بەغداد-هەرێم- چاکسازیی
دانا میرزا ڕەفیق
2019-12-06   1173
ئەوەی لەعێراق ڕووئەدات شتێکی زۆر ئاساییە، گەر لەوڵاتێکی ئەوروپی ڕوبدات ناتوانیت بڵێی ئاساییە چونکی لەوێ دەسەڵات لەسەر قاچ ئەڕوات، مرۆڤ لەسەر قاچ ئەڕوات. بەڵام لەعێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر سەر ئەڕوات. بۆیە کوشتتن، کوشتنی خۆ پیشاندان، بردنە دەرەوەی ملیارەها دۆلار، گەندەڵی، دزین، ڕاو ڕوت، بێنرخکردنی مرۆڤ....تاد ئەمانە هەمویان هێزی شۆکبونیان بۆ ئێمە تێدا نەماوە. ئاسایینو بونەتە ڕۆتین.
عێراق-هەرێم هەردوولایان گەندەڵن و بۆ یەکتر گوونجاون. پێشینان لە سەر ئەمە قسەیەکی زۆر جوانیان هەیە. ( مەنجەڵ بۆ سەرقاپی خۆی ئەگەڕێ). عێراق بۆ ئەوەی هەرێمی لە دەست دەرنەچێ پێی خۆشە گەندەڵ بێت. دواتر سڕینەوەی ئاسان ئەبێت. ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی ترەوە، هەمووان ئەوە باش ئەزانین هەر کات بەغدا یەک تۆز بارودۆخی سیاسی باش بووە گێچەڵی بە هەرێم گێڕاوە. هەرێم بۆ بەردەوامبوونی پێی خۆشە عێراق گەندەڵ بێت. واتە بە گەندەڵبوونی بەغدادەوە دەژی.
گەر عێراق باش بوایە بە چەند دانیشتنێکی پەرلەمان دەستوریان دەگۆڕی و کۆتاییان بە هەرێمی کوردستان دەهێنا. دەیانووت ئێوە هاوڵاتییانی شمالی عێراقی ئەچەوسێیننەوە. هەزارەها بەڵگەیان لە بەردەستدایە. بە ئاسانی بۆیان ئەچووە سەرو بۆیان ئەچێتە سەر. وە گەر هەرێم دەسەڵاتێکی باشی هەبووایە، ئێستا تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان بەشێک بوون لە هەرێمی کوردستان. پێویستی بە شتێکی ئەوتۆ نائەکرد، دانیشتوان خۆیان داوایان دەکرد. بی بی سی چاوپێکەوتنی لە گەڵ بەشێک لە دانیشتوانی ڕۆژئاوای سوریا کرد کە خەڵکەکەی عەرەبن و خاکەکەش هین عەرەبە بەڵام دەسەڵاتی کوردیان پێباش بوو، دەیانەوێ لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بن. ئەمە جیاوازیەکی گەورەیە لە نێوان باشوورو ڕۆژئاوا. ڕۆژئاوا تەجروبەی حوکمداری، سیاسی، حیزبایەتی...... لەوانەی باشوور زۆر کەمترە. جگە لەوەش لە هەموو لایەکەوە بە دووژمن دەورە دراوون. ئەوەی ڕۆژئاوا جێگای شانازییەو دەکرێ دەیەها فیلم، شانۆو، کتێبی...لە سەر دەربکرێ.
کاتێک باسی چاکسازیی دەکرێ هەمووی بێدەنگ ئەبێت وائەزانن هەنگوینیان لە دارا دۆزیوەتەوە. لالۆ چاکسازی لەخوارەوە ناکرێ لە سەرەوە دەکرێ. لە ناوەڕاستی نەوەتەکان کاتێک لە مزگەوت دەرسمان دە خوێند دەیەها جار پێمان دەوترا تا قواعید خۆی نەگۆڕێ قاعید ناگۆڕێ. ئێمەش گەنجی خوێن گەرم ئەمەمان لێ ببوە ئایەتی قورعان. ئەوەی بمانناسیایە و دەممان بیگەیشتایەتێ پێمان دەوت. بەڵام زەمەن تێیگەیاندم کە ئەوان هەڵە بوون و ئێمەش فریوو درابووین. (ئیخوان موسلیمین نزیکەی سەدەیەک ئەوە بنچینەی کارکردنیان بووە، ئێستا باوەڕیان پێی نەماوە-تەنها بۆ نموونە).
ئەوەی لە ناوو دەسەڵاتدایە و دێت باسی چاکسازیی ئەکات جگە لە چەواشەکارییەکی گەورە هیچی تر نیە. کات کووشتنە. دەسەڵاتی (عێراق و هەرێم) چاکسازی تێدا ناکرێ. ئەو قوڕە هەرگیز تۆزی لێهەڵناسێ و بە تەما مەبە. ئایا سەرەوە خۆی خۆی چاک ئەکات؟ ئایا ئەو هەمموو پارەیەی بردویانە ئەیگێڕنەوە؟ ئەو هەموو گەندەڵیەیان کردوە دەچنە دادگا؟ نەخێر . ئەمەیە چاکسازی ڕیشەی. ئەمەش ناکرێ و تیاچوونی خۆیانە. کەواتە ئیدی باسی چاکسازی بە هەموو فۆڕمەکانیەوە درۆیەکی گەورەیە. درێژە بە گەندەڵکارانی (عێراق-هەرێم) ئەدات. ئەوان حەزیان لەو شتانەیە. هەموو ڕژێمە بێکەڵکەکان هەر ڕۆژە بە ناوێکەوە درێژە بە تەمەنی خۆیان ئەدەن. ئیدی تۆ ناوی ئەنێی چاکسازی، پاکسازی،ڕێکەوتن، دیکتاتۆری...تاد بۆ ئەوان هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. تۆ پیادەو ئەوان سوار.