابووری بۆ زیادكردبوو كۆرۆنا وێنەكانی گۆڕی. شار كە بەرهەمی گەشەی مۆدێرنەیە چارەنووسی وا بەدەست كۆرۆناوە. كۆرۆنا شاری خامۆش و هێمنكرد، بەجۆرێك بێدەنگیكرد كە شارە پۆست مۆدێرنەكان جارێكیتر بە شەرمەوە دەركەونەوە. كۆرۆنا وایكرد شار ترسناك و نەخۆشئامێز بێت. لە سەردەمی كۆرۆنا دا ژیانی"من" و ژیانی "تۆ"لە شاردا وەك یەك كپكرا. كپبوون بوو بە تایبەتمەندی مۆزەخانە و باڵاخانە و یاریگا مەزنەكان و لەگەڵ كۆرۆناشاپاتریۆتیزم(نیشتیمانچیەتی) كە سەرلەنوێ سەریهەڵدایەوە شانبەشانی تەوژمی جیهانگیریی،كە سێ دەیەی بە فەرمی پأكردەوە،لە شارە جیهانیگیرییەكانا خەمی زاڵبون بەسەر كۆرۆنا دەخۆن. كۆرۆنا وایكرد جیهانگیری تەندروستی سەرنجی بخرێتەسەر و ئابووری ببێتە پرسیار لەسەر ئەو جۆرە لە جیهانگیرییە. هەر جیهانگیری تەندروستیشە كە وایكرد وڵاتانی نیولیبرالیزم تادەگاتە ئەو وڵاتانەی مافی نەخۆش و كارمەندی تەندروستی تیا پارێزراو نییە هەموو چاویان لەسەر ئەمەریكا بێت كە بۆ لە بەر تەوژمی كۆرۆنا وای بەسەرهات؟ بەشێك لە وڵاتان بەتایبەت عەرەبی-ئیسلامی كە هەمیشە لە سیاسەتە دەرەكییە ڕەشەكانی ئەمەریكا زەرەرمەندبوونە بەتاسەوە دەأواننە دوا هەواڵەكانی كۆرۆنا لە ئەمەریكا.بەشێك لەوە هەر پەیوەندی بە جۆری سیاسەتەكەی ئەمەریكاوە نییە بگرە پەیوەندی بەو بانگەشانەشەوە هەیە كە ئەمەریكایەكان لە بواری زانست و زانینی پزیشكیدا كردویانە.
كۆرۆنا لەڕێگای مێژووی ڤایرۆس و ڤایرۆسناسییەوە پێماندەڵێت گەردوون و مرۆڤ ،چاترە بڵێیین، گەردوون و بوونەوەرەكانی ناو بوون لە دێرزەمانەوە بە ڤایرۆس و بەكتریا ئاشنان و كارلێكیشیان لەسەر یەك داناوە و فەلسەفەش لەم بارەیەوە لە مامەڵە لەتەك زانستە سروشتییەكان دیرۆكێكی دەوڵەمەندی هەیە. وێرای ئەوە، فەلسەفە و كۆرۆنا واتە لەیەك نزیكبوونەوەی بیركردنەوەی فەلسەفی و بیركردنەوەی پزیشكی. لە سەردەمی كۆرۆنا فەلسەفە پتر لە پزیشكی نزیكبوەوە ئەوەش بە حوكمی قسەكردنەكانی فەلسەفە لەسەر چەمكگەلێكی وەك جەستە، مەرگ، تەندروستی، چارەسەر، دووچاربوون و پێوەبوون ئەمەو تادەگاتە نێوان (دیستانس)ی تەندروستی كۆمەڵاتی، كەرەنتینەكردن وپاقژی و.. .
