شار کاولەیە و خاپورستانە. گەر بچین تەماشایەکی وێرانەی خوارووی بکەین، دەبینین چۆن گەنوگومان بەسەر ئاوی تانجەرۆوە بە لەنجەولار دەڕوات. سەرێکیش لە هەر سەیرانگە و باخێک بدەین، عەلاگەی بێڕوح و پلاستیکی قیرچسمە چاومان دەرەهێنن. ئەوە باسی ناوبازاڕ هەر ناکەم، تا پیاسەیەکی ١٠ چرکەیی دەکەیت، ناولووت و قورگمان لەتاو دوکەڵ وەکوو برینی سەربەخوێ دەبرژێتەوە. وا هەست دەکەیت ئێکزۆستی ئوتومبێلەکان لە دەمولوتت بەستراون.
ئەوەی بەلامەوە سەیرە، ئەو عالەمە بۆ گۆیژە و ئەزمەڕ کەوتوونەتە کڕوزانەوە و پوکەپوک. نازانن ئەو دووانە دەمێکە ئەتک کراون و لەمێژە حەیایان چاڵ چاڵ کردوون.
هەربەجدی بەلامەوە سەیرە، ئەو خەڵکە چی لەو دەسەڵات و خەڵکە فاشیل و پارەپیسە چاوەڕێ دەکەن؟! ئاخر تۆ سەرت خستووەتە ناودەمی تیمساحەوە و داوای بەزەیی دەکەیت؟! تکای ڕەحمەتی لێ دەکەیت؟! ئەمانە وا هاتوون، تا بست بە بستی ئەم خاکە وەکوو شارە گەورەکانی دونیا لە دوکەڵ و لە کۆنکرێت و بینای هەزار تەبەقەیی و ئۆتێلی یاقوتیدا نەخنکێنن نەڕۆن. شاری چی، ئێمە کەی بە تەنگ شارەوە بووین!
هەرئەوەیە ئەم ڕێچکەلێدان و هەڵکۆڵینی سینگی گۆیژە و ئەزمەڕە هێندە زەقە چاوی هەموومان دەیبینێت و چاویش ئیشی تەنها چاولێکەرییە. بۆیە زۆرینەمان بە چاولێکەری سەروو دێڕە هەست و ڕیزە لاواندنەوەی بۆ دەکەین.
بۆ من گرنگ نییە چی دەکەن، لە ڕاستیدا گەر وا نەکەن، گەر شار هەنجن هەنجن نەکەن، گەر گوندەکان وێران نەکەن، گەر ئاوی دوکان و دەربەندیخان پڕ لە قوتووی دۆشا، شووشەی بیرە و بوتڵی کۆلا نەکەن، گومان دەکەم و دەترسم، ئەمانە ئەو جڕوجانەوەرە نەبن!