ئەم هەڵبژاردنەی دوایی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە ئەوەمان پێدەڵێتەوە کە دەرچوون لە سێگۆشە قوچکەییەکەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی، کە هەردووکیان لەسەر نووکی ئەم سێگۆشەیە وەستاون، لە رێگەی هەڵبژاردنەوە کارێکی هەروا سانا نیە. دیارە ئەمە پەیوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە هەیە و هەر بەتەنها لە دەنگدانێکی سادەی هاوڵاتیاندا کورتناکرێتەوە. چونکە خودی دەنگدانەکان لە چەندین هەڵبژاردنی پێشوتردا ساختەکاریی تیاداکراوە، بەڵام مەبەستم لەوە نیە کە بڵێم ئەمە هۆکاری مانەوەی ئەم دوو هێزەیە، چونکە ئێمە پێویستمان بە شیکردنەوەی باشتر و قوڵتر هەیە. یەکێک لەو هۆکارە گرنگانە دەستبەسەرداگرتنی هەموو جومگە گرنگە ئابوری و سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و میدیاییەکانە لەلایەن هەردوو هێزەکەوە. واتە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی ئابوری و نەوتی کوردستان و دواجار دروستکردنی هەژمونی سیاسی و حوکمڕانی کە وایکردووە هەمیشە لە نووکی سەرەوەی ئەم سێگۆشەیەدا بمێننەوە و حیزبەکانی دیکەش لە خوارەوە، هاوڵاتی و کۆمەڵگەش هەمیشە لەناو بازنەی پارتی و یەکێتیدا بسوڕێنەوە. بێگومان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژووی سیاسی کوردستان بەشێکی گەورەی دروستکردنی ئەم ئێستایەیە کە تیایدا دەژین، کە وایکردووە نەتوانرێت ئەو پەیوەندیە خێڵەکیەی لە نێوانی حیزبی سیاسی و ئەو توێژو دەنگدەرانەدا دروستکراون کە بەرایەڵەی جیاوازەوە بەستراونەتەوە بە هەرەمی حوکمڕانیەوە وەکو کڕینی وەلائی سیاسی و بەرژەوەندی ئابوری و دامەزراندن و ناوچەگەرێتی و موڵکداریی حیزبی بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو دەربچین. فاکتەرێکی دیکە دەرنەکەوتنی هێزی سیاسی دیکەیە کە بتوانێت جێگە بە یەکێک لەم دوو هێزە لەق بکات و لە نووکی سەرەوەی حوکمڕانی بیانهێنێتە خوارەوە. تەنها لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ دا نەبێت کە بزوتنەوەی گۆڕان توانی تەرازووی هێزەکان بگۆڕێت و یەکێتی لە ٢٠١٣ دا لە ترۆپکی حوکمڕانی بهێنێتە خوارەوە و ئەو شوێنە بگرێت. بەڵام جارێکی دیکە و پاش ئەوەی گۆڕان مەرگی سیاسی خۆی راگەیاند، دیسانەوە خەڵکی کوردستان لە ناو بۆتەی ئەم دوو هێزەدا مایەوە.
دیارە لەم هەڵبژاردنەدا دەرکەوتنی نەوەی نوێ کە هەندێک چاوەڕوانی ئەوەیاندەکرد ئەگەری سەرکەوتنی بۆ نووکی سێگۆشەی حوکمڕانی هەبێت، هەرچەندە دەنگ و کورسی زیادیکرد، بەڵام نەتوانرا بەشێوەیەکی گەورە تەرازووی هێزەکان بگۆڕدرێت. گرفتی گەورەی هەڵبژاردنی کوردستان ئەو پەیوەندیەیە کە پارتی و یەکێتی لەگەڵ ناوچەیەکدا دروستیانکردووە و دەیکەنە موڵکی خۆیان لە رێگەی دروستکردنی دەیان تۆڕی بازرگانی و خێڵەکی و فرۆش و کڕیاری سیاسیەوە کە ئەمەش بە تایبەتی لە دۆخی پارتیدا دەردەکەوێت. ئەگەر سەرنج بدەیتە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، دەبینین کە پارتی بە تەنها لە پارێزگای دهۆکدا زیاتر لە چوارسەد هەزار دەنگی هێناوە کە هەر لە رێگەی ئەم ژمارەیەوە دەتوانێت ١٨ کورسی لە کۆی ٢٥ کورسی ئەو پارێزگایە بەرێت. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە نزیکەی نیوەی دەنگدەرانی بادینان بە شێوەیەکی گشتی دەنگدەری پارتی بن. هۆکارێکی دیکەش بوونی هێزی تایبەت و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی حیزبە کە دەبنە دەنگدەری تایبەتی خۆیان. بێگومان ئەمە بەو مانایە نایەت کە دەنگدەرانی بادینان لەسەر ئەم ئاراستەیە دەمێننەوە بەتایبەتی پاش ناڕەزایەتیەکانیان و زیندانیکردنی چالاکوانەکانیان. ئەم ناوچەگەرێتیە حیزبیەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە دروستکراوە هەلومەرجێک دەهێنێتەکایەوە کە هەڵبژاردن نابێتە یەکێک لە رێچکەکانی گۆڕانکاریی لە کوردستاندا. خاڵێکی دیکە کە گرنگە تێبینی بکرێت ئەوەیە کە لە راستیدا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا هێشتا لە ئاستێکی نزمدایە. نزیکەی ملیۆنێک هاوڵاتی تەنانەت بەلایەوە گرنگ نەبووە کە خۆی ناونوس بکات بۆ دەنگدان و لەو ژمارەیەش کە مافی دەنگدانی هەبووە، لە سەدا ٢٨ بڕیاری داوە دەنگنەدات. کەواتە، هەروەک بە پێی راپۆرتێکی درەو میدیا دەردەکەوێت، رێژەی بەشداریکردنی دروست لەسەر بنەمای ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەکاتە لە سەدا ٥٥، بۆیە رێژەی لە سەدا ٧٢ کە بە تایبەتی پارتی بە لایەوە گرنگە، هەرچەندە ژمارەی کورسیەکانی کەمیکردووە، رێژەیەکی دروست نیە. کەواتە نیوەی دەنگدەرانی کوردستان، واتە لە سەدا ٤٥، یان بەشداریکردنیان بەلاوە گرنگ نەبووە، یان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە وەک ناڕەزایەتیەکی راستەوخۆ. بێگومان بایکۆتکردن توانای ئەوەی نیە ببێتە هێزێکی راستەوخۆی کاریگەر بەبێبوونی هێزێکی کاریگەری دەرەوەی پارتی و یەکێتی کە بتوانێت ئەم دوو هێزە لە نووکی سێگۆشەی حوکمڕانی بهێنێتە خوارەوە.