شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفە شەقامە یان زانکۆ؟ ستێفن ھاوکینگ لەناو بازاڕ دروستنابێت

ئازاد حەمە
  2024-07-06     548

بەشی چوارەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

 

فەلسەفەکردن لە شەقام

شەقام، شوێنێکی گشتییە، ئەو فەزایەیە، کە هەموان بە گشت جیاوازییەکانەوە لە خۆدەگرێت. لەڕووی مێژوویشەوە لە شەقامدا هەردەم کەیس جوڵێنراوە و سوود لە ڕووبەرەکەی بۆ وتنی نەخێر یان بەڵێ وەرگیراوە. بەڵام شەقام بێ لایەن نییە؛ هێزی سیاسی چاوی لەسەریەتی و سەرلەبەری شەقامیش نە ئازادە و نە سەربەخۆ.

بائەوەشمان بیرنەچێت، کە شەقام(گۆڕەپانی ئاگۆراAgora) شوێنە کۆنەکەی فەلسەفەیە، لەوێڕا فەلسەفەی شەقام هاتەدونیاوە و زۆر شتی هەنووکەییش وروژێنرا و گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ دادپەروەری، جەنگ و تادەگاتە بابەتی ڕاستی و باشە و خراپە. مێژووی فەلسەفەش دەمێکە ئەوەی پێڕاگەیاندووین، شەقام ئەو پانتاییە جەماوەریەیە، فەلسەفە پێویستیپێیە. سوکراتیش لە شەقام فەلسەفەی دەستپێکرد و هەر ئەوێش بوو کردییە فەیلەسوفی فەیلەسوفەکان. هەرچی ئێمەین نە شەقام و نەش هۆڵەکانی زانکۆکان توانیان هاوکارمانبن فەلسەفە وەک پەتا بڵاوبکەینەوە.

هەر لەم سۆنگەیەوە ئەوەش دەڵێین: فەیلەسوف، کە دێتە شەقام، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەوە لە سوکراتەوە فێربووبێت چۆن دەفەلسەفێنێت، چۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ گشت لەوێڕا ڕێکدەخات. هەر فەیلەسوف دەکارێت ئەو پرسیارەش بجوڵێنێت، کە کێ خاوەنی شەقامە یان شەقامی بەدەستەوەیە؟

فەلسەفەکردن لە شەقام سەرلێشێواوی نییە، فەلسەفەش بەلاڕێنابات؛ ئەمە بەشداریپێکردنێکی مەدەنییانەیە. بگرە ئەمە دەرەچەیەکیترە بۆ داکۆکیکردن لە فەلسەفە و جەختکردنیشە لە ویست بۆ فەلسەفە؛ ئەو ویستەی فەلسەفە وەک پێویستییەک نمایشدەکات.

فەلسەفە بەخۆی شتێکی سەرپێێ و هەڕەمەکی نییە؛ فەلسەفەکاریش بۆئەوەی لە شەقام دا فەلسەفە بکات دەبێت پێشوەختە هەندێک کارزانی و لێهاتوویی لە خۆیدا نەشونماپێدابێت. ئەو کارزانی و لێهاتووییە پێشوەختەیە هاوکاریدەبێت لێزان بێت لە چۆنیەتی وروژاندنی پرسیار و دۆزینەوەی وەڵام.

هەر لە شەقامدا، لەو حاڵەتەی فەلسەفەی تیادەکرێت، زمانیش جێگایسەرنجە. شەقام زمانی خۆی هەیە. کەواتە فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت زمانێک بۆخۆی لەوێدا داتاشێت. ئەم زمانەش وا لە گەرووی ئەو شارەزایە لە فەلسەفە، کە دێتە شەقام بۆ هێنانەگۆی خەڵک.

چەمکسازییە فەلسەفییەکان لە شەقامدا دیوی تر وەردەگرن. ئەم شوێنە وەک نێوەندی ئەکادێمیی نییە؛ لەبەرئەوە زەمینەسازییەکانی فەلسەفە لێرە ئامانجی تر دەپێکێت تا هزر لەناو بازاڕ جێگا بەخۆی بگرێت.

