یەکێک لە پاشهاتەکانی ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١دا، بەرپابوونی ئازادی بوو. سیستمی بەر لە ڕاپەڕین دیکتاتۆری تاکڕەوی بوو. کۆمەڵگا دابەشی سەر سێ ئاراستەی سیاسی بوو بوو (بەعسی دەسەڵاتدار، بێ لایەنی ژێردەست، دژە بەعسی بەرهەڵستکار). تینوێتی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ئازادی سیاسی، باڵی کێشا بوو بەسەر ئازادی ئایینی و ڕۆشنبیری و کولتوریدا. دوای ڕاپەڕین، تەواوی پارتەکانی خاوەن هێز و جەماوەر، پارتی چەپ و نیمچە چەپ و پارتی میللی و جەماوەری بوون. جگە لە بزوتنەوەی ئیسلامی کە وەکو پارتێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ، تەواوی پارتەکانی دیکە، ڕاستەوخۆ کێشەیان لە گەڵ کەشی نوێ ئازادیدا نەبوو، هەر نەبێ لە ساڵانی سەرەتاوە. لێرەوە وردە وردە ڕێگە خۆش بوو، بۆ دامەزراندنی سەددان کۆمەڵە و گرووپ و حزب و رێکخراوی جۆراوجۆری کولتوری و ڕۆشنبیری و چینایەتی. هەر لێرەشەوە و لە کۆمەڵگای کوردیدا، بۆ یەکەم جار، دەست بردن بۆ ڕەخنەی ئایینی و سیاسی و ڕەخنە لە داب و نەریت و هەموو تابۆکانی دیکە، بوون بە مادەی خاوی کۆڕی شیعری و کۆبوونەوەی جەماوەری و سیمینار و مێزگرتەکان. لە یادمە کە لە سەرەتای نەوەددەکان، لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە سیمینار و کۆڕی شیعری و چالاکی ڕۆشنبیری دەگوازرانەوە کە زۆر بە ئاشکرا تانەی لە پیرۆزییە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان دەدا و کەسێکیش نە لە مینبەرەکان و نە لە شوێنە گشتییەکانەوە خۆی لێ تێنەدەگەیاند. بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەو تاقم و گروپانەی دواتر لێی جیابوونەوە لە هەوڵی زۆری بەرپەرچ دانەوەی ئەو تەوژمە ڕەخنەگرانەیە بوون لە ئایین، لەم پێناوەشدا خوێنی زۆر ڕژا. بەڵام هەمیشە تای تەرازووەکە قورسایی بە ئاراستەی کرانەوە و ئازادی دەرڕبڕینی بیر و ڕا بوون. هەر بۆیەش ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان هەرگیز نەیاندەتوانی زۆرینەیەکی بەرچاو لە جەماەر، دوای خۆیان بخەن. هەمیشە جەماوەری ئەو حزبە ڕادیکاڵانە سنوردار یان ڕوو لە کەمیدا بوو. بۆیە ئیسلامییەکان دەبوو ڕێگایەکی دیکە بۆ نێو دڵی جەماوەر بدۆزنەوە. ئەو ڕێگایەش یەکگرتووی ئیسلامی لە پێشەنگی لێدان و دۆزینەوەی بوو. چونکە کۆمەڵگای کوردی، بە سروشتی خۆی کۆمەڵگایەکی توندوتیژ نەبوو و جۆرێک لە کرانەوە و ئامادەگی تیابوو بۆ گرتنە باوەشی بیری نوێ، لە ژێر دەواری ئازادیدا. هەر بۆیە یەکگرتوو وەکو یەکەم هێزی ئیسلامی، سەرەتا لە ڕێگەی ڕابیتەی ئیسلامییەوە و وردتریش لە ڕێگەی گیرفان و گەدەی هەژارانەوە، بە شێنەیی خۆی گەیاندە مێشک و هزری خێزانەکانیانەوە. بۆ هێزێکی وەکو یەکگرتووی ئیسلامی خۆگێل کردن و خراپ سود بینین لە سیستمی داهێنراوی عەلمانییەت و بیدعەی ئازادی و دیموکراسی و هەڵبژاردنی پارلەمانی ڕۆژئاوایی، باشترین ڕێگا بوو بۆ خۆخزانە نێو پارلەمانەوە. بە تایبەتیش دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر کاریان لە سەر زۆرێک لە خێزانەکان کردبوو. ئەگەرچی بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵ و هەندێ گرووپ و تاقمی ئیسلامی، سەرەتا یەکگرتوویان بە لادەر ناوزەد دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ هەمووان لە یەکگرتوو هەڵپەتریانە بۆ ڕۆیشتن بە ڕێگا تەختەکەی ئازادیدا، بۆ نێو دڵی جەماوەر و پارلەمان. ئەگەر ئێمە نیشانەیەکی پرسیار لە سەر دوا هەڵبژاردن دابنێین و تەنها هەڵبژاردنی پێش ئەو بکەین بە پێوەر، ئەوا ئیسلامییەکان تاوەکو هەڵبژاردنی ٢٠١٣ی کوردستان، توانیویانە پێکەوە تەنها ڕێژەی ١٥٪ کورسییەکانی پارلەمان داگیربکەن. هەتا ئەو کاتەش ئیسلامییەکان