پێکهاتەی ئەم نووسینە بێسنوور ناڕێک و ئاڵۆزە، بەوەی لە بابەت و جێگەیەکەوە باز دەدات بۆ بابەت و جێگەیەکی تر، لە گێڕەڕەوەیەک ڕادەکات بۆ گێڕەڕەوەیەکی تر. خوێنەر نازانیت، ئەمەی دەیخوێنێتەوە باسی کێ و کەی دەکات. کۆنە، یاخود نوێ. بۆ نمونە لە سەرپەڕەدا بەرواری ٢٠١٥ ی لێداوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا باسی ١٩٨٠ دەکات. نووسەر لە مێشکی خۆیدا گەلێک ئاڵۆز و سەرلێشێواو بووە. لە جیاتی ڕووداوەکانمان ڕاستەوخۆ بۆ بگێڕێتەوە، بەردەوام پێمان دەڵێت لەم نووسینەدا چیتان بۆ دەگێڕمەوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە ٦٢ بەردەوام لە ڕابردوودا قسە دەکات.
ڕاستە ڕووداوەکانی ناو ئەم نووسینە چەند ساڵێکیان بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام ڕۆمانی سەردەم دەبێت باس لە ڕووداوە کۆنەکان وا بکات کە حاڵیحازر و ئێستە ڕوودەدەن. واتا باسی ڕابردوویەکی کۆن کۆنم بۆ بکە، بەڵام لە ئێستەدا باسی بکە کە من بتوانم بچمە ناو دیمەنەکان و خۆمی تێدا ببینم. ئەم نووسینە ئەو کارە ناکات، بۆیە گێڕانەوەیەکی بێزارکەر و وشکە.
گۆڕینی گێڕەرەوە: سەرەتا کەسی سێیەمە، دوورە، ڕۆڵی کەسی هەمووشتزان دەبینێت. بەڵام دواتر یادەوەرییەکانی نیشتیمان دەخوێنینەوە کە وەکوو نامەیەک دەچێت. دواتر نیشتیمان بەردەوام دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و زیاتر پێمان دەڵێت چی ڕوویداوە، نەوەک نیشانمان بدات چی ڕوویداوە تا ئێمەش لەگەڵیدا بچینە ناو دیمەنەکانەوە.
لاپەڕە ٩٥ بۆ ٩٧ و دواتر، گەڕانەوەیە بۆ ژیانی کۆنی دایکی نیشتیمان. بێزارکەرە، گێڕانەوەی زۆرە، هیچ لە ئێستەدا ڕوونادەن. گێڕانەوەی بەردەوام خوێنەر بێزار دەکات. زۆرینەی بە فیلەر (پڕکەرەوە) تەواو دەکات. نمونە زۆرن لەسەری، ئەو فیلەرانە بابەتی لاوەکین کە پەیوەندی بە پلۆتی (نەخشە) سەرەکییەوە نییە و بۆ درێژکردنەوەی نووسینەکە نووسەر باسیان دەکات. زیاتر بیروباوەڕی شەخسی نووسەرن و وەکوو وتاردان دەریدەبڕێت و هیچ خزمەتێک بە خوێنەر ناکات. هیچ شتێک ڕوون ناکاتەوە، هیچ ڕووداوێکی وا ڕوونادات، بەڵکوو هەمووی بە گێڕانەوە دەکات. وەکوو هەقایەتی گوێئاگردان.
تەکنیکی گێڕانەوە هێندە لاوازە کە خوێنەر هەست دەکات نووسەر هیچ بیرۆکەیەکی نوێی نییە کە بیخاتە ناو نووسینەکەی، بەڵکوو تەنها ڕقوکینەیەکی تایبەتی خۆی بەرانبەر بە بزاوتی ئازادیخوازی کورد لە باکوری کوردستان بە سەرکردایەتی پەکەکە هەیە و نازانێت چۆن بیکاتە ناو چیرۆکەکانەوە. بۆیە ڕێگەی لاوازی وەکوو نامەنووسین بەکاردەهێنێت. دەبوو نووسەر پلانێکی تۆکمەی دابنایە، بیرۆکەکانی یەک یەک ڕیز بکردنایە و پاشان لەو بیرۆکانە چیرۆکێکی تێکسمڕاوی گەورەی دروست بکردایە. لە ئێستەدا چیرۆکێکمان نییە. وەکوو وتار حسابی بۆ دەکرێت، هەڵبەت وتارێکی تەواو تێکشکاو.
