لە ڕۆژانی (٢-٣/ ٨/٢٠٢٤) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی زانستی پەروەردەیی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو لە ژێر ناوی ( اشكالية المناهج التعليمية في ظل العصر الرقمي ).
گرفتەکانی بەرنامەی پەروەردەیی لە سەردەمی ژمارەییدا، ( بە واتایەکی تر گرفتەکانی بەرنامەی پەروەردەیی لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا) کۆنگرەکە لەلایەن (اتحاد الجامعات الدولية)ەوە بەڕێوە دەچووکە ڕێکخراوێکی ئەکادیمی زانستی نێودەوڵەتیە زیاتر لە (٢٠٠) زانکۆی جیهانی ئەندامن لەو ڕێکخراوەدا، وە بەهاوکاری دەزگای (ڕوئا)، ئەم کۆنگرەیە پەنجاو پێنجەمین کۆنگرەی ئەم ڕێکخراوەیە لەسەرئاستی جیهان.
جێی بایەخە کە ئەم کۆنگرەیەیان لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە چوو، تیایدا نوێنەران و پسپۆڕانی پەروەردەیی زیاتر لە ( ١٥) وڵات و (٢٠) زانکۆی جیهانی بەشدار بوون وە (٤٨) توێژینەوە تاوو توێکرا، تا ئێرە وەک زانیاریەک لەسەر کۆنگرە بە گشتی.
بەندە یەکێک بووم لە بەشداربووانی کۆنگرەکە زۆر جێی خۆشحاڵیە کۆنگرەیەکی وەها گرنگ لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەچێ ئەوە دەسەلمێنێت کە ئارامی هەرێمی کوردستان جێی بایەخە بۆ ناوەندە ئەکادیمی و نێودەوڵەتیەکان.
لە ئێستادا زیرەکی دەستکرد بووەتە جێی بایەخ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و کاریگەری هەیە بەسەر کایەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتیدا یەکێک لەو بوارانەش لایەنی پەروەردەیە کە ئەم لایەنە شۆڕ دەبێتەوە بۆ هەموو لایەنە زانستیەکانی تر، لە ساڵی ٢٠٢٣دا باوترین بابەتی تەکنەلۆژیا بووە و لە ساڵی ٢٠٢٤ و ساڵانی دواتریشدا بە شێوەیەکی باو دەمێنێتەوە، رۆڵی گرنگی خۆی سەلماندووە لە گۆڕینی شێوازی کارکردن و رێکخستنی ژیان و ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی ئەرکە جۆراوجۆرەکان.
زیرەکی دەستکرد تەنها بۆ تاکەکان سوودی نییە، بەڵکو وەک لە کۆنگرەدا بە درێژی باسی لێوە کرا کۆمپانیاکانیش سوودیان لە توانا جۆراوجۆرەکانی زیرەکی دەستکرد وەرگرتووە، هەروەها دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان لەسەر بنەمای ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ شیکردنەوەی داتا و چارەسەرکردنی کێشەکان و خێراکردنی رەوتی کار.
بواری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی تا ئێستا گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی بە خۆوە نە بینیووەو هەمان سیستمی کۆن پەیرەو دەکرێت مەگەر گۆڕانکاریەکی کەم کە ئەویش هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆو ئەنجامێکی ئەرێنی نەداوەتە دەست و بەرهەمێکی بەرچاووی نەبووە.
ناکرێت ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە بە هەمان ئەو قۆناغانەدا تێپەڕین کە وڵاتانی پێشکەوتوو لە زانست و تەکنۆلۆژیادا پێی گەیشتوون، دەکرێت ئێمە سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و لە بوارە زانستی و پەروەردەییەکاندا پەیڕەوی بەرنامەکانیان بکەین، یاخوود لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە ئەوان ئێستا تیایدان و پەیڕەوی دەکەن ئەوەش بە دڵنیاییەوە بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای ئەوان و سوود وەرگرتن لێی.
بواری پەروەردە بنیادی وڵات و تاکەکانی کۆمەڵگەی لەسەر دەنرێت گرنگترین بناغەی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو لە پۆلە سەرەتاییەکانەوە دەست پێدەکات کەواتە قۆناغی بنەڕەتی گرنگترین قۆناغە کە بەداخەوە خەریکە کەنار دەخرێت، زۆر کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار دەبەسترێت و قسان دەکرێت بەڵام هەزاران قسە کردارێک ناهینێت.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە وتەیەکی نیلسۆن ماندێلا بکەم و کۆتایی وتەکانم بێت لە بواری پەروەردەدا دەڵێت:
"ڕوخانی دەوڵەت پێویستی بە مووشەکی ئەتۆمی نیە، تەنها دابەزاندنی ئاستی خوێندن و ڕێگەدان بە گزی لە تاقیکردنەوەکاندا بەسە بۆ مردنی نەخۆش لە ژێر دەستی پزیشکدا، ڕوخانی باڵەخانەکان لەژێر چاودێری ئەندازیاردا، بەهەدەردانی داهاتی وڵات لەژێر دەستی ئابووریناسەکاندا، نەمانی داد لە دادگاکاندا، داڕوخانی لایەنی پەروەردە و فێرکردن بە مانای ڕوخان و لەناوچوونی نەتەوەو وڵات".