دەستپێک: غەدرکردن لە فەلسەفە
بەرتەسککردنەوەی بازنەی بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆ غەدرێکە لە فەلسەفە دەکرێت، کە دەشڵێین زانکۆ، مەبەستمان مامۆستا و خوێندکاری زانکۆیە، کە هەردوو پێکەوە لە ئێستادا ئەو غەدرە لە فەلسەفە دەکەن. ناشكۆمەندیشە بۆ زانکۆ، یان نێوەندی ئەکادێمیی، غەدر لە فەلسەفە بکات. بە گشتی غەدر هەڵەیە و بەشێکیشە لە خراپە و قسەکردنیش لەبارەیەوە دەچێتە خانەی فەلسەفەی ڕەوشتەوە. واتە لە کۆتاییدا ئەوەی غەدرمان بۆ شرۆڤەدەکات هەر خودی فەلسەفەیە. ئەی باشە فەلسەفە دەبێت چۆن قسە لەو غەدرە بکات لە خۆی دەکرێت؟
فەلسەفە بەخۆی دژە غەدرە، کەچی دەبینین بە ئاشکرا لە زانکۆکانی هەرێمدا غەدریلێدەکرێت. باشە بۆ ئەم غەدرە لە فەلسەفە دەکرێت؟ ئەم پرسیارە تا ئەندازەیەکی زۆر گرنگترین پرسیاری ئەم نوسینە کورتەیە و هەوێنی نوسینەکەشە. بڵێسەی غەدر ناهەمواری دێنێت و شكۆمەندییش تێکدەدات. بەکورتی لەبەر ئەو غەدرەی لە زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفە دەکرێت، فەلسەفە جێپێی لێژە. هەر ئەوەشە، کە ناحەزانی فەلسەفە دەیخوازن. ئەو دەمەش غەدر لە فەلسەفە دەکرێت پرسیاری فەلسەفیی، کە کرۆکی فەلسەفە پێکدێنێت، سەریلێدەشێوێت.
ئەوە فەلسەفەیە مانا بە واتای پرسیار دەدات، وا لە پرسیار دەکات لە بەرتەسکیی دەربازیبێت. فەلسەفە ئەمە دەکات، چونکە شوێنی بەرهەمهێنانی هزرە. بۆیە وشەدانی ئەم نوسینە بەجۆرێک ئاقاروەردەگرێت، کە زانکۆی بێ فەلسەفە زانکۆیەکی هزرهەژارە. لێرە بەگشتی قسە لە زانکۆ دەکرێت و جارجارەش قسەکردنەکە بە دۆزی زانکۆ لە نێوەندی ئەکادێمی کوردی تایبەتدەکرێت. لەبەرئەوە سەرنجدەخەینە سەر زانکۆ و فەلسەفە، چونکە فەلسەفە لە زانکۆدا وادەکات خوێندکاران ئامرازگەلی جیاواز بۆ گەیشتن بە دید و تێڕوانیینەکانیان بەکاربەرن و رۆڵببینن لە بەرینکردن و بەچۆنایەتیکردنی بیرکردنەوەکانیان و خۆشیان لەسەر ڕاڤەکردن و ئامانجی تۆکمە و فرەڕەهەند ڕابێنن.
هەر لێرەدا دەپرسین:ئێمە پرۆژەی فەلسەفییمان هەیە؟ ڕەنگە زانکۆ دروستکەری پرۆژە فەلسەفییەکان بێت و بشکارێت دەستەبژێری رووناکبیریی لە کۆمەڵگەدا دروستکات،لێ زانکۆ ناتوانێت بمانکاتە فەیلەسوف. بۆیە لێرەدا دەکرێت پرسیارێک ڕووبەڕووی خوێنەری ئەم نوسینە بکەینەوە: چۆن دەبینە فەیلەسوف؟ بۆیە وادەڵێم،چونکە باوەڕم بەوەیە زانکۆ ئەو کارە ناکات. زانکۆ کارگەی بەرهەمهێنانی فەیلەسوف نییە. بوونە فەیلەسوف پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دژواریی هزریی و تێڕامانییە و دۆز و هەلومەرجی خۆی هەیە. لەبەرئەوە ئەم نوسینە باوەڕی بەوەیە، کە کێشەی فەلسەفیی زانکۆکانمان تەنها کێشەی خودی زانکۆکان نییە، تەنها بە خوێندنی باڵاوە گرێدراو نییە. کێشەی فەلسەفە کێشەی هەموانە، بە تاک و کۆمەڵگەوە. ئەم کێشەیەش تەنها پەیوەندی بە کردنەوەی بەشی فەلسەفە و داخستنی ئەم بەشەوە نییە لە زانکۆکان. کێشەکە پەیوەندی بەچۆنیەتی مامەڵەوەیە لەگەڵ فەلسەفە وەک بوارێک لە بیرکردنەوە و تێڕامان، بە چۆنیەتی دیالۆگکردن لەگەڵ کولتووری دەرەکیی و کرانەوە لەبەردەم شارستانیەکانیتردا.
خواستی فەلسەفە خواستێكی كەسیی نییە، خواستە بۆ پەرەدان بە دەركەوتن و باڵاخستنی بیركردنەوە و تێڕامانی فەلسەفیی لە نێوەندی ئەكادێمیدا. ئەمە وادەکات فەلسەفە بكارێت هزر و هۆشیاری تازە لە نێوەندی ئەكادێمی و كۆمەڵگەدا بڵاوبكاتەوە. ئەم بەشە هزرییە،كە ڕووییەكی شارستانی و عەقڵی گشت نەتەوە و كۆمەڵگەیەك نیشاندەدات، کە دێتە ناو زانکۆوە وادەکات مامۆستا و خوێندکار خۆیان لە قەرەی بابەتگەلی فرەئاڕاستە و نەخەمڵیو و سەیروسەمەرە بدەن و دەرفەتی تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و ڕوانینی ئەم مرۆڤە بگۆڕن. ئەمەش بۆ ئەم چرکەساتەی کۆمەڵگەی ئێمە پێویستە. کەواتە بۆ ئەوەی کۆتای بە غەدرکردن لە فەلسەفە لە زانکۆ بهێنرێت، دەبێت زانکۆ ببێتە شوێنێک بۆ دروستکردنی ڕوناکبیریی فەلسەفیی. ئەم روناکبیرییە فەلسەفییەش ناکرێت تەنیا خۆی لەناو زانستە مرۆییە کۆمەڵایەتییەکاندا قەتیسبکات و دۆزی زانکۆش واپێویستدەکات فەلسەفە پەلبهاوێژێ بەرەو بەشەكانی كۆلێژە زانستە سرووشتیەكان(پزیشکی، فیزیك، بایۆلۆژی، ماتماتیك، كۆسمۆلۆژی، فەلەكناسی، فەلسەفەی كوانتۆم، ئابووری، جوگرافیا، جیۆلۆجی، كیمیا و ...) و لەوێشەوە بەرەو فەلسەفەی جێندەر، فێمینیزم، ژینگە و یاسا و جوانیناسی و.....