کەواتە دەپرسین: کوێ شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە؟ نێوەندی ئەکادێمیی هەروەک شەقام دەکارێت بیری فەلسەفیی بجوڵێنێت و پرسیارسازی خۆی دروستبکات. ڕەنگە زۆرێک پێیانوابێت شەقام ئاستی فەلسەفە دێنێتە خوارەوە. ڕاستە فەلسەفە زمانی تایبەتی خۆی هەیە و ناشێت بەشەقامکرێت، بەڵام بردنی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام لێزانی دەوێت و کەسی فەلسەفەکار دەبێت بزانێت چۆن فەلسەفە لە خەڵک نزیکدەکاتەوە و خۆشەویستیشیدەکات. هەندێکیش پێیانوایە فەلسەفە لەناو شەقامدا نەشونمادەکات، لەوێ لە خەم و پەژارەیی خەڵک حاڵیدەبێت.

ئەی زانکۆ شوێنێک نییە بۆ دروستکردنی پرسیار؟ بیرکردنەوە؟ باشە کێ لە زانکۆدا  ئەمە بکات؟ زانکۆ  بۆ فەلسەفە هێجگار پێویستە. ئەوێ تێڕامان دەخاتە دۆخێکی دڕدۆنکانەوە؛ تووڵەڕێیەکانی سەلیقەیی گەڵاڵەبوون بەخۆوەدەبینن و قاڵبوونەوە دەستپێدەکات. لەسەر ئەوەش وەستاوە کێ لە زانکۆ فێربوونی فەلسەفە دەدات و بەناو پێچاوپێچی و خواری هزرماندەبات و تێرامانی فەلسەفیی لە پەژمەرین و سیسبوون دەپارێزێت. کەواتە زانکۆ، نەک شەقام، شوێنی گۆڕینی وێنەیە لەسەر فەلسەفەسازیی وەک ئەرکێکی هزریی و دەرفەتیش لەبەردەم فێربوونی فەلسەفەدا دەکاتەوە.

ئەوەی لە شەقام فەلسەفە دەکات، بەدڵنیاییەوە پێویستە پاشخانێکی چاکی ئەکادێمیی هەبێت و ئاشناش بێت بە مێژووی فەلسەفە. ئەم، کە لەوێ فەلسەفە دەکات، دەزانێت ئێرە شەقامە هۆڵەکانی زانکۆ نییە. ئەوەی لە زانکۆوە دێت بۆ فەلسەفەکردن لە شەقام ئەزموونی فەلسەفەسازی و بیرکردنەوەی هەیە؛ بۆیە بۆ ئەو یەکێک لە ئامانجەکانی فەلسەفەکردن لە شەقام هەر پارچەپارچەکردنی پرسیارە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفە مەزنەکان نییە چۆنیەتی کرانەوەشە بەڕووی پرسیارە سادە و خێرا ڕۆژانەییەکانی هاوڵاتیاندا.

لە گۆشەنیگای زۆرێک لە خەڵکی شەقام(خەڵکی عەوام)، تەنانەت ئەکادێمیش، پێیانوایە، کاتێک نووسینێکی، یان کتێبێکی، فەلسەفیی دەخوێننەوە سەریانژاندەکات. ئەم سەرە دەبێت چ سەرێک بێت بە خوێندنەوەی شتی فەلسەفیی ژانکات! ناواخنە سەرنجڕاکێشەکەی نووسینی فەلسەفیی ئەوەیە، کە سەرئێشە ناهێڵێت، کەچی ئەمان وەک سەرچاوەی سەرئێشە تەماشایدەکەن. فەلسەفە لەگەڵ دەرکەوتنیدا چارەسەری لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەر لەبەر ئەوە زوو خەسڵەتی چارەسەرسازی تێدا دەرکەت.

حەیف لە دەم و کاتێکدا گفتوگۆ لەبارەی جێگۆڕکێ بە فەلسەفەکردن دێنینەپێشەوە، کە زانستگەرایی و زانینی پۆزەتیڤیستی زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و ئەوەش لە هەندێک ڕوەوە هێرشە بۆسەر فەلسەفە و تاوانبارکردنی بەوەی، کە فەلسەفە ئیدی دادمان نادا و بەشێکیشە لە بیرکردنەوەی وڕێناوی و مێتافیزیکیی. واتە ئەم دەمەی ئێستا فەلسەفە کاتەکانی تیا بەسەردەبات دەمی زیرەکی دەستکردە، ئەگەرچی دەمی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەی تایبەت بەخۆی دێنێتەکایەوە، لێ ئەم دەمە دەمێکیشە بە ئاسانی لەگەڵ فەلسەفەدا لە کارلێک نابێت.

