قەدەری ئەم میللەتە ئاوایە لە چاڵدێرانەوە دابەش بووە بە سەر سەفەوی و عوسمانیدا. ئەگەر دوێنێ بابان و سۆران و بادینان بوو ئەوا ئەمڕۆ زۆنی سەوز و زۆنی زەردە.
ئەو ڕۆژەی نالی بە گەشتێک گەیشتە شام و سلێمانی کەوتە ژێر دەستی ئالی عوسمان. گەر نالی بیزانیایە لەپاش زیاتر لە ١٧٠ ساڵ، هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت. دابەشبوونمان بە سەر میرنشین زۆنەکاندا، هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر نالی بیزنیایە، ئەمە دوا جار نابێ کە جەندرمە لە سەر کانی ئاسکانی سلێمانیدا، لە دوای مەستی ئەڕشانەوە، بگرە دوای ١٧٠ ساڵ نۆرەی درۆنەکانی نەوەی سەفەوی و عوسمانییەکان دێت، کام پەناگا و کام ماڵیان بوێ، بە ئاگر بڕشێنەوە بە سەریاندا.
نالی ئەگەر هەموو ئەمانەی بزانیایە، سەری خۆی بۆ هەتایە هەڵئەگرت و لە شام لەوەلاتریش ئەچوو. لە چامەکەیدا هەر ئەیووت شام شەکرە و تەواو، وەکو چۆن ئەمڕۆ کە سەددان هەزار نەوەی نالی دەربەدەری پایتەختە شەکرەکانی ئەوروپان و لەوێوە نەفرەت بۆ شیرینی وڵات ئەنێرن. ئەگەر نالی هەموو ئەمانەی بزانیایە، ئەوسا هەرگیز نەیئەگووت وڵاتی وا دەستەمۆی دوژمن پەرست و خۆ خۆر شیرینترە لە هەر تاڵاییەکی ئەم دونیایە. نە نامەی بە بادا بۆ سالم ئەنارد و نە خۆشی بە قوربانی تۆزی ڕێگەی بادەکەی سەحەر ئەکرد.
گەر سالمیش بیزانیایە هەمان تاسی سەفەوی و عوسمانی درێژەی ئەبێ تا ئەگاتە هەمان حەمامی تاڵەبانی و بارزانی، وەڵامی نالی وا نەئەدایەوە کە بڵێ: ...وا باشە بەم نەوعە جارێ بە سلێمانیدا نەکا گووزەر، بەڵکو ئەیووت بڕۆ بۆ خۆت نەجاتت بوو هەرگیز نەگەڕێیتەوە بەم ناوەدا.
چ مێژوویەکی دڵڕەق یاری بەم کوردستانە ئەکات. چ یاسایەکی مێژووییه ئەڵێی تەنها بە بەری میللەتی کورددا بڕاوە کاتێ ئەڵێ : هل التاریخ یعید نفسە؟ بەڵێ لێرەو لەم کوردستانە، تەئریخ هەر یەکە و بە بێ گۆڕانکاری لە سەردەمی نالی و سالمەوە وەکو خۆیەتی و نەگۆڕاوە. هەرهەمان گیانی دووبەرەکی میرنشینانە و ئەوسا میرکانی بادینان و سۆران و بابان پیادەیان ئەکرد و ئەمڕۆ نەوەکانی بارزانی و تاڵەبانی درێژەی پێ دەدەن.
با واز لە نالی و سالم بێنین و بگەڕێینەوە بو ئەحفادەکانیان. ئەمڕۆ (کوردستان!!!) یان ڕاستتر بڵێن (پیرمام و دەباشان!!!) کە دەسەڵاتی قەڵەمڕەویان لە زۆنی سەوز و زۆنی زەرددا پایەدارە. ئەمڕۆ خەڵکی ئەم دوو زۆن نشینە، گیریان خواردووە بە دەست نەوەکانی بارزانی و نەوەکانی تاڵەبانییەوە. لە ناو خۆشیاندا، نەوەکانی بارزانی دوو لەت و هی تاڵەبانیش دوو لەتن. نەوەکانی تاڵەبانی کەمێک چاڵاکترن لە دووبەرەکیداو بە تەواوی لە یەک ترازاون، بەڵام ئەوانەی بارزانی، چونکە جارێ میری گەورە ماوە، حاڵیان لەوانەی تاڵەبانی کەمێک باشتر خۆی نمایش ئەکات، وەلی باشتر نیە.
ماوەتەوە بڵێم ئێستا کێشمەکێشی نێوان نەوەی بابان و بادینان وەها تێکترژاوە مەگەر تەنها ئیتیلاعات و میت سەریان لێدەرکەن. ئەوە میرزادەی دەباشانە کە تا دوێنی بە براکەیدا واسیتەیەکی ئەکرد تا میرزادەکەی پیرمام ئاوڕێکی لێ بداتەوە لە نێو مەجلیسا، ئەمڕۆ دوژمنی سەرسەختی میرزادەی پیرمامە. ئەو میرزادەیەیەی لالەزاریش کە دوێنی کەوشکەی بۆ میرزادەکەی پیرمام بەرز ئەکردەوە، ئەمڕو چاوەڕوانە مافی خوراوی خۆی بە میزانە خوارەکەی میرزادەی پیرمام، لە ئامۆزا میرزادەی دەباشان وەبگرێتەوە. لەو لاشەوە ئەوەی میرزادەی پیرمام بە خیانەتی بە دەستەوەدانی کەرکوک بە کلکەکانی شیعەی سەفەوی تۆمەتبار دەکرد، ئەمڕۆ موو بە بەینیانەوە ناچێت و ئامادەی هاوکاری کردنین تا گەیشتنە کورسی میری لە دەباشان.
ئەوەی ڕوونە لە سیاسەتی میرنشینان و زۆن نشیناندا، توانیویانە گرێی دەستی ١٧٠ ساڵ لەمەوبەریان لە جیاتی ئەوەی بیکەنەوە، زۆر بە خەمساردی بگەیێننە ددان.