جاران،
کە زەمان زەمانی بیری چەپ بو، ئە وترا: "دو ماسی لە دەریا
ببێ بە شەڕیان، خەتای ئیمپریالیزمە" "بەردێ لە
ئاسمانەوە بەر ببێتەوە، خەتای ئیمپریالیزمە".
ئێستا
ئەو تەشەرە لە لای تورکیا و پارتی بوە بە: "دو ماسی لە دەریا
ببێ بە شەڕیان، خەتای پەکەکە یە" "بەردێ لە
ئاسمانەوە بەر ببێتەوە، خەتای پەکەکە یە".
بە راست، خەتای کێیە؟
پەکەکە
فریشتە نیە. هەڵەی هەبوە و
هەیە. نزیکەی ٣ دەیە
لەمەوبەر بە ئاشکرا رەخنەم لە پەکەکە گرتوە. ساڵی ١٩٩٣ لەسەر
بڵاوکردنەوەی یەکەم وتاری رەخنەییم لە پەکەکە (لە زنجیرەیەکی ٣ وتاری)، لە کوردستانی نوێدا، بە فەرمانی لوتکەی دەسەڵاتی
یەکێتی، دەرگای میدیاکانی یەکێتیم لێ داخرا نوسینم بڵاو بکەنەوە. بایکۆتەکەی سەرم
زیاتر لە ساڵێک درێژەی کێشا.
ئێستاش
رەئیم وایە کە پەکەکە بەشی خۆی هەڵەی هەیە، بەڵام بەشی زۆری خەتاکە لە ئەستۆی
پارتییە کە، لە دوای راپەڕینەوە بوە بە دەسکەلای رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی
تورکیا.
لە
ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە هەتا راپەڕینی ١٩٩١، رژێمی حەمەڕەزا شا و کۆماری
ئیسلامیی ئێران بە دوای یەکا، بەکاریان هێنا بۆ دژایەتیکردنی شۆڕشی کوردستانی
خۆرهەڵات. هاوتەمەنەکانی من
و ئەوانەی ئاگاداری ئەو مێژوەن، هەمو وردەکارییەکانی ئەو بەکار هێنانە ئەزانن.
لە
دوای راپەڕینیشەوە تا بەعس ما بو، بەعس و رژێمەکانی تورکیا بەکاریان هێنا. لە دوای کەوتنی
بەعسیشەوە حیزبەکەی ئەردۆگان و حوکمەتەکەی "هەڵیان گرتەوە".
پێ
ئەچێ، پارتی و بنەماڵەی بەرزانی بە بێ "خاوەنێک" و "بەکار هێنەرێک" تاقەت و توانا و
ئارەزوی سیاسەتیان نە بێ!
ئەوە
تۆمەتی بێ بناغەیە یان راستیی بەڵگەدار کە لە سەرەوە داومەتە پاڵ پارتی و
بنەماڵەی بەرزانی؟ با بزانین:
یەکەم:
پارتی
و یەکێتی پێکەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ دا، پەلاماری بارەگاکانی پەکەکەیان
دا لە خواکوڕک. نەیان توانی بی
شکێنن.
لەگەڵی
رێکەوتن جێگۆڕکێ بە هێزەکانی بکا. هەردو حیزب بە
ئۆتۆمۆبیلی خۆیان، گەریلا و تفاق و چەک و چوێڵی بارەگاکانی پەکەکەیان لە خواکوڕک و
دەوروبەری زاخۆوە گواستەوە بۆ زەڵی. لەو کاتەوە پەکەکە
بە ئاگاداریی پارتی و یەکێتی و بە رێکەوتن لەگەڵ هەردوکیان، لە زەڵێ و قەندیل و
ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستانە.
دوەم:
لە
شەڕی دژی داعشا، پەکەکە بە ئاشکرا و ئاگاداریی پارتی و یەکێتی و حوکمەتی
ئیتیحادی، بەشداری شەڕی کرد و رۆڵی کاریگەری بینی.
کەسێکی
بە ئاوەز و سیاسییەکی بە ویژدانی ئەم هەرێمە نیە، نە زانێ پەکەکە چ رۆڵێکی
کاریگەری گێڕا لە دیفاعکردن لە شەنگال و ئێزیدییەکان و هەولێری پایتەختی ئەو
حوکمەتەی، ئێستا ئەیەوێ بە فیتی تورکیا، شەڕی بکا:
لە
شەنگال پارتی بە ١٢ هەزار چەکدار (هەندێ سەرچاوە ئەڵێن: ١٨ هەزار) و پڕچەک بە
هەمەجۆرە چەکی قورس و نیوەقورس و سوکەوە، لە بەردەمی ٢٠٠ چەکداری داعشا، هەڵاتن.
ملیۆنان
کورد خاتوەنە میدیاکارەکەی پەکەکەیان بینی، بە خۆی و مایکرۆفۆنەکەیەوە رێگەی لە
چەکدارەکانی پارتی گرت بو، لێی ئە پرسین: ئێوە بەو هەمو چەک
و چەکدار و ئوتۆمبیلەوە بۆ کوێ را ئەکەن، بۆ بەرگری ناکەن؟
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتوب بنوسە "هەڵاتنی پارتی لە شەنگال" چەندین
ڤدیۆت بۆ ئەهێنێ.
