قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ كه‌ی كۆتایی دێت؟
د. محه‌مه‌د عه‌لی یاسین
2020-03-24   1191
له بەیانی ژمارە 22ـی 22ـی ئاداری 2020، سه‌ره‌ڕای درێژكردنه‌وه‌ی راگرتنی هاتوچوو تا سه‌ره‌تای مانگی نیسان، دوو خاڵی دیكه‌ی بڕیاره‌كان ئەوه بوون که هەر دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی کارەبا و کشتوکاڵ له پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی کوردستان له ژووری ئۆپەراسیۆنه‌كان وه‌كو ئه‌ندام زیاد بكرێن. ئه‌مه ئاماژه‌یێكی باشه و جێی دڵخۆشیه. به‌و مانایه دێت كه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات خه‌ریكه فێر ده‌بین، چونكه ئیداره‌دانی قه‌یران بۆ خۆی زانستێكه كه له كوردستان ئه‌وه‌نده شاره‌زاییمان تێدا نیه.
هه‌ینی رابردوو له سه‌ردانه‌كه‌ی وەزیری ناوخۆ بۆ پارێزگای دهۆک، له پرێس کۆنفرانسێكدا له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه ئایا قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ درێژ ده‌كرێته‌وه یان نا، فه‌رمووی "ئێمه له‌گه‌ڵ رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستین، ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به پێویستی بزانێت، به بێ دوودڵیه‌وه درێژ ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌رچه‌ندی پێویست بێت".
راسته كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لایه‌نێكی گرنگی ئه‌م بڕیاره‌یه، به‌ڵام به رای من له بڕیاردانی ستراتیژی دا به ته‌نیا وه‌رگرتنی رای كه‌رتی ته‌ندروستی، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ته‌ندروست نابێت. به لایه‌نی كه‌م له‌م بڕیاره‌دا به‌شداربوونی پسپۆڕ و شارەزایانی بواری دیكه‌ی ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵ، بازرگانی، گەشتیاری، كارناسی، كۆمه‌ڵناسی، به‌ڕێوه‌بردن و سرووشتناسی قه‌یرانه‌كان و زۆرێكی دیكه‌ش زۆر گرنگه.
ئەگەر به ته‌نیا بڕیاره‌كه به ده‌ست كه‌رتی ته‌ندروستییه‌وه بێت، به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی له‌سه‌ر توانای لۆجیستیك، سه‌رچاوه مرۆییه‌كان و توانا زانستییه‌كانی ئه‌م كه‌رته‌دا به‌رده‌سته، توانای ئه‌وه‌یان نییه كه به‌رگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رفراوانی ئه‌م نه‌خۆشیه گشتگیره (pandemic) بگرن و باشترین بژارده، به‌رده‌وامی قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆیه، ئه‌گه‌ر بكرێت تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی كه ئه‌م ڤایرۆسه له‌ناو ده‌چێت، چونكه ئه‌مه ده‌بێته هۆی پاشخستنی قه‌یرانه‌كه. به‌ڵام ئایا پاشخستنی قه‌یرانه‌كه، به مانای چاره‌كردنی دێت؟ ئایا ئه‌م پاشخستنه بۆ ئه‌وه‌یه كه كاتی پێویست به كه‌رتی ته‌ندروستی بدرێت كه خۆیان ئاماده بكه‌ن بۆ به‌رگه‌گرتنی ئه‌م نه‌خۆشیه گشتگیره؟ بۆ نموونه له كاتێكی پێوانه‌یی دا نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تمه‌ند دروست بكه‌ن، كیت و پێداویستیی كارمه‌ندان دابین بكه‌ن و بۆ نموونه، وانه‌یه‌ك له ووهان وه‌ربگرن؟