 

شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە

بۆئەوەی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد وەک شەقامێکی بێ فەلسەفە نەبینیین بە چاکی دەزانین بە دوو پرسیار سەرەتای ئەم لقە باسە بکەینەوە: هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرد باڵ بەسەر فەلسەفەدا دەکێشێت؟ چارەنوسی گفتوگۆ سوکراتیەکان، کە لە ڕیشەدا گفتوگۆگەلێکی شەقامیین، چییان بەسەر دێت؟ دەکرێت بوترێت، کە زیرەکی دەستکرد سەراپای ئەوەی فەلسەفە، مێژووی هزر، پێیگەیشتووە بەهەدەر نادات و فەلسەفەیەکیش تایبەت بەخۆی دەخاتەگەڕ، کە چەپکەبیرکردنەوەیەکی عەقڵیی پوختە. ئەم زیرەکییە، کە بەرهەمی لۆژیکێکی چڕە، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دابڕاوناکات لە فەلسەفە و کاریش بۆ بنبڕکردنی فەلسەفە ناکات.

کاتی زیرەکی دەستکرد کاتێکی پوختە؛ ئەم کاتە مرۆڤی پوخت، کۆمەڵگەی پوخت بەرهەمدێنێت. هەر ئەم کاتە داوای جۆرێکی تر لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی، پرسیاری فەلسەفیی دەکات. کاتەکە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جوداوازی دەبێت و ڕاڕایەکانی ئەم کاتەش لە زۆر لاوە لە لەمەوبەری ناکات. چونکە بەهاکان، بوونی مرۆیی تادەکاتە بابەتە ئاکارییەکان بەجۆرێک لەژێرسایەی زیرەکی دەستکرد دا بەرهەمدێن تێگەیشتنی سادە و لاوەکی دەرەقەتی نایەن. کەوابێت، کاتی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی پەلەکێشی ناو ئەو کاتە دەکات.

شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی کلاسیک نییە و هەروەک شەقامەکانی سەردەمەکانی تر دابڕاو نییە لە نیگەرانییە بووناوییەکان. لەبەرئەوە ئەم شەقامە تا بکارێت لە ڕووداوەکانی زیرەکی دەستکرد بدوێت فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی دەوێت.

فەلسەفە لە شەقامی ناوبراودا بوونی پێویستە، تا زانستپەرستی دروستنەبێت و مرۆڤی ژیر نەبێتە پێوانە بۆ مرۆڤی باش، دادپەروەر و مرۆڤدۆست. بەواتایەکیتر، بۆئەوەی ئەم زیرەکییە مرۆڤ بەرەو کۆیلایەتی زانستیی و کۆمپیوتەرپەرستی نەبات، فەلسەفە شانبەشانی زیرەکی دەستکرد چاودێردەبێت بەسەر خودی زیرەکییەوە،.   

ژێرخانی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە. ئەم شەقامە هەروەک ئەوانیتر چەمکەکانی وەک داد، ئازادی، ئەوینداری، ماف، گەندەڵی و بەختەوەری لا بابەتە. ڕاستە سەردەمی زیرەکی دەستکرد سەردەمی چڕبوونەوەی داتا و زانیاریە، کە لە ڕێگای کۆمپیوتەر و ئامێرەکانەوە دەگات بە شەقام، بەڵام شەقام لەگەڵ کاتدا نوێنەرایەتی ئەو ئامێرانەدەکات و بەکاریشیاندەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.

لەبەرئەوەی زیرەکی دەستکرد جێگرەوەی مرۆڤ نییە بوونی فەلسەفە لەوێندەرێ بێگومانە. فەلسەفە باوەڕی بە زیرەکی دەستکرد هەیە و کاریشیتیادەکات تا زیرەکی مرۆڤ هۆکارێک بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دیاردانەی ڕێگریدەکەن لە ئازادی و ئارامی مرۆڤی کۆمەڵگەی زیرەکی دەستکرد.