لەو سۆنگەیەشەوە ئەوە دەڵێین، هەرکە فەلسەفە هاتەناو زانکۆوە دەکارێت ببێتە پلاتفۆرمێك بۆ گەشەپێدانی ئەكادێمی (سەنتەری پەرەپێدانی هزری ئەكادێمی) لە زانكۆ. لەڕێگای ئەو نێوەندەشەوە دەكرێت گەشەبدرێت بە چەند لایەنێک: دروستكردنی داتاباسێك(كتێبخانەیەكی ئەلەكترۆنی) تایبەت بە هزری جیهانی، هاوچەرخكردنی ئاڕاستەكانی وانەوتنەوە، بنەمادانان بۆ بەها ئەكادێمییەكان، وتنەوەی بابەتی بیركردنەوەی ڕەخنەیی، بیركردنەوەی لۆژیكیی، بیركردنەوەی گوماناویی و بیركردنەوەی داهێنانیی، دروستكردنی نێوەندێكی هزریی بۆ ڕاڤەكردن و دیالۆگی ململانێكان، میوانداریكردنی بیرمەند و روناكبیرە نێودەوڵەتیەكان و سازكردنی كۆنفرانس و مێزگردی هزریی گلوباڵ. هەموو ئەوانەش پێویستی بە مامۆستا و خوێندکاری زمانزان و هزرکراوە و ئاشنا بە تازەگەرییەکانە. لێرەوە غەدر لە فەلسەفە لە زانکۆ ڕوو لە ئاوابوون دەنێت.
هەتیبوونی زانکۆ
فەلسەفە دایکی زانینەکانە لە زانکۆ، کەواتە زانکۆی بێ فەلسەفە هەتیوە(بی دایکە) و پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانکۆش وەک پەیوەندی نێوان دایک و خێزان وایە. چەوسانەوەی دایک بە مانای چەوسانەوەی گشت خێزانەکە دێت و هەتیبوونی زانکۆش تەنها بەهۆی بێ شوێنکردنی فەلسەفە و سڕینەوەی لە ئەندێشەی زانینی ئەکادێمیدا دێت. فەلسەفە لە زانکۆ، فێربوون بە گشت پسپۆرییەکان دەدات و واش لە زانین دەکات بیربکاتەوە. بەم جۆرە، فەلسەفە،کە دەکەوێتە ناو زانکۆوە لۆژیک و رەوشت شانبەسانی بوونناسی و بیرکاری لێکدەئاڵێن و یەکترتاودەدەن.
لە نێوەندی ئەکادێمیدا، کە فەلسەفە ووندەبێت خێزانی ئەکادێمی دادەڕمێت. نەمانی فەلسەفە لە زانکۆ نەمانی دایکە. کاتێک زانکۆ فەلسەفە دەخاتە دەرەوەی خۆی، بەوە زانکۆ هەتیو دەبێت. هەتیوبوونی زانکۆ گەورەبوونیەتی بەبێ دایک(سەرپەرشتیار)، ئەو دایکەی شتی فێردەکات. هەروەک مردنی دایک، کە بە کەسی تر جێگایپڕنابێتەوە، فەلسەفە لە زانکۆ، کە نەما زانینی تر جێگای ناگرێتەوە، چونکە توانای فەلسەفەیان نییە و تامی فەلسەفەش نادەن. ناوی فەلسەفەش لە زمانەکاندا(بۆنموونە لە فەرەنسی، ڕووسی،عەرەبی....و) مێیە،ئەمە نیشانەیە لەسەر هێزی بەرهەمهێنان لە فەلسەفەدا و هەستی دایکبوونەکەشی. لەبەرئەوە فەلسەفە وادەکات لەو زانینە بکۆڵینەوە زانکۆ دەمانداتێ.
فەلسەفە گەڕۆکە، بێ زێدە
فەلسەفە پەیگیرییە (بەدواچوونە) بۆ شتێک، کە هێشتا نییە، نیمانە، نەهاتووەتەدی. شتێک جارێ لێرە نییە، لەوێیە. لێرە نییە و دەچین بۆ ئەوێ تا بیدۆزینەوە. فەلسەفە تەقەلایەکە بۆ دۆزینەوە، ئەمەش بەو واتایەدێت، کە فەلسەفە گەڕانە بەدوای شتێکی بزر و وون دا.
چۆن فەلسەفە بەو وونبووە دەگات؟ ئەڵبەتە بە گەڕان و پشکنین، کە دواتر بە دۆزینەوە کۆتایدێت. هەروەها بە پرسیار و لێپێچینەوە لە گشت شتەکان. لەبەرئەوە کاتێک فەلسەفە دەپرسێت تەنیایی چییە ئەمە بۆ ئەوە دەکات تا لە سۆراغی وەڵامێکدا بێت بۆ چەمکی تەنیایی. کەوتنە سۆراغی شتێک هەوڵدانە بۆ پەیداکردنی ئەو شتە، دۆزینەوە و بەدواگەڕان بۆ ئەو شتە. فەلسەفە کاتێک دەپرسێت بۆ دەبێت ڕەوشت هەبێت دەخوازێت بەدوای وەڵامێکدا وێڵبێت بۆ ئەم پرسیارە. ئامرازی سەرەکی لەم گەڕان و سۆراغپرسینەش بیرکردنەوەیە. ئەم شێوازەش لە بیرکردنەوە بۆ زانکۆ گرنگە و پێویستی مامۆستا و خوێندکارە لەیەککاتدا.
