بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان دەسەڵاتخوایی و ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتدا ٢- ١٠/ ب٢
مەحمو رەزا ئەمین
2020-12-05   996
تێبینی:
لە وتاری پێشو (٢/١) دا پرسی بوم بۆچی لە ناو حوکمەت و لە رێگەی حوکمەتەوە،
سیستمی حوکمڕانی نا گۆڕێ؟
لە بەشی پێشوا، لە کۆی ٣ فاکتەر، ٢ فاکتەریانم بڵاو کردەوە کە بریتی بون
لە:
١. چونکە سیستمەکە نا دیمۆکراتییە،
٢. چونکە سیستمەکە ئۆلیگارشییە.
لەم بەشەیانا فاکتەری سێیەم باس ئەکەم:
3. لە مێژوا تاقیکردنەوەیەکی
وەها نیە:
لە مێژوی نوێی مرۆڤایەتیا تەنیا چوار تەجروبە هەن پیشانی بدەن، چاککردنی
سیستمی حوکمڕانی بەو حوکمڕانانە کرا بێ کە خۆیان پیسیان کرد بو. ئەوانیش تەجروبەی
باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا، ئیسرائیل، سەنگاپۆرە و رواندان.
تەجروبەی روانداش، بە بەراورد لەگەڵ هینەکەی ئیسرائیل تەجروبەیەکی دانسقە و
تاقانەی مێژویییە.
ئاخۆ لە سەرانی گەندەڵ و خۆپەرست و مافیایی هەرێم را ئە بینرێ وەکو
بنگۆریونی ئیسرائیل و پۆڵ کاخامیی رواندایان لەدەس بێ و هەر خۆیان بتوانن کۆتایی
بە شەڕ و ململانێی نێوانیان بهێنن و سیستمی حوکمڕانی چاک بکەن و دەس لە هەمو
بەرژەوەندییەکانیان هەڵگرن و بە ئارەزوی خۆیان واز لە قۆرخکردنی: مێژو و سامان و
دەسەڵات و چەک و بازاڕ و ئابوری و ماسمیدیا و دادگاکان... بهێڵن و ئەم هەرێمە
بخەنە سەر سکە؟
من بۆخۆم لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە ئاوەزم پەیا کردوە و
روداوەکانی ململانێی کوردی- کوردی وەکو فلیمی سینەما لە بەر چاومن و بە هیچ جۆرێک
لە هیچ لایەکیان را نا بینم، تیا هەڵکەوێ ئازاری ویژدان تۆسقاڵێک بیجوڵێنێ و
یەکێکی وەکو بنگۆریونی ئیسرائیل، پۆڵ کاخامیی رواندی یاخود ماندیلای باشوری
ئەفریقای لێ دەر چێ و ئەم سیستەمەمان بۆ بگۆڕێ و خۆی بکا بە پاڵەوانی نیشتمانی.
ئەوەی میدیای پارتی و
مەسرور بەرزانی ریکلامی بۆ ئەکەن: "ئەم حوکمەتە خراپە ئەکەن بە حوکمەتێکی
باش!" [بڕوانە: گۆڤاری گوڵان، ژ١٢٥١ و ١٢٥٣،
لاپەڕەکانی: ١٠- ١٧ و ١٤- ٣٧] بێجگە لە پرۆپاگەندە و خۆڵکردنە چاوی عەوام،
شتێکی کە نیە. چاکسازییەکەی مەسرور بەرزانی لەناو میدیای خۆماڵی و بێگانە دا،
هەبونی دەیان قاتی ئەوەیە لەسەر ئەرزی واقیع هەیە.
لە روسیا نەیارەکانی پۆتین نوکتەیەکی پڕمانایان خستۆتە سەر زاری خەڵک:
"تەلەفزیۆنەکان لەگەڵ پۆتینن بەڵام ساردکەرەوەکان دژین".
بە مانا: پۆتین لە میدیایا پاڵەوانە و هیچ دەسکەوتێ نەماوە بۆ گەلی روسی
بەدەس نە هێنا بێ، بەڵام ئەم هەراوهوریا میدیایییەی سەرکەوتنی پۆتین، رەنگدانەوەی
ئەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک نیە.
هەراوهوریا میدیایییەکەی مەسرور بەرزانی و پارتی و هاوئاوازەکانیشیان بۆ
"کردنی حوکمەتی خراپ بە باش" تەواو وەکو ئەوەی ڤلادیمێر پۆتینی
دیکتاتۆری روسیایە: لە میدیایا هەیە، بەڵام بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە دیار نیە.
