دینێک لە فرۆشتندا

ڕێبوار ڕەشید
  2024-12-03     355

گۆڕانکاریی کۆنەپەرستانەی سی ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و گەڕانەوەی بۆ دواوە هۆی سیاسییان لە پشتەوەیە. یەکێک لە گرنگترین لەو هۆیانە پرسی دینە. لە هەناوی ئاینی ئیسلامەوە جۆرگەلێک لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لەم دەڤەرە دروست کراون کە لە هەر شتێک بچن لە دینێک ناچن.

مێژووی ئایین زۆر تازەترە لە مێژووی مرۆڤ. ئایین بەرهەمی دەیان هەزار ساڵ پاش پێشکەوتنی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێک کە بتوانێت بدوێت و بیر بکاتەوە و هەستی خۆی دەرببڕێت. لە سەرەتادا ترس لە بورکان و ئاگرکەوتنەوە و تاریکیی و چڕیی دارستانەکان و قووڵیی و فراوانیی دەریاکان و پانتایی ئاسمان و ئەو شتانەی دیکە مرۆڤی ترساندووە و خستوویەتیە گومان و ڕازەوە. مرۆڤ زۆر پێش ئەوەی بتوانێت بدوێت و بپرسێت و بیر بکاتەوە، هەستی بە ترس کردوە کاتێک بینیوویەتی لە بەراورد بە دیاردە و کارەساتەکانی سرووشت و ئاژەڵانی کێویی و گۆڕانی وەرزەکاندا خۆی بوونەوەرێکی بەستەزمان و بچووکە.

بە پێی زانست ئێمە دەزانین مرۆڤی ئەمڕۆ گەشەی هۆمۆ سەیپیانزە و لە کیشوەری ئەفریقاوە سەرچاوە دەگرێت و کە پاشان بە جیهانی ئەمڕۆدا بڵاوبوونەتەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوە و نیشتەجیبووندا کولتوور و نەریت و زمان و هتد پەیدابوون و گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە.

بە چاوخشاندێکی زۆر سەرپێیی کە هیچ ماندووبوونێکی ناوێت بۆمان دەردەکەوێت دینەکان یەکێک لەو لایەنانەی مرۆڤن کە پاش چەندین هەزار ساڵ  لە هەبوونی مرۆڤ پەیدابوون و زیاتر پێوەندییان بە جوگرافیا و سرووشتی شوێن و کاتەوە هەیە.

مرۆڤێک لە بەشە هیندوسەکەی هیندوستان لە دایک بێت ئەوا هەر لە دایکەوە دینەکەی هیندوسە و خودا مەزنەکەی براهمایە و لەوێشەوە  هەندێک خودای دیکەی وەکو شیڤا و هاوسەرەکەی پەرەڤاتی و کوڕەکانی گانیشا و کارتیکەیا و چەندینی تر هەن. یاخود بودیست یان جانیست یان هەر شتێکی تر بێت. خۆئەگەر لە چین لە دایک بێت ئەگەر بودیست نەبێت کۆنفۆشیانیستە و ئەگەر نا ئەوا تائویستە و بێگومان وەکو هەموو مرۆڤێکی تر دەتوانن باوەڕیان بە هیچ لەم دینانە نەبێت و ئەتێئیست یا ئەگنۆتیست بن یان هەر هیچ بە لایانەوە گرنگ نەبێت. ئەگەر هەمان مرۆڤ لە دونیای مەسیحدا لە دایک بێت جۆرەکانی مەسیحیی دەبێت و لە جیهانی جوولەکەدا بە یەهودی لە دایک دەبێت. ئەو مرۆڤەی لە سەردەم و لە جوگرافیای فینیقیدا ژیابێت ئایینەکەی باڵت بووە کە خودای خۆر و زریان بووە و لە سەردەمی میترادا میترایی و لە سەردەمی زەردەشتییدا زەردەشتیی بووە و بەو شێوەیە.

مرۆڤ پێش داگیرکاریەکانی کریستیانیزم (مەسیحیەت) لە ناو جوگرافیای سکاندیناڤیا باوەڕی بە خوداوەندی ئاسا بووە. خوداوەندەکانی تر وەکو تور و ئۆدێن و فرەی و فرەیا و هتد هەبوون. باوەڕداران لە ژێر فشار و هەڕەشە و گوڕەشەی زۆردا ناچار کراون ببن بە عیسایی. زۆر لە ئایینەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی داگیرکردنەکانەوە بچووک بوونەتەوە یان بوون بە بۆنەیەکی کولتوریی یاخود هەر نەماون. ئاینێک هەمیشە بووە بە ئاینی ئەو ناوچە جوگرافیایەی کە تێیدا بڵاو بووەتەوە.

لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا ئاینێک بووە بە ئایینی فەرمیی دەوڵەت. ئەمە لە مێژوودا نموونەی زۆرە. کریستیانیزم لە ماوەی سێ (300) سەد ساڵدا دینێکی تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەو کاتەدا کە بوو بە ئایینی ڕۆما و بوو بە ئایینی دەسەڵات. پاشان بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا کە بە هۆی جیاواز پێیان دەگوترێت "شارستانیی" وەکو ئوروپا و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی تر ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا کراوەتەوە. بەو شێوەیە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بەرامبەر بە هاومرۆڤ و خاک و یاسا و کار و ئەرک و ماف و لەبەرچاوگرتنی یاسانەنووسراوەکان لە دۆخێکدایە کە پێوەندیی بە مرۆڤ و خوداکەیەوە نییە. هیندوسێک و موسڵمانێک و کریستیانێک و جوویەک و ئەتائیستێک و ئەگنۆتیستێک و یەکێکی تر کە بتێک بپەرستێت، جا ژن بێت یان پیاو یان نێرەموکێک یاخود ڕەشپێست یان سپیپێست یان سەر بە هەر ئەتنیکێک بێت لە بەردەم یاسا و ڕێسا و دادگا و خوێندنگا و نەخۆشخانە و تاد جیاوازیەکیان نییە.

خەڵکی هەموو ناوچەیەکی ئەم گۆی زەمینە بانگەشەی باشترین و میهرەبانترین و گەورەترین و بەدەسەڵاتدارترین بۆ خودا و ئاینیی خۆیان دەکەن. تەنانەت ئایینە بچووکەکانیش خۆیان بە باشترینەکان دادەنێن. هەموو ئەم خوداوەندانەی جیهان کە بە هەزارانن بە شێوەی جیاواز داوای گوێڕایەڵیی دەکەن و بە تۆڵەسەندنەوەی توند هەڕەشە لە سەرپێچییکاران دەکەن.

مرۆڤی ئەمڕۆ لە جیهاندا کە بەرەو ٨ ملیارد دەچێت نزیک لە چوار (4) هەزار دین و خودای بە ناوی جیاوازەوە هەیە. هەر یەکێک لە ئەمانە خودای خۆیان بە گەورەترین و بەهێزترین و دەسەڵاتدارترین و میهرەبانترین دادەنێت و هاوکات کاتێک پێویست بکات بە توندترین و تۆڵەستێندترین خود دەیناسێنن. هیچ کەس و لایەنێک خودای خۆی بە کەمتر و بێهێزتر و لاوازتر لە هیچ خودایەکی دیکە دانانێت و تا ئەمڕۆش شەڕی بچووک و گەورە لە سەر ئەم بێنەوبەرەیە لێرەولەوێ ڕوو دەدەن. هەموو ئەمانە بە کۆمەڵێک هەڵبەستراوە و پێداگرتن باسی گەورەیی خودا و پەیامنێر و نووسراوەی خۆیان دەکەن. ئەگەر تا ڕادەیەک یاسای نێوخۆیی یان نێودەوڵەتیی نەبێت ئەوا زۆرینەی ئەم دینانە پاوانی یەکتر دەبەزێنن و هەڵ دەکوتنە سەر یەکتر و کۆمەڵکوژیی گەورە ئەنجام دەدەن. میهرەبانیی دین و گەورەیی و بەخشندەیی خوداکانیان ئەوەندە بڕناکات کە یەکتری بە هەرچی خراپەکارییە تاوانبار نەکەن. ئەمە لە مێژوودا سەلمێندراوە.

ئیسلامیش وەکو ئایینێک لە جیهانی خۆیدا  خودا و کتێب و پێغەمەری خۆی بە گەورەترین و باشترین و چاکترین  دادەنێت. ئەمە کە خەسڵەتی هەموو ئایینێکە تا ئێرە ئاساییە.