سەرنج:
ئەوەی لە دووتۆیی ئەم نووسینەدا دەوترێت دەبایە هەر بوترایە و زۆر لەمە باڵاتریش پێویستیدەكرد بێینەگۆ، لێ وتنەكانمان پووخت و چڕدەكەینەوە و دواتر كاردانەوەكانی كۆرۆنا درێژەی وتنەكانمان و ئاقارەكانیشی دیاریدەكات. ئەم "دوژمنە نادیارە" هۆكاری شێوازی چۆنیەتی وتنەكانمانە و تازەگەریەكانیشی ئڕأاستەی نەوتراوەكانمان دەستنیشاندەكات، كە پاشان دەبن بە وتن یان لەڕێگای ئەوەن ببن بە وتن. هاوكات ئەوەی لێرە گۆدەگرێت لەلایەك و ، ئەوەش كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە ڕۆژانە ئەنجامیدەدەن تا تووشبوانمان ڕوو لە كەمی و كەمی بنێن شایانی ڕێزە. ئەوەی لێرەدا دەوترێت پێویستی بەزۆرتر بەدواچون و قووڵبونەوەیە، كە ئەوەش كاری دواترمانە. ڕاڤەكردنەكە لایخوارەوە لە چەند پەڕەگرافێكدا جەمسەرگیردەكەین و ناسنامەی پەڕەگرافەكانیش دەخەینە خزمەتی سەرەكی باسەكەوە كە "فەلسەفە و كۆرۆنا"یە.
وتنی فەلسەفە و كۆرۆنا
كۆرۆنا شایانی وتنە؟ وتن لەمەڕ كۆرۆنا بۆ كوێمان دەبات؟ فەلسەفە مافی وتنی لەسەر كۆرۆنا هەیە؟ كێ ئەم مافە بە فەلسەفە دەبەخشێت؟ مافی ئەوەی كە فەلسەفە وتن سەبارەت بە كۆرۆنا قۆرخبكات؟ گومانیناوێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەوێوە وەسەرەتادێین كە، فەلسەفە لەم كاتانە وتنی خۆی هەیە. وتنێك كە نادوبارە و وروژێنەرە. ئەو كاتانە فەلسەفە پێویستە بێتەگۆ كە شیاوی بۆ وتن لە ئارادایە. شیاویش پێویستییە بۆ ئەو وتنە. وتنی پێویست دەگمەن و وتنئامێزە. ئەم جۆرە وتنە وتنێكە كە نەوترا و بیرلێنەكراو پێكەوە گرێدەداتەوە. وتنی وتراوئامێز چییە؟ ئەو وتنەیە شایانی وتنە، واتە وتن شایانی گۆكردنە. وتنێك كە ئیدی كاتی وتنی هاتووە. وتنەكەش وتنێكە كە بێدەنگی تێدەپەڕێنێت و زۆنێك بۆ وتن بۆخۆی دێنێتەسازاندن. لەو شوێنەی شتێك هەیە بۆ وتن بێدەنگی، نەوتن، لەسەرەمەرگدا دەبێت. ئەمە بۆ لێدانی ئەو تێزەیە كە بەم جۆرەیە: "ئەو دەمەی شتێك نییە بۆ وتن، چاترە بێدەنگبین".ئەو بێدەنگییەی پەیوەندی بە وتنێكەوە هەیە كە شایانی وتن نییە ئەو وتنەیە كە هیچمان بۆ قسەكردن پێنییە، كە هیچمان بۆ وتن پێنەبوو چاترە نەوتن هەڵببژێرین. بەدڵنیاییەوە ئەو نەوتنەش بێدەنگی لێبەرهەمدێت، بێدەنگیەك كە بەرهەمی شایانی نەوتن بووە، لێ بێدەنگی ،بەردەوام، بێ لایەنی نییە، بەڵكو زۆرجار ئەندێشەیەك لە پشتەوەی خۆیڕاحەشارداوە. بێدەنگی لەم شێوەیە ناچارییە،بەڵام لاوازیی نییە.پێچەوانەی ئەو جۆرە بێدەنگییەش ، بێدەنگی ناچاریی، بێدەنگییەكە لێوان لێوە لە ترس و بێ هێزی و دژە جەمسەری ئەمەش وتنە، وتنێك كە دلاوەریی و توانایی تیا سەزبووە. بۆ؟ چونكە كە بێدەنگیی لەدایكدەبێت بوێری و دلاوەریی نامێنێت. هەموو بێدەنگییەكان داناییان تیانییە. بەشێكی زۆر لە بێدەنگییەكان بێئاگایی و ترسنۆكیان تیا مەڵاسدراوە. شكاندنی بێدەنگیش بە وتنێك پێویستە كۆتای بێت كە وتراوئامێز بێت، شایستەی گۆكردن بێت، قابلیبێت بە ئاخاتن. وتنی لەو جۆرە درەنگ دێتە دونیاوە. بەپێی ئەوەی دەگمەن و نادوبارەیە جوگرافیای خۆی دەبەزێنێت و بۆ هەمووان پێویست و شایانە. بۆیە وتنی بیرمەندەكان لە یەك شوێن ئۆقرەناگرن، پیرنابن و بێزاركەیش نیین. هەرچی ستێڤێن شرۆدێرە Steven Schroeder بەجۆرێكی تر وتنی نەوتن، "وتنی هیچ " شرۆڤە دەكات:" تاكە ڕێگا بۆ وتن لەمەڕ هەموو وتنێك وتنی هیچە، نەك بۆ وەستان لە وتن ،بەڵكو بۆ هێنانە لەرزینی سێستەمی هێز و ڕەتكردنەوەی بەرهەمەكانی ئەو سێستەمە. سێستەمەكەش لە بێ توانایی بیرۆكراتەكان و دأندەیی دیكتاتۆرەكان و خولانەوەی سیاسییەكان دەبینێت". با هەنووكە هاوكێشەكە بە شێوەیەكی تر بخوێنینەوە. كاتێك كە ئێمەی مرۆڤ دەڵێین "هیچم بۆ وتن نییە" جیایە لە نەوتن. هیچم بۆ وتن نییە زۆرجار بەرهەمی پەشۆكاوی و دەستەوەستانە لە ئاست شتێك كە شایانی وتنە. لەوێ، واتە كە وتن بوونی نییە، بێدەنگ نەزان و نادانەیە، لێ گوزارەی هیچ ناڵێم هەڵوێستەیە لەسەر وتراو كە زۆر وتنی قێزەوەن و بێ ماناكردووە. بەواتایەكی تر. كۆرۆنا كە هات وتنی سەپاند. كۆرۆنا بەم هاتنەی خۆی سەپاند، سەپاندنێك كە درزی خستە تێگەیشتنەكامان لەمەڕ داهاتوو.
بەم جۆرە وتن لە بۆشاییەوە دروست نابێت. كۆرۆنا هەیە بۆیە وتنیش هەیە. وتن دۆزی هەیە. پێویستی بە شوێنە. كۆرۆنا كە شوێنی داگیركردووە پێویستی بە وتنە. كۆرۆنا كە ڤایرۆسە و ئەویش نازیندووە بەوە زیندوو بوو كە هاتە ناو خانەخوێمانەوە. ئێستا ئەو دەژی و گەشەدەكات.لە كوێ؟ لەناو جەستەی ئێمە و لەناو شادەمارەكانمان، لەناو شادەماری كۆمەڵگە و زمان و ڕوناكبیریماندا دەخولێتەوە و كاری خۆی دەكات. فەلسەفەش كە لەسەرەتای دەركەوتنیەوە وتنی لەسەر مرۆڤ و دەوروبەری ئەم مرۆڤە هەبووە هەنووكە بەپێویستی دەزانێت كە وتن لەسەر كۆرۆنا بهێنێتەگۆڕێ.هەموو وتنێك جێكایەك بۆ خۆی شایستەدەكات و لەو جێگایە ڕووبەرێك بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتی خۆی دەدۆزێتەوە. كەوابوو وتن دەسەڵاتە، هاتنەكایەوەی هێزە. وتن ڕاڤەكردن دەسازێنێت ئەوەش توانایی لەخۆیدا پەنهاندەكات. وتنی لەخۆڕا وتنی بەتاڵ ئەوەش نەوتن یان بێمانای لە وتن دروستدەكات كە لە كۆتایدا تێنەگەیشتن پێكدێنێت. وتنی لەم شێوەیە،وتنی بۆش، فیزیای نییە، چونكە جێگا داگیرناكات و هێزیش هەرگیز پێكناهێنێت. وتنێكی توانایی تێدا نەبوو شیكاریش دروستناكات. ئەمەش لەبەر ئەوەی كە وتن، هەروەك نووسین، دەسەڵاتە. ویست بۆ وتن ویستە بۆ هێز. وتنی فەلسەفە وتنی دایكە( فەلسەفە لە زمانانی بێگانە مێیە)،هاوسەرگیری فەیلەسوفیش لەگەڵ فەلسەفە هاوسەرگیرییە لەگەڵ وتن، لەگەڵ بیركردنەوە و پرسیارسازیدا.