وێڕای ئەوە، لەناو فەلسەفەدا وێڵبوونێک بوونی هەیە. راستە وێڵبوون سەرگەردانییە، لێ گەڕانیشە بەدوای ئەوەی وونە. دیارە دوای پرۆسەی گشت گەڕانێکیش کردەی دۆزینەوە لەدایکدەبێت. واتە ئەوە دەدۆزینەوە، لێمان بزرببوو، کە وێڵببووین بەدوایدا. کاتێک وێڵدەبین بەدوای شتێکدا، ئەمە بەو مانایەش دێت، بەدوای وەڵام، کە چارەسەرە، دەگەڕیین. وەڵام، چارەسەر، ئەو شتەیە لێمان وونببوو و بەدۆزینەوەشی ئیدی فەلسەفە ئارامدەبێت و ئەوێ دەکاتە زێدی کاتی خۆی.
ئەڵبەتە لەناو ئەم پرۆسەی گەڕان و سۆراغکردنەدا گرفتارییەکیش بوونی هەیە. خودی فەلسەفەش لە پەیوەندیدایە لەتەک چەمکی گرفتاریی. چونکە فەلسەفەکردن کردەیەکە لە گرفتاریی. پرسیاری فەلسەفەیی جۆرە گرفتارییەکی تێدایە، کە دواتر دەبێت بە ئارامی و دەربازبوون لەو گرفتاریی و شەکەتییە. فەیلەسوف شەکەت و ماندوودەبێت تادەگات بە وەڵامێکی پەسەند، کە شایانی ئەو پرسیارەبێت سەبارەت بە ڕەچەڵەک و مانای چەمکێک کردوویەتی.
ئەمە مانای ئەوەیە فەلسەفە ئاوارەیە، بێ جێگایە، دەگەڕێت و دەخولێتەوە تا ئەوە بەدەستبهێنێت، کە نیمانە. کەوابێت دەکرێت بپرسین: فەلسەفە زێدی هەیە؟ فەلسەفە بۆ هەبوون و بەردەوامی خۆی پێویستی بە زێدە؟ زێدی فەلسەفە زانکۆیە؟ نەخێر زانکۆ زێدی فەلسەفە نییە. لەبەرئەوەی فەلسەفە بێ زێدە گشت شوێنێک بە زێد، بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت. لە هەموو جێگایەک بوێرانە فەلسەفە دەپرسێت: درۆ چییە؟ میهرەبانی بۆ هەیە؟ ...و. بیرکردنەوە، کە ناسنامەی فەلسەفەیە، لە گشت شوێنێکدا بوونی هەیە. ئەمە وادەکات بیرکردنەوەکان زێد بۆ فەلسەفە داتاشن. زێدی سەرەتای فەلسەفە یۆنان بوو، دواتر بوو بە شوێنی تر. ئێستاش زێدی فەلسەفە وا لەو جێگایەی بیرکردنەوە تیایدا لە ترۆپکدایە.
فەلسەفە گرنگە پەتائاسا لە زانکۆکاندا بڵاوببێتەوە
فەلسەفە بابکرێت بە پەتا و لە حەرەمی زانکۆکانماندا بڵاوبکرێتەوە. هەرکە ئەوە کرا ئەو کات فەلسەفە ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی، فەلسەفە داکیرساندنی مەشخەڵی زانینە و هیوای هاتنی ڕووناکی بیرکردنەوەیە. لەهەر جێگایەکدا فەلسەفە سەوزبێت لەوێ کۆشکی باوەڕبەخۆبوون و دادوەری لۆژیکی بنیاتدەنرێت و گریمانەناسی و بەڵگەمەندی وەگەردەخرێت.
ئەم پەتایە ئەو پەتایە نییە،کە پێش مەرگ دێت. ئەم پەتایە مانا بە ژیانمان دەدات و وزەی بیرکردنەوەمان بەهێز و دووربین دەکات. فەلسەفە، کە خۆشەویستییە بۆ دانایی، بە بڵاوبوونەوەی ژیانمان لێوانلێودەکات لە بەرەکەتی دانایی. بۆیە پێمانوایە فەلسەفەکردن هەنگاوێکە بۆ خۆتەندروستکردن. بەمجۆرە پەتای فەلسەفە پەتای داناییە.
تەندروستبوون لەڕێگای فەلسەفەوە شیاوە؟ بەڵێ. چونکە فەلسەفە ئارامیهێنەوە. ئەو ئارامییە دوای ئەوە دروستدەبێت، کە تێگەیشتن دێت. فەلسەفە تێگەیشتنمان دەداتێ سەبارەت بە ژیانی ئێمە و بوون. فەلسەفە بە پرسیارکردن و زۆر بەدواچوونەکانی هاوکارماندەبێت لەوە حاڵیبین لێیحاڵینەبووینە.واتە فەلسەفە بۆتیشکخستنەسەر ناڕوونی و بەدحاڵیبوونەکانە. زانکۆش، ئەو شوێنەیە،کە کۆی زانینەکانی تیایە و فەلسەفەش لەوێندەرێ هەڵدەستێت بە ئەرکی خۆی. ڕاستە فەلسەفە لە زانکۆ، هەر زانکۆیەک بێت، ڕووبەڕووی چەندین ڕێگریی و ئاستەنگی چاوەڕوان نەکراو دەبێتەوە،بەڵام فەلسەفە، بە ئامادەبوونی لەناو کایەی ئەکادێمیدا ڕاچڵەکین دروسدەکات، زانین دەخاتەژێرپرسیارەوە، گومان لە فێربوونی تۆکمە و رەها دەکات و تێگەیشتنی تر و جیا دێنێتەکایەوە.