لە ناو هەموو ئەم دینانەی سەر زەمیندا کە هەن و ژمارەیان بە هەزارانە، ئایینی ئیسلام لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین دینەکانە و بە پێی ئەو لێکدانەوانەی رۆژانە لە دەمی ئەوانەی کە نوێنەرایەتی ”ئەڵڵا“ دەکەن و لێیانەوە دەبیستین،لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئیسلام هیچ پێناسە و سنوور و میچێکی نییە. ڕاستە ئاماژە بەپێنج کۆڵەکەی ئیسلام دەکرێت و ئەویش کە خۆی حەدیسێکە (گێڕانەوەیەکەو هیچیتر!)، بەڵام هەر سەدان و بگرە هەزاران تەفسیریی جیاواز بۆ قورئان و حەدیسەکان و کردە ڕۆژانەییەکان دەکرێت، و هاوکات هاواریش دەکرێت کە ”ئێمە هەموو موسڵمانین“.

لە ڕاستییدا لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها ”ئەڵڵا” خاڵی هاوبەشە، دەنا تەنانەت خودی پێغەمبەر و حەدیسەکان کە دەگوترێت هی ئەون یان کەسایەتیی نزیکی پێغەمبەرن نابن بە خاڵی هاوبەش.

ئیسلام ئایینێکە هێندەی ژمارەی لایەنگرانی خۆی جۆری هەیە. هەر موسڵمانە و دەتوانێت بە ئارەزووی دڵی خۆی پێناسەی موسڵمانبوونەکەی و ئیسلام بکات.

هیچ یەکێک لەم دینانەی سەر زەوی ئەگەرچی هەندێکیان راستەوخۆ خۆیان بە ئاسمانیی دادەنێن و یەکتاپەرستن و هی دیکەش وەکو هیندویزم یەکتاپەرست بەڵام ئاسمانیی نییە، وەکو ئیسلام خۆی بە کۆتا دین و بە هەرە ڕاستترین دانانێت و نەهی و نەفی لەوانی تر ناکات. لە ناو ئەم چەند هەزار دینەی سەر زەمیندا تەنها ئیسلامە کە بە داری زۆرێ خۆی بە سەر تاکەکەسدا دەسەپێنێت و خۆی بە دوا دین دا دەنێت لەو مانایەدا کە ئیتر هەرچی هەیە پووچەڵ دەبنەوە.

ئایینی یەهودی کە بناخەی کریستیانیزم و ئیسلامە و یەکتاپەرستە، بەڵام دروست بە پێچەوانەی ئیسلامەوە ئایینێکی فراوانخواز و پەرەستێنخواز و پاوانخواز نییە. ئەم جیاوازییە زۆر گەورە و بنەڕەتییە. مرۆڤێک ئەگەر بیەوێت و سەدان جاریش  داوا بکات بە یەهودی قبوڵ ناکرێت. هیندویزمیش بە هەمان شێوەیە. کریستیانیزمی ئەمڕۆش هەر وایە و لە زۆربەی ئایینیەکانی دیکەدا دەبێت خۆت بە دڵخوازی خۆت داوا بکەیت و کەسیش چاوەدێریت بۆ پێڕەوکردن و پیادەکردن ناکات.

ئیسلام سەر دیوار و بندیوار و چواردەور لە مرۆڤ دەگرێت و جارێک بە شایەتومانی سەر غەرغەرەی مەرگیش ڕازیە و جارێک بە سەربەرزییەوە شایەتومانی ژێر چەقۆ و کێردیش وەردەگرێت. جارێک بە قسەی مەلاکان هەر کەسێک نوێژ نەکات هەرگیز بەهەشت نابینێت و جارێک تەنیا خودا خۆی لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیار دەدات و تەنانەت باسی دوا مرۆڤیش دەکرێت کە لە دۆزەخەوە بۆ بەهەشت دەنێردرێت. تاوانبارانی دز و تاڵانچی و بکوژ و ببڕ حەواڵەی خودا دەکرێن، بەڵام خودا دەتوانێت هەر هەموویان یان ئەوانەی دەیەوێت ببەخشێت بێ گوێدان بەو کەسانەی لە سەر زەوی زیانیان پێ گەیشتووە یان "ناچن بۆ ناو بەهەشت تا وشتر بە کونەدەرزیدا تێپەڕ نەبێت/ ولا یدخلون الجنە حتی یلج الجمل فی سم الخیاط". هاوکاتیش نوێژێکی لەیلەتوقەدر یان حەجێک و عەمرەیەک دەتوانێت هەموو گوناهەکان بسڕێتەوە و بەو شێوەیە.

چوون بۆ بەهەشت چەندیش ئاسان یان زەحمەت بێت ئەوا بە پێچەوانەی ئایینەکانی ترەوە ئیسلام بە قامچی دوات دەکەوێت تا بتکات بە موسڵمان و لە بەر خاتری خۆشت دەیکات. لەبەرئەوە نا کە خودا پێویستی بە بوونی تۆ وەک موسڵمانێک هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی خودا لێت ڕازی بێت و بچیت بۆ بەهەشت و خۆشت لێ بگوزەرێت.

لە ئەگەری بەموسڵمان نەبووندا بە کافر و مولحید و هتد جوێنبارانت دەکەن و بێ لە ئەوەی لە سەر زەوی بە شێوەی جیاواز هەڕەشەت لێ دەکەن ئەوا بە سووتاندنی هەتاهەتایی و شەق و تێهەڵدان و سووکایەتییپێکردنی ئەو دنیا (قیامەت/ زیندووبوونەوە) بۆت تەواو دەکەن. هەندێکیان هیندە دەڕۆن دەڵێن کە خودی ئەڵلا شەقشەقێنت پێ دەکات. دوا بڕیار و لێبووردەیی و بەخشینەکانی خودا بە ئاسانیی لە بیر دەکرێن.

نوێنەرانی ئەم ئایینە بە دەیان حەدیسیان  هەیە کە هەر کەس لە سەر دین و باوەڕی خۆی دەبێت با ببێت. لە هەمانکاتدا  بە دەیان حەدیسیشیان لە سەر ئەوە هەیە کە نوێژنەکەر کافرە و تەنانەت ئەوانەی هاوڕێیەتیی نوێژنەکەر دەکەن کافرن و هاوسەرەکانیشیان پێیان حەرامە و تەنیا چارەسەر بۆ ئەوەی بە کافری نەمرن ئەویە کە لێیان جیاببنەوە... بەو شێوەیە.

ئەم نموونە خۆدژگۆیانە/ کۆنترادیکتانە (تناقض) هەموویان دەتوانن ڕاست بن و هەمووشیان دەتوانن هەڵە بن. بە پێی دەسەڵات و کات و شوێن و بەرژەوەندیی لایەنەکان و کەسانی دووچار مەبەستی سەرەکیی سەرئەنجامەکان دەگۆڕدرێن. لە ئەم نوێنەرایەتیەدا ئامانج ڕێبازەکان پیرۆز دەکات و ئامانجیش هەمیشە بردنەوەیە لە ئەو کەسەی دژبەرە. کێشە لە سەر هێلکەی کەڵەشێرێک کە چۆن دابەش بکرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر سێ کەس خۆیان بکەن بە خاوەنی، سەدان مەلا بە حەدیسی جیاواز و ئایەتی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازەوە ئەو هێلکەیە بە یەکێک لەو سێ کەسە ڕەوا دەبینن و ئەو ڕاستییەی کە کەڵەشێر هێلکە ناکات هەرگیز نابێت بە باس.

لە دیدێکی ترەوە کاتێک لە جوگرافیای دونیای ئیسلام دەڕووانین دەبینین دەسەڵاتدارانی لەم سەر بۆ ئەو سەری ئەم دونیای ئیسلامە لە سەر گەل و نیشتیمانی خۆیان تۆتالیتار و دیکتاتۆر و تاڵانچین. لە کۆماری ئیسلامیی مۆریتانیاوە کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهانە و هەروەها یەکێکیش لە وڵاتە هەژارە خراپەکانە کە تەنانەت کۆیلەشی تیادا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت بە ناو هەموو باکووری ئەفریقا (تونسی لێ دەربچێت) بەرەو قووڵاییەکانی دونیای ئیسلامدا تا دەگاتە بەنگلادیش خەسڵەتە تایبەتییەکانیان کە بووە بە ناسنامەیان، بریتیین لە فەسادی ئەخلاقیی و کوشتن و بڕین و ستەمی میللی و چینایەتیی و جێندەریی و تاد، رێزنەگرتن لە پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە و لە مرۆڤگەلی لێقەوماو و پەناهێندە و بیانیی، عەشیرەتگەریی و تایەفەگەریی و چەوساندنەوەی ژنان وەکو ئاڵوگۆڕ بە ژنان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی و تاوانکاریی، منداڵ بە شوودان و بە زۆر بە شوودان و خەتەنەکردنی بنەڕەتیی و تاد. هەموو ئەمانە لە دایک و باوکەوە و بە ناسنامەی باری کەسیەتیی موسڵمانن. موسڵمانبوونەکە بۆ دەوڵەت هێندە گرینگە کە تەنانەت لە سەر ناسنامەکانیشیان دەنووسرێت. ناموسڵمانبوونەکەیش بە هەمان شێوە گرینگە چونکە مرۆڤی هاووڵاتیی بۆی نییە بێ وەڵام بێت و حەتمەن دەبێت دینێک هەڵبژێرێت کە ئەگەرچی ڕەنگە ببێت بە مایەی هەڵاواردن و شاربەدەرکردن یان تەنانەت کوشتنیش.

