لەپێش چاکسازییو لامەرکەزییدا
د. ئیسماعیل نامیق
2020-07-10   641
پێش ئەوەی باسی چاکسازیی بکرێت و خەڵکی پێ ھەڵبخەڵەتێنرێت، و دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕدرێت و موچەی موچەخۆرانی راستەقینە (نەک بندیوار) کەمبکرێتەوە، پێویستە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو ھەزاران وەزیر و گزیرە بکرێت، کە بە ناسروشتی دەوڵەمەند بوون، ئەمانە ھەندێکیان خانەنشین و ھەندێکی تریان ئێستا بەناونیشانی دیکە لە پۆستی حکومیدان. ئەمانە تۆمەتبارن بەدزینی ملیاران دیناری پارەی فەرمانبەری راستەقینەی بێدەرەتان و خەڵکی برسی. ھەموو خەڵکی ئەو راستییە دەزانن، ئاستەمە بەموچەی ھەشت ملیۆن دیناریی لەسەردەمی بەرەکەتدا، یان دوو ملیۆن دیناریی لەسەردەمی پاشەکەوتدا سامانێکی چەند ملیۆن دۆلاریی بەیەکەوە بنرێـت! کەواتە ھەموومان ( جگە لەچاکسازیفرۆشان ) دەبینین و دەزانین ئەو دەوڵەمەند بوونە ناسروشتییە بەدزیی و بەرێگەی نامەشروع نەبێت بەھیچی تر بەدەست نایەت! بۆیە پێش ئەوەی موچەی فەرمانبەری راستەقینە کەمبکەنەوە، دەبێت بەپێی بنەمای ( درو المفاسد ڕولی من جلب المنافع ) ھەموو دزە فەرمییەکان راپێچی دادگا بکرێن و ئەو ملیاران دینار و دۆلارەی کە دزیویانە لێیان وەربگیرێتەوە و خۆشیان سزا بدرێن، ئەگەر ئەمە نەکرێت چاکسازیی تەنھا درۆیەکی گەورەیە و بۆ فریودان و ئارایشتکردنە.
بەداخەوە لەئێستادا بەشێک لەدزە فەرمییەکان قسە لەسەر چاکسازیی دەکەن و بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی موچەی موچەخۆرانی بێداد و بێدار دەدەن!
ھەروەھا پێش ئەوەی باسی لامەرکەزیی بکرێت، پێویستە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگارکان بدرێت، چونکە ئەم ئەنجومەنانە ھەڵبژێردراوی خەڵکن و ماوەیان تەواو بووە، بۆیە دەبێت یان ھەڵبوەشێنرێنەوە و جارێکی تر یاسایی ژمارە ( ١٥٩ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموارکراو ) کارا بکرێتەوە و کار بەو یاسایە بکرێت، یان ئەوەتا ھەڵبژاردنیان بۆ بکرێتەوە و شەرعیەتی کۆتایی ھاتوویان نوێ بکرێتەوە. راستە پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای پارێزگاکان ( ژمارە ٢ لە ساڵی ٢٠٠٩ )، تەمەنی ئەم ئەنجومەنانەی بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکردووەتەوە، بەڵام ئەم یاسایە دەکرێت لە سێ روەوە تانەی لێبدرێت:
یەکەم/ ماددەی دووی یاسای ژمارە ( ٢ی ساڵی ٢٠١٩ ) پێچەوانەی برگەی چواری ماددەی سی و یەکی یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ( ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ )، لەبەر ئەوەی بڕگەی چواری ماددەی سی و یەک، بەشێوەی ھەڵاوێردن، رێگەی بە پەرلەمان داوە، تەنھا ئەم ئەنجومەنانە ھەڵبوەشێنێتەوە، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران، یان سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان، ئەوەش لە چوار حاڵەتدا:
ڕ- زیان گەیاندنی مەزن بەو کار و ئەرکەی کە بە ئەنجومەن سپێردراوە.
