ئەگەری کارکردنی کورد لەگەڵ پارتەکەی داود ئۆغڵودا
د. جەبار قادر
2019-12-14   874
دوێنێ ئەحمەد داوودئۆغڵو دامەزراندنی پارتێکی نوێی لە تورکیا بەناوی "پارتی ئایندە Gelecek Partisi" ڕاگەیاندا. لەو وتەیەی کە بە بۆنەی ڕاگەیاندنی پارتەکەی و ناساندنی ئەندامانی دامەزرێنەرەوە پێشکەشی کرد، ئاماژەی بە ھەندێ خاڵی سەرەکی کرد کە پێویستیان بە ھەندێ لێکدانەوە ھەیە.
لە دەسپێکدا دەبێت ئاماژە بەوەبکرێت، کە داوودئۆغڵو نەک تەنھا کوڕی دڵسۆزی ئیسلامی سیاسییە لە تورکیا، بەڵکو یەکێک لە بانگەشەکاران و داڕێژەرانی بنەما تیۆرییەکانی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپیدانیشە، بە تایبەتی لە بواری سیاسەتی دەرەوە. داوودئۆغڵو وەک خوێنەوار و پسپۆرێکی شارەزا و خاوەن ھزر بە شێوازی جیاواز لە ئەردۆگان بانگەشە بۆ بیر و بۆچوونەکانی دەکات و باوەڕی بە ھێزی نەرم ھەیە بۆ جێبەجێکردنیان. بەگشتی دەتوانم بڵێم، کە جیاوازییەکی گەورە لە شێوازی پەروەردە و پێگەیاندنی ھەردوو کەسایەتیدا ھەیە. لە کاتێکدا داوودئۆغڵو وەک کەسێکی ئەکادیمی، کە دەبێت مێشک و ھزری کراوە بێت و دوور لە دۆگما بێت، ئەردۆگان بە پێچەوانەوە وەک وتاربێژێک لە پەیمانگای وتارخوێنان پێگەیشتووە و تەنھا باوەڕی بە قیڕە قیڕ و ھەڕەشە و گوڕەشەیە و ھیچ ئامادەییەکی بۆ گفتوگۆ و دانوستاند تێدانیە.
سەبارەت بە کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیادا، ئەو زۆر جیاواز لە ئەردۆگان و دەوروبەرەکەی بیر دەکاتەوە. لە کاتێکدا ئەردۆگان باوەڕی بە دەسەڵاتی ڕەھای سەرۆکایەتی کۆمار ھەیە، سیستەمی پاڕلەمانی لە ڕێگای ڕیفراندەمەوە ھەڵوەشاندەوە، ئێستا بەشێوازێکی دیکتاتۆرییانە ھەڵس و کەوت دەکات و وڵات بەڕێوەدەبات و ھەموو دەنگە ناڕازییەکان سەرکوت دەکات، داوودئۆغڵو لە گەڵ سیستەمی پاڕلەمانییە و لە دژی ئەو دەسەڵاتە ڕەھایەی سەرۆک کۆمارە. سیستەمی سەرۆکایەتی ئەردۆگان زەبرێکی کوشندەی بە پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیا گەیاند و چەندین ساڵ ئەو وڵاتەی گێڕایە دواوە. کۆکردنەوەی سەرۆکایەتی پارتی دەسەڵاتدار و سەرۆکایەتی کۆمار و گرێدانی ھەموو دەزگا و دامەزراوە سەرەکییەکانی وڵات بە سەرۆک کۆمارەوە زەمینەی ڕەخساندووە بۆ دەسەڵاتێکی ڕەھای دیکتاتۆری.
ھەر گرێدراو بەم بارەوە، ڕێگەگرتن لە ڕۆژنامەوانانی ئازاد و ئازادیی بیروڕا دەربڕین کێشەیەکی دیکەی گەورەی ئەمڕۆی تورکیایە. لە ھەموو ڕاپۆڕتە نێودەوڵەتییەکان باس لە پێشێل کردنی ئەم مافە دەکرێت، ئاماژە بە فشاری توندی دەسەڵات بۆ سەر ڕۆژنامەوانانیش دەکرێت و گرێدانی ھەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە دەسەڵاتی سیاسییەوە بووەتە سیمایەکی ناحەزی دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا. لەمەشدا داوودئۆغڵو بە پێچەوانەی ئەردۆگانەوە داوای ئازادی بیروڕا دەربڕێن و ھەڵگرتنی فشار و تۆقاندن لە سەر ڕۆژنامەوانان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات. تەنانەت لە وتەیەکدا باسی لەوە کرد کە سەرباری ترس و تۆقاندن ئەو و ھاوڕێکانی بڕیاریاندا بەرپرسیارێتی مێژوویی بگرنە ئەستۆی خۆیان و لە دژی دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئەردۆگان بێدەنگ نەبن.
بۆ لابردنی ستەمەکانی دەسەڵات و پاراستنی مافەکانی مرۆڤیش داوای سەربەخۆیی دادگاکان و سیستەمی دادوەری دەکات، کە ئەردۆگان ھیچ سەربەخۆییەکی بۆ ئەم دامەزراوەیە نەھێشتووە و ھەموویانی بەدەسەڵاتی خۆیەوە گرێداوە. ئەم داخوازییە و کارکردن بۆ سەربەخۆیی دادگا و سیستەمی دادوەری لە قازانجی ھەموو دانیشتوانی تورکیادایە بە کوردانی ئەو وڵاتەشەوە، بۆیە پاڵپشتی کردن لەم داخوازییە ئەرکی سەرەکی ھەموو خەباتکارانی ئازادی و دیموکراسییە لە تورکیا و باکوری کوردستان.