هەر بۆ نموونە لە سەرهەڵدانی داعیشدا ئەوە بەس بوو کە مرۆڤێکی موسڵمان سەر بە دینی شیعە بێت بۆ ئەوەی هەر لە جێی خۆیدا سەر ببڕدرێت. کەسانێک هەن تا ئێستایش شیعە و سوننە وەکو دوو مەزهەبی هەمان دین دەبینن، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەی لە نێوان سوننە و شیعەدا هەن بەڵگەن بۆ ئەوەی دوو مەزهەبی هەمان  دین نیین، بەڵکو دوو دینی سەربەخۆن. کێشەکە لەوەدایە کە هیچیان بەرۆکی ئەوی تریان بەرنادات و واز ناهێنێت تا خودا ئەو بڕیارە بدات. نەخێر، شەڕەکە لە پێشدا زۆر پێش ئەوەی بگاتە بەر قاپی خودا، دەبێت ببردرێتەوە.

کاتێک دەبێت بە باسی ئیسلام ئەوا بێگومان دەگوترێت کە خودی ئایینەکە پاکە و بێگەردە و ئەوە موسڵمانە کە ناتوانێت موسڵمانێکی ڕاست بێت و کەسیش نازانێت موسڵمانبوونی ڕاست کامەیە و چۆنە. کاتێک دێتە سەر موسڵمان ئەوا هەر موسڵمانێک ئەوی تر بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو موسڵمانی ڕاستەقینە نییە. ئەمە تاوانبارکردنێکی زنجیرەیی سیستەماتیکی دونیای ئیسلامە. نەک هەر تاکەکەسی گشتیی موسڵمان بەڵکو بە سەدان و هەزاران مەلا یەکتر بە موسڵمانی ناڕاستەقینە تاوانبار دەکەن. هەروەها چەندین ڕێبازی فەرمییش هەیە کە بە هەمان شێوە یەکتر دەناسێنن.

لە هەموو دونیای شارستانیدا کە دەگاتە نزیکەی ملیاردونیوێک مرۆڤ هێندەی شارۆچکەیەکی جیهانی موسڵمان، بۆ نموونە شارۆچکەیەکی کوردستان، نە بە درۆ سوێند بە خودای خۆیان دەخۆن، نە خۆیان ناچار بە درۆکردنی رۆژانە دەکەن، نە ڕێگای جوێندان و دەمپیسیی دەگرنە بەر، نە بوختان و قسە بۆ یەکتر و بۆ بێتاوانان هەڵ دەبەستن، نە ناپاکیی بەرامبەر هاووڵاتیی و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، نە دزیی لە موڵکی گشتیی دەکەن و نە بێڕێزیی بەرامبەر بە یەک و بە ژینگە و بە سرووشت دەکەن و نە بەتایبەتییش پەلاماری خوشک و دایک و ژنی یەکتری دەدەن. ئەمانە چەند تایپەندییەکی دونیای ئیسلامە.

ئیسلام لە درێژخایانی خۆیدا کراوە بە دامەزراوەیەکی بازرگانیی گەورە و ئاڵۆز، واتە ئینتەرپرایزێک. لەو دامەزراوەیەدا هەیکەلێکی ڕێکخستنی بەرچاو هەیە کە لە "خادم الحرمین الشریفین" ـەوە دەست پێ دەکات، واتە کلیلدار یان خزمەتکاری ماڵی خودا لە مەککە و ماڵی پێغەمبەر لە مەدینە کە بە نەریت مەلیکی ئالسعودن، هەتا دەگاتە مجێورێکی مزگەوتێکی بچکۆلەی هەر شوێنێکی ئەم دونیای ئیسلامە. لەم دامەزراوەیەدا کە پاشا و بنەماڵەی ئالسعود نوێنەرایەتیی دەکەن بە هەزاران شێخ و سەید و موفتی و  بە سەدان هەزار مەلا و فەقێ و مجێوەر و تاد هەن. هەموو ئەمانە بە شێوەی جیاواز لە پرۆسە و دەسەڵاتی سیاسییدان. لە هەندێکیاندا دەستبەسەرداگیراو و زیندانیین و لە هەندێکیشیاندا هەمەکارەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەوڵەت بە هەزارویەک بیانوو و پاساو هەم خۆی دەپارێزێت و هەم موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆی دەخاتە بەردەست، هەروەکو چۆن دژبەرە موسڵمانەکان بە هەزارویەک بیانوو و پاساو ناموسڵمانبوونی دەسەڵات و موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشنەوە. حەشاماتێکی سەدان ملوێنی ڕەشوڕووت و بەدبەختی بە ناسنامەموسڵمان، کاریگەریی بنەڕەتییان لە سەر نفوزی سیاسیی ئیسلام هەیە چونکە سوود لە ناو و ژمارەیان وەردەگیرێت. لە هەر یەکێک لە ئەمانەدا، جا گوندێکی بچووک لە وڵاتێک بگرێتەوە یان دەوڵەتێکی تایبەتیی بگرێتەوە یان یەکێک لە سوننە یان شیعە یان یەکێک لە ڕێبازەکان بگرێتەوە، دەتوانێت بە تەواویی ئیسلامێکی جیاواز بێت. بەو شێوەیە ئایینێک دروست کراوە کە سنوور و میچی بە ئارەزووی ئیمانداری خاوەن دەسەلات دەگۆڕدرێت. ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت لە چوارچێوەی گوندێکدا بێت.

 

ئیسلام لە باشووری کوردستان

ئیسلام لە باشووری کوردستان کە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ زۆر شوێنی جیهانیی ئیسلام جیاوازە بە گشتیی سێ جۆرە. جۆری یەکەم ئەو ئیسلامە نەریتییە سونەتییەیە (نەک سوننە) کە تاکەکەسێک لە نەریتی باوی باوکایەتییەوە ناسنامەیەکی ئیسلامیی هەیە و باوەڕی بە خودایەکە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا عادەتەن هەر بە "خودا" ناسراوە نەک بەتایبەتیی بە "ئەڵلا" و کە تاکەکەس بە پێی تێگەیشتن و توانا و کاریگەریی دەوروبەری بە شێوەیەک کە پێی ڕاست و دروستە موسڵمانبوونی خۆی پیادە دەکات. ئەم جۆرە موسڵمانبوونە لە کۆمەڵگای باشووردا هەتا سەرەتای دەیەکانی نەوەدی سەدەی پێشوو بەربڵاوترین لە شێوەی موسڵمانبوون بوون و پیاوانی ئایینی کە هەرە زۆرینەیان نیشتیمانپەروەرن بوون و زۆریان تێکۆشەریش بوون لە مێژووی کورددا لەم شێوەیە بوون. گرنگترین و گەورەترین خەسڵەتی ئەم شێوەیە لە ئیسلام بە شێوەکانی تەریقەتی شێخایەتیی و موسڵمانی ئاسایی ئەوەیە کە ئیسلام تا ڕادەیەکی باڵا ئاشتیخوازە و هەر کەس لەگەڵ خودای خۆیدا تەرەفە، واتە پێوەندیی خود و خودا. لەم شێوەیەدا تاکەکەسی موسڵمان دەستوەرناداتە کاروباری خەڵکی تر و تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا باوک وەکو سەرۆکی خێزان ئۆتۆنۆمیەکی شایانباس بە ئەندامانی خێزان دەدات. لەم مۆدێلەدا جلوبەرگ و شێوەی خۆڕازاندنەوە و ڕووخسار و خوێندن و هاتنوچووی گشتیی و هتد تا ڕادەیەکی شایانباس لە بازنەی ئازادیی تاکەکەسدا بووە.

هەموومان لە ڕێگای ئەو تۆمارانەوە کە سەبارەت بە جلوبەرگ و خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان و گۆرانی و هونەرەکانی ترن چ لە عێراق و چ لە کوردستان، و تەنانەت ئێران و تورکیا و ئەفغانستان و تاد، دەتوانین بگەڕیینەوە بۆ ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتاکان و ببینین کە ئەم جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی پاک زۆربایەتیی بووە و هاوکات هیچ جۆرە لە خەسڵەتێکی ئیسلامی سیاسیی بە ئەو سەردەمانەوە نییە.

ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت ئەوەندە بێ ئابڕوو بێت کە مۆری کافربوون و بێڕەووشتیی و بیئەدەبیی لە هەموو موسڵمانانی سەدەی ڕابردوو و یان ئەوانە بدات؟

لەم جۆرە موسڵمانەدا کە لایەنە ڕۆحانیەکەی دیارە تاکەکەس بەگشتیی یەک ڕووە و یەک کەسایەتیی هەیە.

جۆری دووەم موسڵمانی بازرگانە. موسڵمانی بازرگان ئەو موسڵمانەیە کە لە ڕوواڵەتدا لە موسڵمانێکی نەریتیی دەچێت، بەڵام لە ڕاستییدا کاسبی بە دینەکەوە دەکات. ئەم کاسبیە هەر لە مزگەوت دروستکردنەوە تا ئاشکراکردنی زەکات و سەرفترە و گۆشتی خێر و کڕینی بەرماڵێک و دوو مەسینە بۆ مزگەوت بە شێوەیەک دەکات کە ببینرێت و لە ئەو ڕێگایەوە مۆری پیاوچاکبوون دەکڕێت و دەیخاتە خزمەتی ئەو کاسبیەوە کە هەیەتی. لایەنە ڕۆحانییەکە لە ئەم جۆرەیاندا تەواو کاڵە و ڕوواڵەتگەرییەکە بە ئاسانیی دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە موسڵمانانە نەک هەر دووڕوون، بەڵکو چەندڕوون و لە هەر شوێنە و کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە. لەگەڵ هەر یەک لە ژن و منداڵان و دەرودراوسێ و هاوگەڕەک کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە، لە بازاڕ و مامەڵەکردن و ناو خەڵکی گشتییدا کەسایەتییەکی تر و بەو شێوەیە. جیهانی ئیسلام پڕە لەم جۆرە و بێگومان لە کوردستان بەئەژمارن. ئەم جۆرە لە مسوڵمان لە ئێستادا جێیی بە جۆری مسوڵمانی روحانیی لێژ کردووە.

جۆری سێیەم ئیسلامی سیاسییە. ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور بە تایبەتیی هەر سی (30) ساڵێک تەمەنیەتی و بە گشتیی چل (40) ساڵێکە و دروستکراوی سعودیە و پاکستان و پاشان بەتایبەتیی تورکیا و ئێرانە کە دیارە ئەوە چەند ساڵێکە بەتایبەتیی لەلایەن قەتەر و ئیستیخباراتی تورکییەوە برەوی پێ دەدرێت و دەخرێتە بازاڕاوە. ئەم جۆرە لە ئیسلام بە توندیی کەوتووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی بازرگانیی ئایینەوە و تورکیا و ئێران وەکو بەشێک لە شەڕی تایبەت دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن. لە ئەم شێوەیەدا هەموو شتێک بە دامەزراوە کراوە و کەسی موسڵمان ڕێک خراوە و بە دیسپلینێکی پۆلیسیی و لێپرسینەوە و چاودێریکردن و چاولەسەربوون بەستراوەتەوە. کەسانی ناو ئەم جۆرە لە ناو سۆشیالمیدیادا چالاکن و خراپترین لە دەمپیس و جوێنفرۆشەکانن و بە سەدان پەیجی درۆزنە و ساختە بەڕێوە دەبەن و بە دەستە هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانیان و بوختان و درۆ هەڵ دەبەستن. ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بەتایبەتیی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان کار دەکات، بەڵام بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە کوردی عەیار بیستوچوار بێت.

ئەم "ئیسلامە فوڵ مواسەفاتە کوردیە" هەر شەڕوالێک و چۆغە و جامانەیەک زیاتر لە سەریان ناکەوێت و بێگومان زووزووش باس لە کولتوری کوردیی بە شێوەی خۆیان دەکەن کە گوایا هی کوردی ڕەسەنە. ئەم جۆرە لە موسڵمان بە ئاشکرا پێوەندیی بە ئێران و تورکیاوە هەیە و لە خزمەتی بەرژەوەندیە ئاساییشیی و نەتەوەییەکانی ئەواندا کار دەکات. ئەرکی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان مەژغوڵکردنی تاکەکسی کوردە بە ناوی ئەو جۆرە لە ئیسلام کە تورکیا و ئێران لە کوردیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت کورد لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی دابماڵن، بەڵام بە شەڕواڵ و چۆغەیەکەوە بیهێڵنەوە تا بە ڕووخسار لە "کورد" بچن و بتوانن ناویان بە "کوردی موسڵمان" بێنن.

ئەم جلە کوردییە درۆزنەیە کە تا سەر ئێسک ساختەچیەتیی بازرگانییکردنە بە دینەوە بێگومان تەنیا بۆ پیاوانە دەنا ئەگەرچی جلوبەرگی نەریتی کوردیی ژنان ئاودامان و درێژ و داپۆشەرە، بەڵام ژنان دەبێت ڕوو بکەنە جبە و عەبا و سەرپۆشی تەواو و مەقنەعە و محاجەبە و قیناع. کاتێکیش جلی کوردی بپۆشن، هەر عەبا و جبە و محاجەبە و تاد بە سەردا دەدەن.

هۆی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ئیسلامی سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ برسیکردنی خەڵکی باشوور کە خەڵکانێکی سەر بە تورکیا و ئێران ئارد و نان و شتومەکی خۆراکییان لە پاش ڕاپەڕینەوە بە سەر خەڵکدا دەبەخشییەوە و وردەودە ئەم کارە مۆری ڕەووشتیی ئیسلامیی لێ درا و لە بیر کرا کێ و چ مەبەستێک لە پشتیەوەیەتی.

ڕێکخستنەکان لەگەڵ کاتدا پێشخران و دامەزراوە و کاسبی جیاواز دروست کران و هەلی کار و پارەی بندییواری خوداپەرستیی بۆ خەڵک بڕدراوەتەوە کە بێگومان بەشێکە لە شەڕی تایبەت و خەڵکی ڕەشوڕووت و بەدبەختی ئەم دەڤەرە لێی تێ ناگەن. ئەم جۆرە لە "ڕەووشتی ئیسلامیی" شۆڕ بووەوە بۆ ناو گەنجانی بێ کار و خوێندکارانی هەژار لە نزیکەی سەرانسەری باشووردا. ئیسلامیستە ڕووخسار شاردراوەکان، کە لە پشت "دەمامکی ڕەووشتی ئیسلامیی"خۆیان حەشار دەدا و ئێستایش هەر وان، تێچووی خوێندن و بڕەپارەی بەشەناوخۆییی  وەرناگرن لە قوتابییەکان، پێدانی شوێنی مانەوە و خواردنی بەلاش بوو بە هۆکاری یەکەمی ئەم ملشکاندنەی گەنجانی کورد. ڕوون و ئاشکرایە ئەو گەنجان و گەورەساڵانی دایکوباوک و چواردەوریان لە پێناو ئەو ژەمە نان و خۆراک و وردەئیمتیازانەدا بوون بە چاولەبەری ئەم ڕێکخراوانە و هەر چیەکیان پێ بگوترێت پێویستە ڕاستەوخۆ جێبەجێی یکەن و نەوێرن بڵێن نا، چونکە لە تۆڕی ڕێکخراوەکەدا دەردەکردێن کە هەم بە مانای ئەوەیە لە تۆڕە هاوبەشیەکەدا نامێنن و هەم لە ئەو ئیمتیازانەش بێ بەش دەبن. دیارە ئەوەش لە ئەولاوە بووەستێت کە مۆری هەڵگەڕاوە و ناموسڵمانبوونیشیان لێ دەدرێت. پاساوەکەش کە هەمووی بۆ "خواگیان" ـە و لە پێناوی ئیسلامدایە هەموو هەستێکی ویژدانناڕەحەتیی لای نێچیر ڕادەماڵی. کاتێک، بۆ نموونە، لەیلەتولقەدر خێری هەزار مانگی هەبێت، ئەوا خودا ئەوەندە گەورەیە کە ڕۆژی خۆی لە نیشتیمانفرۆشان و خیانەتکارانیش خۆش دەبێت، جا با گوناهەکانیان دەریایەک خوێن و ئازاریش لە سەر هاومرۆڤەکان کەوتبێت.