کەچی
چەن مەفرەزەیەکی پەرشوبڵاوی پەکەکە یان پرۆ پەکەکە توانیان بەر بە هێرشی هۆڤیانەی
چەکدارانی داعش بگرن. ئەگەر ئەوان نە
بونایە، قوربانیانی ئێزدییەکان چەن قات گەورەتر ئەبو.
لە
هەولێریش، لە کاتێکا بنەماڵەی بەرزانی و سەرانی پارتی خۆیان ئامادە کرد بو بۆ
هەڵاتن، گەریلای پەکەکە لە مەخمور و دەوروبەری هەولێر، سنگی کرد بو بە قەڵغانی
پاراستنی مەخمور و هەولێر.
هەمومان
بە چاو بینیمان و بە گوێ بیستمان کە سەرۆکی پارتی چۆن بە پێی خۆی چو بۆ لای
گەریلای پەکەکە. بە تەوازوعێکی
زۆرەوە لەسەر حەسیرە شڕێک لە نێوان چەن گەریلایەکی رەشوڕوتا دانیشت بو، بۆ ئەوەی سپاسیان
بکا لەسەر ئەوەی مەخمور و هەولێریان لە کەوتن پاراستوە/ (١).
هەڵبەت
هێزی تریش بەشدار بون لە پاراستنی هەولێرا. هیچیان پارتی نە
بون. بەڵام لێرەدا
بیرهێنانەوەی رۆڵی پەکەکە لەو روداوەدا، گرنگیی خۆی هەیە.
سێیەم:
راستە پەکەکە بوە بە بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان،
بەڵام پارتی و بنەماڵەی بەرزانی لە باتی ئەوەی هەوڵ بدەن نێوان خۆشی خۆیان و
ئەردۆگان و حیزبەکەی بەکار بهێنن بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردی باکور
لەگەڵ تورکیا، دەیان ساڵە هەمو توانا: سیاسی، ئەمنی،
جاسوسی، سەربازییەکانی خۆیان و توانا ئابوری و مالییەکانی هەرێمیان کردوە بە
بەشێک لە سیستمی جەنگیی تورکیا لە دژی خەون و ئاواتەکانی کوردی ٣ پارچەی کوردستان: باکور، باشور و رۆژاوا.
سەرۆکی
پارتی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە تورکیا، شوێن ئەردۆگان ئەکەوێ، ریکلام بۆ ئەو
و ئاکەپە ئەکا لە دژی حیزبەکانی نەتەوەکەی خۆی.
(مجهودی حربي) سپای تورکیاش بۆ
قەڵاچۆکردنی کوردی باکور و داگیرکردنی باشور و روخاندنی تەجروبەی بەڕێوەبەریی
خۆسەریی رۆژاوا و چەپاندنی ژینگەی سێ پارچەی کوردستان، لە رێگەی بنەماڵەی بەرزانییەوە،
لە داهاتی نەوتی کوردستان دەر ئەچێ!
لە باشوریش، ئەردۆگان و بنەماڵەی بەرزانی بونەتە
هاوپەیمانی یەکتر و تورکیا لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە راستەوخۆ بەقازانجی پارتی و بنەماڵەی
بەرزانی دەستی خستۆتە ناو کاروباری ناوخۆی هەرێمەوە و پێکەوە بەرژەوەندییە
تایبەتەکانی بنەماڵەی بەرزانی و بەرژەوەندییە جەنگی و فراوانخوازییەکانی تورکیا،
لێرە و لە باکور و رۆژاوا، ئەپارێزن.
هەر لە باشور، هاوکاریی جاسوسیی پارتی و یەکێتی لەگەڵ
دەزگای بەدناوی میتی تورکی و سپای داگیرکەری تورک، خەڵکی کوردستانیان نیگەران
کردوە و نەفرەت لەو هاوکاری و هەماهەنگییە ئەکەن.
ئەگەر
هاوکاریی ئەم ٢ حیزبە نە بێ بۆ تورکیا و سپا داگیرکەرەکەی، درۆنەکانی ئەردۆگان
چۆن ئەتوانن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانا راوی گەریلا و سیاسییەکانی پەکەکە
بکەن و لەناو ملیۆنان خەڵکا دەسنیشانیان بکەن بۆ چەتەکانی تورکیا؟
لە
رۆژاواش، هیچ شتێ نەما پارتی و بنەماڵەی بەرزانی بۆ شکست پێ هێنانی تەجروبەی
بەڕێوەبەریی خۆسەری پەنای بۆ نەبەن. هەر لە
ئابڵوقەدانی دەرمان و ئابوری و لێدانی خەنەک لە نێوان سنوری باشور و رۆژاواوە
بیگرە هەتا ئەگاتە بەکارهێنانی چەکدارەکانی رۆژ، شان بە شانی سپا و جاشەکانی تورک
لە باکوری سوریا، بۆ داگیرکردنی ناوچە ئازادەکانی ئەوێ و گۆڕینی دیمۆگرافیی
عەفرین و دەوروبەری و تێکشکاندنی سەربازیی بەڕێوەبەریی خۆسەری، بە مەبەستی
هێنانەدیی خەون و خولیا و بەرژەوەندییەکانی
سوڵتان ئەردۆگان لەوێ.
سەیری وێنەکە بکە: بەرزانی لە بارەگایەکی پەکەکە، لە حزوری چەن گەریلایەکی پەکەکە دا، بەوپەڕی تەوازوعەوە دانیشتوە!