نەوشیروان مستەفا بۆچی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی هاوپەیمانی نە کرد؟ (٢/ب٥)
کە کابینەی هەشتەم پێک هات، تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕان پێنج ساڵی تێ پەڕاند بو. لەو ماوەیا بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریی پێنج هەڵبژاردنی گشتی کرد بو: ٢ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان؛ هەڵبژاردنێکی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ٢ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
سەرەڕای گوشاری هەردو حیزبی حوکمڕان لەسەر دەنگدەرەکانی گۆڕان؛ سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی هەردو حیزب و هەڵمەتی نانبڕینی دەنگدەرەکانی گۆڕان؛ سەرەڕای تەزویری سیستماتیکی هەر دو حیزب بۆ زیادکردنی دەنگی خۆیان و کەمکردنەوەی دەنگەکانی گۆڕان، هەریەکەیان لە ناوچەی نفوزی خۆی، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێم هەر بە حیزبی دوەم مایەوە و ژمارەی رەهای دەنگەکانی زیادی ئە کرد.
لەگەڵ ئەوەشا، کاک نەوشیروان زو پەی بەوە برد کە لەو قۆناغەیا بە فراکسیۆنێکی ٢٤- ٢٥ پارلەمانتاریی گۆڕان و ١٥- ٢٠ پارلەمانتاری یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، گۆڕانکاری نا کرێ. بۆیە هەوڵی دا لە رێگەی هاوپەیمانی کاتی، یان ئەگەر سەری گرت، ماوە درێژەوە، تەرازوی هێز لە هەرێمی کوردستان تێک بدا.
بۆ گەیشتن بەو مەبەستە ئەم هەنگاوانەی گرتە بەر:
یەکەم:
رێکەوتنی یەکەمی دەباشان، ساڵی ٢٠١٢:
نزیک کۆتایی ساڵی ٢٠١٢، پاش دابڕانێکی چەن ساڵەی مامجەلال و کاک نەوشیروان لە یەکتری، میدیاکانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەواڵی دانیشتنێکی ئەو دو جوامێرەیان بڵاو کردەوە.
لەو دانیشتنە دا هەردوکیان رێکەوت بون، هاوپەیمانی سیاسیی و پارلەمانی یەکتر بن بۆ هێنانەدی سێ ئامانجی گرنگ:
# نوسینەوەی پرۆژەی دەستورێکی مەدەنی بۆ هەرێم.
# چەسپاندنی سیستمی پارلەمانی لە دەستوری هەرێما.
# گۆڕینی تەرازوی هێز بە قازانجی خەڵکی کوردستان.
ئێوارەی ئەو رۆژە ملیۆنانی خەڵکی کوردستان گوێیان لە رستە بەناوبانگەکەی کاک نەوشیروان بو: "حیکمەت لە رێکەوتنا نیە، بەڵکو لە جێبەجێکردنیایەتی".
رۆژی دوای ئەو کۆبونەوەیە مامجەلال گەڕایەوە بۆ بەغا و رۆژی ١٧ی ١٢ی ٢٠١٢ لە میدیاکانا هەواڵی نەخۆشکەوتنی مامجەلال بڵاو بوەوە. جەڵتەی مێشک لێی دا و برا بۆ ئەڵمانیا.
نازانم، لە بەدبەختی خەڵکی کوردستان بو مامجەلال رێک دوای ئەو رێکەوتنە جەڵتە لێی دا و ئیتر هەتا کۆچی دوایی، تواناکانی بۆ نە گەڕانەوە، یاخود ئەگەر نەخۆشیش نە کەوتایە، ئاخۆ دەوروبەرە هەلپەرست و مشەخۆرەکەی رێگەیان ئەدا ئەو رێکەوتنە بێتە بەر یان نا؟
دوەم:
هاوپەیمانیی پارلەمانی و حوکمەتی لە نێوان گۆڕان و یەکێتیا، ساڵی ٢٠١٤:
هەڵبژاردنی گشتیی پارلەمانی کوردستان، کە کابینەی هەشتەمی لێ بەرهەم هات، لە ٢١ی ٩ی ٢٠١٣ دا کرا.
سەروەزیر و ئەندامانی کابینەی هەشتەم، لە ١٨ی ٦ی ٢٠١٤ دا، سوێندی یاسایییان خوارد.
ماوەی نێوان رۆژی هەڵبژاردنی گشتی و سوێندی یاسایی کابینەی هەشت، لە ٩ مانگ ٣ رۆژی کەم بو.
لەو هەڵبژاردنەیا، بزوتنەوەی گۆڕان ٢٤ کورسی، یەکێتی ١٨ کورسی و پارتی ٣٩ کورسی هێنا.
