ئەگەر تاران بکەوێت، بەغداو بەیروت دەکەون؟
توانا ئەحمەد خەیات
2019-11-28   1426
زۆرن ئەو هاوبەشیانەی کە لەنێوان ئێرانو عێڕاق لەلایەکو لەنێوان ئێرانو لوبنان لەلایەکی ترەوە هەن، گرنگترینی ئەو هاوبەشیانە بریتین لەو هێزە سیاسیانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشگیریان لێدەکرێتو لەهەریەک لەوڵاتەکانی عێراقو لوبنان باڵادەستن، دەکرێ بڵێین ئەو هێزانەی کە هەریەک لەعێراقو لوبنان بەڕێوە دەبەن سەر بەئێرانن.
بەڵام ئەم خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیانەی کە هەریەک لەئێرانو عێڕاقو لوبنانی گرتۆتەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەختەبوتە ئێرانیەکە بەبارودۆخێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت، ئەم وەرزی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیانەی کە زۆرێک لەوڵاتانی گرتۆتەوە بەلای چاودێرانی سیاسیەوە تەنها سەرهەڵدانەوەی (بەهاری عەرەبی) نییە، بەڵکو بە(بەهاری جیهانی) ناوزەندی دەکەن.
خۆپیشاندانی هەزارەها ئێرانی لەشەقامەکانی ئەو ووڵاتەدا تەنها لەدژی گران بونی نرخی بەنزین نییە لەئێراندا، بەڵکو لەقوڵایدا داخوازی خۆپیشاندەرانی ئێرانی یەکانگیرە لەگەڵ داخوازی خۆپیشاندەرانی عێراقو لوبنان، ئەویش دەربڕینی ناڕازایەتییە بەرامبەر کۆی سیستەمی سیاسی لەهەریەک لەئێرانو عێڕاقو لوبنان. لەگەڵ بونی ژمارەیەکی زۆر لەهاوبەشی لەنێوان هەریەک لەم سێ وڵاتەدا، گرنگترینیان باڵادەستی ئێرانە لەهەریەک لەعێڕاقو لەلوبنان کە بەئاشکرا هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە.
ئاژانسەکانی هەواڵ باس لە بونی کوژراو دەکەن لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس لەئێراندا، لەلایەکی ترەوە ئاژانسی فارس بۆ پەخش و هەواڵ باس لەگرتنی زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر ئەکات کە لەلایەن حکومەتی ئیرانییەوە دەستگیر کراون بە تۆمەتی نانەوەی ئاژاوەو سوتاندانی زیاتر لە 100 بانک لەو ووڵاتەدا.
لەلایەکی تریشەوە لە عێراقدا لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام، ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستا بەگەورەترین خۆپیشان دان ئەژمار ئەکرێت کە لە عێڕاقدا ڕویدا بێت لەداوی ئەو بەروارەوە. داخوازی سەرەکی خۆپیشاندەران لەم خۆپیشاندانەی ئێستادا بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان لە عێڕاقدا. ڕاپۆرتە هەواڵاییەکان باس لە کوژرانی زیاتر لە 300 کەس دەکەن لە سەرەتای دەست پێکردنی ئەو خۆپیشاندانانەوە کە لەعێڕاقدا بەردەوامە.
لەوڵاتی لوبنانیش داخوازی خۆپیشاندەران بریتیبو لەداخوازی ئابوریو سیاسی، هەروەها بەهۆی فشاری خۆپیشاندانەوە سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەستی لەکارکێشایەوەو سەرۆکایەتی حکومەتی بەجێهێشت.
ووشە نهێنییەکە بریتییە لەڕژێمی ئێران
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددام، ئێران باڵادەستی خۆی لەسەر ساحەی عێڕاقی پاراستووە، بەسود وەرگرتن لەچەند هۆکارێک لەوانە: زۆرینەی عێڕاق لەمەزهەبی شیعەن، نزیکی جوگرافی، نەبونی سەقامگیری، بۆیە ئێران توانیویەتی کە دەستوەردانێکی باش بکات لهڕوی سەربازیو سیاسییەوە لەعێڕاقدا. زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە عێڕاق بەنیسبەت ئێرانەوە هێڵی سورە نەک تەنها لەڕوی ئەمنییەوە کە سنورێکی هابەشی زۆر لەنێوانیاندا هەیەو، ئێرانیش سود مەندە لەداهاتە نەوتییەکانی عێڕاق، بەڵکو بەهۆی بونی چەندین حزبی سیاسی لەعێڕاقدا کە پەیوەندی توندوتۆڵیان بەئێرانەوە هەیە و دەتوانرێت بوترێت کە سەر بە ئێرانن.
لەوڵاتی لوبنانیش ئێران تەنها پشتی بەحزبوڵلا نەبەستووە، بەڵکو زیاتر کارتی مەزهەبی شیعی بەکار دەهێنێت، چونکە لەلوبنان نیزامی سیاسی لەسەر بنەمای تائیفیو مەزهەبی داڕێژراوە. لەخۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی لوبناندا حزبوڵلا دژی خۆپیشاندانەکان بو، هەوڵیشی دا کە بەر بەخۆپیشاندانەکان بگرێت و ڕای بگرێت.