ب- ئەگەر مانەوەی زیانبەخش بوو بۆ بەرژەوەندی گشتی.
ج- ئەگەر نەیتوانی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
د- لەبارێکدا کە لە دەستور لایدا یان سەرپێچی یاسای کرد. راستە پەرلەمان مافی چاودێریی کردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەیە، بەڵام ئەم چاودێریی کردنە چاودێریی کردنێکی ( استپنائیە ) و لەوەدا کورت کراوەتەوە، کە پەرلەمان دەتوانێت ئەنجومەنەکە ھەڵبوەشێنێتەوە، لەکاتی ھاتنەدی یەکێک لەو چوار حاڵەتە، جگە لەوە پەرلەمان ھیچ دەسەڵاتێکی تری نیە، بەتایبەتی درێژکردنەوەی شەرعیەت، چونکە ئەنجومەنی پارێزگا شەرعیەتی لە پەرلەمانەوە وەرنەگرتووە، تا بۆی درێژ بکاتەوە بۆ ماوەیەکی نادیار!
دووەم/ یاسای ژمارە ( ٢ی ساڵی ٢٠١٩ ) لەگەڵ لۆژیکی یاساییدا دژ دەوەستێت، لەبەرئەوەی شێوازی ھەڵبژاردنی پارێزگاری گۆڕیوە، ھەروەھا تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی بۆ کاتێکی نادیار درێژ کردووەتەوە، ئەمەشی بەسەر رابردودا جێبەجێ کردووە، لەکاتێکدا ئەم ئەنجومەنانەی ئێستا بەپێی یاسایەک شەرعیەتیان لەخەڵکەوە وەرگرتووە، ھەروەھا ھەڵبژاردنی پارێزگاریش بەپێی شێوازێک بووە بۆ ئەم خولە، لۆژیکی یاساییش وا دەخوازێت، نە شەرعیەت درێژ بکرێتەوە، نە گۆڕینی شێوازی ھەڵبژاردنی پارێزگاریش بەسەر ئەم خولەدا جێبەجێ بکرێت. چونکە کاتێک سیستم یان شێوازی ھەڵبژاردن گۆڕانی بەسەردا دێت، دەبێت ئەم گۆڕانکارییە بەسەر خولەکانی داھاتوودا جێبەجێ بکرێت، نەک خولی رابردوو. بۆیە پێویستە ھەمواری یاسای پارێزگاکان بەسەر خولەکانی داھاتوودا جێبەجێ بکرێت، نەک ئەم خولە کۆتایی پێھاتووە.
سێیەم/ درێژکردنەوەی شەرعیەت دژی پرەنسیپەکانی دیموکراسییە. لەرابردوودا فشارێکی زۆر کرا بۆ ئەوەی کۆتایی بەشەرعیەتی شلۆقی ئەنجومەنی پارێزگاکان بھێنرێت و لە ٢٠١٤ ھەڵبژاردنیان بۆ بکرێت، بەڵام بەداخەوە، ئێستا دۆخەکە گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم، بەڵکو خراپتریش!
کەواتە، پێش ئەوەی ئەم ئەنجومەنانە باسی لامەرکەزیی بکەن، دەبێت خەمێک لەخۆیان بخورێت، یان وەکو بەغداد بەبڕیاڕێک سڕ بکرێن، کە من بەرەھایی لەگەڵ ئەم بژاردەیە نیم، یان یاسای پارێزگاکان ھەموار بکرێتەوە و لامەرکەزیی ئیداریی و کارگێڕیی بەتەواوی تیادا جێ بکرێتەوە و بەپێی یاسای ھەموار کراو لەزوترین کاتدا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێـت، بەدەر لەم چارەسەرە، لامەرکەزییش وەکو چاکسازییەکە، درۆیەکی گەورەی دیکەیە، بۆ ھەڵەخەڵەتاندن وئارایشتکردن.