لەپەڕەی ١٦٥ تا ١٨٠، هیچ هونەرێکی تێدا نییە (گەر لە بەشەکانی تردا ئاهێکی تێدا بێت) چونکە تەنها گێڕانەوەی مێژووی تورکیایە لە ١٩٣٠ بەدواوە، کە هەرکەسێک بە چەند کلیکێک لە ویکیپێدیا دەیدۆزێتەوە.
لاپەڕە ١٨٥ تا ١٩٠، یەک وتاری دوورودرێژی پڕ لە ڕاوبۆچوونی نووسەر. هیچی تێدانییە کە مرۆڤ سوودی لێ ببینێت. نووسەرە و خۆی قسە دەکات و وتارمان بۆ دەدات. ناوی هەندێک کەسێتی ناسراوی وەکوو گاندی و مارتین لوثەر کینگ دەهێنێت و وتەکانیان دووبارە دەکاتەوە. خۆدەرخستنە، گوایە خوێنەر ئەم شتانە نازانێت و نووسەر پێمان دەڵێت. هیچ هونەرێکی ڕۆماننووسینی تێدا نییە.
لە لاپەڕە ١٩٥ نووسەر هەمان شت دەکات و ناوی کۆمەڵێک کتێب و نووسەرەکانیان دەنووسێت، گوایە خوێنەر ئەمانە نازانێت. گرنگی ئەم باسکردنە بۆ نەخشەی گشتی ڕۆمانەکە چییە؟
دیسان لە لاپەڕە ١٩٦ ناوەرۆکی کتێبی «جەماوەر و دەسەڵات»مان بۆ باس دەکات. بەڕاستی ئەمە چۆن ڕۆمانێکە؟ واتا من گەر بمەوێت ناوەرۆکی ئەو کتێبە بزانم، بۆچی ڕۆمانی ئەوان چاوەڕێی کازیوەن دەخوێنمەوە. بۆچی ناچم ڕاستەوخۆ کتێبەکە خۆی بخوێنمەوە؟!
ئەوەی لەم نووسینەدا منی بێسنوور بێزار کرد، سووکایەتی ڕوون و ئاشکرای نووسەرە بە مێینە بە گشتی، تایبەت بە ژنێک کە تەڵاقی وەرگرتبێت و جیابووبێتەوە. دەڵێت، «دەستم بە یاخیبوون کرد..»
دوایی لە لاپەڕە ٨٩ دەڵێت، «پەیوەندیم بە کۆمەڵەکانی چالاکیی ژنانەوە کرد…» نووسەر ئەم کچە وەکوو یاخیبوویەکی سەقەتی بەڕەڵڵا وەسف دەکات، دواتر بە خوێنەر دەڵێت کە کۆمەڵەکانی ژنان لەو جۆرانەن.
ل١٠٩، دەڵێت، «بۆم دەرکەوتووە باوکم بەدەست خووی سێکسی زۆرەملێیەوە دەناڵێنێت. ئالوودەی سێکسە تا ڕادەی نەخۆشی…» بەڵام پێمان ناڵێت چۆن؟ چۆن ئەمەی بۆ دەرکەوتووە، خۆ ئێمەی خوێنەر هیچمان لە باوکی نەبینی، تەنها یەکجار نەبێت ئەویش زۆر بە خێرایی لەگەڵ ژنێکی ڕووتدا لە ڤێلاکە دەگیرێت. ئەمە هیچ بەڵگەی ئەوەنییە کە ئەو پیاوە گیرۆدەی سێکسە. لە ڕۆماندا نووسەر دەبێت خوێنەر لەگەڵ خۆی ببات و لە چاوی پاڵەوانی ڕۆمانەکەوە وەکوو فیلم ڕووداوەکان یەک بە دوای یەک نیشان بدات، نەوەک بۆی باس بکات، بۆی بگێڕێتەوە و بێ هیچ بەڵگەیەک دەرەنجام دەربهێنێت. ئەوەی خوێنەر بە چاوی خۆی لەناو دێڕەکاندا نەیبینێت، هیچی ناچێتە قاڵبی بۆچوون و ڕوانگەی پاڵەوان یان کارەکتەر، بەڵکوو دەبێت بە ڕاوبۆچوون و قسەی نووسەر خۆیی و لە ڕۆماندا ئەمە نەگونجا و کاری نەکردەیە. نووسەر نابێت هیچ دەرەنجامێک بدات بە خوێنەر، بەڵکوو خوێنەر لە ئەنجامی بینینی ڕووداوەکاندا خۆی دەرەنجام بەدەست بهێنێت. نووسەر نابێت پێمان بڵێت فڵان کارەکتەر زۆر ئازایە، بەڵکوو دەبێت شانۆی ڕووداوەکان وا ڕێک بخات کە خۆمان بۆمان دەربکەوێت ئەم کارەکتەرە ئازایە.