هەر حیزب و سیاسی و نوسەر و کەسێ کەوتبێتە ژێر کاریگەریی هەڵمەتی میدیایی
چاکسازیی کابینەکەی مەسرور بەرزانی، لە یەکێ لەم حاڵەتانە بەدەر نیە:
# یان سروشتی سیستمەکانی حوکمڕانی و فەرمانڕەوایی لێک جیا نا کاتەوە و سروشت
و مێژوی بنەماڵەی بەرزانی نا ناسێ و بڕوای هێناوە کە مەسرور بەرزانی و بنەماڵەکەی
ویست و توانای چاکسازییان هەیە؛
# یان بەرژەوەندیی تایبەتی و حیزبی هەیە لە چەواشەکردنی رای گشتیدا؛
# یا خۆی گێل ئەکا، بێ ئەوەی بەرژەوەندیی لەو خۆگێلکردنەدا هەبێ؛
# یاخود فیعلەن گێلە و دروست و نادروستی پێ لەیەک جیا ناکرێتەوە.
مێژوی مرۆڤایەتی سەلماندویەتی بۆ ئەوەی سیستمێکی حوکمڕانیی خراپ چاک بکرێ
و سیستمی فەرمانڕەوایی باش جێگەی بگرێتەوە، ئەبێ لە چرکەساتێکا دابڕانی مێژویی لە
نێوان سیستمە کۆن و نوێیەکەیا رو بدا.
ئەم نمونانە سەلمێنەری ئەو بۆچونەمن:
3. 1. گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی لاهوتی لە ئەوروپا بە سیستمی
فەرمانڕەوایی گەل، لە ئەنجامی شەڕی ٣٠ ساڵە (١٦١٨- ١٦٤٨ ز) دا هاتە دی. سیستمی
لاهوتی چاک نە کرا، روخێنرا.
3. 2. دەسەڵاتی نازییەکانی ئەڵمانیا و فاشییەکانی ئیتالیا چاک نە
کران، بەڵکو باجی روخاندنیان و دامەزراندنی سیستمێکی نوێ لەسەر کەلاوەکانیان،
خوێنی دەیان ملیۆن مرۆڤی بێتاوان بو.
3. 3. گۆڕینی سیستمە دیکتاتۆرییەکانی ئەوروپای خۆرهەڵات (یەکێتیی
سۆڤێت و هاوباندەکانی) بۆ سیستمی دیمۆکراسی، لە رێگەی راپەڕینی جەماوەری و
روخاندنی سیستمە کۆنەکەوە هاتە دی، نەک لە رێگەی چاکسازییەوە.
روسیا هێشتا دیمۆکراتیزە نە بوە. بۆ دیمۆکراتیزەکردنی روسیا ئەبێ ئەم
سیستەمەی پۆتین بۆ خۆیی ئەفراندوە، بڕوخێنرێ، ئەگینا چاک نا کرێ.
3. 4. باوکی سەنگاپۆرە، لی کوان یو، کاتێ توانی وڵاتەکەی لە ژێر
سفرەوە هەستێنێتەوە کە لە ریشەوە سیستمی حوکمڕانیی پێش خۆی هەڵکێشا.
3. 5. محەمەد مەهاتیر لە مالیزیا و نیلسۆن ماندێلا لە ئەفریقای
باشور، هەر ئەو شتەیان کرد کە لی کوان یو لە سەنگاپۆرە کردی.
3. 6. رژێمی بەعسی عیراق چەنی هەوڵ دا خۆی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی
درێژە بەتەمەنی حوکمڕانیی خۆی بدا، نەی توانی، تا روخێنرا.
3. 7. رژێمە عەرەبییەکانی بەهاری عەرەبی چەنیان هەوڵ دا خۆیان نوێ
بکەنەوە، نەیان توانی، هەتا گەل روخاندنی.
3. 8. رژێمی بەعسی سوری چەنێک پرۆپاگەندەی کرد کە خۆی نوێ
ئەکاتەوە، نەی توانی. هەتا نە روخێنرێ، چاک نا کرێ.
3. 9. ئەوەی لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وە لە عیراق رو ئەدا:
خۆپیشاندانەکانی بەغا و شارەکانی باشور، نیشانەی ئەوەیە چاکسازی لە سایەی دەسەڵاتی
کلیپتۆکراتەکانا مەحاڵە. گەل ئەیەوێ ئەم حوکمڕانانە بڕوخێنێ و سیستمێکی نوێ سەرپا
بخا.