ئەو ژینگە تەندروستەی فەلسەفە لە زانکۆ دروستیدەکات، تەنها ئەو ئەتوانێت ئەوە بکات و لەو ڕووەشەوە فەلسەفە ئەزموونی زۆرە. ئەزموونی فەلسەفە لە بەتەندروستکردن بۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە. زۆرێک چەمک هەن (دەروون، گیان، ئاوەز، جەستە، ئاگایی و......) ئێمەی مرۆڤ سەرەتا لێیحاڵینەدەبووین، کەچی ئێستا بەهۆی مشتومڕە فەلسەفییەکانەوە زانینێکی زۆرترمان لەسەر لێحاڵینەبوونەکانمان پەیداکردووە. بۆیە کاتێک فەلسەفە پەتائاسا لە زانکۆدا بڵاودەبێتەوە، بێجیاوازی، لەناو زانستە مرۆییەکۆمەڵایەتی و زانستە سروشتییەکان دا ڕاچڵەکینی ئێپستیمی(مەعریفی) چاوەڕواننەکراو دروسدەکات.
گەر لێگەڕێین فەلسەفە لەناو کایەی ئەکادێمیدا پڕجوڵە بێت، دەزانێت چۆن ئیشی خۆی دەکات، چۆن تیشکدەخاتەسەر ئەو زانین و تێگەیشتنانەی پەراوێزخراون و بێ سیما و وونن. فەلسەفە لەناو زانستەکاندا دیالۆگدروستکەرە، کێشەی دووانەییە چەمکییەکان چارەسەردەکات و شرۆڤەی ئاماژە کولتوورییەکانیش بەرباسدەخات. بەکورتی فەلسەفە، گەر بواریبدەن، لێناگەڕێت زانکۆ هەژارهزربێت، جێگایەک بیت بۆ وەلاوەنانی پرسیار و قێزەوەنکردنی گومان. چونکە فەلسەفە گفتوگۆی دەوڵەمەند سەبارەت بە چەمکە سیاسی و مێژوویی و زمانەوانییەکان شانبەشانی چەمکە بیرکاریی و بایۆلۆجی و پزیشکییەکان دێنیتەکایەوە.
ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە
ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە (ئالان بادیۆ). بەربەستەکان تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە. زۆرجاریش بەربەستەکان بێسەروبەرانە دێنەپێشەوە. بەربەستەکان لەیەک کاتدا ئامادە و نائامادەشن. هەندێک لە بەربەستەکان لە گشت شوێنێکدا هەن. بەپێچەوانەوە هەندێکی تر تایبەت و جیان و ژینگەی خۆیانیان هەیە. لە فەلسەفەدا لەبەرئەوەی هیوابڕاوی بوونی نییە، بۆیە فەلسەفە لێزانە لە لابردنی بەربەستەکان.
بەربەستەکان دڕدۆنگ و نیگارانییەکانن، کە لێرە و لەوێ ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین. وەکیتر، بەربەستەکان کۆسپن، تەگەرەن و خۆیان وەک کێشە نمایشدەکەن. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە دایکی دیالۆگ دەزانێت، لێهاتووە لە ڕووبەڕوونەوەی کێشە و تەنگەتاویی. دەستەواژەی بەربەست بۆ فەلسەفە ڕاگوزەر و هەڕەمەکی نییە. چونکە بەربەست لەمپەر و ئاستهنگهێنەرە. ئەو تەگەرە و ڕێگرانەیە دەمانوەستێنیت. دوای هاتنی تەگەرە و بەربەست جوڵە نامێنیت. فەلسەفەش، کە دایکی گفتوگۆ و مشومڕە و ئەمەش بەهەڵکەوت نییە و بەری مێژوویەکە لە گفتوگۆ و پرسیارمەندیی، لەناو قورسترین کۆسپ و بەربەسەتەوە سەریدەرهێناوە. ئەو مێژووەش پێماندەڵێت مەرامی فەلسەفیی مەرامێکی مرۆییە و مێژووەکەش لەتەک ئەو باسوخواسانەدا دەستلەملان بووە، کە لەپێناوی مرۆڤدا هاتوون.
لەو شوێنەی کۆسپ و تەگەرە هەیە، کاری فەلسەفە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکانە. فەلسەفە ئەمە نەکات بۆ هەیە! زانکۆ، کە پڕە لە کۆسپ و تەگەرە، بەهاتنەناوەوەی فەلسەفە کۆسپ و تەگەرەکان ڕەوتێتر وەردەگرن و لەگەڵ کاتیشدا بە گفتوگۆی شیکاریی بەرەو نەماندەچن. هاوکات فەلسەفە کۆڵەکەی بیرکردنەوەی لۆژیکی و داهێنانییە، ئەمە وادەکات فەلسەفە بپرسێت: چۆن زاڵبین بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا؟بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان لەناو کایەی ئەکادێمیدا پێویستمان بە فەلسەفەیە. فەلسەفە لەوێ بیرکردنەوە دروستدەکات و پرسیار دەسازێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا و خوێندکار ئەرکیان بیرکردنەوەیە لە بیرلێنەکراو. ئەمەش هەردوولا بەرەو بیرکردنەوە لە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان دەبات. کۆسپخستنەبەردەم فێربوون و ئاستهنگدانان لەبەردەم ئەو پرۆسە ڕوناکبیرییەی زانکۆ دەیدات تەنها بەهۆی زاڵبوونی تێگەیشتنی فەلسەفییەوە لەناو مامۆستا و خوێندکاران چارەسەردەکرێت و ژینگەی ڕوناکبیریی زانکۆش گۆڕانی راستەقینەی دێتەسەر.
