بندیواری کوردستان و بندیوارەکانی ئەوروپا

دلێر محەمەد نوری
  2024-04-13     471

ئەگەر کەسێکی زمانەوان بێت و لە مێژووی ئیدیۆمی کوردی بکۆڵێتەوە، ئەوا بێ گوومان ئەبێ لە ڕاپەڕینەکەی بەهاری ٩١دا ئیستێک بکات و بەشێکی نوێ تەرخان بکات بۆ ئیدیۆمەکانی دوای ڕاپەڕین. قۆناغی ڕاپەڕین و دواتر و هەتا ئەمڕۆش بەین بەین ئیدیۆمێکی نوێ ئەخەنە بازاری زمان و وێژەی کوردییەوە. ڕەنگە یەکەم ئیدیۆم لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا لەمسلێمانیدا بە باڵای ئەو کەسانەدا دابڕاوە کە جگەرەی سۆمەری کیسی گەڵابەسەری کارگەی جگەرەی سلێمانییان تاڵان کرد و لەو ڕێگایەوە دەوڵەمەندبوون. ئیتر ئەم تاڵانچییە تازە پیاکەوتانە ناونران "گەڵابەسەر". گەر لە بابەتەکە لا نەدەم پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئیدیۆم بەردەوام بوو تا گەیشتە ئیدیۆمی "وام زانی ڕادیۆیە" و زۆری دیکەش.

یەکێك لەو ئیدیۆمانەی کە بۆشاییەکی فراوانیان گرتووە لە بەکارهێنانی ڕۆژانەدا، لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا لە باشور، ئیدیۆمی "بندیوار"ە. ئیدیۆمی بندیوار دیاری دەستی دوو حزبە سەرەکییەکەی گۆڕەپانی سیاسی بوو، بۆ دونیای ئیدیۆم و زمان و وێژەی کوردی. ئەم ئیدیۆمە بە ڕادەیەک بەرکاردێت، لە ئیدیۆمێکی زارەکیی و نێو دونیای سۆشیاڵ میدیاوە، پەڕیوەتە نێو میدیا بە گشتی و تەنانەت لە دام و دەزگا فەرمییەکانیش، ئاماژەی بۆ دەکرێ. هەڵبەتە فراوانی بەکارهێنانی ئیدیۆمی بندیوار، پەیوەندی بەو سکانداڵە، دەنگمەنە، لە هیچ نەچووەی دەسەڵاتی کوردییەوە هەیە، لە ماوەی سی و سێ ساڵی تەمەنیدا ئەنجامی داوە. هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئیدیۆمی بندیوار، بۆ چەندین دەیەو تەنانەت بەشێکی لاپەڕەکانی مێژووشی پێ ڕەش بکرێتەوە. ئەمڕۆ بە ڕادەیەکیش ئیدیۆمی بندیوار بووە بە مۆرکی ناوچەوانی دەسەڵاتی کوردی لە باشور، تەنانەت دەسەڵاتی ناوەند لە بەغداش بەم مەسەلەی بندیوارانەی زانیوە و ئەوان لای خۆیانەوە ناویان ناوە "مووچەی هەوایی یان وەهمی". پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئیدیۆمی بندیوار، ئیدیۆمێکی نوێیە یان پێشتر بەکارهاتووە و دەسەڵاتی کوردی بووژاندییەوە؟ ماوەیەکە بە ئەنقەست لەم وشەیەم ئاڵاندووە و دەگەمە هەر کەسێك دەپرسم. ئەوەشی کە پێی گەیشتووم ئەوەیە کە  "هاوڕێیەکی هەولێری وای بۆ دەچوو کە بندیوار ئاماژە بێت بۆ ئەو دەرووزەکەرانەی کە لە بندیواران دەست لە ڕێبواران پان دەکەنەوە. پێشمەرگەیەکی دێرینی هەشتاکانیش پێی وابوو کە بەکارهاتووە بۆ ئەو سەربازە هەڵاتووانەی سەردەمی شاخ کە تەنها کاریان خواردن و خەوتن بووە، بە بێ ئەوەی ئەرکی خەباتی چەکداری لە ئەستۆ بگرن و بووبوون بە بار بە سەر گوندەکان و شۆڕشەوە. هاوڕێیەکی دیکەی بەئاگاش پێی وایە کە بندیوار زیاتر لە وەسفی کەسانێکەوە هاتووە کە بێ کارو بێ ئیش بوون ، بۆیە دوای ژەمی بەیانیان زیاتر لە بندیوارەکان بەڕیز کۆبونەوەو دەمەتەقەی خۆیان کردوە تا ئەو کاتەی کە لەوانەیە بەهۆی نزیکبونەوەی ژەمێکی تر یاخود ووردە ئیشو بازاڕکردن یەک یەکو دوو دوو بڵاوەیان لێکردبێت .. ئەم نەسقە زیاتر سیمای بێکاری و بێ ئیشی بووە، بەلام هەریەک لەمانە سەرچاوەیەکی دەرامەتی کەم تا زۆریان هەبوو ..".