زیرەکی دەستکرد بەجۆرێک لە شەقام خۆی دەخاتەڕوو بەهانەی زیاتر دەدات بە فەلسەفە تا پاساو بۆ ماناوەی خۆی لە بیرکردنەوەی مرۆڤی شەقامی زیرەکی دەستکرد دا بهێنێتەوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد لە دەرەوەی بواری فەلسەفە نییە، بەخۆی لقێکە لە فەلسەفەی عەقڵ و فەلسەفەی زانستی کۆمپیوتەر. واتە هەماهەنگیی نێوان فەلسەفە و زیرەکی دەستکرد عەقڵە و قەبارەی وەگەڕخستنی عەقڵیش لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکرد دا زیاتردەکات.

ئەوەش شایانی وتنە، کە هەرچی بزووتنەوە فەلسەفییەکانە لەگەڵ هاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕەوتی فەلسەفییان گۆڕانی بونیادی دێتەسەر، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد پڕزانیارییە و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەش توانای وتنی خێرا و کردەی خێرایان زۆرە. وێڕای ئەوە، لەم شەقامەدا گفتوگۆی فەلسەفیی بەردەوام دەبێت، بەڵام مرۆڤەکانی ئەم شەقامە بەپێی ئەوەی فرەزانیاریین لە گفتوگۆکانیاندا زۆرتر دەخەنەڕوو و تێڕامانیشیان پتر ئێپیستێمۆلۆژیانە(مەعریفیانە) دەبێت تا پێچەوانەکەی.  

مایەوە ئەوەش بوترێت، کە لەبەرئەوەی لەگەڵ هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرددا زانین بەگشتیدەکرێت، ئەمە وادەکات زانینی زانستی، کە لۆژیکییە، بەرزترببێتەوە لە کۆمەڵگەکاندا، بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە؛ زانینی لۆژیکی لە گشت لایەکەوە هێرش دێنێت و باڵ بەسەر ژیانی سادەی تاکەکاندا دەکێشێت. لەم حاڵەتەدا ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەی بەرهەمی زیرەکی دەستکردە لێکسیکۆنی فەلسەفەکەی سەرلەبەر جیادەبێت.

 

فەلسەفە هی هەموانە

سەبارەت بەوەی فەلسەفە هی هەموانە ئەمە بەو مانایە دێت، کە خەڵکی گشتی لێیتێدەگات؟ یان بەپێچەوانە؟ فەلسەفە بۆ هەموان، ئەمە  خەمڵاندن نییە، پێموابێش نییە، شتێکی نزیک لە ڕاستییە. فەلسەفە، کە بەشی هەموانی تێدایە میراتێکی مرۆیی هاوبەشە و سەرتاسەریشە. بۆیە ئەم میراتە بۆ بیرکاریزانەکان وەک مێژووکرد و رۆماننووسەکان تادەگاتە خەڵکی سادە پێویستە.

دورخستنەوەی فەلسەفە لە کورد پێماندەڵێت، کە فەلسەفە هی هەموان نییە. بەڵام تێگەیشتنی فەلسەفە هی هەموانە، هاوکارماندەبێت تا ئەوپەڕی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانمان بەکاربەرین. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شار بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین،  ...) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.

ئەوەی لای سەرەوە باسکرا، بەرەو سەرنجخستنەسەر فەلسەفەی گشتییمان Public Philosophyدەبات. ئەم فەلسەفەیە هەر وەک فەلسەفە ئەکادێمییەکە پێویستدەکات بەدەست شارەزایانەوە بێت لە فەلسەفە. لەم گۆشە نیگایەوە، فەلسەفەی گشتی پێویستی بە شیکاری فەلسەفیی هەیە. ئەم شیکارییە خودی فەلسەفە نزیکدەکاتەوە لە زۆرینە، ئەوەش بەهۆی گفتوگۆکردنی نیگەرانییەکانی تاکەوە. گومانیناوێت فەلسەفەی گشتی جۆرە تەمومژاوییەک لەگەڵ خۆیدا دێنێت، لێ لەگەڵ کاتدا دەبێت بڕەوێتەوە.

