لەم ڕۆژانەدا بازاڕی خۆساخکردنەوە بۆ خولی شەشهەمی پارلەمان لە هەڕەتی گەرمیی خۆی دایە. هاوارهاوار و قیڕەقیڕ و منگەمنگ و لەژێرلێوەوە قسەکردن و وڕێنەسەحرایەکە تەواو بێساحێبی پێوە دیارە. دروشمەکان رەنگدانەوەی واقیعێکی تاڵن. لە دروشمەکاندا دیارە کە هەموو ئەوانەی لە ١٩/٥/١٩٩٢ بە شێوەی جیاواز لە دەسەڵاتدا بەشدارن، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە ڵام بە دڵنییاییەوە تاوانبارن لە دزین و تاڵانکردن و بە هەدەربردنی سامانی نەتەوەیەک و موڵکی گشتییدا و هەروەها تاوانبارن لە بۆدواوەگەڕاندنەوە و دواخستن و بەکۆیلەکردن و سەرنەویکردنی نەتەوەیەکدا.
بێگومان تاوانکاریی تریش هەن و بە سەدان و هەزارانن، بەڵام باسێکی ترە.
ئەم تاوانانە لە هەموو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و بە ڕەووشت و بە ویژداندا تاوانی گەورەن. سزای ئەم تاوانانە لە کوشتنەوە تا متمانەلێستاندنەوەی هەتاهەتایی و زیندانیکردن بە کاتی جیاواز دەگرێتە خۆی. لە چوارچێوەی گشت ئەم سزایانەشدا ئەوە ڕوونە کە دووبارە دەست بە سەر ئەو موڵک و سامانە گشتییەدا گیراوەتەوە.
پرینسیپەکە ئاسانە، هەر شتێک لە شەفافیەتی زانستییدا دیار نەبێت و نەسەلمێندرێت دەسەڵات لێی بەر پرسە.
ئیتر کاکە و مامە و خاڵە و کاکە شێخ و مامەسەید و مەلا و فەقێ و خواگیان و شەرەف و تەڵاق قسەی ناپێویستن.
چیرۆکەکە ئاڵۆزە!
لە کوردستان هەموو ئەوانەی تەنیا ڕۆژێکیش لە سەرای دەسەڵاتدا بووبن تا ئەوانەی کە کورسیی حوکم بە دەسترازەی بێشکەکانیانەوە بەستراوە هەروەک ئەوەی مێشێک لە خۆیان دور بخەنەوە بە دەست بادانێکی گاڵتەجاڕی بێباکەوە بێتاوانیی خۆیان نیشان دەدەن و خۆیان نەک بە تاوانبار نازانن بەڵکو بە ئازاترین و بەجەرگترین و دڵسۆزترین ڕۆڵەی میللەت دەناسێنن.
چیرۆکەکە هەر ئاڵۆز نییە!
چیرۆکەکە تاڵیشە، چونکە دز و تاڵانچی لەو جۆرە تەنیا لەو ساتانەی مێژوودا وا لووتبەرز و بێپەروا دەبن کە دڵنییا بن لەوەی کۆیلەستانێکیان دروست کردوە کە تیایدا بێویژدانیی و بێڕەووشتیی و بێدەربەستیی و بێئاگایی و ناهۆشیاریی گشتیی گەیشتبێت بە لوتکە. بێگومان لێکچوونی بەئەژمار لە نێوان ئەم تاوانکارییانە و کۆیلەستانەی ئەمڕۆی ئەم دەڤەرە لەگەڵ ئەوانی دیکەی مێژوودا هەن، بەڵام رەنگە خەسڵەتی سەرەکیی ئەمەی ئەم دەڤەرە دانسقەیی و بێوێنەیی بێت لە کۆی گشتدا.
هاوار، بەرەو کوێ؟
بە دڵنییایەوە خوێنەری هۆشیار دەپرسێت: ئەدی چار، بەرەو کوێ؟
موعجیزەی وا کە دۆخی ئەمڕۆی باشوور چاک بکاتەوە لە هەگبەی هیچ خوداوەندێکدا نییە، بەڵام لە سەر زەوی بە هەندێک ریفۆرمی بنچینەیی رەنگە بتوانین بچینەوە سەر ڕێچکەی کاروانی مرۆڤایەتیی ئەگەرچی زۆریش لە خودی کاروانەکە دواکەوتبین.
با بۆ چاوترووکاندنێک وای دابنێین کە ئەم پۆلەکولـلە بێئامانە زیانخرۆیە لە ئەسڵدا پەروانەی عاشق بە ڕووناکیین و قوربانیی هۆکارگەلێکی چەرخی زەمانەن و لە دونیایەکدا کە پێیان وایە خەیاڵییدا ژیاون کە هەر کەسە و بۆی هەبێت بە هەوەسی خۆی هەڵسوکەوت بکات.
ئەگەر لە بەر خاتری چارەسەر ئەمەمان قبوڵ بێت ئەوا گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و دەستپێکردنەوە تەنیا چارەسەرە.
ئەوەش بەو مانایە دێت کە لە پۆستی "بەڕێوەبەری گشتییײ -ەوە بە ناو پارلەمێنتاران و وەزیران و جێگرەوەیان هەتا ئەم پۆستە ناپێویستە ناسیاسیە بە ناوی "سەرۆکی هەرێمײ واز لە مووچە بهێنن و بێ مووچە و بێ جۆرەکانی دیکەی ئیمتیاز کار بکەن کە سەرچاوەی یەکەمینی دزیی و تاڵانکاریەکانی ئەم نیشتیمانەیە.
ئەوانەی کە لەم دۆخە نائاساییەدا گوایا عاشق بە نیشتیمانن و خزمەتکاری میللەتن با دەستبەرداری مووچە و وەرگرتنی ئیمتیازە جۆراوجۆرەکان ببن کە بە ملیارد دۆلار لە سەر موڵکی گشتیی ئەم نەتەوە بەدبەختکراوە ناهۆشیارە دەکەوێت.
ئەوی بە ناوی خۆشەویستیی نیشتیمان و خزمەتکردنی خەڵکەوە بە دوای پۆستێکی سیاسیی ناو دامەزراوە حکومیەکانە با دڵخوازانە و خۆبەخشانە نیشانمان بدات چی دەکات و پێ دەکرێت.
بە دڵنییایەوە پاش ٦ مانگێک لە ڕێچکەشکێنیەکی وا گۆڕانکاریی گەورە لە دۆخی نائاسایی ئەم دەڤەرەدا دەبینین.
تا ئەمە ڕوونەدات دەنگدەرێک کە بندیوار نەبێت و دامەزراوی دەستی بەرتیل و پاڕانەوە و واسیتە نەبێت و بە مووچەی حیزبیانە نەلەوەڕێت، بێگومان هەر وەک ئەمڕۆ دۆڕاوێکی ڕەنج بە خەسارە.