خۆپیشاندانەکانی ٢٥ی ئۆکتۆبەری عێراقو ئەگەرە جۆراجۆرەکان
د. کاوە مەحمود
2019-10-29   748
لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان بەغدای پایتەختی عێراق و ھەندێ پارێزگاکانی ناوەڕاست و سەرجەم پارێزگاکانی باشوری عێراقی گرتەوە، و لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر شەھید و بریندار بوون، و حکومەتی دەسەڵاتدار سەرەڕای خۆئامادەکردنی ئەمنی و پێشتر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆڕتی لێکۆلینەوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکی پێشتر، و پێدانی کۆمەڵێک بەڵین بۆ چاکسازی و لابردنی کۆمەڵێک ئەفسەری سوپا و پۆلیس، نەیتوانی متمانە لە نێو جەماوەری خۆپیشاندەران درووست بکات، کە چەندین جار لەم حکومەتە و لە وانەی پێشتریش بەلێنی نەھێشتنی بەشبەشێنەی تایفەگەری و سنووردانان بۆ گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزاری و فرسەتی کارکردن بە خەڵک وەرگرتوە، کەچی لە کردەوەدا، بەفیرۆدانی سەدان ملیار دۆلار، و وابەستەیی تایفەگەری ، و فرۆشتنی پلەوپایە گەورەکانی دەوڵەت پەیڕەوکرا بە جۆرێک لە سەرجەم ئەو شوێنانەش کە خۆپیشاندانی تیادا نەکراوە باوەڕ و متمانە بە حکومەت نەماوە.
خۆپێشنادانەکەی ٢٥ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دووایی یەکەمین خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەر نییە، و چەندین ساڵە خۆپیشاندان لەو ناوچانەی ھەیە بەتایبەتی ئەگەر ئەوەمان لە یاد بێت کە سەرەتا جەماوەر دوور لە دەستێوەردانی حزب و لایەنی سیاسی و مەرجەعیەتی ئاینی و کارتێکردنی ھێزی دراوسێ، درووشمی (بە ناوی ئاینەوە دزییمان لێ دەکرێت)یان داڕشت، بەڵام ھێزی سیاسی کە ویستیان داواکاریی ڕەوای جەماوەری بە مەبەستی بەرژەوەندی حزبی بەکاربھێنن، توانیان ئەم درووشمە بە ئاراستەی پۆپۆلیستیدا بەرن، ئەوە بوو لە سەرجەم خۆپیشاندانەکاندا درووشمی (شلع قلع)ی پۆپۆلیستی کە ڕەوتی سەدر ھەڵیگرت و ھەندێ ھێزی دیموکراتیش بە گرتنەبەری چەمکەی ھەڵەی (کتلەی تاریخی) کەوتنە ژێر کارتێکردنی ئەم درووشمە، ڕەوتی ئاسایی پەرەسەندنی چالاکی جەماوەرییان لە خشتەبرد، و لە کۆتاییشدا ناڕەزایی جەماوەری تەنھا وەک ریکلامێکی ھەڵبژاردنەکان بەکار ھات، بێ ئەوەی گۆرانکارییەک لە چوارچیوەی داواکارییە سادەییەکانی جەماوەری زەحمەتکێش ئەنجام بدرێت، و بە پێچەوانەوە گوتاری بەشێکی زۆری بەشداربووان لە حوکمرانانی بەغدا ھۆکاری نەھامەتی و ھەژاری خەڵک و ھەڵی سیاسەتەکانی خۆیانیان دەخستە سەر باڵی ھۆکاری دیکە وەک شەڕی داعش لە لایەک یان بەکارھێنانی گوتاری ڕق و قینە دژ بە گەلی کوردستان گوایە ئاوەدانی گوردستان لە سەر حسابی بودجەی ئەوانە.
بەڵام ئەوەی ئەم خۆپیشاندانە لە وانەی ساڵانی دیکە جیادەکاتەوە کۆمەڵێک خاڵی گرنگە کە لەمانەی خوارەوە جڕ دەکرێتەوە:
١ــ ھەرچەندە لایەنە سیاسییەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراقدا لە ماوەی ساڵانی ڕابووردوودا ھەمان گەمەی ریفۆرمخوازان و موحافیزگارانی ئێرانیان دەگێڕا، و ڕەوتی سەدر لەلایەک و ھێزەکانی بەدر و دعوە لە لایەکی دیکەوە لە ساڵانی ڕابووردوودا نمایشی ھەمان ئەو ڕۆلەیان دەکرد، بەڵام ھەروەک چۆن لە ئێراندا ئەو نمایشە کۆتایی ھات، لە عێراقدا دوای پێکھاتنی حکومەتی عادل عبدالمھدی بە ھاوپەیمانی سائرون و ھێزەکانی بدر و فالح فیاز و عسائب و ئەوانەی دیکە، و فاشیلبوونی حکومەتی عێراق لە بواری چاکسازی، کارتی بەکارھێنانی جەماوەر لە لایەن سەرجەم ھێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە و ھاوپەیمانەکانی سووتاند. ئەم حاڵەت نوێیە دەڕبڕی ھەرەسھێنانی پرۆژەی ئیسلامی سیاسی شیعەیە، ھەر وەکو چۆن داعش ئیسلامی سیاسی سوننەی نەک لە عێراقدا بەڵکو لە تەواوی ناوچەکەدا بەرەو ھەرەسیھێنان برد، وگەورەترین ئاستەنگی سیاسی بۆ ئیخوان موسلمین لە ناوچەکەدا سەبارەت بە درووشمی "ئیسلام چارەسەرە" درووست کرد. بۆیە دەتوانین بڵین خۆپیشاندانە چەماوەرییەکانی ئەو شارانەی عێراق ئاماژەیە بە فاشیلبوونی پرۆسەی ئیسلامی سیاسی شیعە، و پێویستە ھەتا زوو ھیچ لایەنیک گرەو لەسەر ئایندەی ھاوپەیمانی سیاسی لەگەڵ ئوە رەوتە و سەرجەم رەوتی ئیسلامی سیاسی نەکات.