بە رێکەوت بێ یان بە مەوعیدی پێشوەخت، دوای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردن، دکتۆر نەجمەددین کەریم، ئەندامی ئەو کاتی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەر لە کاک نەوشیروان ئەدا.
یەکێ لەو شتانەی کاک نەوشیروان بە د. نەجمەددینی ئەڵێ، پێکهێنانی هاوپەیمانیی پارلەمانی ئەبێ لە نێوان گۆڕان و یەکێتیا.
کاک نەوشیروان رای ئەسپێرێ ئەو پێشنیارەی گۆڕان بەرێ بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. بە رێکەوت مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەمان رۆژ کۆبونەوەی ئەبێ. د. نەجمەددین پێشنیارەکەی گۆڕان ئەخاتە بەردەم کۆبونەوەی م. س ـی حیزبەکەی.
ئەو کاتە مەلا بەختیار کارگێڕی م. س ـی یەکێتی بو. لەگەڵ ئاشکراکردنی پێشنیارەکەیا، پێوەندی ئەکا بە رۆژنامەنوسێکی عەرەبی کۆنە بەعسییەوە (معن فیاض)، کە (محرر) بو لە رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ـی سعودی. پێی ئەڵێ، ئەمەی پێت ئەڵێم بیکە بە هەواڵ:
"بزوتنەوەی گۆڕان داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردوە، پێکەوە هاوپەیمانیی پارلەمانی پێک بهێنن. بەڵام ئێمە ئامادە نین لە پشتەوە خەنجەر لە هاوپەیمانەکەمان بدەین".
مەبەستی مەلا لە هاوپەیمانەکەیان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بوە.
کاک نەوشیروان نیازی خۆی و بزوتنەوەی گۆڕانی لەو هاوپەیمانییە، بۆ دکتۆر نەجمەددین باس کرد بو.
پێی وت بو، ئەگەر ئەوە بکەین:
# فراکسیۆنەکەی هەردولامان ئەبێ بە گەورەترین فراکسیۆن و مافی پێکهێنانی حوکمەت ئەکەوێتە دەستی خۆمان.
# ئەو کاتە، لەباتی ئەوەی پارتی بێ بۆ لای ئێمە بڵێ چیتان ئەوێ، ئێمە بە پارتی ئەڵێین، وەرە بزانین چیت ئەوێ و بەرنامەی حوکمەتیش زۆربەی بە ئارەزوی هەردولامان ئەبێ. بەڵکو بتوانین تەرازوی هێز بگۆڕین و لە پارلەمان هەنێ قانونی باش بۆ خزمەتی خەڵک دەرکەین و لە حوکمەتیشا هەنێ چاکسازی بکەین.
مەلا بەختیار و ئەندامانی م. س ـی یەکێتی، لە بوغزەوە بو بێ یان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیانا، ئەو پێشنیار و دەسپێشخەرییەی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە بێشکەدا کوشت. هەلی گۆڕینی تەرازوی هێز بۆ بەرژەوەندیی گشتییان، لە کیس خەڵکی کوردستان دا.
سێیەم:
هاوپەیمانیی حوکمەتی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتیا، ساڵی ٢٠١٤:
دوای ئەو هەڵوێستە نا جوامێرانەیەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پارتی لە پشتی یەکێتییەوە کەوتە پشی پشی لەگەڵ گۆڕان: "خەنجەردان لە پشتی هاوپەیمانەکەی!". گۆڕانیش، وەکو ئەوەی لە وتاری پێشوا هۆکانی چونە ناو حوکمەتیم رون کردۆتەوە، هات بوە سەر ئەو قەناعەتە بەشداری حوکمەت بکا و کردی.
م. س ـی یەکێتی کە بە دەسی خۆی دەسپێشخەرییەکەی گۆڕانی لەبار برد بو، دوای ئەوەی کە زانی گۆڕان و پارتی کەوتونەتە گفتوگۆ بۆ هاوپەیمانیی حوکمەتی و کۆبونەوەکان ئاشکرا بون، کەوتە بیانو گرتن و دواخستنی پێکهێنانی کابینەی هەشت. ئەوە بو ٩ مانگی ویست هەتا کابینەکە پێکهات.
لینین قسەیەکی پڕمانای هەیە، ئەڵێ:
"ئەی هاوڕێکەم! رەنگی تیۆر خۆڵەمێشییە بەڵام رەنگی ژیان هەمیشە سەوزە".
بە مانا: رەنگە بزوتنەوەی گۆڕان لە روی عەمەلی و تیۆرییەوە ئومێدێکی هەبوبێ بتوانێ لەناو ئەو حوکمەتا شتێ بگۆڕێ، بەڵام ژیان بە کردەوە پێی سەلماند کە شتی وا، لەناو سیستمێکی ئۆلیگارشیی بێ رەحم و بێ ویژدانا، مەحاڵە بێتە دی.
