٥١ رێكخراوی بواری پرسی جینۆساید و چالاكوانان و نووسەرانی هەرێمی کوردستان پێش چەند رۆژێک لە راگەیەنراوێکدا داوای یاسایەك بۆ تەجریمی نكۆڵیكردن لە جینۆساید و ستایشکردنی سەددام حوسێن و ڕیژێمە فاشییەکەی دەکەن .
بەتایبەت دوای ئەوەی ماوەیەكە لە كەناڵەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەلایەتییەكان نا بەرپرسانە خەڵکانێک ستایشی تاوانبارانی جینۆسایدی گەلی کوردستان و رژێمی فاشیستی بەعس دەکەن .
دیارە ئەم ٥١ رێکخراوە بێ ئاگان لەوەی کە لە دەستووری عیراق مادەی ٧ برگەی یەکەم و دووەم زۆر بە ئاشکرا رێگری لە ستایشکردنی حزبی بەعسی فاشی دەکات .
دەربارەی ئەم بابەتە بەباشمان زانی ڕای پسپۆری دیاری عیراقی بەرێز دکتۆر مونزر ئەلفەزل لەمەر ئەم بابەتە بزانین ، هەربۆیە پەیوەندیمان پێ کرد و لە جەنابیمان پرسی :
بەرێز د.ئەل فەزل : لەگەڵ ئەوەی کە دەستوری عیراق حزبی بەعسی فاشی قەدەغە کردووە ، کەچی هەندێ لایەن و کەسایەتی لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا نا بەرپرسانە ستایشی سەددام و حزبەکەی دەکەن و وێنەکانێشی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوەو بە پاڵەوانی عیراقیش ناوی دەبەن ، دەپرسم : ئایا کێن ئەو لایەنانەی کە دەبێت تەجریمی ئەو کەس و لایەنانە ی کە ستایشی سەددام و حزبەکەی دەکات ..بکات ؟
بەرێز د. ئەڵفەزل لەوەڵامدا گوتی : لەگەڵ ئەوەی کە من گوێبیستی ئەو هەواڵە نەبویمە ، کەکەسێک یان لایەنێک ستایشی سەددام و حزبەکەی بکات ، وەڵامم پرسیارەکەتان بەم شێوەی خوارەوەیە :
(تاوانەکانی حزبی بەعس لە عیراق هیچی کەمتر نییە لە تاوانی نازییەکان لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانی دا ، سەددام وحزبە نازییەکەی تاوانی کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە کە دووچاری سزای نێودەوڵەتییان دەکاتەوە، بەهەزارەها هاووڵاتی بێتاوانی عیراقیان لەناوبردووە ، هەروەها تاوانی دژ بە هەردوو وڵات (ئیران و کوێت ) یشی ئەنجام داوە . هەروەک ئاشکرایە ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٤٨ تاوانەکانی سەددام دەگرێتەوە و بە تاوانی نێونەتەوەتی (International Crimes)وەسف دەکرێت کە ئەم تاوانانە لەخۆ دەگرێت : کۆمەڵکوژیی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ، پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی 1949 ، تیرۆر ، گەندەڵی و تاوانی ترسناکی دیکە کە لە کاتی ئاشتی یان شەڕ ئەنجام دەدرێت .
بۆیە لەدوای روخانی ریژێمی بەعس و لەکاتی نووسینەوەی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٥ دا ، ئێمە مادەی ٧ مان خستە ناو دەستوور کە دەڵێت :
یەکەم: ڕێگەنادرێ بەهیچ هێزێک ڕەگەزپەرستی یان تیرۆر یان تەکفیر یان پاکسازی نەژادی بکاتە بەرنامەی خۆی یان هانی ئەو کارانە بدات یا ڕێیان بۆخۆش بکات یاخود بانگەشەیان بۆ بکات و پاساویان بۆ بهێنێتەوە، بە تایبەت پارتی بەعسی سەددامی لە عێراقدا، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، ڕێگەش نادرێت لە ژێر ناوی فرەیی سیاسی جێی ببێتەوە، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
دووەم: دەوڵەت پابەند دەبێت بە دژایەتیکردنی تیرۆر بە هەموو شێوەکانیەوەو کار دەکات بۆ پاراستنی خاکەکەی لەوەی ببێتە بارەگاو شوێنی تێپەربوون و گۆڕەپانی چالاکیی تیرۆریستان.)
د.ئەلفەزل درێژەبەقسەکانی دەدات و دەڵێت : ( ئەما بە نسبەت لایەنی یاسایی ،دەکرێت سکاڵا لە سەر هەر لایەن و کەسایەتێک کە تەمجیدی سەددام و حزبەکەی بکات بە پشت بەستن بە مادەی ٧ ی دەستوورو یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ ، ئەو یاسایەی کە سەرانی ریژێمی بەعسی پێ سزا درا سکالای لەسەر تۆمار بکرێت .
بەواتایەکی تر ، دەتوانرێت لە رێگای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سکاڵا لەسەر ئەو کەس ولایەنانە ی کە تەمجیدی ریژێمی سەددام دەکەن لە رێگای ( داوکاری گشتی ) سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت ، ئیستناد بە دەستوور و یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ و یاسای ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ی هەموار کراو . )
لەکۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم : هەر یەکێک لە ئێمە ئەرکی سەرشانییەتی سکاڵای یاسایی لەسەر هەر کەسێک کە ستایشی سەددام و حزبە فاشییەکەی بکات ، بەبێ دوودڵی سكاڵای لەسەر تۆمار بکات .