دوربینی ماکیافیلی و کورتبینی کورد
دلێر محەمەد نوری
2019-07-04   1184
ماکیافیلی (۱٤٦۹-۱٥۲۷ز) سیاسی و نووسەر و مێژوونووسی ناوداری ئیتالی نووسەری کتێبی (شازادە یان الامیر ۱٥۱۳ز)ە کە دواتر بوو بە دایک و هەوێنی زانستە سیاسییەکان. ماکیافیلی لە بەشێکی ئەم کتێبەدا باس لە شێوازێک لە داگیرکردن دەکات کاتێ زمان و هەڵسوکەوت و یاسا و ڕێساکانی داگیرکەر تەواو جیاوازبن لە هی داگیرکراو، ئەوا ڕێگرییەکانی مانەوەی داگیرکەر زۆر گەورە و درێژمەودا دەبن. داگیرکەریش لەم بارەدا بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆی، دەبێت بەشێک لە خەڵکانی خۆی ڕابگوێزێت بۆ وڵاتی داگیرکراو و تا لە نێو خەڵکەکەی بژی بە نیازی ئەوەی جێگە پێی خۆی قایم بکات و پایەکانی دەسەڵاتیشی لێ داکوتێ. هەر لەم دووتوێیەدا ماکیافیلی نموونەی داگیرکەرە تورکەکان دەهێنێتەوە یادمان کە چۆن کاتێک وڵاتی گریکیان داگیرکردووە، هەرچییەکیان کردووە لە پێناو مانەوەی خۆیان لەوێ سوودی هێندەی ئەوە نەبووە گەر خۆیان نەچووبان و نەژیابووبان لە نێو گریکەکاندا. هەر بەم جۆرەش توانیاویانە هەموو هۆکاریکی فیتنە و پیلانگێڕی دژ بە خۆیان بوەستێنن و پووچەڵیان بکەنەوە بە ر لە تەشەنە سەندنی.
لە ژێر تیشکی ئەو دووربینییەی ماکیافیلی کەمێک لە مێژووی داگیرکاری تورکەکان بڕوانین بۆ سەر خاکی کوردستان بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە تورک هەمان سیاسەت هەتا وەکو ئەمڕۆش پەیڕەو کردووە و دەیانکات. کاریگەری ئەم سیاسەتەش زۆر بە ئاسانی لە سەر خاکی کوردستان دەردەکەوێت بەهۆی نزیکیمان لە سنووری خاکی تورکنشینەوە. گەر بە نموونەیەک ووتەکانمان بسەلمێنین ئەوا دەتوانین باس لە تورکمانەکانی باشوری کوردستان بکەین.
ئاشکرایە کۆچی تورکمان بۆ باشوری کوردستان بە چەند قۆناغێکی مێژوویی جیاواز بووە. کۆچی گەورە و بەشی هەرە زۆری تورکمان لە گەڵ داگیرکاری عوسمانیدا هاتوون. عوسمانییەکانی سوودێکی هێجگار گەورەیان لەم سیاسەتە بینیوە، بە جۆرێک لە مەودایەکی کورتدا و بە هۆی تێکەڵاوی لە گەڵ نەتەوە داگیرکراوەکاندا و ژنخوازی تورکەکان لە گەڵیاندا توانیویانە بە تەواوەتی دەنگی ناڕازی دژ بە خۆیان زوو بە زوو ببیستن و خەفەی بکەن بەر لەوەی کار لە مانەوەیان بکات. ئەمەی من لێرەدا باسی دەکەم جگە لە باسکردنی ڕاستییەکی مێژوویی هیچ مەبەستێکی دیکەی ئاشوبکاری لە پشت نییە! بەوەیش کە من خۆم کەرکووکیم و سەددان دۆست و خزمی تورکمانم هەن، تورکمان بە بەشێکی سەرەکی و بە وێنەی کورد بە خاوەنی ئەم خاک و خۆڵەی کوردستان دەزانم. ئەوە چەند هەڵەی تورکمان بێت دە ئەوەندە هەڵەی سیاسەتی کوردیشە کە نەیتوانیوە سۆزدارییەکی وەها لە گەڵ تورکمان بکەن کە رێگر بێت لەوەی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش