ماوەیەكە بیر لە كۆمەڵگای كوردی دەكەمەوە، ئەو كۆمەڵگایە بەرەو شێتبوون مل دەنێت، بەڵام ئەم شێتبوونە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی كە مسعود محەمەد لە كتێبی (المجتمع البشری لماذا یشبه مستشفى المجانين؟ بۆچی كۆمەڵگای مرۆیی بە شێتخانە دەچێت؟).
مسعود محەمەد شێتایەتی كۆمەڵگای مرۆیی بۆ بیروباوەڕی كۆمۆنیستی و نەتەوە پەروەری و بیروباوەڕداری ئایینی و تا دەگاتە هەموو ئەو راپەڕین و شۆڕشانەی كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەرپا كراون و بە ملیۆنان شەهید لەو پێناوەدا دراوە، دەگەڕێنێتەوە. بەڵام من تەواو پێچەوانەم لەگەڵ مسعود محەمەد، ئەو جیاوازی و پێچەوانە بوونەم بۆ كاتێكی دیكە هەڵدەگرم، كە رەنگە بە وردی قسەی لەسەر بكەم.
ئەوەی لێرە مەبەستمە كۆمەڵگای كوردی بەرەو شێتبوون یان بەرەو خەڵەفاوییەكی خێرا دەڕوات، ئەویش بەهۆی:
1- خۆراكی ئێكسپایەرو ماوە بەسەر چوو، كە دەبێتە مادەیەكی ژەهراوی بۆ جەستەی مرۆڤ...
2- خەمۆكی، بەپێی زانستی بایۆلۆژی بەتایبەت دەروونزانی گەشەو فسیۆلۆژی و ...هتد چەندی خەمت زیاتر بێت خانەكانی مێشك زووترو زیاتر دەمرن، كۆمەڵگای كوردیش بەهۆی ئازارەكانی ژیانەوە كۆمەڵگایەكی خەمۆكە. بۆیە زوو تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەبێت. لە رۆژئاوا مرۆڤ دەگاتە تەمەنی (90) ساڵیش تووشی لەبیرچوونەوە نابێت، بەلام لەم هەرێمە تەمەن گەیشتە (50) ساڵی، ئیتر دەرگای نەخۆشی لەبیرچوونەوە رووت تێدەكات و وێرانت دەكات.
ئەم دۆخە وا بڕوات، كۆمەڵگای كوردی دوای ماوەیەكی دیكە دەبینی هەر كەسێك تەمەنی لە (50) بەسەرەوەیە تووشی لەبیرچوونەوە بووە. ئیتر وەك چۆن جاران لە بن دیواری مزگەوتەكان خەڵك خەریكی یاری دامە كردن بوون، دۆخەكە دەگۆڕێت، دەبینی لە بن هەر باڵەخانەیەك كۆمەڵێك خەڵك دانیشتوون یان وەستاون، یەكێك گۆرانی دەڵێت، یەكێك هەر لە خۆیەوە پێدەكەنێت، یەكێك جل و بەرگێكی شڕو وڕی لەبەرەو پرچی خۆی ئەتك كردووە، یەكێكی دیكە حەیران دەبێژی، ئەویتر توڕەو شەڕ لەگەڵ خۆیدا دەكات و دەمی پڕ لە كەف بووە. ئەویتریان بۆ خۆی تەقڵە لێدەدات. ئەوی دیكە چۆتە سەر دیوارێك جنێو بە دارو بەردیش دەدات.یەكێكی دیكە دەستی بەگریان كردووەو فرمێسك دەبارێنێ.
خەمۆكی بۆ مرۆڤ لە چەوری خراپ ترسناكترە، بەڵام گەندەڵیش ژەهرێكە وەك مۆرانە لە كەسایەتی و ئەخلاق و لە مرۆڤبوونت دەدات. ئەوانەی دژی گەندەڵیش تێدەكۆشن، هەر تووشی لەبیرچوونەوەكە دەبن، چونكە خەمی ئەوان لە هەموان زیاترە.
كۆمەڵگای كوردی بەرەو شێتبوون و خەڵەفاوی مل دەنێ، بەڵام روون نییە كۆمەڵگایەكی تەواو خەڵەفاو دەستی پێكردووە، یان ماوەیەكی دیكەیشی پێویستە تا تەواو بخەڵەفێ. ئەگەر خوێندنەوە فریامان بكەوێ، دەنا هەموومان بەرەو شێتی مل دەنێین.