لەم گۆشەنیگایەوە ئەوەش دەڵێین، ئەوەی، كه هەمیشه جێگای پرسیاره بۆ ئێمە ئەوەیە، کە دەستەبژێری ئەکادێمی ئێمە بۆ کتێبی فەلسەفیی ناخوێنێتەوە؟ تەنانەت گەر بیشیخوێنێتەوە بێوچان نایخوێنێتەوە. وەکو تریش ئەم دەستەبژێرە ئەوە دەخوێنێتەوە کاری پێیەتی. هاوکات کتێبخوێندنەوە، بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی، کە مەرامێکی هەمەلایەن لەخۆدەگرێت لەناو خوێندکارانی زانکۆکانی ئێمەدا جارێ ئاسایینەبووتەوە. بۆیشە سەرنجدەخەینە سەر خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی چونکە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی شتێکی تر دەدات بە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، کە کتێبەکانی تر نایداتێ. ئەو شتە، کە هەتوانی دەربازبوونە لە کێشە گیرۆدەخوڵقێنەکان شتگەلێکی گەردووناوین و تەنیا لە دووتوێی کتێبە فەلسەفییەکانیشدا بەرچاودەکەون. ئەمەو کتێبە فەلسەفییەکان لێوڕێژن لە گفتوگۆی گرنگ و پەردە لادەریشن لەسەر پەردەلەسەر لانەدراوەکان.
کەتواری فەلسەفە
دەکرێت بپرسین فەلسەفە بەری چییە؟ فەلسەفە بەری بیرکردنەوەی مرۆڤ و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ بیرکردنەوە. لێرەوە بیرکردنەوە دەکەوێتە ناو ڕاچڵەکین و هەڵچنینی وەڵام بۆ پرسیارە دژبێژ و تەنگژاوییەکان. فەلسەفە ئەو پرسە مرۆییەیە، لە بوونمان نابێتەوە. لە دەمی شکست و سەختی و دژوارییەکاندا پەنای بۆدەبەین، واتە بیردەکەینەوە. پێشتریس لەو بارەوە وتومانە، کە دڵخوازبوونی فەلسەفە چەکەرەبوونی بیرکردنەوەیە، زڤرین و گەڕانەوەی واتاکانە بۆ داڵدەی خۆیان، ڕۆشتنە لە بۆشاییەوە بۆ پڕایی، بەرەو پڕپڕ بوون لە وتن، وتنی ئەوەی تا هەنووکە نەبیستراوە. ئەم شێوە وتنە، ئەو وتنەیە، کە بەتەنیا کاری هزرە، کارە مەزنەکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە کارەکەی ئەمەیە، ئەوەیشە، کە خەمی ژیانمەندیی ئێمە و دەدردیسەرییەکانمانیەتی لە بوونماندا. بۆ ئێمە؟ فەلسەفە لەپێناوی ئێمەدا کاری خۆی کردووە بە گەڕان بەدوای بیرکردنەوە و هەڵوەشانەوەی ئەستەم و تخوبدانان لەبەردەم کەند و کۆسپەکانماندا.
سەرباری ئەوەی وترا، درکیش بەوە دەکرێت، کە کەتوار (بارودۆخ، واقیع )ی فەلسەفەی گڵوباڵ باش نییە. کەتواری بیرکردنەوەی مرۆڤی نوێ ئەو باشە نییە، کە خۆی پێیوایە. بەڵام ئەمە ئاماژە نییە لەسەر کۆتای فەلسەفە. ئەم ناباشییەی کەتواری فەلسەفە پەیوەندی بە دۆزی گڵوباڵی رەوشتی و مرۆیی مرۆڤەوە هەیە. ئەم دۆزەش پرسیارە لەسەر ئێستای پلانێتەکەمان (هەسارە). جەنگ، نادادی، گرفتی ژینگەیی، داڕمانی ئاکاریی مرۆیی، رێزنەگرتن لە ئاژەڵ و زۆری بێکاریی و خراپی دۆزی تەندروستی مرۆیی. لێرەوە دەپرسین: چی بە تەوەرەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفەی هاوچەرخ بزانین؟ هەروەک پێشتر، راستی، بەها، زانین و.... بە تەوەرەکان بزانین یان مرۆڤی هاوچەرخ، هەنووکە، خاوەنی تەوەرەی ترن؟
لەم حاڵەتەدا پێویستمان دوبارە بەوەیە، کە بزانین، فەلسەفە بابەتێکی ڕاستەقینەی سەرسوڕمانە، بەڵام ئایا ئەمە لەگەڵ رۆشنبیریی ئێمەدا یەکدەگرێتەوە؟ ئایا فەلسەفە لەناو ئێمەدا تایبەتمەندی لەخۆگرتووە؟ یان ئەو بابەتانەی لەژێر ناوی فەلسەفە دەنووسرێن و پێیاندەگوترێت فەلسەفیی چەند فەلسەفین؟ چەند نووسینە فەلسەفییەکانمان لە پێویستییە مرۆییەکانی ئێمەوە نزیکن؟
ئەو کەتوارە هەژارەی هزرمانی تێدایە ناهەمواری بۆ ئەوانە دروستدەکات لەو هزرە تێدەڕامێن. بۆیە پێویستمان بەو دانپـیـاهـێنانەیە، کە پێیوایە: فەلسەفە شوێنێکە پڕە لە هەڵەت و بەردەڵانی، جۆرێکەلە هۆزانڤانی، ئەڵبەتە بە ڕیتمێکی ئاوەزیی و چڕتر لە داڕشتنی گوزارە و قوڵتر لە هۆنینەوەی وشە کاریخۆی دەکات.
هەر تایبەت بە کەم درامەتی هزرییمان دڵشكاوانە و زۆر بە ڕاشکاوی لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین، کە وەرگێڕانی نووسینی فەلسەفیی لەلایەن کەسانی بێئاگا لە فەلسەفە (ناقوڵ و ناپسپۆر لە فەلسەفە) زیانی لە ڕوناکبیریی فەلسەفییمان دەدات و جێپەنجەی ئەو وەرگێڕانە هەڵانەش دیار و بەر چاو دەمێننەوە و زەمینەش بۆ تێنەگەیشتن لە فەلسەفە دروستدەکەن. ئەو جۆرە وەرگێڕانانە، کە داڕشتنە فەلسەفیی و زمانەوانییەکانیان پڕن لە هەڵە ڕوناکبیریی فەلسەفیشمان کێشاویدەکەن.
