چۆن له‌م دۆخه تێبگه‌ین؟
قادر حاجى عه‌لى
2019-12-02   922
له‌وڵاتانی جیهاندا حزب ڕێز‌و مه‌كانه‌تی خۆی هه‌یه، چونكه له‌بنه‌مادا ماههییهتو بوونی حزب به‌دیهێنانی چاكه‌ی گشتی‌و كۆمه‌ڵێك ئامانجه، كه ویست‌و به‌رژوه‌ندی كۆمه‌ڵگای كردووه‌ته خه‌می ژماره یه‌كی خۆی، به‌واتا سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی بڵێین، حزب ئامرازه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه باڵاكانی خه‌ڵك، نه‌ك حزب خۆی ببێته ئامانج‌و كۆمهڵگاو ته‌واوی تواناكانی بكاته ئامراز، له‌پێناو حزب‌و له‌ناو حزبیشدا بیخاته خزمه‌ت به‌رژوه‌ندی ده‌سته‌و تاقم‌و گروپی دیاریكراو.
لای ئێمه حزب (به‌تایبه‌تیش حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات) بۆته یه‌كێك له ناشرینترین ناونیشانه سیاسییه‌كان، خه‌ڵك وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نههامهتییهكانو به‌دبه‌ختییه‌كانی ژیانی خۆی ته‌ماشای ده‌كات، چونكه له‌بری ئامرازێك بێت بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی خه‌ڵك، حزب خۆی بۆته ئامانج. ئێستا هه‌ر بنه‌ماڵه‌و گروپێك خاوه‌نی حزبی خۆیانن، كه له‌ڕووكه‌شدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك دروشم‌و چهمكو ناونیشانی گشتین، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا بوونه‌ته كۆمپانیای پشكداریو كارتێلی بازرگانی كه هه‌زاران فرسه‌خ له‌خه‌مه گشتییه‌كان دووركه‌وتونه‌ته‌وه، له‌وه‌ش زیاتر، له‌م سنوره‌دا حزب ئه‌مانه‌شی تێپهڕاندووهو، ڕۆچووه‌ته ناو تێكشاندنو، بێئه‌رزشكردنی زۆرێك له به‌ها كۆمهڵاتییهكانیشهوه.
قسه‌كردن له‌سه‌ر دیموكراسی له‌كوردستان كه خاوه‌نی فره حزبی سیاسیه، له چاوبه‌ستێكی سیاسی‌و درۆیه‌كی گه‌وره به‌ولاوه هیچی ترنییه، ئه‌وانه‌ی ئه‌م ئیدعایه ده‌كه‌ن،یان له دیموكراسی نه‌گه‌یشتوون یان به‌شدارو شاگردن له‌م سالۆنه سیاسیه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌و مۆدێله سیاسییه‌ی، فرهییو ڕه‌نگاو و ڕهنگییو زۆری و بۆری ژماره‌ی حزبی كردووه‌ته پێوه‌ری دیموكراسی، ئامانجی ئه‌وه‌ڵ و كۆتایی ئارایشت‌و جوانكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌تی، ئه‌گینا له‌واقیعدا ڕووبه‌ری جیاوازیی نێوان زۆربه‌ی حزبه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌نده بچوكبووهتهوه، ناو و ناونیشان نه‌بێت جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ به‌دیناكرێت.
ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كات زیاتر حزبه‌كانی كوردستان،زۆرنه‌یان به‌شدارو به‌رپرسیارن له دروستكردنی ئه‌م دۆخه خراپه‌و سڵ ناكه‌نه‌وه له وێرانكردنی هه‌موو شتێ به به‌ها ڕهمزیو مهعنهوییهكانیشهوه، له‌سه‌رو هه‌موشییانه‌وه كوشتنی متمانه‌ی خه‌ڵك، هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردووه ڕه‌وڕه‌وه‌ی ڕۆیشتن به‌ره‌و بنه‌ماڵه‌بوونی سیستهمو، بهسوڵتانیكردنی ده‌سه‌ڵات، به‌خێراییه‌كی ترسناك هه‌نگاو بنێت.
زۆربه‌ی حزبه‌كان موڵكی خێزان‌و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ركرده‌كانن، بوونه‌ته كۆمپانیای زهبهلاحو ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بۆ خاوه‌نه‌كانیان وه‌ده‌ست ده‌خه‌ن، له‌شكرێك دهستسپیو بێبه‌هره‌ش، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ خه‌ڵكه پاك و تێكۆشه‌ره‌كانیان، له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بوونه‌ته بهردهستو به‌شدار له‌و ناهه‌قییانه‌ی له‌خه‌ڵك ده‌كرێ‌و زهمیینهكهیان بۆ خۆشده‌كه‌ن.