فەلسەفەزانە ڕۆژئاواییەكان لە یۆنانەوە تائێستا كاریان لەسەر ڕوونكردنەوەی واتای فەلسەفیی فەلسەفەکردووە و ئەوەیشیان لە تێگەیشتنماندا بەرجەستەكردووە، كە بەهۆی فەلسەفەوە لەگەڵ جیهان و خۆمان و ئەوەی تردا لە دیالۆگداین. وەکیتریش، دیالۆگە فەلسەفییەکان دیالۆگگەلێکی هەڵوەشانەوەگەران، یەکدی هەڵدەوەشوێننەوە، ڕەتدەکەنەوە و دواتر ئەوە دەسازێنن، کە پێویستی هزریی مرۆڤە. ئەمە وادەکات، کاتێک فەلسەفە دەهێنرێتە شەقام دەستەواژە فەلسەفییەکان لە  ئاڵۆزیی بخرێن.

ئەوەی وترا ئەوەمان پێدەڵێت، کە ""فەلسەفە لە كۆمەڵگە كار بۆ دروستكردنی بەها دەكات و ڕێزگرتن لە جیاوازییەكانیش بەهاداردەكات و ڕەوشتی پێكەوەژیانیش واتابەخشدەكات. ئەڵبەتە هەر فەلسەفەشە هەستی ڕەخنەیی سەبارەت بە كێشەی ڕەوشتی، ژیانی ڕەوشتی، ئەركی ڕەوشتی، پرۆسەی ڕوناكبیری و.... هتد دروستدەكات و پرسیاری مرۆڤیش لەسەر مرۆڤ دەوروژێنێت"".

بەپێی تێگەیشتنی لوك فێری Luc Ferry فەلسەفە بریتیی نییە لە "ڕۆشنبیری گشتیی". دیارە ئەمەیش ئەوە ناگەێنێت مرۆڤەكان هەوڵنەدەن تێگەیشتنیان لەسەر فەلسەفە نەبێت. هۆی ئەمەیش بۆ دوو شت دەگەڕێنێتەوە: لەلایەك لەبەرئەوەی "بەبێ فەلسەفە ناتوانین لە جیهان بگەین". لەلایەكی تر لەبەرئەوەی "دیدی ئێمە بۆ جیهان، كە لەمیانەی مێژووی هزرەوە پێكهاتووە پێویستمان بەوەیە لە ناواخن و لۆژیكی ئەم دیدە بگەین". لوک فێری بۆچوونی وایە، کە گومانی ناوێت، كە خوێندنەوەی كەلەپووری هزری مرۆڤایەتیی یارمەتیی ئەوەمان دەدات باش و سەربەستانە بژیین. "هەندێك لە هزرەڤانە هاوچەرخەكانیش پێیانوایە ئەوان بۆ خۆشی فەلسەفە ناكەن و تەنانەت لەبەرئەوەیش فەلسەفە ناكەن تا باشتر لە خۆیان یان لە جیهان بگەن، بەڵكو بۆئەوە فەلسەفە دەكەن تا خۆیان بپارێزن".

       

ستێفن ھاوکینگ بەرهەمی گفتوگۆ زانکۆییەکانە نەک شەقام

ستیفن ھاوکینگ Hawking لە بازاڕ دروستنابێت؛ ئەم بەرهەمی زانکۆ و توێژینەوە پڕدژوارە فیزیاییەکانە تایبەت بە گەردوونناسی. بۆیە لێرەدا دەپرسین: دەتوانین گفتوگۆ گەردووناوییەکانی ھاوکینگ ببەینە ناو بازاڕ؟ بەڵێ بەو مەرجەی وردەکارییە ئێپیستێمۆلۆژییەکانی(مەعریفییەکانی) فەلسەفە فیزیاییەکەی دەستکارینەکەین. گەروابێت ئەوا ئەو جۆرە گفتوگۆیە تێنەگیشتن لە شەقام دروستدەکات، ئەوەش لەوسەرەوە بێزاری دروستدەکات.