پەرۆشیم بۆ ئەو لایەنە وادەکات ئەو چەشنە بیرکردنەوەیەم هەبێت، کە ئەو نووسینە فەلسەفییانەی لەژێر کاریگەریی ئەو وەرگێڕانە هەڵانە چرۆدەردەکەن هیوایان پێنەکرێت و لە زیاد لە گۆشەیەكیشەوە بینینی خەوشەکانیان بەهەندوەرگیرێت. هاوکات بۆ لەمەولا پێویستمان بەوەیە نووسینی فەلسەفییمان لەلایەک لە چڕنووکی نووسینی فەلسەفیی ناڕەسەن دەربێنین و لەلایەکی تر نووسینی فەلسەفییمان هەستیارانە دادوەری بەسەر تێکستی فەلسەفیی جیهانییەوە بکات.
باشە بۆ گەیشتن بەو خۆزگەیەی لای سەرەوە وروژێندرا، زانکۆ، بەو نەختە فەلسەفەیەی تیایەتی، دەکارێت بەو ئەرکە هەستێت؟ بێگومان نەخێر. هۆکارەکە ئەوەیە، کواڵیتێی زانکۆکانمان و ئەو شێوازە فەلسەفییەی لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی نێوەندی ئەکادێمیماندا زاڵە ناکارێت هەڵتەکاندن لە زانینی ئەکادێمی هەنووکەماندا بکات. هاوکات لەناو قەڵەمڕەوی فەلسەفیی جیهانییدا شتێک باوە لە زانکۆکانی ئێمەدا بوونی نییە، ئەوەش پرسیارسازیی و بەڵگەمەندییە.هاوکات لە زانکۆکانماندا شێوازی خوێندن و بیرکردنەوەش کۆسپ و ئاستەنگن لەبەردەم گەشەی بیرکردنەوەی داهێنانی و گوماناوییدا. لە هەموو ئەوانە گرنگتر، فەلسەفە نەهاتووەتە ناو بەشە جیاوازەکانەوە، دوورە لە زانستە سروشتییەکانەوە.
فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ
ڕەوشی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ زۆرێک گفتوگۆدێنێتە پێشەوە. سەرەتای گفتوگۆکان ئەوەیە، کە سەرنجڕاکێشە لەم نوسینە کورتەدا ئاماژە بۆئەوەبکەین، کە گفتوگۆی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ جیاوازە لە گفتوگۆی فەلسەفە وەک شوێنێک بۆ داهێنانی دانایی. فەلسەفە وەک بەش پێویستی بەوەیە خۆی نوێبکاتەوە.
فەلسەفە ناشێت لەم سەردەمە، کە هەنگاو بەرەو زیرەکی دەستکرد دەنێت وەک هەزار ساڵ لەمەوبەر بوترێتەوە. ئەمەی وترا بەو مانایەدێت، کە فەلسەفەوتنەوە لە زانکۆکان پێویستی بەرێفۆرمێکی گەورەیە. سەرەتای ئەو رێفۆرمە لەوێوەدەستپێدەکات، کە شانبەشانی وتنەوەی مێژووی فەلسەفە گرنگ و پێویستە جۆرێک لە بەبیرکاریکردنی (mathematization) هزر، لۆژیک و تێۆلۆژیا(لاهوت، یەزدانناسی)، ئۆنتۆلۆژیا (بوونناسی) و تێۆریزانین(ئێپستمۆلۆژیا) بوترێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە و لەم حاڵەتەدا زانکۆ پێویستی بە مامۆستای فەلسەفەی هزرکراوە و زمانزان و خاوەن ئاگامەندی هاوچەرخە. بێئەوە زانکۆ فەلسەفەشی تیابێت شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت.
شایانی وتنە، لەمڕووەوە بابەتێکی کرۆکداری تر هەیە، کە تایبەتە بە فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ، ئەوەش پەیوەندی بە خودی خوێندکاری فەلسەفەوە هەیە. بەشەکانی فەلسەفە ڕوو لە وشکبووندەکەن و لەم رووەشەوە هۆ زۆرە و سەرەکیترین هۆش ڕەنگە ئەوە بێت، کە خوێندکاری بەشی فەلسەفە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستناکەوێت، کە دەپرسێت، دوای تەواوکردنی ئەم بەشە کارم دەستدەکەوێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە و هۆکاری کار دەستنەکەوتنی خوێندکاری بەشی فەلسەفە پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە هەیە، لەوانە: بەشی فەلسەفە هەروەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد پێویستی بە رێفۆرمە. رێفۆرمەکان هەر لە گۆرینی هزر و توانا و لێهاتووی مامۆستاکانەوە دەستپێدەکات تادەگاتە گۆڕینی مێتۆدی وانە وتنەوە و کۆرس بوک و خودی وانەکان و ناوەرۆک و ئامانجییان.چونکە ئەو پەرۆشییە لەناو مامۆستاکانی فەلسەفەدا بوونی نییە، کە بەسەردەمیکردنی بەشەکە بەقازانجی گشت زانکۆ دەگەڕێتەوە.
زانکۆی بێ فەلسەفە
ڕاستە بێ باکیمان بەرامبەر بە فەلسەفە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە، لێ بێ شکۆیی فەلسەفەش لە ئێستادا لە نێوەندی ئەکادێمیمان هەلومەرجی تری هەیە. لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا پرسیار درەنگ دروستدەبێت. کە دروستیش دەبێت سادە و فرەرەهەند نییە. هەر لەوێدا شێوازی قسەکردن و روونکردنەوە زێدەڕۆیتیادەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە. هەروەها پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفە وتنەوە بە چەوسانەوەی فەلسەفە کۆتای دێت. فەلسەفە بەخۆی دژی چەوسانەوەیە، کەچی لە زانکۆی بێ فەلسەفە دا دەچەوسێنرێتەوە.