كارێكی گران‌و سه‌خته بۆ سیاسی‌و، ڕۆشنبیرو ئه‌وانه‌ی له رێكخراوه مرۆیی و پیشه‌ییه‌كاندا كار ئه‌كه‌ن، وه هه‌موو ئه‌و ئازادیخوازانه‌ی به‌رده‌وام چاویان له‌گۆڕینی ئه‌م هه‌لومه‌رجه كه‌وتوو و پڕ لهنادادییهیه،بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر كاری سیاسی لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست بكه‌نه‌وه، تا حزبی ڕاسته‌قینه بتوانێ به ڕۆڵی مێژوویی خۆی هه‌ڵبسێت. ژیانی سیاسی له‌كوردستان به‌جۆرێك به‌ر نه‌فره‌ت كه‌تووه، كاتێك به كه‌سێك بلێی حزبییه، وه‌ك ئه‌وه وایه توانج‌و پلاری لێبده‌یت، كه ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می خراپه‌كاری حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستانه، به‌ڵام ئایا ده‌كرێ ئه‌مه خاڵی كۆتایی‌و ته‌سلیمبوون بێت به‌و واقیعه تاریك‌و سه‌پاوه؟ ئه‌كرێت له‌م دۆخی كه‌وتنه‌دا كه له پرسه‌یه‌كی نیشتمانیی گه‌وره ده‌چێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی له‌ناو خهمو، ئازاره‌كانی خۆیدا بێ ئاسۆ‌و نه‌بوونی ده‌روویه‌ك بتلێته‌وه؟.
گرنگه له‌م دووڕیانه مێژووییه هه‌ستیاره‌دا، خه‌ڵكی كوردستان له‌گۆشه نیگای ئه‌و ئومێده‌وه بڕوانێت، كه بنه‌مای سه‌ره‌كی كاری سیاسی جگه له‌سه‌ر ڕاستیی‌و ڕاستگۆیی، زه‌روره‌تی گرێدانێتی به ئهخلاقو به‌ها ئینسانییه‌كان وه‌ك دوانه‌یه‌كی دانه‌بڕاو له‌یه‌كتر، گێڕانه‌وه‌ی سیاسه‌ت بۆ سه‌ر ڕێڕه‌وه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی، سیاسهتو كاری سیاسی وه‌ك ئامرازی به‌دیهێنانی چاكه‌و به‌رژوه‌ندی گشتیی. ڕاسته ئه‌مه كارێكی ئاسان نییه به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه، قۆناغی زۆر له‌مه تاریكترو كه‌وتنی زۆر له ئێستا سهخترمان بینیوه، هه‌ستانه‌وه له گلان ئیراده‌یه‌كی به‌هێزو له‌خۆ بردووی ئه‌وێت، كاری ده‌سته‌جه‌معی‌و متمانه به‌خۆبوونی گه‌ره‌كه، هه‌ركات توانیمان ئه‌م ڕۆحه بچێنینو ئه‌و متمانه‌یه دروستبكه‌ین، له‌بری خۆخواردنه‌وه‌و تلدانو نائومێدی، چاومان له ئاینده‌یه‌كی باشتر ده‌بێت.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی خهمو داڵغه‌یان لای باری لاری خه‌ڵكه‌و، به ئومێدی ژیانێكی باشتره‌وه ده‌ژین، ده‌بێت سه‌رمه‌شقی پرۆژه‌ی ههستانهوهبن، ڕۆشنبیران ئه‌ركێكی مێژوویی‌و گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه له ئاڕاسته‌كردنی دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی دروست، ئه‌وانه‌ی له بواری رێكخراوه جۆربه‌جۆره‌كانی مرۆیی و هونه‌ری و كلتوری و ئه‌وانه‌ی تردا كار ده‌كه‌ن و ده‌توانن رۆڵی گرنگیان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موومان بتوانین سنورێك بۆ ئه‌م بهدبهختیو بێكه‌سییه دابنێین كه به ئاشكرا به‌به‌ره‌ی خه‌ڵكه‌وه دیاره، پێویسته به‌دوای ڕێگه‌چاره‌یه‌كدا بگه‌ڕێین كه ئه‌ركی مێژوویی هه‌موومان له‌م قۆناغه‌دا دیاریبكات.
هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا جگه لهنوزهیهكی لاواز، (نا)و ده‌نگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنه ده‌نگ به‌رزه‌كه‌ی جاران به‌ده‌ستی خۆی ئینتحاری سیاسی كرد‌و، كۆتایی به قۆناغێكی گرنگ لهچاوهڕانیی دونیایه‌كی باشتر هێنا.
یه‌كێك له‌ڕێگا گونجاوه‌كان له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وه‌یه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پهرلهمانو حكومهتو حیزبانه، خه‌ڵكی كوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاسته‌قینه دروستبكات، به‌هه‌ر ئامرازێك له‌و ئامرازانه‌ی شیاوه خه‌باتی خۆی بكات‌و، له‌چوارچێوه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ر حزب‌و ڕێكخراوی سیاسیش نه‌بێت به‌هه‌ماهه‌نگی و كاری جه‌ماعی خۆی ڕێكبخات، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی دهنگو داواكارییهكانیو قوتاربونی له‌ده‌ستی حزب‌و بنه‌ماڵه سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌دا كه عێراق‌و ناوچه‌كه به‌ره‌و گۆڕانگاری ڕیشه‌یی هه‌نگاو دهنێینو داواكارییه‌كانی خه‌ڵك حزب‌و گۆڕینی ده‌موچاوی نوخبه‌ی سیاسیشی تێپهڕاندووهو، داوای مۆدێلێكی نوێ له سیستمی حوكمڕانی ده‌كات.
بۆ ئه‌وه‌ی نرخ بۆ ئۆپۆزسیۆن بگه‌ڕێنینه‌وه، ده‌بێت به‌دوور بگیرێت له‌هه‌موو به‌شداریكردنێكی ئه‌م حزبانه یان ڕازیبوون به به بون به په‌راوێزێك له به‌شداریدا، به‌رامبه‌ر به ته‌سلیمكردنی ئیراده‌و توانه‌وه له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا. ده‌بێت چاوه‌كان به‌ته‌نها له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات یان باڵاده‌ستی بێت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی گونجاوو تۆكمه‌و ته‌ریب به‌داواكانی خه‌ڵك، كه عهدالهتو چاكسازی ڕیشه‌یی بكاته دروشمی سه‌ره‌كی خۆی.
یه‌كێكی تر له خاڵه جه‌وهه‌رییه‌كان، خۆ به‌دوورگرتنه له‌كۆكردنه‌وه یان رێگادان بهخۆتێخزاندنی خه‌ڵكانی ههلپهرستو، هه‌ڵپه‌كه‌ر بۆ پۆست‌و پاره‌و ده‌سه‌ڵات، چونكه ده‌بنه هۆی كاریگه‌ری بۆ سازش و ته‌سلیم بون، ئه‌مه‌ش ده‌كاته ئاوابوونی خۆری ئه‌و مۆدیله له سیاسی زۆر بڵێش كه ساڵانێكه دونیای ئێمه‌ی پڕكردووه له قسه‌ی بێكردار، گرنگه ڕێگه‌نه‌درێت جارێكی تر ده‌مووچاوی ناشرین سیمای جوانی ئۆپۆزسیۆن تێكبدات، ئه‌مه هه‌نگاوێكی گرنگیشه بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناڕازیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت، له‌سه‌روئه‌مانه‌شه‌وه، گرنگه ڕێگری جدی بكرێت له دروستبونی بنه‌ماڵه‌ی سیاسی بازرگانی تر‌و، حه‌قیقه‌تی ئه‌م بنه‌ماڵه خاوه‌ن حزب‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كوردستانیش ڕوونبكرێته‌وه، كه‌مایه‌ی ڕووتانه‌وه‌و، ههژاركهوتنو، ده‌رده‌كانی تری هاوڵاتیانی كوردستانن.
بایكۆتكردنی زیاتر له 60%ی هاوڵاتیان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، هێمایه‌كی ئومێد به‌خشه‌و ئه‌و راستییه‌ش ده‌سه‌لمێنێ، كه بێزاری خه‌ڵكی كوردستان له‌م ده‌سه‌ڵات و حزبانه گه‌یشتۆته ئاستێكی وا كه پێویستی به هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌موو توێژه‌كانه بۆ گۆڕانكاری.