ل ١٢٤، هەمان شت دەکات. باسی ئامەد، گوایە هێشتا لە میراتی پیاوسالاری ڕزگاری نەبووە. مێینە بەچاوی سێکسی دەبینێت. دەڵێت، «لەمەڕ ئەم بابەتە گفتوگۆی زۆرمان کرد…» بەڵام ئێمەی خوێنەر هیچ گفتوگۆیەکمان نەبینی. کوا، کەی؟ چۆن و لە کوێ ئەم گفتوگۆیەتان کرد. ئەم نووسەرە ئەوەی لە مێشکی خۆیدا ڕوودەدات، بۆ ئێمەی باس دەکات، بەڵام هیچمان نیشان نادات. ڕۆمان ئاوا نانووسرێت.
هەر لە هەمان لاپەڕە دەڵێت گوایە لە ڕێکخراوەکانی ژنان کچانی زۆری بینیوە کە لەلایەن مەحرەمەکانیانەوە تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون… بەڵام کوا؟ کام کچ، ناویان چی بوو، چیرۆکەکانیان چی بوون؟ لانیکەم یەک دوو دانەمان بۆ باس بکە. گفتوگۆی نێوان پاڵەوان و یەکێک لەو کچانەمان بۆ بنووسە. ئاخر ناکرێت ئێمە هەر قسەی نووسەر وەکوو سەنەد وەربگرین.
ل١١١، سووکایەتی بە دوکتۆرەکان دەکات. دەڵێت، «با دوکتۆریش بێت، خۆ نێرە. هەموو نێرێکیش جۆرە ئاژەڵێکن کە خوویان بە سێکسەوە گرتووە.» پاشان دەڵێت، «گومانم نییە کاتێک بە بیانووی دۆزینەوەی هۆکاری ئازار پەنجە دەخاتە ناوگەڵمەوە، چێژی لێ دەبینێت.» ل ١٢٥، بە مرۆڤ و دوکتۆرەوە ناوەستێت، بەڵکوو سووکایەتی بە پشیلەی نێریش دەکات. گوایە پشیلەی نێر تەنیا خەیاڵی لای چێژە.
لە لاپەڕەی ٣٢٠، تا ٣٥٤، ناوەرۆکی نووسینەکان گۆڕانێکی سەیر بەخۆیانەوە دەبینن. زیاتر دەبێتە ڕۆمان، گفتوگۆی نێوان ئامەد و نیشتیمان جێگەی بایەخە. بۆچوونەکانی ئامەد سەبارەت بە شەڕ و بە پەکەکە دەکرێت هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت. تایبەت کە حیزب سەرقاڵی دروشمی باقوبریقە و هیچی ناگەنە ئامانج، بەڵام خوێنەر دەتوانێت لەناوەخنی ئەم بۆچوونانە دەنگی ناڕەزایەتی نووسەری ڕۆمانی ئەوان چاوەڕێی کازیوەن بەرانبەر بە پەکەکە و شۆڕشەکەی بە زەقترین شێوە ببیستێت. خۆ ئەگەر نووسەر لێگەڕایە بێلایەنانە گفتوگۆکان بڕۆن، ئەوا ئەو گفتوگۆیانە شایانی نووسین و خوێندنەوەشن. دەکرا خوێنەر بیانکاتە بابەتی گەنگەشەی قوڵ. بەڵام بەداخەوە دژبەری نووسەر لەگەڵ پەکەکە، هەر دێڕێکی ئەم ڕۆمانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و لە بایەخەکەی کەم دەکاتەوە.
لە ل ٣٨٦ دا، دیسان دەپەڕێت. پاسەکە دەگاتە شاری جزیز. پاسی چی و حاڵی چی. نووسەر لە مێشکی خۆیدا چی داناوە ئەوەی نووسیوە، بەڵام حسابی بۆ خوێنەر نەکردووە، دەی من چوزانم چی لە مێشکی تۆدایە. لەمسەر دەپەڕی بۆ ئەوسەر، بێ ئەوەی هیچ شتێک هەبێت من لەناو نووسینەکەدا خۆمی پێ بدۆزمەوە. سەرلێشێوانێکی سەیر تووشی خوێنەر دەکات.