وێڕای ئەوە، لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا، فەلسەفەشی تیابێت هەر بێ فەلسەفەیە. لەم حاڵەتەدا هەڵگری بروانامە لە فەلسەفە وادەردەکەوێت، کە هەڵگری بروانامەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان(مرۆییەکان). بۆ ئەوەی هەڵگری بروانامەی فەلسەفە شارەزای فەلسەفە بێت پێویستی بەوەیە جارێکیتر فەلسەفە بخوێنێتەوە. چونکە فەلسەفەی لەبەردەست ئەوانەدا خوێندووە، کە قوڵایی فەلسەفییان نییە. ئەمەش بەشێکە لەو غەدرەی زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفەی دەکەن، ئەوەی فەلسەفە دەخەنەبەردەست کەسانی ناپسپۆڕ لە فەلسەفە!
بارکردنی فەلسەفە لە زانکۆ بارکردنی عەقڵە، کە ئەوەش بە بارکردنی بیرکردنەوە کۆتای دێت. هەر لەبەر ئەوە، دژایەتیکردنی فەلسەفە لە زانکۆ دژایەتیکردنی عەقڵ و هاوکات ڕاستیشە. زانکۆ و فەلسەفە پێکەوە دۆخی ڕاستی دەپارێزن. فێربوونی ڕاستیش لە زانکۆ شانبەشانی زانین بێ بوونی فەلسەفە بێ مانا دەبێت. بۆیە ترسی زانکۆ لە فەلسەفە ترسە لەو عەقڵەی فەلسەفە دەیهێنێتە ناو زانکۆوە.
زانکۆ بە فەلسەفەوە
فەلسەفە وەک دانایی بابەتێکی گەورەترە لە بابەتی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ. ئەوەی هەیبەتی فەلسەفە لە زانکۆ دروستدەکات ئەو داناییەیە، کە لە کرۆکی فەلسەفەدا پەنهانە. بەداناییبوونی فەلسەفە وادەکات زانکۆ نەکارێت پشت لە فەلسەفە بکات. کەوابێت، شکۆی زانکۆ بە بوونی فەلسەفەوە لەناو زانکۆ گرێدراوە. ئەم شکۆیە بەو مانایە نایەت کە بەشی فەلسەفە لە زانکۆ بوونی هەبوو، ئەوە مانای ئەوەیە زانکۆ شکۆدارە و زانینی زانکۆییش شکۆی پارێزراوە. نەخێر بەوجۆرە نییە، بەڵکو شکۆکە بە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بیرە لە گشت بەشە جیاکانی کۆلێجە زانستی و مرۆییەکانەوە گرێدراوە.
بەم شێوەیە بێت، فەلسەفە کە دێتە ناو زانکۆوە ئەمە والە مامۆستا و خوێندکار دەکات ریال(واقیعی)تر بن و زانکۆش دەبێتە داڵدەی نەشونمای پرسیار و بیرکردنەوەی ئازاد، ویست بۆ ماف، کە ئەمانەش دروستدەبن، ئەوکات فەلسەفە لەناو زانکۆ خۆی پێویستتر دەردەخات و زاڵیشدەبێت بەسەر وڕێنەدا. لێرەوە زانکۆ بەهۆی فەلسەفەوە بیر دەکاتەوە لە بوون و ستاتۆسی(کیان) خۆی و خودی خۆشی باشتر دەبینێت. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کاتێک فەلسەفە لە زانکۆدا ئامادەیە ژیرمەندیی لەرێگای ئەو پەیوەندییە بەتینەوە دێتەئاراوە، کە لەنێوان پرسیار و وەڵام دا هەیە.
بەپێی ئەوەی زانکۆ شوێنی خستنەگەڕی عەقڵە، هەر ئەو شوینەشە ڕوناکی زانین بڵاودەکاتەوە. لەبەرئەوە فەلسەفە لەناو زانکۆدا بواریکە بۆ هێشتنەوەی عەقڵ و نەهێشتنی سڕینەوەی بیرکردنەوە.کەواتە، فەلسەفە ئارەزوو نییە پێویستییە. بەمجۆرە سەرەتا نابێت فەلسەفە ئارەزوو بێت، کە مرۆڤ لە بوونی فەلسەفە گەیشت ئەوکات لای دەبێت بە ئارەزوو، بگرە ویستیش. راستە فەلسەفە ئارەزوویەکی شاراوەیە لە هەمووماندا، بەڵام ئەم ئارەزووە کەتواری خۆی هەیە و کاتی سەرهەڵدان و کارابوونیشی جیاوازە.
بەپێی رۆلان بارت بێت بۆ کافکا نوسین رێگایەک بوو بۆ دەربازبوون لە نیگەرانیی، زانکۆش دەبێت بەو جۆرە بروانێتە فەلسەفە. فەلسەفە وا لە زانکۆ دەکات خۆی دەربازکات لە نیگارنیەکان، کە هەردەم بەرۆکی زانینی ئەکادێمیدەگرن. رزگاربوون لە نیگەرانییش دەمانخاتەبەردەم پرسی چۆنیەتی رزگاربوون لە نیگەرانیی.
چیبکرێت تا فەلسەفە لە زانکۆ هێژابکرێت؟
زۆرێک ناخوازن فەلسەفە توخنی زانکۆ بکەوێت، چونکە پێیانوایە فەلسەفە بێئیمانی، بێباوەڕی، بڵاودەکاتەوە. بۆیە ئەو کەسەی لە نێوەندی ئەکادێمیدا فەلسەفەدەکات وەک دژە ئاین و یەزدان تەماشادەکرێت. بەڵام ئایا وایە؟ ئەڵبەتە نەخێر.چونکە فەلسەفە لە زانکۆ بۆئەوە هەیە، کە لە خودی خۆمانمان نزیکبکاتەوە و خۆشماننزیکبکاتەوە لە ژیان و ئەو ژینگەیەی رۆژانە دەیژیێین.