بازاڕ لەگەڵ تێنەگیشتن پەیوەندی باش نییە و  بیرکردنەوەی تریش لە تێنەگەیشتنەکانەوە دروستناکات. ئەی چیبکرێت؟ باشترە فەلسەفەی فیزیای هاوگینگ لە درشتیا جێهێڵرێت بێ چونە قوڵاییە گەردووناوییەکان. واتە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆکان بەرەو ئایین، مرۆڤ، بوونی خوا دەبرێت.

لە بازاڕ، هەردەم گفتوگۆ لەسەر باشە و خراپە، دیندار و بێ دین، داد و بێ دادی، ئیماندار و بێ ئیمان، بەڕەوشت و بێ ڕەوشت ئامادەبوونی خۆی هەیە. بۆیە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆی نێوان فەلسەفە و فیزیا دەهێنرێتە ناو شەقام.

بازاڕ بازاڕە، پێوەری تایبەت دەیباتەڕێوە. ئەگەرچی زانکۆ ئەمرۆ خەریکە ملکەچی بازاڕ دەبێت و گوێ لە داواکانی دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەکۆتایدا، هەر زانکۆ دەبێت سنور بۆ قەڕاڵستانی بازاڕ دانێت و کار لەسەر بەمرۆیبوونیشی بکات.

بیردۆزە فیزیاییەکانی ھاوکینگ سەبارەت بە یەزدان و ڕەچەڵەکی گەردوون لە شەقام وەک خۆی جێگای خۆی ناکاتەوە، چونکە ئەو بیردۆزانە پێویستی بەجۆرێک لە ڕوناکبیریی فیزیاییە، کە لە شەقامدا دەستناکەوێت.

ڕاستە، کە ئێمە داکۆکی دەکەین لە دروستکردنی گفتوگۆی فەلسەفیی سەبارەت بە فیزیا، کە ئەوانەش دەمانبەن بەرەو دەڤەری تر لە گفتوگۆ، کە ڕەنگە ئەو هەل و مەرجە لە بازاڕ(شەقام) دەستنەکەون، بۆیە دەبێت خۆمان لەو ڕاستییە گێلنەکەین، کە شەقام زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج نییە، شەقام شەقامە و هیچیتر. هەر بۆنموونە، گەردوون، کە سیستمێکی ئاڵۆز و ناهەڕەمەکیی و ناشێواوە،  لەناو بازاڕ بەو ئاڵۆزییە گفتوگۆناکرێت، کە لە نێوەندی ئەکادێمی فیزیادا گفتوگۆدەکرێت.

تێگەیشتنەکانی ھاوکینگ، کە زۆرجار دەمانبات بەرەو بەستنەوەی دۆزەخ و بەھەشت بە بوون و نەبوونی یەزدانەوە، ناکرێت لە بازاڕدا ئەو گفتوگۆیانە بەو جۆرە سازبکرێت، کە فیزیای هاوچەرخ لە زانکۆ کاریتیادەکات. بەڵام ئەمە ئەوەش ناگەیێنێت، کە زانکۆ توانیویەتی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بنبڕکات، کە لە بازاڕ دا جمەی دێت.      

شەقام شپرزە و قەرەبالغە، بەڵام هێشتا بیرکردنەوەی تیایە. ئەو بیرکردنەوەیەی لە شەقام دا هەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە. شەقام وەک زانکۆ نییە، ئەوێ شوێنی ململانە ڕۆژانەییەکانە لەپێناو بژێوی ژیان. لەوێ پرسیاری تر بەرهەمدێت، کە لە هۆڵەکانی زانکۆ دروستنابێت. هەروەها کێشەکانی شەقام ڕەسەنترن و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ژیاندەکەن، و توانای جوڵانەوەی پرسیاری سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیشیان هەیە.

 

بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە

لە شەقام لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە سادەکان. بەڵام لە زانکۆ لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە دژوار و گومڕاکان. بۆنموونە، تێگەیشتن لە ئارگیومێنتە فەلسەفیەکان دژواریی خۆی هەیە؛ ئەمە لە هۆڵەکانی زانکۆ ئاساییە تێنەگەیشتن دروستبکات، بۆیە گواستنەوەی بۆ شەقام سەلیقەیی و کارزانیی دەوێت.