هەمان ئەو کارە بوو کە بەعسیەکان کاتی خۆی زیاتر لە نیوملوێن کوردیان لە ژێر ناوی "المرتزقە" دا ڕێکخستبوو. "المرتزقە" بە مانای جاش نایەت وەکو هەندێک کەس لێی تێ دەگەن، بەڵکو بە مانای "ڕزقدراو/ بژێوی دراو/ ئەو کەسەی بژیوی دابینکراوە" دێت. سەددام حوسەین بە ئەوانەی دەگوت "بژیویدراوی خۆم"، دروست بە پێچەوانەی ئەو گوتەی ئیسلامەوە کە خودا رزقی خەڵک دەدات. دووبارەکردنەوەی ئەم تاکتیکە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، ئەم جارەیان بە ناوی خودا و ئیسلامەوە زۆر ئاسان بوو. ئیتر کەس پێویستی نەدەکرد خۆی بە قەرزداری سەرۆککۆمارێک یان حیزبێک بزانێت، بەڵکو ئەم ئارد و نان و خۆراک و پارە و کارە لە خوداوە دێت. کێشەکە لە ئەوەدایە کە وردەوردە ناوی خودا دەسڕدرێتەوەو و جۆری ئیسلامییە تورکیی و ئێرانییەکە جێیگای دەگرێتەوە.

ئێستا کە کراوە بە سیستەمێکی چەسپاو کەس نایەوێت بیری لێ بکاتەوە کە ئایا لەو پرۆسەیەدا خودا چی لێ هات. گرینگ ئەوەیە ورگەکان تێر ببن و خەرجیی ڕۆژانە و مانگانە لە هەر فۆرمێکدا بێت، فەراهەم بکرێت. لە کۆتاییدا خۆ هەموو شت هەر چارەنووسی خودایە و هەر شتێک خۆی رەزامەندیی لە سەر نەبێت، نابێت.

ئەم ڕێکخستنە کە پسپۆڕانی شەڕی تایبەتیی لە پشتەوەیە، ڕۆژانە هەموو بەرنامەیان بۆ دادەندرێت و دەبێت لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوانەدا بەشداربن و کتێبی تایبەت بە ڕێبازەکەی خۆیان لەژێر ناوی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردن و لە خودانزیکبوونەوە بە بەلاش بە قوتابییەکان دەدرێت کە بەشێکی زۆریان منداڵانی كچی خوار هەژدەساڵن و لە خولی قورئان خوێندندا چالاکی وەرزشی و مەلەوانی و گەشت و گوزارییان پێدەکرێت. هەموو ئەمانە بایعی ئیسلام سیاسیین.

ئەگەر ئێران بە پێی کولتوری فارسیی فێرە کە پەلە ناکات و بە لاواندنەوە نێچیری خۆی سەر دەبڕێت و لە سەر کوشتەشی شین دەکات، ئەوا تورکەکان کە دوژمنی سەرسەختی گەلانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەن و بەتایبەتییش زۆر لە کورد تووڕەن کە وێنەی ئەرمەن و ئاسوور و یۆنانی ملیان نەداوە، بە ئاشکرا ڕێبازی ئیسلامیی تورکییان فەرز دەکرد.  بۆ نموونە لە ژێر ناوی نورسی و پەیامەکانی (نور) هەموو کۆمەڵە کتێبەکەیان بە بەلاش بڵاو دەکردەوە و بە شێوەیەکیش دەیانکرد کە دۆست و خۆشەویستی کوردن و کاریان ئەوەیە خزمەت بە کورد بکەن. ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەندە تورکی لای گەنجی کورد خۆشەویست کردووە، کە تورک کراوە بە وێنای خودا لە سەر زەوی. لە کودەتای ١٥/٦/٢٠١٦ دا کاتێک کە ئەردۆغان گوڵەنی پێ تاوانبار کرد، ئەوا ئیسلامیستەتورکچیەکانی کورد دڵیان نەدەهات نە دژی ئەردۆغان و نە دژی گوڵەن بن و کەوتبوونە داوی خۆشەویستیی یەکسەرەوە لەگەڵ تورک و لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نازونیعمەتە دەترسان کە بە پارەی ئەو دووانە لە سەری دەلەوەڕان. شایانی باسە، کاتێک کە ئەردۆغان کەوتە شەڕی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە مەکتەبەئیسلامیەکانی گوڵەن ـیان هەبوو و فەرمانی دەدا داینبخەن، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان نەک هەر هیچی نەگوت بەڵکو ڕێگای لە پێشخستن و بەردەوامیی پێوەندییەکانیش نەگرت.

دۆخە سیاسییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکە هێندە لە بارە کە لەم ساڵانەی دوواییدا ئیسلامی سیاسیی وردەوردە قاچی لێ درێژ کردووە و بە ئارەزووی خۆی خەریکی مۆرلێدانە لەوەی کێ موسڵمانی ڕاستەقینەیە و کێ کافرە و مولحیدە و خوانەناسە و تاد. بەو شێوەیە پسووڵەی موسڵمانبوون دەفرۆشنەوە و بە خیتابی هێرشبەرانەی دەمپیسانەی تاوانبارکارانە پەلامار دەدەن. ئەمە بە ناوی "ئەخلاق"ـەوە دەکەن و مەبەستیشیان لە ئەخلاق تەنها ناوگەڵە و ئەویش بێگومان ناوگەڵی ژنە. لەو هێرشەدا بەتایبەتیی موسڵمانی ئاسایی بە ئامانج دەگرن و دەیانەوێت لە رێگای تیرۆری ئایدیۆلۆژیی و تیرۆری شەخسیەوە ملکەچییان بکەن.

هێرشی بەربڵاو و تایبەتییان بە پلەی یەکەم لە سەر ژنانە و هەرچی بە دەمیاندا دێت دژ بە ژنانێک کە نایانەوێت لە ژێر عەبا و حیجابدا بن، دەیڵێن و بە بیانووی ئەوەی کە گوایا  بۆ خودای دەکەن ئەوا هەموو شتێک بە ڕەوا دەبینن. زۆرینەی ئەو مەلایانەی سووکایەتی بە ژنان دەکەن دەکەونە دۆخێکی شێتییەوە. بۆ نموون هەر هەموویان بەوە دەست پێ دەکەن کە ژنێک تەلەفۆنی بۆ کردوون، یان دەڵێن نایانەوێت ناوی بهێنن. تەنانەت هێرشی سێکسییش دەکەن بۆ سەر ئەو ژنانەی کە حەوشە دەشۆن لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارە رۆژانەییەکانی زۆرێک لە ژنانی کورد خاوێنکردنەوە و شتنی حەوشەیە. بیانووی ئەمانە هەڵکردنی کراسەکەیانە کە عادەتەن ئاودامانە. باسکردنی ژن وەکو خواردنی میوەیەکی ئاوەکیی لێ هاتووە کە مەلای ئاخێوەر لیک و ئاو و هەندێک جار بە ڕوونیی شەهوەتیش بە دەمیدا دێتە خوارەوە و دەکەوێتە قەوچەقەچ و مڵچەمڵچ و هەڵلوشین، بەتایبەتیی لە باسی بەهەشت و بە سێکسیکردنی خەسڵەتی بەهەشتدا.

لە دژایەتیکردنی ژناندا ژنان دەکرێن بە پارچەیەک گۆشتی سێکسیی. ئەو پارچە گۆشتە هەست و نەستی نییە، تووشی نەخۆشین نابێت و هیچ شوێنێکی نائێشێت، بیر لە منداڵ و برا و باوک و دایک و کەسوکار و دەراوسێ و نیشتیمانی ناکاتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی نییە و خەمی هیچ ناخوات و سەری بە هیچەوە نائێشێنێت و تەنیا و تەنیا هەر بیر لە سێکس دەکاتەوە. هەر ئەوەندە چاوت لێ خافڵ کرد پیاوێک دەخەڵەتێنێت و دەیدا بە سەر خۆیدا. ئەمە ئەو وێنایەی ژنە کە لە زۆرینەی کەلـلەسەرەکانی ناو وەزارەتی ئەوقافەوە هەتا کۆلکە مجێورەکاندا تێگەیشتنێکی نەگۆڕە. ژن مرۆڤ نییە، بەڵکو پەراسوویەکی هەڵخەڵەێندراوە و مەرامی لە خشتەبردنی پیاوە.

هاوتەریب هێرش بۆ سەر ئەدەبیات و گۆرانی و موزیک دەکەن و لە ئەم هێرشەدا بەتایبەتیی خەباتی ئازادیخوازیی بە ئامانج دەگرن. بۆ نموونە، هێرشێکی گەورەیان کردووەتە سەر سروودی "ئەی ڕەقیب" کە شیعری پایەبڵند و نەمر "دڵدار" ـە گوایا دڵدار کفری کردووە. بە ئەم شێوەیە لوتبەرزییەکی بینراویان تۆمار کردووە و ڕەقەمێکیان بە خۆیان وەکو پارێزەری دینی ئیسلام داوە.