3. 10. سودانییەکان تا دابڕانیان دروست نە کرد، نەیان توانی عومەر
حەسەن بەشیر و دەسوپێوەنەکانی لەکار بخەن و بیانخەنە کونجی زیندانەوە.
3. 11. ئەوەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگوزەرێ، بەڵگەیەکی گەلێ
رۆشنە کە ئەم جۆرە سیستمانە ناتوانن خۆیان چاک کەن. تەماشاکەن موحافیزەکارەکان
چیان بەسەر بزوتنەوەی سەوزی ٢٠٠٩ و ئیصلاحییەکانی ناو بەدەنەی دەسەڵات هێنا!
بزوتنەوەی سەوز بەیەکجاری تێکشکێنرا. ئیصلاحییەکانیش کران بە پۆڕی خوراو.
بەراوردێ لە نێوان هەڵبژاردنەکانی مەجلسی شورای ئێرانی لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠٢٠
دا، دەری ئەخا کە چاککردنی سیستمی سیاسی، تەنانەت گەر بەشێک لە دەسەڵاتدارانی
سیستمەکەش بیانەوێ لە ناوەوە بیکەن، بێجگە لە (سقوتی خەیاڵ) هیچ بەرهەمێکی کەی
نابێ. ئەمە بەسەر ئیصلاحییەکانی ناو بەدەنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هات.
لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ ی مەجلیسی شورا (پارلەمان) دا، لە کۆی ٢٨٥ ئەندامی
هەڵبژێردراو (+ ٥ ئەندام، کۆتای کەمینە ئاینییەکان)، ئیصلاحییەکان ١٣٣ کورسیان
هێنا. بەرامبەر ١٢٥ کورسیی موحافیزەکارەکان. کەچی دوای سێ خولی ٤ ساڵە لە
ململانێی توند لە نێوان ئەم دو باڵە دا، لە هەڵبژاردنی ٢١ی ٢ی ٢٠٢٠ دا،
موحافیزەکارەکان لە خولی یەکەما لە کۆی ٢٧١ کورسیی یەکلابوەوە ٢٢١ کورسییان
هێنا، بەرامبەر ١٦ کورسیی ئیصلاحییەکان و ٣٤ کورسیی سەربەخۆکان.
ئەگەر ژمارەکانی ئەو دو خولەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی بکەین بە
رێژەی سەدی بەم جۆرەی لێ یەت:
هەڵبژاردنی ٢٠١٦:
ئیصلاحییەکان: ٤٦.٦٦%
موحافیزەکارەکان: ٤٣.٨٦%
هەڵبژاردنی ٢٠٢٠، خولی یەکەم:
ئیصلاحییەکان: ٦%
موحافیزەکارەکان: ٨١.٥٥%
تەجروبەی ئیصلاحییەکانی ئێران سێ پەیامی گرنگی تیایە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان:
پەیامی یەکەم:
لە رێگەی بەشداریکردنەوە لە حوکمەتا چاکسازی نا کرێ، ئەگەر سیستمەکە
دیمۆکراتی نە بێ.
پەیامی دوەم:
ئیصلاحییەکانی ئێران بەشێکن لە دەسەڵاتی تیوکراتی ئینجا ناتوانن سیستمەکە
چاک کەن، بەڵام گۆڕان لە هەرێم سپڵی لاورگی دەسەڵاتی سیاسییە.
پەیامی سێیەم:
کۆکردنەوەی دو دیدگا و دو پرۆگرامی سیاسیی جیاواز (ریفۆرمست، گۆڕینکار:
محافیزەکار، عەقائدی) لەناو یەک بۆتەدا، سەرەنجامەکەی شکستی ریفۆرمیست و
گۆڕینکارەکانە.
پەیامی سێیەم، تەجروبەی وڵاتی تونسیش پشتیوانی لێ ئەکا:
حیزبی (نداء تونس: لیبراڵ)، بە سەرکردایەتی سەرۆکی کۆچکردوی تونس، الباجي
قائد السبسي لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ٢٠١٤ی پەرلەمانی تونسا ٨٦ کورسی هێنا.
بەرامبەر ٦٩ کورسی بۆ (حرکة النهضة: ئیسلامیی بنچینەوان)، بە رێبەرایەتی راشد
الغنوشي.
کەچی لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەی کوردسییەکانی (نداء تونس)
دابەزی بۆ تەنیا ٣ کورسی و حەرەکەی نەهزەی تونسی بە ٥٢ کورسییەوە بوە حیزبی
یەکەمی تونس، بە جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ حیزبی دوەما (قلب تونس، ٣٨ کورسی)، بە
سەرکردایەتیی نبیل القروي.