خۆیان بە دۆستی تورکیا بزانن و دژی هەر نەیارێکی تورکیا کار بکەن بە وێنەی پەکەکە و بە بێ ئەوەی پەکەکە هیچ زیانێکی بە تورکمانی باشور گەیاندبێت. جگە لەوەش ببن بە چاو و پەیامنێری میت لە کەرکووک و کوردستاندا. بوونی تورک لە کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕینیشەوە دەست پێ دەکاتەوە و پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە و ئەم جارەیان بە موبارەکە و فەرمووی خودی کورد خۆی بووە. لە ۱۰ ساڵی دواییشدا بوونی بێشووماری هێزی سەربازی و تانک و زرێپۆش و جبەخانە و جگە لە هەبوونی سۆز و لایەنگیری تورکمان و دەبینین هاوکاری گەورەی بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتی کوردیشی لەگەڵە کە بە هەر مەبەست و ئەجێندایەک بێت دواتر دەچنە خزمەت مانەوە و چەسپاندنی دەسەڵات و هێزی سەربازی تورک لە باشوری کوردستاندا. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کورتبینییەکی لە ڕادە بە دەری سیاسەتی کوردییە لە هەمبەر سەروەری و شکۆی خۆی. ئەم بەشە گەورەو دەسەڵاتدارەی کورد کە دەچنە خزمەت سیاسەتە داگیرکارییەکانی تورک بە هۆی هاوکێشەیەکەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی بەشێکی دەسەڵاتی کوردی و سیاسەتەکانی ئەردۆگان وتورک و عەرەبی سوننەی عێراق و سوریا و تورکمانی لە لایەکی هاوکێشەکە کۆکردۆتەوە وئامانجی سەرەکیش لێی لێدانە لە یەپەگە و سەرخستنی لاسەنگی هێزی شکستخواردووی ئەردۆگانە بە دۆزینەوەی بەرژەوەندی گەورە و درێژمەودا بە هاوکار کورد خۆی و لە نێو ماڵی خۆی و دابڕینی دەستی کوردە لە کەرکووک و عەفرین. ئەم هەڵە ستراتیجییەی کورد کە دەچێتە خزمەتی داگیرکاری تورک لە پێناو هەندێ بەرژەوەندی ئابووری و لە ترسی بە جەماوەری بوونی پەکەکە و یەپەگەیە لە کوردستان، دەنا بیانووی هێنانەوەی پەکەکە هێندە لاوازە کەسی واقعی ناتوانێ بەم بیانووە لاوازە بەرانبەر بە مانەوە سەربازییە درێژ خایەنەی تورک لە باشوری کوردستان بڵێت ئەشهەدو لە کاتێکدا ئەمڕۆ کاریگەری کورد لە ناوخۆی تورکیا زۆر زیاترە لە هەندێ چالاکی پەکەکە. ئەبێت تورکیا و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش ئەوە بزانن کە خەڵکی کوردستان بە گشتی و بادینان و بناری قەندیلیش بە تایبەتی ناتوانن تا سەر بێدەنگی هەڵبژێرن، هەموومان ڕاپەڕینی شێڵادزێی قووڵایی بادینانمان لە بیرە دژی سەربازگەی تورک ، کە ئەگەر هێزی نێوخۆیی نە بووبا ئەوا بەری لێ نەدەگرا، بەڵام بە دەستگیرکردن و زیندانی کردنی چالاکوانی ئەو خۆپیشاندانە کۆتایی هات. ئەمانە ئەو پەڕی کورتبینی سیاسەتی کوردستان نیشان دەدەن و گەر چاوێک لە تیۆرەکەی ماکیافیلی نەکەن ئەوا یاری بە ئاگرێک ئەکەن کە زۆر شت لەگەڵ خۆی دەسووتێنێت.