داخستن و رێگه‌گرتن وه‌كو ستراتیژیێكی درێژخایه‌ن؟
له درێژماوه‌دا، ستراتیژی قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ ناتوانێت به‌رده‌وام بێت و له هه‌ردوو حاڵه‌تی ئابووریی به‌هێز و لاوازیشدا، بهردهوامیهكهی ئه‌سته‌مه. بڕیاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان شانازی به‌وه ده‌كه‌ن كه پێش زۆرێك له وڵاتانی جیهان مێتۆدی داخستن رێگه‌گرتنیان گرتووه‌ته‌به‌ر و بڕیاری تووندیان بۆ را‌گرتن و داخستنی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری كه‌رته‌كان ده‌رخستووه. ئه‌مه له لایه‌كه‌وه ده‌كرێت جێی شانازییان بێت، به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه لاوازیێكی دیاری ئه‌م هه‌رێمه‌یه كه بنكه‌یه‌كی ئابووری سه‌ربه‌خۆی ناوخۆی وای نییه كه پشتی پێببه‌ستێت و به راگرتنی گشت كه‌رت و دامودهزگەیێك، هێشتا سه‌رچاوه‌ی داهات هه‌ر یه‌ك سه‌رچاوه‌یه و شتومه‌ك، و ماده خۆراكییه‌كان و گشت بهروبومێك هه‌ر له ده‌ره‌وه هاوه‌رده ده‌كرێت. ئه‌مه له وڵاتێكی نۆرماڵدا ئه‌سته‌مه، چونكه رێژه‌یه‌كی زۆری به‌روبووم و كه‌رسته و پێداویستیه‌كان له وڵاتێكی نۆرماڵ دا، به‌رهه‌می پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و كارگه ناوخۆییه‌كانیانه. بۆیه، به‌راوردكردنه‌كه زۆر دروست نییه، به‌ڵام سه‌رەڕای ئه‌مه، له درێژماوه‌دا هه‌رێمیش به‌رگه‌ی ناگرێت.
ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی دانیشتووانی هه‌رێم كار و كه‌سابه‌ت ده‌كه‌ن و بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر كاری رۆژانه‌یانه و به‌م داخستن و رێگه‌گرتنه فشارێكی گه‌وره كه‌وتووه‌ته سه‌ر شانیان له كاتێكدا كه هیچ بیمه یان سیسته‌مێكی گه‌ره‌نتیكراو بۆ قه‌ره‌بوو كردنیان نییه. بۆیه، بڕیاری را‌گرتن و داخستن بۆ درێژماوه، له‌وانه‌یه بۆ خۆی ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێكی دیكه كه هاوشانی قه‌یرانی ڤایرۆسه‌كه بێت. لێره‌دا حكومه‌تی هه‌رێم و گشت حكومه‌ته‌كانی دونیا باشتره بیر له‌وه بكه‌نەوە كه چۆن رێگەیێكی ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه بدۆزنه‌وه. باشتر ده‌بێت كه ئه‌م ماوه‌یه‌ی را‌گرتن و داخستنه بۆ ئه‌وه بێت كه كاتی پێویست بۆ بیركردنه‌وه له رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆیان بڕه‌خسێت.
قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ و له‌ناوبردنی ڤایرۆس
هه‌ر له بڕیاره‌كه‌دا، قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ وه‌ك یه‌كێك له رێكاره‌كانی خۆپارێزی له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی (COVID-19) تا یه‌كه‌م رۆژی مانگی نیسانی ئه‌مساڵ درێژ كرایه‌وه. پرسیار لێره‌دایه كه ئایا كاریگه‌ری قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ له‌سه‌ر له‌ناوبردنی ئه‌م ڤایرۆسه چییه؟ وەڵامه‌كه ئه‌مه‌یه كه ئه‌م ڤایرۆسه به قه‌ده‌خه‌كردنی هاتووچۆ له‌ناو ناچێت، به‌ڵكو ئه‌مه ته‌نیا رێگهگرتنێكی كاتییه بۆ زیاتر بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی، به‌ڵام ئێمه تا چه‌ند ده‌توانین به‌رده‌وام بین؟
هه‌واڵی ناخۆش كه له سه‌رچاوه زانستییه‌كانه‌وه دێت ئه‌وه‌یه كه تا ئه‌و كاته‌ی كه ئه‌م ڤایرۆسه ئه‌كتیڤ بێت و له‌ناو نه‌چێت، یه‌كسه‌ر پاش كۆتاییهاتنی رێگرتن و داخستنه‌كان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه بڵاوببێته‌وه و بگاته لووتكه. كه‌واته تاوەکو ئه‌م ڤایرۆسه له هه‌ر كه‌نارێكی دونیادا هه‌بێت، مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌یه. ئایا رێگەیێك بۆ ده‌رچون له‌م قه‌یرانه هه‌یه؟ ئه‌م چوار بژارده‌یه ده‌كرێت بۆ داڕشتنی ستراتیژیێكی درێژخایه‌ن گفتوگۆ بكرێت:
دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین
دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین به‌رگریی پێویست بۆ تاكه‌كه‌سان دروستده‌كات كه له‌كاتی به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گەڵ ڤایرۆسه‌كه‌دا، سیسته‌می به‌رگرییان ئه‌و هێزه‌ی هه‌بێت كه نه‌خۆش نه‌كه‌ون. تاوەکو ئێستا چه‌ند هه‌وڵێك هه‌ن و له ئه‌مریكا یه‌كه‌م تێستی ڤاكسینه‌كه ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام له باشترین ئه‌نجامدا، ئاماده‌بوونی ڤاكسینێك بۆ ته‌واوی جیهان ماوه‌یه‌ك له‌نێوان 12 تا 18 مانگی پێویسته. بۆیه‌ش چاوه‌ڕوانی ڤایرۆسه‌كه باشترین بڕیاری ستراتیژی نییه. ئه‌ڵتێرناتیڤی كلۆرۆكوین و ئه‌زیپرۆمایسین، كه بڕیاره كۆمپانیایێك له كوردستانیش ئاماده‌ی بكات، به پێی رای شاره‌زایان، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو نه‌خۆشێك كاریگه‌ر نییه و بۆ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كه‌یسه‌كان مه‌ترسیداریشه.
په‌یدابوونی به‌رگریی گشتی (Herd Immunity)
كاتێك كه زۆرتر و زۆرتر خه‌ڵك تووش ده‌بن و رێژهكە 60% تێپەڕ ده‌كات، حاڵەتهكه به په‌یدابوونی به‌رگریی گشتی (Herd Immunity) ناوده‌برێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا كۆمه‌ڵگە بۆ خۆی بهرگریێكی سرووشتی په‌یدا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ریسكێكی گه‌وره‌یه، چونكه هه‌روه‌ك دیارە لاوازییه‌كانی به‌رگری له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا له تووشبوون به‌و ڤایرۆسه دیارن. بۆیه ئه‌مه‌ش بژارده‌یه‌كی باش نییه.
گۆڕینی ستایلی ژیان به به‌رده‌وامی
دۆزینه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان و به‌دواداچوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كۆنتاكت و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ تووشبووه‌كاندا هه‌بووه (Transmission Control)، له ئێستادا له‌وانه‌یه مومكین بێت، به‌ڵام له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رفراواندا، ئه‌م رێكاره ناكرێت. زیادكردنی دراماتیكی ژماره‌ی ته‌ختی فریاگوزاری (ICU Beds) و به‌رده‌وامی له سهرخۆپارێزی و به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و دەوروبهردا له‌وانه‌یه ئامادهكاریێكی باش بێت.
هه‌روه‌كو بڕیاربه‌ده‌ستانی كوردستان ده‌ڵێن، كه ئه‌وان "بڕیارێكی مه‌سئولانه‌یان داوه و ته‌حه‌مولی مهسئولیهتیش ده‌كه‌ن، ئه‌وان ته‌ندروستیی خه‌ڵكیان له جیاتی زیادكردنی داهات هه‌ڵبژاردووه"، هیوادارین بیر له‌وه‌شدا بكه‌نه‌وه كه داهات زیادكردنی حكومه‌تێك له داهات به ده‌ستهێنانی خێزانێكی كاسبكار جیاوازه.