تێکدانی شیعری "ئەی ڕەقیب" و هەوڵدان بۆ گێلکردن و گەوجکردن و گاڵتەکردن بە ئەقڵی موسڵمانی ئاسایی کورد  لە کارە  لەپێشینەو گەورەکانی ئەم ئیسلامە سیاسییەیە. ئەوەی ئەلفبێیەک لە شیعری کوردی تێ بگات (ناکرێت ئەمانە کە خۆیان بە زانا لە قەڵەم دەدەن، نەزانن!) دڵدار دەڵێت: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنی دانەری تۆپی زەمان.

دڵدار دەڵێت: دانەری تۆپی زەمان، کە خودایە، نایشکێنێ، نەک ناتوانێت بیشکێنێت و نەک بۆی ناشکێندرێ، بەڵکو "نایشکێنێ"، واتە دەست بە باڵ و بە پشتییەوە دەگرێت.

بە چەواشەبردنی خەڵکی موسڵمانی ناهۆشیاری کورد تەنها و تەنها بازرگانییەکی سیاسیی و دژایەتتیکردنی خەباتە ئازادیخوازییەکەیەتی. لە ڕێگای ئەو دەستدرێژیی کردنەوەوە  بۆ سەر دڵدار لە ڕاستییدا هێرش بۆ سەر شاعیرانی سەدەکانی ڕابردوو دەکرێت کە نزیکەی هەموویان شێخ و سەید و مەلا و فەقێ و قورئانخوێن بوون، بەڵام بازرگانی دینیی نەبوون. هەموو نیشتیمانپەروەر بوون و خزمەتیان بە زمانی کوردیی کردووە و بە رێزەوە لە ژنیان ڕووانیووە و داوایان لە لاوانی کوڕ و کچی کورد کردووە پشت لە عەشێرەتگەرایی و ناوچەچیەتیی و نەخوێندەواریی بکەن و ڕوو لە یەکیەتیی و پێشکەوتن و ئازادیخوازیی بکەن.

لە درێژخایانی ئەم دواکەوتووییەدا دکتۆر مەلا پەیدا بوون کە هەندێکیان وەک پسپۆڕی دەروونیی و هەندێکی تر وەک پسپۆڕی هەموو زانستەکان و هەندێکی تر پسپۆڕی خواردنەوەی میزی وشتر و گرتن و ڕاونانی جندۆکە و دوعای سەیروسەمەنە و جۆرەکانی نوشتە تاد. حیزبەکانیش بۆ ئەوەی لە ئەم خورافات و هاشوهوشە دوانەکەون بە ناوی ڕاوێژکاری ئایینییەوە، مەلایان دامەزراندووە کە بە گشتیی بێ دەنگن، بەڵام هەندێک جار لە دژایەتیی جۆرێک لە دەربڕینی ئیسلامی سیاسییدا نووزەنووزێکی ئیسلامیی دەکەن.

لە نێوان ئەو دەسەڵاتە نەنووسراوەی خۆیان و ئەو دەسەڵاتە لاستیکییەی کە دەسەڵاتداران بۆیان فەراهەم کردوون، دەستوەردەداتە ناو هەموو شتێکی تاکەکەس و هەموو شتێکی کۆمەڵگا. لە پرسی ژن و بەهەشت و دۆزەخەوە تا دەگاتە چۆنیەتی قن شۆرین و گەڵوگون پاککردنەوە. هاوکات کۆمەڵێک شێوەی ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەیان هەیە کە دەیانەوێت بە سەر هەموو کۆمەڵگایدا بسەپێنن گوایا ئەوە شێوە ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەی پەیامنێری ئیسلامە، وەکو شێوەی سمیڵ و ڕیش و جلوبەرگ و خواردنی خۆراک بە دەست و تاد. بۆ نموونە هەوڵ دەدەن لە یەک ژن زیاتر بهێنن و هەندێکیان بۆیان دەلوێت بیگەیەن بە چوار. هاوکات جلوبەرگیان هەمیشە تازە کە بێگومان لەگەڵ پارەی مووچەی رەسمییاندا نایەتەوە و ئوتومبێلی گرانبەها تا دەگاتە گولـلەنەبڕ و هتد کە دیارە سوننەتی پەیامنێری موسڵمانان نەبووە.

ئەمانە پلەی زانای ئایینیی یان زانای ئیسلامیی ـیان بە خۆیان بەخشیوە هەروەکو ئەوەی ئیسلام زانستێک بێت. لەبەرئەوە بە وشەی مەلا ڕازی نیین و لانی کەم نازناوی مامۆستا لە خۆیان دەنێن هەر وەک ئەوەی موسڵمانبوون جۆرێک لە پیشە بێت.

بوون بە مەلا لە ئەم دوو گرووپەی موسڵماندا باشترین کاسبی سەردەمە. مەلایەکی سەر بە گرووپی بازرگان یان ئیسلامی سیاسیی بێ ئەوەی یەک دینار بخاتە سەرمایەگوزاریی یان مەترسییەوە و تەنیا بە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک حەدیس و ئایەت سامانێک پێکەوە دەنێت کە لە ئاستی باڵای چینی مامناوەندیی دایە. هەر لە ئەوەوە کە دەتوانن لە ژنێک زیاتر بهێنن و تەنانەت بیگەیەنن بە چوار و ڕەنگە زیاتریش، هەتا ئوتومبێلی چەند دەفتەریی و مووچەی مانگانە و ئیمتیازی لابەلا و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیداکردنی ڕێز و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتیی کە خێزانێک ئەگەر دەرزەنێک شەهیدیشی هەبێت پێی ڕەوا نابینرێت. پارەپەرستیی و شەهوەتپەرستییەکە هێندە ئاشکرایە کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و بە هەزاران نموونە هەن.

ئەم جۆرە مەلایانە وەکو نوێنەری خودا لە سەر زەوی دێن و دەچن. وێنای خودا بە شێوەی جیاواز نیشان دەدەن و لە باسەکانیاندا دەیهێننە سەر زەوی و هەندێکیان هێندەش دەڕۆن کە باسی ئەوەش دەکەن کە خودا لە رۆژی قیامەت چۆن خۆی شەقشەقێن بە سەرپێچیکاران دەکات و تاد.

ئەگەر تا سی (30) ساڵێک لەمەوبەر مزگەوت ماڵێکی خودا بوو کە چەند ئیماندارێک تێیدا کۆدەبوونەوە و نوێژێکیان پێکەوە دەکرد و دەمەتەقێیەکی کۆمەڵایەتییان تێدا دەکرد، ئێستا بووە بە دامەزراوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەهێزکردنی نوێنەرەکانی خودا لە سەر زەوی. لەوێدا پاداشت و سزاکان سەدان و بگرە هەزاران لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە و شێوەی دەرخەیاڵیی دەگرنە خۆیان، هەر لە باسی شێوەکانی ئازاردان و چوون و نەچوون بۆ دۆزەخ  تا جوانی حۆری و دیلمانەکان و بۆ توانای بەردەوامی لە خەیاڵنەهاتووی سێکس کردن، لە ڕەپ بوونی بەردەوامەوە بۆ کونکردنی حۆری بێئەژمار و چێژوەرگرتن لە دۆخی هەمیشە هاتنەوەدا. لە  ئەم مزگەوتانەوە هەڕەشە لە ئیمانداران دەکرێت کە ئەوەی نوێژ نەکات تەنانەت ژنەکەیشی پێی حەڵاڵ نییە و لە خوتبەدا ئەم قسەیە بە گوێی ژنانیشدا دەدرێتەوە کە بە پیاوە نوێژنەکەرەکانیان حەڵاڵ نین.

ئەم هەزاران مزگەوتە لە لایەن وەزارەتێکەوە بەڕێوە دەبردرێت کە پێی دەگوترێت وەزارەتی ئەوقاف. وەقف لە زمانی عەرەبیدا سەبارەت بە ئایین بە مانای "بەخشین، بەخشین یان دان یان پێدان ـی ماڵیی" بە مەبەستی ئایینی یان چاکەکاریی گشتیی دێت و ئەلئەوقاف کۆی وشەکەیە کە ڕەنگە وشەیەکی گونجاو بە کوردی "بەخشینگا" بێت.

کولتوری وەقف بە فەرمیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ساڵی (1921) کە بە پێی کولتور و نەریتی باوی جێکەوتەی ئەوسا هەر لەلایەن خەڵک خۆیانەوە کۆبووەتەوە و بەش و دابەش کراوە. ساڵی (1929) بە پێی ماددەی (122) دەنووسرێت کە ئەوقافی ئیسلامیی دەکرێت بە فەرمانگایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (نەک وەزارەتێکی)حکومی و بە پێی یاسای دانراو و دیاریکراو بەرپرسی کاروبار و خەرجی خۆی دەبێت و لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا دەبێت. ساڵی (1976) ئەم فەرمانگایە دەگۆڕدرێت بە وەزارەتێک و تا ساڵی (1993) هەندێک گۆڕانکاریی دەکرێت بەڵام گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە هەر سەر بە دیوانی ئەوقاف دەبێت و لە ژێر چاودێری سەرۆککۆماردا دەبێت و بۆ کۆی موسڵمانان دەبێت نەک بۆ شیعە و سوننە.