٢ـ ھەرچەندە بەشێک لە بانگەشەی سیاسی باس لەوە دەکەن کە خۆپیشاندانەکانی عێراق مەسەلەیەکی نیشتیمانی عێراقی سەرانسەرییە، بەڵام جوگرافییەی خۆپیشاندانەکان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە خۆپیشاندان لە ناوچەی عێراقی شیعەیە. ناوچە سوونە نشیشنەکان سەڕەڕای ناڕەزاییان لە حکومەتی شیعە کە لە ناوەندا حوکم دەکات، و سەرەڕای سیاسەتی پەرازوێزخستن و شاڵاوی توند و تیژی لە عێراقی سوننە، بەڵام جەماوەری ئەو ناوچانە لە بەر چەندین ھۆکار خۆپیشاندان ناکەن و لە سەرووی ئەو ھۆکارانە ڕەوشی پاشماوی شەڕی داعش و مەترسی تۆمەتکردنی ھەر چالاکییەکی جەماوەری بە داعش بوون.
٣ـ جیاوازی لە بۆچونی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان سەبارەت بە داواکاریی خۆپیشاندەران، لە ئارادایە. عادل عبدالمھدی و ھاوپەیمانی بنائ، و دعوە، و ناوەندی فراوانی حەشدی شەعبی، و ئێران و مەرجەعیەت، پشتگیری لە مانەوەی حکومەتی عادل عبدالمھدی دەکەن. ھاوپەیمانی سائرون و فتح داوای ئیستقالەکردنی حکومەت دەکەن، بەڵام ناوەندێکی فراوانی خۆپیشاندەران دوور لە ھەڵوێستی حزبە سیاسییەکان دروشمی ( گەل ڕوخاندنی رژێمی دەوێت) یان ھەڵگرتوە، واتە گۆڕانگاری لە سیستمی سیاسی عێراق کە ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئایندەی خەڵکی کوردستانی و حکومەتی ھەرێم و ھێزە سیاسییەکانییەوە ھەیە.
٤ــ ھەرچەندە حکومەتی ھەرێم و بەشێک لە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان پشتگیری لە داوای خەڵکی لە چوارچێوەی رێزگرتن لە دەستور دەکەن، بەڵام نە پریشکی چالاکی و خۆپیشاندانی جەماوەر لە عێراقدا دەگەنە کوردستان و نە پریشکی چالاکی و خۆپیشاندانی کوردستانیش دەگاتە عێراق ، ئەمەش نەک بەو مانایەی کێشە و ناکۆکی چینایەتی لە کوردستان نییە، بەڵام ھۆکاری ڕوونی دیکە ھەیە و بەشێک لە ھێزە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان خۆیانی لێ لا دەدەن. ئەویش عێراق و کوردستان لە ئاستی کێشە و ڕەوتی پەرەسەندن و ئاسۆی دووا رۆژ، دوو کۆمەڵگای جیاوازن، و تەنھا فشاری دەوڵەتە ھەرێمایەتییەکان و ھەڵوێستی و بەرژەوەندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە یەکەوە گرێی داوە.
لەم ڕەوشەدا کە ململانییە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پەرەدەسەنێت، و ململانێی ئێران و ئەمەریکا لە ئارادایە، سەرجەم ئەگەرەکان لە عێراقدا لە ئارادان، واتە مانەوەی حکومەتی عادل عبدالمھدی بە رتوشێکی سادەوە، یان ئیستقالەکردنی ئەم حکومەتە و دانانی حکومەتێکی دیکە کە ھەروەکو ئەوانەی پێشتر دەبێت، یان جێبەجێکردنی درووشمی عێراقی شیعە، (گەل ڕوخاندنی رژێمی دەوێت)، کە ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکانی ٢٠٠٣ و ھەموارکردنی دەستورە ی٢٠٠٥ کە گوایە بە پرنسیپی توافق و ھاوسەنگی و شەراکەت دانراوە، و تا ئێستا فەرامۆشکراوە، و ھەموارکردنەکانیش بە کۆتایھاتن بە فدراڵی و لامەرکەزیت دێت و زەمینە بۆ ناوەندێتی ڕەھا دەبێت.
شایانی باسە لە پێشەکی دەستوری ئێستای عێراقدا نووسراوە: جێبەجێکردنی ئەم دەستورە سەلامەتی یەکێتی خاکی عێراق دەپارێزێت. جا ئەگەر عێراق شیعە لە ئەنجومەنی نوێنەران یان لە شەقامدا کۆتایی بەم دەستورە بھێنێت، و بە عەقلیەتی زۆربە بۆ حوکمی ناوەندی بگەرێتەوە، ئەوا لە ئێستاوە پێویستە ھەرێمی کوردستان بە حکومەت و ھێزە سیاسییەکانی ئەم ئەگەرەیان لە بەر دەمدا بێت، و ئازادانە بیر لە چارەنوسی کوردستان بکەنەوە.