قادری حاجی عەلی و شێخ جەعفەر! راستیەکانی شەوی هاتنەسەر گردەکە
عەبدوڵای مەلا نوری
2020-11-11   2945
شەوی ١٣/١٤ی ٥ی ٢٠١٨ ، لە ژورەکەی ئاواتی شێخ جەناب ئەم کەسانە دانیشتبوین (عومەری سەید عەلی، قادری حاجی عەلی، جەلال جەوهەر، عوسمانی حاجی مەحمود، مستەفای سەید قادر، محەمەد تۆفیق رەحیم، شۆڕش حاجی، ئاواتی شێخ جەناب، عەبدوڵای مەلا نوری)
بە تەلەفۆن لە گەڵ شاروشارۆچکەکان قسەمان دەکرد، هەواڵی ژمارەی دەنگەکانی گۆڕانمان لە مەکۆکان و بریکارەکانی گۆڕان دەپرسی.
توشی شۆکێکی گەورە هاتبوین، چون بە پێچەوانەی چاوەڕوانی ئێمەوە، لە دەنگدانی ئیلکترۆنیدا تەزویرێکی رێکخراو کرابو، دەنگەکانی هەردو حیزبی دەسەڵات لە بەرامبەر گۆڕاندا زۆر سەیر هەڵکشابون.
زانیاری وردمان دەستکەوت کە سیستمی هەڵبژاردن هاک کراوەو تەزویرێکی مونەزەم کراوە.
من لە تەنیشتی کاک عومەر دانیشتبوم، زو زو دەیوت کوڕم فڵان شوێنم بۆ وەر بگرە، منیش بە تەلەفۆنەکەی خۆم وەرم دەگرت و ئەو قسەی لە گەڵ دەکردن. بە بریکارەکانی دەوت سندوقەکان بپارێزن.
یەکێتی و پارتیش بە هێزو چەکدارەوە گوشارێکی زۆریان لە سەر بریکارەکانی گۆڕان دروست کردبو، لە چەند کەسیان دابو.
بە پەلە بەیانێکمان بڵاو کردەوە، (گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بە تەواوی رەد دەکاتەوە)
گۆڕانخوازێکی زۆر بە نیگەرانیەوە لە دزینی دەنگەکانیان، رژابونە گردەکە.
رێبواری سکرتێری کاک عومەری سەید عەلی لە دەرەوە لە بەردەم دەرگاکە دانیشتبو، بۆ ئەوەی خەڵک نەیەنە ژورەوە، تەلەفۆنەکەی کاک عومەریشی لابو.
کوتوپڕ هاتە ژورەو تەلەفۆنەکەی کاک عومەری دایە دەستی کاک قادری حاجی عەلی، ئەویش بە تەلەفۆنەکەوە رۆشتە دەرەوە، هێندەی پێ نەچو هاتە ژورەوەو وتی: برادەران شێخ جەعفەر بو، جوێنی زۆری داو هەڕەشەی کرد کە دێتە سەر گردەکە، هەر یەکسەر وتی، منیش پێموت پیاوی وەرە وا ئێمە لە گردەکەین و چاوەڕێت دەکەین...
زۆری پێ نەچو شێخ جەعفەرو چەکدارەکانی تەقەیان لە گردکە کرد، لە بەرامبەردا وڵامی پێویستی درایەوە بە ناچاری شوێنەکەی جێهێشت، تا ئێرە پێشەکی بو.
هێشتا هەر لە ژورەکەدا بوین، بەشێک لە برادەران وتیان ئەوە کێشەی شەخسی نێوان قادرو شێخ جەعفەر بو!!! من چومە دەرەوە، لە رێبواری سکرتێری کاک عومەرم پرسی شێخ جەعفەر چۆن تەلەفۆنی کرد؟
کاک رێبوار وتی: شێخ جەعفەر تەلەفۆنێکی بۆ ژمارەکەی کاک عومەر کرد، هەر لە گەڵ ئەوەی تەلەفۆنەکەم هەڵگرت بە جوێنی ناشرین دەستی پێ کرد، وتی منیش گومانم کرد شێخ جەعفەر بە هەڵە تەلەفۆنی کردبێ، بۆیە پێموت کاک شێخ فەرمو، رێبوار وتی شێخ جەعفەر لە سەر جوێن بەردەوام بو، داوای دەکرد تەلەفۆنەکە بدەمە دەست کاک عومەر، وتی منیش رێک تەلەفۆنەکەم هێنا بۆ کاک قادر!
منیش پێموت: کارێکی باشت کرد کە تەلەفۆنەکەت دایە کاک قادر، چونکە هەرچۆنێک بێت کاک عومەر رێکخەرە رەنگە باش نەبێ بچێتە شەڕە جنێوەوە، هەروەها ئەدای وڵامدانەوەی هێواشە، بۆیە کاک قادر بۆ روبەروبونەوەی ئەو ساتە کتوپڕە باشە.