پاش ڕووخانی ڕژیمی بەعس ساڵی (2003) نزیکەی هەموو شتێک لە عێراقدا گۆڕدرا و سەرئەنجامەکەی ئەم عێراقەی ئەمڕۆیە بە هەرێمی کوردستانەوە. پاش ڕژیمی بەعس وەزارەتی ئەوقاف هەڵوەشێندرایەوە و دوو دیوانی نوێ دروست کرا، دیوانێکی شیعە و دیوانێکی سوننە و یەکێکیش بۆ نائیسلامیەکان و هەرێمی کوردستانیش خۆی وەزارەتێکی ئەوقافی هەیە. واتە عێراقیەکان بوون بە خاوەنی چوار دیوانی ئەوقافی جیاواز و بە پێی دەستووری ساڵی (2005) چەسپێندراوە. دەگوترێت کە وەقفی سوننی سامانی لە هەموو ئەوانی تر زیاترە کە دەگاتە لانی کەم (12) ملیارد دۆلار. سەرچاوەی ئەو سامانە بێگومان دیار نییە و بەسەرهاتی سەیروسەمەنە سەبارەت بە موڵکی زەویوزار و شێوەکانی دیکەی سامان دەگێڕدرێتەوە. هەروەها ناشزانین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام وا پێدەچێت هەرێمی کوردستان سامانی خۆی هەبێت.

بۆ نموونە هەر یەک موڵکداری ئەوقافی ئەبوحەنیفە دەگاتە بیستوسێ (23) هەزار دۆنم لە زەوی کشتوکاڵیی و کە سێیەکی زەویوزاری پاریزگای بەسرە لە راستییدا ئەوقافی ئیسلامین و کاروبارەکان بانکی یان مەسرەفی ئیسلامی و زانکۆی ئەهلی و بنکەگەلی کاتبەسەربردن و بازرگانیی و پزیشکیی و تەندروستیی و تاد دەگرنەوە.

ئەم وەزارەتانەی ئەوقاف هەر وەکو هەموو وەزارەتەکانی تر هیچ شەفافیەتێکی ماڵییان نییە، چ سەبارەت بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی داهاتەکان و چ سەبارەت بە خەرجکردنەکان. وەزارەتی ئەوقاف لە کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا کە بانگەشەی کەمکردنەوەی فەرمانبەر و خەرجیەکان دەکات وەزارەتێکی گەورەوگرانە کە لە وەزیری ئەوقافەوە بۆ جێگر و بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان و مەلا و فەقێ و مجێور و شێوەکانی دیکەی فەرمانبەریی، بریتییە لە مەکینەیەکی زەبەلاحی بیروکراسیی مەسرفەگەر و وەکو هەموو وەزارەتێکی تر لە سەر موڵکی گشتیی دەژی. لە سی ساڵی ڕابردوودا بە خەزێنەی موڵکی گشتیی ئیماندارانێکی موسڵمان بەخێودەکرێن کە تەنیا بەرهەمێکیان ئەوەیە موسڵمانیەتیی بکەن.

هەمووان دەزانن کە ئێمە لە باشوور لە دەیان و سەدان بواری جیاوازدا دواکەوتووین و ئەمەش ڕێگاکانی بەرەو بەڕێوەبردنی شەفاف و مۆدێرن و شارستانیی بە پێوەری دیموکراتیی، واتە بەڕێوەبردنێکی یەکسان و دادپەروەر، داخستووە. یەکێک لەوانە نەبوونی ئامارە لە نزیکەی هەموو بەش و یەکە و کەرتێکدا. بۆ نموونە سەرچاوە و داهات و خەرجیەکانی وەزارەتی ئەوقاف و ژمارەی فەرمانبەران و مووچەبگیری ئەو وەزارەتە هەر بە درشتی هەیە و بە وردیی نادیارە. هەروەها پرینسیپەکانی ئەو جۆرە دامەزراندنانە و مووچەبگیرییەکان و تاد. ڕوون و ئاشکراشە کە هەموو ئەم دامەزراندنانە، سەرەڕای لاف و گەزافی ڕەووشتیی ئایینیی و ناوی خودا و تاد، لە ڕێگای وابەستەیی و وەفاداریی حیزبایەتیی و واسیتە و بەخشیش و پیاوەتیکردن و سەرفی نەزەری خزمایەتیی و شێوە ناشیرینەکانی تری پێوەندییەوەیە.

وەزارەتی ئەوقاف ساڵانە بە دەیان ملوێن دۆلار لە سەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت و ماکینەیەکی زەبەلاحی مەسرەفکارە کە هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەی نییە. هەرچەندە لە ناو جۆری ڕێباز و مەلاکاندا ئەمەش هەر خۆی پرسێکی ناکۆکیە، بەڵام ئیشی سەرەکیی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەیە کە هیدایەتی خەڵکی باشوور بکات بچن بۆ بەهەشت.

لە ئەم سترەکچەرە ئاڵۆزەدا کە هیچ کارێکی تایبەتیی و بەرهەمێکی تایبەتیی ئۆبجێکتیڤی نییە، بۆ نموونە وەکو ڕۆڵی بەرمیلێکە لە دەرەوەی ژوورێکی نەشتەرگەرییدا، جیاوازیی لە نێوان دامەزراوەی دین و دامەزراوەی دیانەتکردن کە دوو شتی جیاوازن، بە ئەنقەست و بە مەبەستی بازرگانیی تێکەڵ کراوە. ئەم تیکەڵکردنەش لە ژێر دەنگ و زەنای دەهۆڵکوتان و زووڕناژەنینی گەورەیی خودا و پێغەمبەر و قورئان و حەدیسەکان و تاد کە تاکەکەسی موسڵمانی ئاسایی دڵپاک گێژووێژ دەکات و نازانێت ڕاست و چەپی خۆی کامەیە. دامەزراوەی دین هەر دین خۆیەتی و ئەو کۆڵەکە و دیسپلینانەیە کە لە ڕێگای قورئانەوە خراوەتە بەردەست و هەر تاکەکەسێک دەتوانێت لە فەزای کەسیەتیی خۆیدا لێکی بداتەوە و پێڕەوی بکات. دامەزراوەی دیانەتکردن دروست ئەم دامودەستگایانەن کە ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامییدا دروست کراون و بە نەبوونیان هیچ  ڕوو نادات و کەس نابێت بە کافر و مولحید و خودا نەفرەت لە کەس ناکات.

ئەم بازرگانییە هەروەها لە ئەو ڕێگایەوە دەکرێت و بە هێز دەکرێت کە گوایا زۆرینەی کورد موسڵمانن لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە. ئەوی هەیە دوو پێداگرتنە، هەمووان بە تەسکەرە/ ناسنامە موسڵمانن و لە دایکوباوکێکی موسڵمانن.

بەو پێیە، کاروباری دین بۆ خودایە و ئەو لە شوێنی خۆیەوە بڕیار لە سەر کاروباری "بەدینبوون" دەدات کە بۆ تاکەکەسە و تاکەکەس لێی بەرپرسیارە. لە بازنەی ئەو باوەڕەدا، خودا لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە هەر تاکەکەسێکی ئەم جیهانە جیاوازە و هیچ کەس نییە لە یەکێکی تر بچێت، بە تایبەتیی لە بوارە باوەڕییەکاندا.

لە ئەم دوو جۆرەی موسڵمانبووندا بە شێوەی مەڕوبزن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکرێت و دینی ئیسلام دەکەن بە چاوپۆشێکی گەورە و چاوی خەڵکی پێ نابینا دەکەن. بەهای مرۆڤیی وەکو درۆنەکردن، کوشتن و بڕین، دزی نەکردن، چاوتێریی، چاوحیزنەبوون، سەرڕاستیی، بوختان هەڵنەبەستن، ئێرەیینەبردن، بیری باش، وتەی باش، کرداری باش، ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بە هەندوەرگرتنی هەستی بەرامبەر و تاد کراون بە بەهای ئیسلامیی. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم بەها مرۆڤیانە بە هەزار ساڵ زیاتر پێش ئیسلام هەبوون و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناوی ئیسلامیشیان نەبیستووە و خاوەنی جۆرەکانی خودای خۆیانن بە ئەو بەهایانەوە ژیان و دەژین. بە داخەوە، زۆرینەی ئەم بەها مرۆڤیانە کە دەبن بە خەسڵەتی شارستانیی ئێستا پێچەوانەکەیان لە دونیای ئیسلامدا بوون بە نەریت و کولتوری باو.