سەرباری ئەوە، دورکەوتنەوەی خوێندکاران لە زانکۆ لە فەلسەفە پەیوەندی بە خودی ناواخنی فەلسەفەوە هەیە. فەلسەفە خۆی وایە، سادەیەکی بازاڕی نییە. هەرلەبەرئەوە زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆکان رقییان لە فەلسەفەیە و تاپێشیانبکرێت خۆیان لە فەلسەفە بەدووردەگرن. بێشەرمانە زۆرجار داوادەکەن بە زمانێکی سادە، زۆر سادە، ئەوە باسکرێت، کە بابەتێکی هزرییە. هەر ئەوەنە گوێیان لە چەمکی فەلسەفە دەبێت ترس و نیگەرانییەک روخساریان دادەپۆشێت و پرسیاری ئەوە لەو روخسارە پەشۆکاوەیان دەبینرێت، کە تێناگەم. تێناگەم لە فەلسەفە ئەو گوزارە باوەیە خوێندکاری زانکۆ خۆیپێ لە فەلسەفەفێربوون دەربازدەکات. بۆ ئەو خوێندکارە شتێک نییە ناوی گفتووگۆ یان دانوستاندنی فەلسەفەیی بێت. ئەو لە ژینگەیەکەوە هاتوە نافەلسەفیی بووە، لێوڕێژبووە لە بیرنەکردنەوە، لە کتێب نەخوێندنەوە، لە بیرکردنەوەی بۆش و سەرپێیی ناقوڵ و ڕووکەش. بۆیە ئەو خوێندکارە سەرسام نییە بە هەچ شتێک بلکێ بە ژیرمەندیی و ئەندێشەگەراییەوە. ئەم بەجۆرێک لەتەک فەلسەفەدا ناسازگاره ئاسان نییە لەو ماوە کورتەی زانکۆدا بکرێت بیری بەجۆرێکی تر بچنرێت و وایلێکرێت ڕچەشكێنەرانە بیربکاتەوە. هۆڵ و ژینگەی زانکۆ و ئەو جۆرە مامۆستایانەی لە ئێستادا بەردەستن، ئەو جۆرە خوێندکارانە لە هەناوی بیرنەکردنەوەدا قەتیسدەکەن. ئەمەش گیرۆدەخوڵقێنن بۆ ئەوانەی بخوازن فێربوونێکی تر لەناو خوێندکاراندا بچێنن.
بەداخەوە، ئەم جۆرە خوێندکارانە ئەو نەوەیەن وهڕس و بێزارن لە بیرکردنەوەی قوڵ و فراوان. ئهگهر سوور بشزانن فەلسەفە ئەوەیان فێردەکات پێشتر فێرینەبوونە هەر هەڵوێستێکی باشیان نابێت لەوبارەوە. گشت ئەمانەش بهرهنجامی ئەو ژینگە پڕنادادیی و بێ مافییەیە، کە خۆیان و خێزانەکانیان ساڵانێکە تیایدەژین. بەڵێ ئەو ژینگەیە رق لە فەلسەفەی تیا سەوزکردوون و کردوشنی بە دوژمنی کتێبخوێندنەوە.
سەرئەنجام
لێرەدا مشتێک شرۆڤەی کورتمان خستەڕوو سەبارەت بە هزرهەژاری زانکۆ، کاتێک بێ فەلسەفە دەبێت، لەمە قسەمان تەنها لە بوون و نەبوونی بەشی فەلسەفە نەبوو لەناو حەرەمی زانکۆ، قسە سەرەکییەکەمان لە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی بوو لەناو مامۆستا و خوێندکاران، لەناو سەرتاپای کۆلێجەکان، لە گشت قوژبنێکی نێوەندی ئەکادێمیماندا. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کەمدراماتی زانکۆ دەکرێت بەو هەژارییە هزرییە فەلسەفییە پێوانەبکرێت لە زانکۆدا بوونی هەیە. جێی نیگەرانییشە، دەرفەت لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆدا ناکرێتەوە، وانەکان و فێربوونەکان هەڵگری توخمی زانینیی نوێ و نادووبارەنابن. ڕەنگە بەشی فەلسەفە، کە سەربەخۆی بدرێتێ و هەست بە ئازادی بکات، بکارێت خوێندن لەو بەشە والێکات بە ویستی خوێندکار بێت و دواتر پسپۆر لە لقەجیاجیاکانی فەلسەفەش دروستکات و زەمینەش بۆ دروستکردنی پسپۆر لە هزری ڕۆژئاوا بڕەخسێنێت. بەڵام پێش هەموو ئەوانە پسپۆڕ لە فەلسەفە پێویستی بەوەیە خۆی لە قاتوقڕیی هزریی دەربازکات و ئاسۆی هزریی بەرین و فراوانکات.
شارستانیی کۆن و نوێ لە جۆری فەلسەفەی بەخۆیەوەی نەدیوە. پێگەی ئەم جۆرەش، واتە فەلسەفە، کە مرۆڤایەتیی دۆزیویەتیەوە، بە گەوجەکان لاوازنابێت. گەوجەکان، کە ئاشنانیین بە فەلسەفە نازانن فەلسەفە لێوانلێوە لە ئاوەز، کە ئەوەش دژە جەمسەری ئەوانە. گەوجەکان، کە شادن بە نەمانی فەلسەفە، لەوە بێئاگان نەمانی فەلسەفە بە نەمانی پرسیارەوە گرێدراوە. پرسیاریش هەیە تا مرۆڤ هەبێت. گەوجەکان، کە فریوخواردوون، لە زیادبووندان. گەوجەکان دەکرێت مرۆڤەکانی ناو و بەردەستی دەسەڵات بن، دەیشکرێت دوژمنانی فەلسەفە ئەوانە بن، کە بەسەقەت فەلسەفە دەکەن. گەوجەکان ئەوانەن، کە ڕقیان لە فەلسەفەیە، ئەوانەی فەلسەفە تاوانباردەکەن بە ناڕوونیی لە بیرکردنەوە. ئەوانەیش، کە بەهۆی خراب_حاڵیبوونیان لە فەلسەفە جێگه به فەلسەفە لێژدهكەن و پرسگەلی فەلسەفیی ناوروژێنن، کە دەرد و کێشەکانمان تیماربکەن. کەوابێت، بۆ دەبێت فەلسەفە هەبێت، کە گیرۆدهبوونەکانمان نەخاتە ژێرپرسیارەوە!