چوارەم:
رێکەوتنی دوەمی دەباشان، ساڵی ٢٠١٦:
کاک نەوشیروان زۆر هەوڵی دا کابینەی هەشت بەڵێنەکانی بەرێتە سەر. چاکسازی بکا و سەرکەوێ و "چوار ساڵ ئارامی"ـی بۆ کوردستان و بۆ چاکسازی بێتە دی.
بۆ ئەو مەبەستە چەن جارێ چو بۆ سەری رەش بۆلای مەسعود بەرزانی... سەرەنجام دەرکەوت پارتی نیاز و توانای چاکسازی نیە و ئەیەوێ بزوتنەوەی گۆڕان لە خشتە بەرێ و بە بڕێ پۆست و ئیمتیازات لە گەندەڵییەوە بیئاڵێنێ و بە یەکجاری بێدەنگی کا.
بەو هۆیەوە وردە وردە ساردی کەوتە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی و نێوان کاک نەوشیروان و مەسعود بەرزانی.
دەسبردنی گۆڕان بۆ هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم، بوە ئەو تەڵەپوشەی پشتی ئێسترەکەی شکاند، هاوپەیمانیی حوکمەتیی نێوان پارتی و گۆڕانی هەڵ وەشاندەوە.
مەسعود بەرزانی بەو هۆیەوە کودەتای کرد بەسەر شەرعیەتا و دەرگای پارلەمانی داخست و فەرمانی دا بە برازاکەی، وەزیرەکانی گۆڕان لە کابینەکەی بکاتە دەرێ.
هەرچەن سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانی لە دوای پەکخستنی پارلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان رۆڵی شایەکامیان بینی، بەڵام لە ژێر گوشاری بنکە جەماوەرییەکەی خۆیانا کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بۆ زینوکردنەوەی رێکەوتنی یەکەمی دەباشان.
ئەوە بو رێکەوتنی دوەمی لێ بەرهەم هات کە، نیوەڕۆی ١٧ی ٥ی ٢٠١٦ لە دەباشان ئیمزا کرا و عەسرەکەی لە ئوتێلەکەی کاک فاروقی مەلا مستەفا، بە ئامادەبونی کادر و هەڵسوڕاوە ئەساسییەکانی هەردولا، رێکەوتنەکە را گەیەنرا و دەقەکەی بڵاو کرایەوە.
لێرەش دوا دێڕی وتارەکەی کاک نەوشیروان هەر ئەمە بو: "حیکمەت لە رێکەوتنا نیە، بەڵکو لە جێبەجێکردنیایەتی".
بوغزاوی و هەلپەرست و بەرژەوەندپەرستەکانی ناو م. س ـی یەکێتی، ئەمیشیان کوشت.
رەنگە هەبێ بڵێ: ئەم هەمو ئەمبەر و ئەوبەرە نیشانەی نا رۆشنی دیدگای گۆڕانە.
ئەوە زۆر وتراوە. هەمو کەس ئازادە چۆنی بۆ ئەچێ و چۆنی حەز لێیە گوزارشت لە بیروبۆچونی خۆی بکا. بەڵام ئەمە لە سیاسەتا مومکنە و پێی ئەوترێ تاکتیک:
# ستراتیجی نزیکی بزوتنەوەی گۆڕان، بریتییە لە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم.
# ستراتیجی دوری بزوتنەوەی گۆڕان، بریتییە لە نیشتمانێک بۆ هەموان: دەوڵەتی هاونیشتمانی.
رێگای گەیشتن بە ستراتیج دور و پڕ لە کەند و کۆسپە. بۆیە بۆ گەیشتن بە ستراتیج بزوتنەوەی گۆڕان بێ یان هەر حیزبێکی کە، ئەبێ و پێویستە بەردەوام بە گوێرەی هەلومەرجی سەرپا، تاکتیکی خۆی بگۆڕێ. رەنگە رێ بکەوێ حیزبێکی سیاسی لە ماوەی چەن هەفتە، چەن مانگ یان ساڵێکا چەن جارێک تاکتیکی خۆی بگۆڕێ. تاکتیکی دروست و هی نادروست بە زەمەن نا پێورێن، بەوە ئەپێورێن ئاخۆ خزمەتی ستراتیجت ئەکا یان نای کا.
ئەو هەوڵانەی بزوتنەوەی گۆڕان تاکتیک بون و سەریان نە گرت. چونکە یەک بست لە ئامانجی نزیک و دور، نزیکیان نەخستینەوە.
لە وتاری داهاتوا وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەخوێنیتەوە:
نەوشیروان مستەفا بۆ لە بەشداریکردنی حوکمەت پەشیمان بوەوە و کەی پەشیمان بوەوە؟