لەبەرئەوە شەقام بۆ ئەو تێگەیشتنە بەکاردەبرێت، کە چۆن فەلسەفە بتوانێت ژیانت بگۆڕێت، واتلێبکات چێژ لە ژیانکردن وەرگریت. واتە دەکرێت لە شەقام ئەو تەماشاکردن و تێگەیشتنە لەسەر فەلسەفە دروستکرێت، کە فەلسەفە بۆ ئێمەیە و لە ناو چەقی ژیاندا ئامادەیە. ڕوونکردنەوە ئەگەرییەکانی تر، کە بابەتی سەرەکیی فەلسەفەن باشترە لە نێوەندی ئەکادێمییدا بوروژێنرێت، کە لەوێدا ئاساییە ئەو کێشە فەلسەفییە سەرەکییانەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، کە بۆ فەیلەسوفەکان ماناداربوونە.

بەپێی ئەوە بێت، کە لایسەرەوە قسەی لەبارەوە کرا، شەقام زانکۆ نییە، لێ شوێنێکی چاکیشە بۆ جوڵانەوەی پرسیاری فەلسەفیی تایبەت بە ژیان: یەزدان، ڕاستی، داد، شادی، ، چێژ، قەدەر، بەختەوەری، درۆ و..... . لەبەرئەوەی ئەم چەمک و دەستەواژانە هی هەموانە ساناترە گفتوگۆکردنیان لەچاو هەندێک چەمک و زاراوەی تر: ڕەچەڵەکی گەردوون، مانای نائاگایی بۆ ئاگایی، دەرئەنجامی زانین، بەڵگەسازیی، دیالۆگی دەروون و عەقڵ و پاساوی لۆژیکیی و..... .

لەوەی لایسەرەوە وترا، دەبێت ئەوەی لێوەفێربین، کە بەدواداچوون بۆ مێژوو و نەشونمای دیدە فەلسەفییەکان لە جیهانی ڕۆژئاوادا بۆ نێوەندی زانکۆ پێویستییەکی هزریی و زانکۆییە، لێ ئەمە بۆ شەقام ئەو پێویستە نییە، یان هیچ نەبێت چوونە قوڵایی دیرۆکی لەمێژینەی فەلسەفەی رۆژئاوا بۆ شەقام ئەو گرنگە نییە و وروژاندنیشی ناتێگەیشتن دروستدەکات.

گواستنەوەی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام ئایا بەوە فەلسەفە پێگەی ئەکادێمیی و ڕوناکبیریی خۆی لەدەست دەدات؟ ئەڵبەتە نەخێر. فەلسەفە، کە دێتە شەقام، لەسەر دەستی شارەزا و پسپۆر لە فەلسەفە، ئەوکات زۆرتر لە خەڵک، لە جەماوەر نزیکدەبێتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆئەوەی پرسیارە فەلسەفییە مەزنەکان ڕووبەڕووی خەڵک بکرێنەوە و بەشداریشیانپێبکرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵام و وروژاندنی بیرکردنەوە.

ڕێگاکە، باشترین ڕێگایە بۆ زیندوو هێشتنەوەی فەلسەفە و نزیککردنەوەشی لە ژیان. بەمە فەلسەفە لەوە دەکەوێت وشک و توند دەرکەوێت و خۆی سەروی کۆمەڵگە نیشاندات. هەر ئەم ڕێگایە گەڕانەوەی فەلسەفەیە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفە و کردنیشی بە بەشێک لە تێڕامانی بەردەوام.

کاتێک فەلسەفە تەنها لە هۆڵەکاندا گیردەکرێت، ئەمە وا لە فەلسەفە دەکات خۆی دابڕاو و دەستەبژێریی نیشاندات. بۆیە فەلسەفە پێویستی بەوەیە لە هۆڵەکان وەدەرنرێت و تاو تاوێک بچێتە شوێنە گشتییەکان (پاڕک، گۆڕەپان،قاوەخانە، ... ) و ئەو بابەتانە گفتوگۆبکات، کە کێشەی رۆژانەی هاوڵاتیانن؛ لە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە تادەگاتە کێشە رەوشتی و دەروونی و بووناوییەکان.  