كۆرۆنا فەلسەفەی هێنایە گۆ. فەلسەفە كە بیركردنەوەیە وتن دەسازێنێت. بیركردنەوەش كۆرۆنای كردە بابەت بۆ وتنەكانی، لێ شای وتنەكان،بەپێیئەوەی كە، وتنی فەلسەفییە وتنی فەلسەفیش لە ساتەوەختی كۆرۆنادا لە ئاستێكی تر ڤایرۆس دەخاتە نێو وتنەكانی خۆیەوە. بێماناش نییە بیرمەندە گەورەكانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە هاتن گۆ: ئالان بادیۆ Badiou، جیۆرجیۆ ئاگامبێن Agamben، سڵاڤۆی ژیژێك Žižek، لۆك فێری Ferry، میشێل ئۆنفرێ Onfray ، ئێدگار مۆران Morin ، ژان -لۆك نانسی Nancy، ئەنتۆنیو نێگری Negri و..هتد.
كاتێك بیركردنەوەی فەلسەفی لەگەڵ بیركردنەوە لەمەڕ كۆرۆنا هاتەئاراوە بیركردنەوەی فەلسەفی لەتەك بیركردنەوەی پزیشكی یەكیگرتەوە كە ئەوەش یەكگرتنەوەی فەلسەفە بوو لەگەڵ پزیشكی یان تەندروستیدا، بەڵام فەلسەفە نایەت بە زمانی پزیشكی قسە لە كۆرۆنا، لە ڤایرۆس، لە كەرەنتینەكردن ، لە ئاسایشی تەندروستی تاك و كۆمەڵ،لە پانیك (شڵەژان)،لە ماڵەوە بوون، لە قەدەغەی هاتووچۆ ،لە مەودای تەندروستی بكات. وتنی فەلسەفە لەسەر كۆرۆناڤایرۆس هاوكات وتنیشیەتی لەسەر پرسیارە سیاسی، كۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەكان، كە ئەوەش وەك هەمیشە پرسیاری باشە و خراپە، مەرگ و ژیان، بێدادی و دادپەروەری دێنێتەپێشەوە. جیاوازی نێوان فەلسەفە و كۆرۆنا هەر ئەوە نییە كە كۆرۆنا زیندوو نییە و بەهاتنەناو خانەخوێكەوە ،لە ڕێگای مشەخۆرییەوە، دەست بە ژیان دەكات و فەلسەفە زیندووە، بەڵكو ئەوەشە كە كۆرۆنا خانە نییە،بەڵكو پشت بە خانەخوێك دەبەستێت تا گەشەبكات، هەرچی فەلسەفەیە زیندووە و عەقڵێك بەرهەمیدێنێت و تایبەتمەندی مشەخۆرانەی نییە و ئەمەش وادەكات فەلسەفە وتنی هەبێت و هەڵوێستە لە ئاست شتەكانی ناو بوونمان وەربگرێت ئەو گرفتارییەش، كۆرۆنا، بهێنێتە گۆ كە هەموو دووچاری بووینە.