لە ئەو کۆمەڵگایانەدا کە سێکۆلارن و ئایین و دەوڵەت لە یەک جودان ئەوا لە ڕاستییدا ئەو بەهایانە ئەلفبێی ژیانن و بەشێکی گرینگ لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەن. ئەو بەهایانە لەگەڵ زۆر بەهای تردا کە ڕەنگە لە جیهانی ئیسلامدا هەر نەشبێت یان هەر بە سەر زارەکی هەبێت، هەم بە شێکن لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشن. بۆ نموونە ڕاوەستانی ئوتومبێل بۆ تاکەکسی پیادە هەم بەشێکە لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشە. لە دونیای ئیسلامدا بە دەگمەن شۆفێرێک دڵخوازانە بۆ مرۆڤێکی پیادەڕۆ ڕادەوەستێت.

پرسی زەکات و سەرفترە و چارەسەری هەژاریی و بێدەرەتانیی زۆر دەمێکە لە دونیای شارستانییدا لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەتەوە بۆ فەراهەمکردنی بیمەی گشتیی بژێویی و کۆمەڵایەتیی بۆ هەمووان چارەسەر کراون. تاکەکەس، ژن بێت یان پیاو، هەمیشە لە بازنەیەکی بیمەدایە کە بتوانێت بژێویی ژیانی مستوەگر بکات، جا بیمەی بێکاریی، نەخۆشیی یان سۆشیالبگیریی بێت.

هەموو ئەمانە تەنانەت بۆ کەسانی پەنابەر و لە زۆر حاڵەتدا مرۆڤی تر کە مافی مۆڵەتی مانەوە و کاریشیان نەبێت فەراهەم دەکرێن بێ ئەوەی هەڵاواردنێک لەبەر ڕەنگی پێست، جێندەر و ئەتنیک و تاد لە ئارادا بێت. ئەم مافانە کە لە سەر بنەمای پاراستن و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شانازیی و سەربەرزیی مرۆڤ دەستەبەرن کە لە دونیای ئیسلامدا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، بە خەونیش نیین و نابن.

مرۆڤ لە دونیای شارستانییدا رێز لە نیشتیمان و هاووڵاتیان و ژینگە و یاسا و ڕێساکانی وڵاتی خۆی دەگرێت و بە دەگمەنی هەڵنەکەوتوو کەسێکیان تیادا هەڵ دەکەوێت ببێت بە تابوری پێنجهەمی وڵاتانی دیکە بە تایبەتیی ئەگەر نەیار و دوژمنیان بێت. ئەمە دەکرێت بێ ئەوەی کەس منەت بە سەر کەسێکی دیکەدا بکات و بیکات بە شاباشی خواپەرستیی و دینێک. خۆشەویستیی نیشتیمان و ڕێزگرتن لە جیاوازیەکانی هاووڵاتیان و پێڕەوکردنی یاسانەنووسراوەکان و کارکردن بۆ سەقامگیرتر کردن و زیاتر ئارامیی لە دونیای شارستانیدا ئەلفبێی ژیانن. لە دەرەوەی دونیای ئیسلامدا نیشتیمانپەروەریی هەم ڕەووشتە و هەم ئەرک و بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت بخرێتە بازنەی دین و باوەڕەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم (عەلمانیەت) کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدەهەم و بەتایبەتیش بەرهەمی خەبات و تێکۆشان دژی ئیستیبداد و چەوساندنەوە و دەسەڵاتی دین بوون، ئێستا تورکیا و ئێران لە کوردستان پەرە بە هەمان ڕێبازی ئایینی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت پرسی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم بکەن بە باسی دژە دین و بە بێڕەووشتیی ئوروپایی دەیچوێنن. بێگومان ئەم کاری شێواندن و تێکدانە بە پلان و بە شێوەیەکی سیتەماتیک دەکەن.

پێش هەر شتێک هەڵدەکوتنە سەر هەموو تاکەکەسێکی ژن و پیاو کە باس لە یەکسانیی و ئازادیخوازیی و مۆدێرنیتە و یاساسەروەریی و سێکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت و دیمۆکراسیی و تاد دەکات و بە ناشیرینترین شێوە لە هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و بۆ بوختان و درۆودەلەسە، بە ئاشکرا و بە نهێنیی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دوژمنایەتی دەکەن. لە هەر ڕووانگەیەکەوە لێی بڕووانرێت ئەمە تەنیا داخوازیی و داوای داگیرکارانە و هیچ پێوەندییەکی بە دین و باوەڕێکی ڕۆحانییەوە نییە. هاوکات کە خۆیان دەکەن بە نوێنەری خودا و بە نموونەی ڕەووشت و بە قوربانیی و لە هەمانکاتیشدا بە دادوەر و بە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و تەنانەت هەڕەشە لە دەسەڵات دەکەن و دەیخەنە حاڵەتی دیفاعەوە کە گوایا دەسەڵات عەلمانیە بۆیە ڕێگا بەم جۆرە بەدکاریانە دەدات. ئەوانەی لە سیاسەت تێ دەگەن دەزانن کە ئەم ڕەشە کوردە مووچەبگیرە کە لە سەر موڵکی گشتیی دەڵەوەڕێت لە تورکیا و ئێرانەوە، کە موفسیدترین و بێڕەووشترین و داڕزاوترین دەوڵەت و کۆمەڵگای ئەمڕۆن، کۆک دەکرێت و هان دەدرێت.

 

سەرئەنجام

شەڕە دین و کێشەی کام خودا گەورەتر و کام کتێب پیرۆزتر و کام دین باشترە تا سەدان ساڵی تر هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر باوەڕدارانی دینێک ڕێز لە دینی خۆیان بگرن ئەوا یەکەمین کار بیکەن ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک بازرگانیی بەو دینەوە نەکەن و نەیکەن بە سەرچاوەی بژێویی و خۆبەخێوکردن و خۆلەوەڕاندن و نەبن بە پۆلیسی دین و خۆیان نەکەن بە نوێنەری خودا و نەبن بە تابووری پێنجەمی داگیرکاران.

یەکەم هەنگاو بۆ ڕێگاگرتن لە ئەم بازرگانییە ترسناکە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتە. دین دەبێت ببێت بە نەریتێکی ڕۆحانیی بۆ پێوەندیی تاکەکەس لەگەڵ ئەو خودایەدا کە لە تێگەیشتنی خۆیدا وێنای دەکات و دەوڵەتیش بە پشت بە ستن بە زانست و زانین و بەڵگە و یاسا و ڕێسا لە خزمەتی کۆی هاووڵاتیاندا بێت، بێ هیچ جۆرە جیاکاریی و هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، ئەتنیکیی، جێندەریی، ئایینیی، جەستەیی، ڕەنگی پێست و تاد.

موسڵمانێکی کورد دەتوانێت لە جیاتی پێنج (5) جار دەیان نوێژ بکات و هەر دووانزدە (12) مانگەکە بەڕۆژوو بێت و هەموو ساڵێک بچێت بۆ حەج و دوو هەفتە جارێک بچێت بۆ عەمرە و زەکات و سەرفترە بە چەپ و ڕاستدا بدات بە بێ ئەوەی کەس ڕێی لێ بگرێت. ئەو موسڵمانە دەتوانێت بە هەموو شێوەیەک خۆشەویستیی نێوان خۆی و خودا بەهێز بکات و موسڵمانبوونی خۆی بەیان بکات، بەڵام موسڵمانبوون نە بە منەت بێت، نە بۆ خۆدەرخستن و بۆ داپۆشینی عەیبوعار بێت، نە بۆ وەدەستهێنانی ئیمتیازی ڕەسیدی کۆمەڵایەتیی و ڕەووشتیی و نە بۆ پێگەی ئیمتیازدار بێت.

ئەو جۆرە موسڵمانە بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ڕووخسارێکی جیاواز ئەگەرچی لە ناو خەڵکی ئاساییدا بەئەژمارە بەڵام لە ئێستادا بێ دەنگ و بێ ڕووخسار و بێ نوێنەرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی کە دین لە پارە و مووچە و ئیمتیازە جۆراوجۆرەکان پاک دەکەنەوە دژ بە موسڵمانی بازرگان و ئیسلامی سیاسیی بووەستنەوە. ئەوانەی موسڵمانی ڕاستەقینەن دەبێت لە ئەم شەڕەدا سەرکاروان بن چونکە دینەکەیان خراوەتە مەزاتەوە و ڕۆژانە دەفرۆشرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×