بە بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە فەلسەفە ئەو بەرگە توڕدەدات، کە بەزۆرکراوە بەبەریا؛ بەرگێک، کە هەمیشە پێماندەڵێت فەلسەفە وشک و ئاڵۆز و ڕەقە.

ئەم هاتنەسەر جادەیەی فەلسەفە وا لە فەلسەفە دەکات وەک هی هەموان تەماشابکرێت، وەک ئەوەی فەلسەفە ئەوەیە، کە پێویستمانە و دەتوانێت قسەمان لەسەربکات. تا وایلێدێت وردە وردە فەلسەفە خۆی دەکات بە گشت شوێنێکی ژیانمان؛ ناو خێزان، کتێبخانەکان، قاوەخانە کولتووریی و باخ و شوێنە گشتییەکانیتر.

وێڕای ئەوە، کاتێک فەلسەفە لە هۆڵی وانە و سێمینارەوە دێتە شەقام خۆی پتر دەناسێنێت و زۆرتر لەسەر خۆی دێتەگۆ. فەلسەفە، کە ناسراوە بەوەی گفتوگۆی شتی جیاوازدەکات، لە شەقامەوە دەستدەکات بە روژاندنی گفتوگۆی نوێ و پێویست.

بابەتەکانی شەقام دەکرێت خۆی لە بابەتگەلی وەک تەنهای، ئازادی، بێدەنگی، خەمۆکی، بەختەوەری، بێهیوای و بێباکی و زۆرێک چەمک و دەستەواژە بدات، بەڵام ئەوانەی کۆری سەرشەقام رێکدەخەن دەبێت لە مێژووی هزر و فەلسەفە شارەزابن و توانای رونکردنەوە و ڕاڤەی دیاردەکانیان بە سەلیقەیی و سانایی هەبێت.            

بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە جێ پەنجەی زانکۆ، نێوەندی ئەکادێمیی، بە شەقامەوە دیاردەبێت. بەو مەرجەی پسپۆر لە فەلسەفە توانای جوڵاندنی پرسیارەکانی شەقام و نیگەرانییەکانی خەڵکی هەبێت. لەم بارەیەشەوە ئەزموونی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل ئۆنفرێ Onfray و روناکبیری ئەمەریکی ئیان ئولاسۆڤIan Olasov سەبارەت بە فەلسەفەکردن لە شەقام جێگای باسن.

کاتێک فەلسەفە لە هۆڵەکانەوە بەرەو شەقام دەبەین گرنگ لەوە بەئاگابین، کە بابەتی فەلسەفە زۆرن. ڕەنگە بەشێکییان ئەوانەبن، کە ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین: داد چییە؟ بۆ دادپەروەری دەبێت هەبێت؟ زانین چییە؟ ئەڤین یان جەنگ چییە؟ باشە یان خراپە چییە؟ 

کێش لەوێ، لە شەقام، قسە لەم پرسیارانە بکات و چۆن فەلسەفەکردن لە شەقام بکرێت ئەوەش بابەتن بۆ بیرکردنەوە. واتە پرسەکانی ڕۆژ پێویستدەکات زوزو فەلسەفەیان بەسەرەوە بکرێت. بەس لەسەر ئەوە وەستاوە کێ ئەوە دەکات؟ لەبارەی پرسەکانی ڕۆژیشەوە دەبێت جیاوازیبکرێت لەنێوان ئەوانەی سەبارەت بەم پرسانە چەنەلێدەدەن، زۆربڵێی دەکەن و ئەوانەش حیکمەتدەفەرموون.

بەڵگەشمان لەسەر بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە ئایاری 68 ی پاریسە، کە لە سەردەمی نوێی فەلسەفەدا باشترین نموونەیە لەسەر فەلسەفەککردنی شەقام. بیرمەندە فەرەنسییەکان ئەو دەمە خۆیان و خوێندکارەکانیان هاتنە سەر جادە بۆ دروستکردنی فشار و هێنانەکایەوەی گۆڕانکارییە بنەماییەکان. ئەمەش وایکرد لەدوای خەباتی شەقامی ئایاری 68 ی پاریسەوە فەرەنسایەکی تر لەدایک بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×