شارەزایانی سیاسی و سۆسۆلۆجی تونسی ئەڵێن، هۆی ئەم تێشکانە گەورەیەی حیزبی
(نداء تونس) بێجگە لە مردنی سیمبولەکەی، بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە لەگەڵ حەرەکەی
نەهزە هاوپەیمانیی حوکمەتیی کردوە کە خاوەنی دو دیدگا و دو پرۆگرامی جیاواز بون.
محافیزەکارەکانی ئێران و حەرەکەی نەهزەی تونسی باڵ و حیزبی عقائدی ین،
بەڵام باڵی ئیصلاحی ئێرانی و نداء تونسی تونسی کەمتر عەقائدی و لیبراڵن، لەبەر
ئەوە هاوپەیمانی کردن لە نێوان ئەم دو دیدگا جیاوازە دا، باڵە عەقائدییەکە ئەی
باتەوە، چونکە موخاتەبەی سۆز ئەکا نەک ئاوەز.
ئەگەر پارتی و گۆڕانیش بەراورد بکەین، پارتی حیزبی عەقائدی (پیرۆزکردنی
بنەماڵەی بەرزانی و بە میراتکردنی پشتاوپشتی دەسەڵات بۆ ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە چ
لە ناو حیزب و چ لە ناو کۆمەڵدا، لای پارتییەکان بوە بە عەقیدە) و گۆڕانیش
حیزبێکی شارستانییە. لەبەر ئەوە لە هاوپەیمانێتی گۆڕان و پارتیدا، گۆڕان لایەنە
دۆڕاوەکە ئەبێ.
کەواتە، دو لایەنی خاوەنی ٢ دیدگا و ٢ ستراتیجی جیاواز، نابێ هەرگیز هاوپەیمانی
حوکمەتی و پەرلەمانییان هەبێ، بەڵکو ئەبێ ململانێی یەکتری بکەن. ئەگەر یەکێکیان
لە حوکمەتا بو، ئەبێ ئەوی کەیان ئۆپۆزسیۆن بێ.
چونکە هاوپەیمانی، چ حوکمەتی و چ پەرلەمانی یان هەردوکیان پێکەوە، لە نێوان
ئەو هێزانەدا ئەکرێ کە دیدگا و پرۆگرامی سیاسی و ستارتیجیان لێک نزیکن.
بۆ نمونە:
# بزوتنەوەی گۆڕان:
دژی گەندەڵییە، زەرەمەندی گەندەڵییە، دەستی لە
سەرهەڵدان و پەرەپێدانی گەندەڵیا نیە. هەوڵەدا بە ناوی چاکسازییەوە لە ناو
حوکمەتا گەندەڵی نە هێڵێ یان سنوری بۆ دابنێ.
# بەڵام پارتی:
لەگەڵ گەندەڵییە، سودمەندی یەکەمی گەندەڵی و داینەمۆی
بەرهەمهێنانی گەندەڵییە. بە هەمو توانای هەوڵەدا زەلکاوی گەندەڵی قوڵتر و بێبنتر
بکا، چونکە گەندەڵی تەمەنی هەژمونی درێژ ئەکاتەوە.
ئەم دو سەرە چۆن لە مەنجەڵێکا پێکەوە ئە کوڵێن؟
سەبارەت بە لەناوبردنی گەندەڵی، باوکی سەنگاپۆرا، لی کوان یو، کە بە
تاقیکردنەوە پێی گەیشت، ئەڵێ: "گەندەڵی وەکو پلیکانە وایە، بۆ ئەوەی پاکی
کەیتەوە، ئەبێ لە لوتکەوە گسکی بدەی بۆ خوارەوە".
کەواتە بزوتنەوەی گۆڕان چۆن ئەتوانێ بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتی بۆ
چاکسازی، بەڵێنەکانی بێنێتە دی؟
ئاخۆ گۆڕان ئەتوانێ بە گسکەکەی لی کوان یو، سەرەزلە
گەندەڵەکانی سیستمی ئۆلیگارشیی کوردستان بماڵێ و ماڵی کوردیان لێ پاک بکاتەوە؟
بە دڵنیایییەوە نە خێر.
تەجروبەی ساڵ و نیوی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە ناو حوکمەتەکەی مەسرور
بەرزانیا، تەئکید لەوە ئەکاتەوە کە، بزوتنەوەی گۆڕان ملی رێگەیەکی هەڵەی گرتوە.
پەندێک ئەڵێ:
"رێگەی هەڵە هەرگیز نات گەیەنێ بە ئامانجی راست".