چەکی یەکڕیزی و زانست و ئیڕادە!
کارۆخ خۆشناو
2021-05-21   562
1- چەکی یەکڕیزی:
بەهێزترین چەک بۆ زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و زاڵ بوون بەسەر هەموو ئاستەنگ و هەڕەشەکانی قۆناغی ئێستا و داهاتوو، بریتیە لە چەکی یەکڕیزی، ئەو چەکەی کە لە کۆنفڕانسی (یەکڕیزی و دەستور)دا لەلایەن هەموو بەشداربووانەوە تەئکیدی لێکرایەوە.
لێرەدا گرنگە ئەو ڕاستیە بزانین کەوا هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، لەسەروی هەمووشیانەوە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هۆی چەکی یەکڕیزیەوە توانیویانە دەستورێکی مەزن بنوسنەوە و ڕێزەکانی ناوخۆ یەک بخەن، بۆ ئەوەی بەسەرکەوتوویی سەرکردایەتی جیهان بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا گرنگە ئێمەی کوردیش سود لە ئەزموونی (دەستوری) ئەمەریکا و وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرین تاکو بتوانین دەستورێک بۆ هەرێم بنوسینەوە کە لە ئاست داخوازی و خەون و خولیای نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوودا بێت.
2- چەکی زانست:
مرۆڤ چەقی سروشت و ژیانە و خاوەنی پێکهاتەیەکی سایکۆلۆژی ئاڵۆزە، بەڵام هەمیشە هەوڵیداوە بیر بکاتەوە بۆ ئەوەی دەوروبەر و ژینگەی خۆی بناسێت، بەمەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی ژیان، ئەویش لە ڕێگای بەدەستهێنانی چەکی زانست، چونکە چەکی زانست هێز و دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێ، بە پێچەوانەشەوە نەبوونی چەکی زانست کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات و توشی ڕاڕایی و دڵەڕاوکێی دەکات، وەک دەبینین مرۆڤی سەدەی بیست و یەک بەهێزتر و باوەڕبەخۆبووترە لە مرۆڤی سەدەکانی ناوەراست و چەرخی بەردین، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم باوەڕبەخۆبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتن و گۆشدانی مرۆڤی ئەم سەردەمە بە چەکی زانست، بە پێچەوانەی مرۆڤی کۆن و چەرخی بەردین، کە بە هۆی نەبوونی چەکی زانستەوە، ژیانی پڕ بووە لە ترس و دڵەڕاوکێ بەرامبەر بە دیاریدە سروشتیەکان، چەندین نەوە ژیانیان بەم حاڵەوە بەڕێکردووە، دواتر بەرەبەرە مرۆڤ هەنگاوی ناوە بەرەو بەکارهێنانی عەقڵی بۆ لێکدانەوەی رووداوەکانی ژینگە و دەورووبەری، تاکو گەیشتونەتە قۆناغی ئەمڕۆ کە هەموومان بڕوامان بەم ڕستەیە هەیە کە دەڵێت:
زانست هێزە و نەزانین لاوازیە!
وەک دەبینین ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ سەرقافڵەی پێشکەوتنی جیهان دەکەن، هەموویان لە ڕێگای چەکی زانستەوە گەیشتونەتە ئەو ئاستە لە هێز و توانا، لەسەرووی ئەو وڵاتانەش ئەمەریکا ووڵاتانی ئەوروپا....هتد
ئێمەی کورد لە ڕابردوودا لەلایەن داگیرکەرانەوە هەمیشە داپڵۆسێنراوین و کەسایەتیمان ڕوشێنراوە و تێکشکێندراوین، ئەم جۆرە مامەڵەیەی دووژمنانیش لە پێناو دەستنەگەیشتنی کورد بووە بە چەکی زانست، بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبێتە مرۆڤێکی چەکدار بە زانست و داوای مافی خۆی بکات! بەڵام خۆشبەختانە ئەو سەردەمە گوزەشت، ئێستا سەدەی بیست و یەکە و کوردیش خۆی پێ کەمتر نیە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە و جیهان، لەو پێناوەشدا کورد هەوڵدەدات خۆی بەهێز بکات بە چەکی زانست، هەروەک شاعیری گەورەی کورد (ئەحمەد موختار بەگی جاف) دەفەرموێت:
بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە...