لە کاتی خۆیدا داوودئۆغڵو بانگەشەی "سفر کێشە"ی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێی تورکیادا دەکرد. ئەو لە گەڵ ئەوەدا بوو تورکیا نموونەیەکی باش پیشانی گەلانی ناوچەکە بدات و وێنەی خۆی لە لایان شیرین بکات. دەکرێ بوترێ تا ئەندازەیەکیش ئەوە بەدی کرا، کە تورکیا لەو ساڵانەدا ھەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیدا لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە ھۆی سیاسەتی ملھوڕانە و فراوانخوازیی ئەردۆگانەوە و ھەڕەشە و گوڕەشەکانێوە پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ ھەموو وڵاتانی ناوچەدا زۆر ئاڵۆز و پڕ لە کێشەن و "سفر دۆستایەتی و سەقامگیری " جێگەی "سفر کێشە"ی گرتووەتەوە.
جیاوازییەکی تری سەرەکی ئەردۆگان و داوودئۆغڵو لەوەدایە کە ئەوان کاتێ پێکەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست لە دژی ڕەگەزپەرستی و چەوسانەوەی نەتەوەیی و مەزھەبی قسەیان دەکرد. ئەردۆگان ئاماژەی بە ئەحمەدی خانی و ئەحمەد قایا و شڤان پەروەر و ئەوانە دەکرد. لە دوای ئەوەی ھاوپەیمانی لە گەڵ دەوڵەت باخچەلیدا بەست، بوو بە ناسیۆنالیستێکی ڕەگەزپەرستی تورک و کەوتە چەوساندنەوەی کورد و عەلەوی وگەلانی تری تورکیا. ھەر بەوەش نەوەستابەڵکو سیاسەتێکی دوژمنکارانەی لە دژی ھەموو کورد، نەک تەنھا لە تورکیا، بەڵکو لە ھەموو بەشەکانی تری کوردستان پەیڕە دەکات. داوودئۆغڵو ئەم ھاوپەیمانییە بەکارێکی نادروست دادەنێ و پێیوایە لە گەڵ پرینسپەکانی پارتی داد و گەشەپێداندا یەک ناگرێتەوە. ئەو لە بەرامبەر گوتاری توندی تورکچێتی ئەردۆگان و باخچەلیدا، ئاماژە بە فرەڕەنگی و فرەکولتووری دانیشتوانی تورکیا دەکات و پەیمان دەدات وەک یەک سەیریان بکات و ھەڵس و کەوتیان لە گەڵدا بکات. لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لە گەڵ ئەوەدان ھاووڵاتیانی تورکیا ئازادانە مافە کولتوری و زمانەوانییەکانی خۆیان بەکار بێنن.
ھەندێ وتەی گشتی لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە دەکات و پێیوایە ھیچ کێشییەک نیە چارەسەر نەکرێت. ڕەنگبێ ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ دەسپێکردنەوە پرۆسەی ئاشتی لە گەڵ کوردا. لەم بارەی ئێستای تورکیادا کە بارگاوی کراوە بە دیدوبۆچوونی توندڕەوی نەتەوەیی تورکی و پارتەکەی ئەردۆگان و باخچەلی کەش و ھەوای وڵاتەکەیان بەو بیرە ژەھراوی کردووە، ڕەنگبێ بۆ پارتێکی نوێ کە بیەوێت جێ پێی خۆی بکاتەوە، نەتوانێ لەوە زیاتر لەم بارەیەوە بڵێت. دەبێ چاوەڕوان بین بزانین لە داھاتوودا چی ھەنگاو گەلێک لەم بواردەدا ھەڵدێنن.
ھەڵبەتە ھیچ پارتکی سیاسی لە باری ئابوری سەختی ئەمڕۆی تورکیادا ناتوانێ باس لە قەیرانی ئابوری و کێشەکانی بێکاری، دابەزینی بەھای لیرەی تورکی و پاشەکشەی وەبەرھێنان و...تاد نەکات، بۆیە بەشێک لە قسەکانی داوودئۆغڵویش بۆ ئەم پرسانە تەرخان کرابوون و ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان گرت کە بوونەتە ھۆکاری ئەم بارە سەختە.
ئەم بانگەشە و دروشمانە ھەڵبەتە زۆر جوانن و ھەندێ ھیوا بە خەڵکی تورکیا دەبەخشن، بەڵام ڕۆژگار دەریدەخات تا چەند جێبەجێیان دەکەن و پێوەیان پابەند دەبن، یان ھەر ھەوڵێکن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.
ڕەنگبێ ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ نوێنەرانی کورد کە لە ڕێگەی نەیارانی ئەردۆگانەوە دەسەڵاتەکەی لاواز بکەن و لە بەرەی پارتی داد و گەشەپێداندا لێکترازان و دابڕان دروست بکەن. وەک ئەوەی چۆن لە ئەستەموڵ بوونە ھۆی دۆڕاندنی حیزبەکەی ئەردۆگان، لە داھاتووشدا لە گەڵ ھەموو نەیارانی ئەردۆگان و باخچەلیدا ھەوڵ بدەن گۆڕانکاری لە تورکیا بێننە دی. مەترسی ئەوە لە ئاڕادایە کە ھەندێ لایەنی کوردی لە دیدی ئایدیۆلۆژی و بڕیاڕی پێشوەختەوە ھەڵوێستێکی نەرێنیئ بگرنە بەر لەبەرامبەر پارتەکەی داوودئۆغڵو. ھەڵبەتە داوودئۆغڵو تۆمەتبارە بە بەشێک لەو کارەساتانەی بەسەر کوردانی باکوردا ھێنران، بەڵام بە مانەوە لە ڕابردوودا و مامەڵەکردنی ناواقیعییانە لە گەڵ ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندا ڕەنگبێ ببێتە ھۆی لە دەستدانی دەرفەتێکی دیکە.