بە هەر حاڵ لە هەموو ئەم بۆچوونانەوە ئەتوانین ئاسان پێناسەیەکی کورت و پوخت هەڵێنجین، بەوەی کە وشەی بندیوار بە ئەو کەسانە دەوترێت کە بڕە پارەیەک وەدەگرن بە بێ ئەوەی بارتەقای ئەو پارەیە خزمەت پێشکەش بکەن، یاخود کار و کردەوەیان ئەچێتە خزمەتی کەسایەتی و بنەماڵە و حزب و دەسەڵات نەك خزمەتی گشتی کۆمەڵانی خەڵکەوە. هەڵبەتە خودی ئەو پاداشتەش کە وەریدەگرن لە ژوورە تاریکەکان بڕیاری لێدراوە، نەك لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی یاسایی و ئوسوڵییەوە. باوەڕ ناکەم هیچ شتێك هێندەی مانا و ناوەڕۆکی ئیدیۆمی بندیوار، لای تاکی کورد ئاشکرا بێت. بەڵام کاتێک دەڵێین بندیوار زانیارییمان تەنها بۆ ئەو بندیوارانە ئەچێت کە مووچەی بندیواری لە حکومەتی کوردییەوە وەردەگرن، جا لە کوردستان یان لە دەرەوی کوردستاندا بژین. بەڵام ئاخۆ کەس کوردی بندیواری وڵاتانی ڕۆژئاوای بیستووە؟

 لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی، سیستمێکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگ هەیە، بۆ دابەشکردنی ئەرک و مافەکان، بەخشین و وەرگرتن، دان و ستاند، لە نێوان خودی تاکەکانی کۆمەڵگا و هەروەها لە نێوان کۆمەڵگا و حکومەتیشدا. هەڵبەتە ئەم سیستمی دادپەروەری کۆمەڵایەتییەیە کە تا ئەمڕۆش لە ئەوروپادا، ئەو هاوسەنگییەی ڕاگرتووە. بە گشتی لە نێو ئەم سیستمەدا تۆی مرۆڤ کە هەتا منداڵی خزمەت ئەکرێی، کە گەورەبووی ئەگووشرێی، کە پیریش بووی دووبارە خزمەت ئەکرێیتەوە. بە بارێکی دیکەشدا لە سایەی ئەم سیستمەدا، هەمووان کار دەکەن و هەمووان باجی کارکردنیش دەدەن و هەمووانیش مافی مۆڵەتی نەخۆشی و بیمەی بێ کاری و بیمەی کەم ئەندام بوون و مافی خانەنشین بوونیشیان هەیە. هەموو ئەمانەش بەدەر لەوەی کە تۆ کاری تایبەت بە خۆت هەیە یان لە کەرتی تایبەتی یاخود لە کەرتی گشتیدا کار بکەیت. بۆ نموونە گەر دراوسێکم چەند ساڵێک نەخۆش بێ و بیمەی نەخۆشی وەربگرێ، ئەوە ناڕاستەوخۆ لەو باجەی کە منی کرێکار دەیدەم، دەدرێت بەو. بەڵام ئەگەری هەیە ئەمە پێچەوانەش بێتەوە. هەتا ئێرەش کارەکە ئاساییە بەلای هەمووانەوە. بەڵام کاتێک تۆ بێی بە بێ ئەوەی نەخۆشییەکی ئەوتۆت هەبێت و خۆت نەخۆش بخەیت و هەزار ئازار و دەرد و بەڵای دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ خۆت هەڵبەستی تاوەکو لە بەهاری تەمەنتدا خۆت خانەنشین بکەیت و لەولاشەوە بە کاری ڕەشەوە خەریک بیت، لێرە بە دواوە تۆ نە نەخۆشیت و نە مافی خانەنشینیشت هەیە بگرە تۆ بندیواریت بندیوار. هەر لە سەر هەمان ڕیتمدا تۆ بێکار بیت و بیمەی بێ کاری یان یارمەتی سۆشیال وەربگریت و لەو لاشەوە داهاتێکی مفتی مانگانەش بە ڕەش پەیدا بکەیت و باجی خەڵکی بخۆیت و جێگە کارێکیش داگیر بکەیت و پارەیەکی مفتیش وەربگریت و باجیشی لێ نەدەیت، لێرە بە دواوە تۆ بێکار نیت، تۆ بندیواریت بندیوار. لە سەر هەمان ئاواز تۆ هەموو شەوێک لە باوەشی خێزانی خۆتدا بنوویت و لە لای حکومەتیش خۆت بە جیابووەوە لە قەڵەم دابێت و حکومەتیش تەواوی تیچووی ژیانی خێزان و مناڵەکانت بگرێتە ئەستۆ و تۆش خەریکی کاری ڕەش بیت، ئیتر لێرە بە دواوە تۆ بندیواریت بندیوار. ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک نموونەی بندیوارە کوردەکانی ئەوروپا. جا تێشیاندایە هەم بندیواری کوردستانە و مانگانە مووچەی بندیواری هەیە و لێرەش بە جۆرێک لەو جۆرانەی سەرەوە بندیوارە. کەواتا ئەم جۆرەیان جووت بندیوارە یان بندیواری بندیوارە. ئەوەی ماوەتەوە لەم باسە جیاوازی نێوان بندیواری کوردستان و بندیواری ئەوروپایە. ئەویش ئەوەیە کە بندیواری کوردستان بە هاندان و دەستپێشخەری خودی دەسەڵاتی کوردی گەندەڵە، بەڵام بندیواری ئەوروپا، فێڵ و تەڵەکەی بندیوارەکانە، لە کاری لەخشتەبردنی سیستمی تەندروستی و بەڕێوەبردن و سۆشیاڵ، بۆ قازانجی خودی خۆیان، دەنا حکومەتەکانی ئەوروپا داد و بێدادیانە لە دەست ئەم بندیوارانە. ئەوەی ماوەتەوە بڵێم زۆرێک لەوانەی کە ساڵانە بە بێ کێشە و بێ خەم سەردانی کوردستان دەکەن و ڕیزە دوکان و زەوی بە گەز ئەکڕن یاخود خاوەن باڵەخانە و شوققە و زەوین، دڵنیابن کە پارەی بندیواری و سۆشیال و پارەی ڕەشە. ئەگەر نا ئەوەی لەم سیستمەی ئەوروپادا بە سپی کار بکات و باج بدات هەر ئەوەندەی بۆ دەمێنێتەوە بە باشی بژی و بە چەند ساڵێک جارێ ئەگەر سەردانێکی کوردستانیانیشی بۆ بکرێت هونەرە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×