شەبەنگی مەلای جزیری، کە ئامەد قسەی لەگەڵ دەکات، بێئەندازە بێتامە. تەکنیکێکی گەلێک لاوازە بۆ دەربڕینی ناخی نووسەر. دەکرا ئەم بەشانەی تێدا نەبووایە. ڕۆمانەکە هێندە دوورودرێژ و تاقەتپڕوکێن نەدەبوو.
ل ٤٢٧… کاتێک ئامەد لە شاری ئامەد دەگیرێت، تا زیندان و ئەشکەنجە، وەکوو ژیاننامە دەیگێڕێتەوە، گێرانەوەیەکی زۆری تێدایە کە خوێنەر بێزار دەکات. لە کاتێکدا نووسەر دەیتوانی لەجیاتی ئەوەی پێمان بڵێت ئامەد چی بەسەرهاتووە، نیشانمان بدات و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خۆی بمانبات.
لە کاتێکدا زۆرینەی نووسینەکەی لەسەر ئەوەیە کە حیزب پەیمانی خۆی ناباتە سەر و قالوبەلا دەکات. کەچی لە ل ٤٤١ دا باسی کوشتنی ئەسەد ئۆکتای دەکات لە ١٩٨٨ دا و دەڵێت، «سوودی چی بوو؟» گومان دەخاتە سەر سوودی کوشتنەکەی. با من بەم نووسەرە بڵێم کە سوودی کوشتنی ئەسەد ئۆکتای چی بوو: یەکێک لەو سوودانەی ئەوەیە کە بە پێچەوانەی دیعایەکانی ئەم نووسەرەوە، حیزب پەیمانی خۆی بردەسەر و قسەکەی کەمال پیری نەدا لە بەرد، کە بە ئۆکتای وتبوو هەڤاڵانم دێن بۆلات و سەلامی منت پێ دەگەیەنن. واتە دێن و دەتکوژن. هەرواش بوو. هەڤاڵانی چوون و کوشتیان. دووەم شت، ئەو کووشتنە کارێکی کرد کە هیچ تورکێک، ئەفسەرێک، کەسێکی دەسەڵاتدار نەتوانێت بەوشێوەیەی ئۆکتای ئازاری کورد و گیراوان بدات، چونکە دەیانزانی هەڤاڵان بە زووترین کات وەکوو ئۆکتای تۆڵەیان لێ دەسێننەوە. ڕەنگە یەکێک لە کەموکورتییەکانی هەڤاڵان لە ئێستادا ئەوەبێت کە دەستبەرداری ئەو تۆڵەسەندنەوەیە بوون.
ل ٤٤٤… باسی سەردانی دایکی ئامەد بۆ زیندان.
ڕووداوەکانی ناو فیلمی ١٤ی تەمووز کۆپی و پەیست دەکات، بێ ئەوەی وەک سەرچاوە باسی بکات. ئەمە دزیی ئەدەبییە. تەنانەت ئەو دەستەواژەیەش بەکاردەهێنێت کە ڕێک لە فیلمەکەوە وەریگرتووە.
«تو چەوای بەرخا من؟» شەرمە!
هەڵبەت کۆی نووسینەکە لەسەر شەڕی خەندەقەکانی ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ لە باکوری کورستان نووسراوە.
با من هەڵەکان بۆ نووسەری ئەوان چاوەڕێی کازیوەن ڕاست بکەمەوە و بۆچوونی خۆم بنووسم:
لە شەڕی خەندەقەکاندا بە دەوڵەتی تورکیا وترا کە ئێمە توانامان هەیە لە شارەکانیشدا بەرەنگارت ببینەوە، بەڵام لەبەرئەوەی تۆ دەوڵەتێکی کە ئەوپەڕی وەحشیگەرییەت بەکاردەبەیت، سڵ لە چەکی کیمیاویش ناکەیتەوە، تۆ لەنێوان وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوا و ڕوسیا و چین و ئێراندا یاری دەکەیت. تۆ لەناو ناتۆدایت، تۆ بازاڕی ساخکردنەوەی کاڵا و چەکی وڵاتانی ڕۆژاوایت. لەبەرئەوەی ئێمەی کوردیش گەلێکی بێدۆستین، کەس لە شەڕدا دژی تۆ پشتیوانیمان ناکات. ئەوا تۆ دەتوانیت بە دڕندەترین شێوە لێمان بدەیت. ئێمەش کۆمەڵێک گەنجی کڵاشینکۆفبەدەستین، چەکی قورسمان ئاڕبیچیە. ئەگینا تۆ ئەوەنیت بتوانیت ورەی ئێمە بڕوخێنیت.