هەندێ لەچاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەوەی جیاواز بوو لەخۆپیشاندانەکانی عێڕاقدا، ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران داواکار بوون کە دەستی ئێران لە عێراق وەدەر بهێنرێت. بەڵکو جیاوازتر ئەوەبوو کە مۆڵگەی سەرەکی ئێرانییەکان لە هەریەک لە عێڕاق و لە لوبنان کە( ناوچە شیعییەکانە )لەو ووڵاتانەدا ، چیتر نایانەوێت کە لە لایەن تارانەوە حوکمیان بکرێت.
لەلایەکی تریشەوە هەندێکی تر لە چاودێرانی سیاسی ڕای پێچەوانەیان هەیە لەم مەسەلەیەدا کە پێیان وایە ، ئێران خاوەن پێگەو نفوسێکی بەهێزە لە هەریەک لەم ووڵاتانەدا ، کاتێک کە ژمارەیەک لە شیعە خۆپیشاندان دەکەن دژی ئێران ئەمە لەسەر تائیفەی شیعە ئەژمار ناکرێت بەگشتی . پشتگیریش لە بونی ئێران دەکەن لە عێڕاقدا و پییان وایە کە ئێران ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە ڕوەبەڕوبونەوەی داعش و هاوکاری زۆری عێڕاقی کردووە لەو جەنگەدا . لە لایەکی ترەوە واشنتۆن بە بەرپرسیار دەزانن لە چارەسەرکردنی کێشەکان چونکە ئەمریکا بوو کە عێڕاقی داگیر کردوو هەر ئەویش بوو دامەزرێنەری سیستەمی سیاسی ، هەروەها ئەویش بە بەرپرسیار دەازانن لە هێنانە سەر حوکمی ئەم چینە گەندەڵە بۆ دەسەڵات لە عێڕاقدا .
کێ کاریگەری لە کێ دەکات :
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیوۆرک تایمز ی ئەمریکی ئەم خۆپیشاندانانەی عێڕاق و لوبنان کاریگەریەکی سلبی دەبێت بۆ سەر ئێران ، ئەگەر خۆپیشاندەران سەرکەوتووبن لە لاواز کردنی ئەو حزبە سیاسیانەی کە سەر بە ئێرانن لە هەر یەک لە عێڕاق و لە لوبناندا .
بە پێچەوانەوە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران هەوڵ دەدەن کە وێنەیەکی خراب بۆ خۆپیشاندانەکانی عێڕاق و لوبنان و ئێران بگوێزنەوە ، ئاماژە بە ووشەی ( هاندان ) دەکەن لە ڕاپۆرتەکانیاندا بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکانی ئێران ، دەڵێن کە ئەم خۆپیشاندانانە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و سعودییە ی لە پشتە ، ئەو ووڵاتانە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم خۆپیشاندانانەوە ئێران لاواز بکەن و سەقامگیری ئەو ووڵاتە تێک بدەن .
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان .... زمانێکی جیهانییە.
بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندانەکانی ئێران و عێڕاق و لوبنان پێکەوە گرێدراو نین ، چونکە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە چەندین ووڵاتی تردا هەیە ، وەک جەزائیر ، سودان ، ئەمریکای لاتین بەتایبەتی لە ئیکوادۆر و بۆلیڤیا و شیللی ، هەروەها لە ووڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک هۆنکۆنگ و کۆریای باشور ، هەتاکو خۆپیشاندان گەیشتۆتە کیشوەرە پیرەکەی جیهان ( ئەوروپا) وەک بەردەوامی خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکان لە ووڵاتی فرەنسا ، کە شەرمەزارییەکی زۆری بۆ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فرەنسا دروست کردووە .
هەر لەم بارەیەوە ڕۆژنامەنوسی ئەڵمانی (کلاوس دیتر فرانکبیرگەر) لە ڕۆژنامەی فرانکفۆرتەر ئەلگەماینە – (Frankfurter Allgemeine Zeitung) نوسیویەتی : بە دڵنیایەوە هۆکارێکی هاوبەش هەیە لە نێوان هەموو ئەم خۆپیشاندانانەدا ،ئەویش ئەوەیە کە لەم ووڵاتانەدا حکومەتی باش بونی نییە ، لە بەرامبەریشدا گەندەڵی و حوکمڕانی خراپ هەیە . ئەم ڕۆژنامەنوسە زیاتر دەنوسێت و دەڵێت بێگومان چیتر پشتگوێخستنی سیاسی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابوری مایەی قبوڵ کردن نییە ، ئەگەر حکومەتەکان بەشێوەیەکی خێرا بەدەنگ داخوازی خۆپیشاندەرانەوە نەچن ، ئەوا توندوتیژی دەبێتە بەرئەنجام ، ئەم توندوتیژییەش دەبێتە هۆی بەرپابونی ئاژاوەو وپشێوی و لەبەرامبەریشدا سەرکوتکردن و گرتن و ڕاوەدونان دەبێتە کاردانەوە .