3- چەکی ئیڕادە:
ئەگەر بەخێرایی چاوێک بە مێژووی ووڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا بخشێنین دەبینین لە کاتی بونیاتنانی وڵاتەکانیان خاوەنی سەرخان و ژێرخانێکی بەهێزی (ئابوری و سیاسی و سەربازی) نەبوون، بەڵام خاوەنی (چەکی ئیڕادە) بوون، کە بەهۆیەوە توانیویانە ژێرخان و سەرخانێکی پتەو بۆ ووڵاتەکانیان دروست بکەن، بۆ نموونە:
1- وڵاتی ئیماڕاتی عەڕەبی یەکگرتوو:
(50) ساڵ لەمەوبەر واتە ساڵی (1971) کاتێک ئیماڕات بڕیاری سەربەخۆییدا، بیابانێکی ڕووت بوو، زۆربەی دانیشتوانی خێڵەکی بوون و لە ژێر خێوەتدا دەژیان، (ئەبوزەبی) پایتەختیش خاوەنی یەک نەخۆشخانەش نەبوو.
ئێستاش خۆتان دەزانن بەهۆی چەکی (ئێڕادە)ەوە ئیماڕات گەیشتۆتە چ ئاستێک لە پێشکەوتن و دروستکردنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و سیاسی و سەربازی و تەکنەلۆژی!
2ـ وڵاتی ئیسڕائیل:
(73) ساڵ لەمەوبەر، واتە ساڵی (1948) کاتێک ئیسڕائیل بڕیاری سەربەخۆبوونیدا، نە خاوەنی ژێرخان بوون، نە خاوەنی سەرخان، بەڵام خاوەنی (چەکی ئیڕادە) بوون، کە بەهۆی ئەم چەکەوە هەموو تاکێکی جوولەکە لە سەرانسەری جیهان ڕۆڵی خۆی بینی، کرێکارەکان پارەیان دەدا و لۆبی جولەکە لە هەموو جیهاندا دروست بوو.
چل هەزار کەس بوونە سەرباز و شەڕی دەوڵەتە عەرەبییەکانیان کرد و سەرکەتووش بوون، هەموو دراوسێکانیان دژی دروستبونی دەوڵەتی ئیسڕائیل بوون، سەرەڕای ئەو دژایەتیەش (داود بنگۆریۆن) دەوڵەتی ئیسرائیلی دروستکرد، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل نە خاکی هەبوو، نە هێزی هەبوو، نە هیچ پایەیەکی بە دەوڵەتبوون و تەنانەت بە هەرێم بوونیشی هەبوو، بەڵام لەمانە هەمووی گرنگتر، خاوەنی چەکی (ئیڕادە) بوو.
ئێستاش دەبینین بە هۆی چەکی ئیڕادەوە ئیسڕائیل تاکە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە خاوەنی چەکی ئەتۆمیە و بەو هۆیەشەوە بەهێزترین وڵاتی ناوچەکەیە، ئەگەرچی ئێستاش ئیسڕائیل دەوڵەتێکی فرە دوژمنە، بەڵام بە هۆی یاسا و دیموکراسی ناوخۆیی و چەکی ئێڕادەوە ئیسڕائیلیەکان بۆنەتە قەلغان و پەرژینێکی قایم بەرامبەر بە دوژمنەکانیان.
ئەم دوو نموونە و دەیان نموونەی تر، بە هۆی چەکی (ئڕادە)ەوە بوونەتە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ئاستی پێشکەوتنی هەمووشیان دەگەڕێتەوە سەر ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاکەیان بۆ خەباتکردن له پێناو بنیاتنانی دامودەزگای پێشکەوتووی یاسایی و دیموکراسی و مەدەنی.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لە ئێستادا دەرفەتێکی لەبار بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، تاکو لە ڕێگای هەرسێ چەکی (یەکڕیزی و زانست و ئیرادە)ەوە دەستورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێمی کوردستان بنوسنەوە، ئەویش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمیەکان و زانکۆکان و یاساناسان و بیرمەندان و نوێنەری هەموو پێکهاتە و چینوتوێژەکان و....هتد.