(دیارە کاک قادر پیاوێکی زمان شیرین بو، بەڵام لە ئەدای وڵام و قسەکردندا بە توانا بو)
پاش ئەم قسانە رێک هاتمە ناو ژورەکە، بۆ ئەوەی ئەو گومانە بڕوێنمەوە کە بابەتەکە پەیوەندی بە قادری حاجی عەلیەوە نەبووە، بە دەنگی بەرز وتم: برادەران رێبوار کارێکی باشی کرد کە تەلەفۆنەکەی کاک عومەری دایە دەستی کاک قادر و ، کاک قادریش بەو شێوە وڵامی شێخ جەعفەری دایەوە.
بە داخەوە هەر لە دوای ئەو ساتە بە پلان هەوڵ درا بە فراوانی ئەوە بڵاو بکرێتەوە کە گوایە لە ئەسڵدا شێخ جەعفەر کێشەی تایبەتی لە گەڵ کاک قادر هەبووە.
ئەو برادەرانەی گۆڕان لەو دۆخە نالەبارەدا لە هەوڵی ئەوەدابون لەو پرسەدا هاوڕێکەی خۆیان تاوانبار بکەن.
ئەم گرێ دەرونیە درێژەی کێشا تا دوای ئەوەی قادری حاجی لە گردەکە نەمابو، شێخ جەعفەرو وەفدێکی یەکێتی هاتنە گردەکەو چونە سەر گۆڕی کاک نەوشیروان.
ئەو رۆژە وەفدی گۆڕان بە ناوی شێخ رونکردنەوەیەکیان بڵاو کردەوە گوایە شێخ جعفەر داوای لێبوردنی لە گۆڕان کردوەو دانیشی بەوەدا ناوە کە بەڵێ کێشەی شەخسی لە گەڵ قادری حاجی عەلی بوە.
دیارە شێخ جەعفەر نە ئەو کات و نە دواتریش هیچ رونکردنەوەیەکی لە سەر ئەو قسانە نەبو کە گۆڕان بە ناوی ئەوەوە کردیان.
خوێنەری ئازیز لێرەدا ویستم بڵێم: ئەو تەلەفۆنەی شێخ جەعفەر هەر لە بنەمادا بۆ کاک قادری حاجی عەلی نەبو، بەڵکو بۆ کاک عومەری سەید عەلی بو، کاک قادر پێوە بو و، دەمودەست مەردانە وڵامی شێخ جەعفەری دایەوە.
ئەوەی برادەرانی گۆرانیش لە سەر ئەو شەوە وتیان زۆر بە داخەوە درۆ بو، بێ ویژدانی بو. رەنگە هەندێک بپرسن بۆ ئێستا ئەم راستیە ئاشکرا دەکەم؟!
راستیەکەی هۆکارکە ئەوە بو لەو کاتەی کاک قادر لە ژیاندا بو هەستم دەکرد وتنی ئەو راستیە وەک موجامەلە بۆ ئەو حسابی بۆ دەکرێ، یاخود ئەوترا لە بەر ئەوەیە هەم کاک قادرو هەم عەبدوڵاش نارازین لە گۆڕان و وازیان هێناوە، بۆیە بۆیە بەو شێوەیە روداوەکە دەگێڕێتەوە.
تەنانەت پێری دوای کاتژمێرێک لە کۆچی کاک قادر ویستم ئەم راستیە باس بکەم، بەڵام دیسان وتم با مەراسیمی ناشتن و پرسەی کاک قادر بە حزوری هەمو لایەک تەواو ببێت، ئەو کات باسی دەکەم. پاش وتنی ئەو راستیە؛ گەر برادەرانی گردەکە زەرەیەک وەفایان هەبێ حەقە قەرەبوی ئەو ناحەقیە بکەنەوە. مرۆڤی مەردو ئازا ئەوەیە دان بە تاوانی خۆیدا بنێ و داوای لێبوردن بکات.
هەروەها شێخ جەعفەریش، کە لەم رۆژانەدا چەند جارێک لە مەراسیمی پرسەو ناشتنی کاک قادردا لە دورەوە بینیومە، گەر شتێک هەستی هاوڕێیەتی و ویژدانی هەبێ حەقە ئەو ناحەقیە راست بکاتەوەو داوای لێبوردن لە نەوشیروان مستەفاو قادری حاجی عەلی بکات.
جا؛ ویستم ئەو مافە بۆ کاک قادر بگەڕێتەوە.
هەمو ئەو کەسانەی لە سەرەوە ناوم هێناون شایەتی ئەو راستیەن.
(ئەو شەوە زۆر شت رویدا، وەک باقی شتەکانی تر لای خۆم تۆمارم کردووە)
رۆحت شاد کاک قادر...