نە گەیشتبوونە ئەو ئاستەی کە کاریگەری گەورە لە سەر یاسا و ڕێساکانی پارلەمان دابنێن و نە توانیویشانە ڕای خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیدا زاڵ بکەن. تەنانەت کاریگەری جەماوەری ئەوتۆشیان نەبوو لە ناوەندە ڕۆشنبیری و کولتوریەکاندا. ئەوەی لە ٢٠١٣ەوه تا ئەمڕۆ، بازی گەورە گەورەی بە ڕەوتی ئیسلامی توندڕەو داوە، فراوان بوونی فەزای ئازادییە. هەتا پێش سەردەمی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەری ئەو سیحرەی ئیسلامییەکان له ڕێگەی ئازادی فەراهەمکراوی بە یاسا ڕێکخراوەوە، لە سەر جەماور، سنوردار بوو. بەڵام ئیسلامی سیاسی ئەمڕۆ، بە هۆی فەوزای ئازادی نێو سوشیال میدیا و هۆکارەکانی دیکەی پەیوەندییەوە، زیاتر لە هەموو ئەوانی دیکەی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. چونکە ئەوان مەستی گەندەڵی سیاسی و ئابوری و خۆخۆرین. ئەوە تەنها ئیسلامییەکانن کە توانیویانە جەماوەرێکی زۆر فریو بدەن لەم ڕێگایەوە. ئەمڕۆ بە دیاری کراوی، دیار نیە ڕێژەی جەماوەری ئیسلامییەکان گەیشتووە بە چی. بەڵام ئەوەی لە فەزای کشتی سۆشیال میدیا و گۆڕەبانی سیاسی و ڕۆشنبیری و کولتوریدا دەبینرێ زۆرینەن. ئیسلامییەکان ئەمڕۆ بەدەر لە یاسا و به بێ بوونی هێزی ئەمنی و سەربازی زیاتر لە پارتی و یەکێتی و ئەوانی دیکەش، کاریگەریان لە سەر جەماوەر و شەقام و هەندێک جار بڕیاری دام و دەزگا حکومی و پارلەمانییەکانیشدا هەیە. ئیسلامییەکانی نێو بارەگا حزبی و سەر مینبەرەکان و پشتی شاشەی موبایلەکان و بەردەمی کامێرای کەناڵە ئاسمانییەکان، ئەتوانن لە جێگەی هەر سەمایەک نوێژێکی بە کۆمەڵ دابەستن بە بێ پرسی پارێزگا یان شارەوانی. بەڵام خۆپیشاندانێک دژی لەشکرکێشی تورک، تۆپ و ڕۆکێت بارانی ئێران، ڕێگەی پێنادرێ. ئیسلامییەکان ئەتوانن هەر نووسەر و ڕۆشنبیر و چالاکوانێکی مەدەنی و شاعیرێک، ئەگەربیخەنە ناو بازنەی سوورەوە، لە شەو و ڕۆژێکدا لە بەرچاوی خەڵکی بخەن. کام جەژن و کام مێژوو و کام پیرۆزی نەتەوەیی و میللی هەیە، بە خوتبەیەک قێزەونی بکەن و لە پیرۆزی دایماڵن. ئەوان ئەمڕۆ یاسا ڕائەگرن، بڕگە ئەگۆڕن، زمان ئەشێوێنن، جل و بەرگ دائەهێنن. ئەوەی دوێنێ کردەوەی داعشی بوو، ئەمڕۆ زۆربەیمان لەم سەکۆیانەوە گوێ لێ ئەبێت. بە کورتی و کرمانجی ئیسلامییەکان بە سەر شانی ئازادییەوە خەریکن ئازادی سەر ئەبڕن.
ئەگەر دوێنی کۆڕێکی مەلا بەختیار لە بارەی ئیسلامی سیاسی یان مێژووی چەپەکان لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانیدا جگە لە دانیشتووانی ناو هۆڵەکە، مکەبەرەشیان بۆ سەددانی دەرەوەی هۆڵەکەش ئەبەست، ئەوا ئەمڕۆ لە سەرپێشنیاری سەلەفییەک بودجەی دەزگایەکی گرنگی وەکو پلاتفۆڕمی دابڕان ئەبڕن. تا ئەو ڕادەیەی دەزگاکە، کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی لە هۆڵێکی هێندەی هۆڵی میوانی ماڵێکی ئاسایی بەڕێوە ببات. ئەمڕۆ هەموو دەنگێکی ئازادی کز و کپ کراوە. ئیسلامییەکان ئەگەر جاران پێویستییان بە کۆکردنەوە و سوتاندنی کتێبی ناحەزەکانیان بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ بە قیڕەی مەلایەک چییان بوێ ئەیسەپێنن. لە جێی هەر کتێبێکی نا ئایینی هەزاران کتێبی ئیسلامی لەچاپ دەدرێت. هەر بە هۆی ئیسلامییەکانەوە دیمەنی کارمەندانی نەخۆشخانەکان، خوێندنگەکان، دام و دەزگاکانی دیکە، ڕووپۆشێکی تەواو ئیسلامی پێ بەخشراوە. ئەگەر جاران شەڕ بوو لە سەرکورسییەک لە هۆڵێکدا، بۆ بینینی شانۆیەکی تیپی پێشڕەو، کۆڕێکی شیعری شێرکۆ بێکەس، سیمینارێکی شێرزاد حەسەن،...هتد، ئەوا ئەمڕۆ کێلی گۆڕەکەی شێرکۆ بێکەس هەر ڕۆژەی لە لایەکەوە ئەشکێنرێ و لە سەر گرتەیەکی چەند چرکەیی کۆنی سیمینارێکی، قیامەت لە سەر شێرزاد حەسەن هەڵئەسێ و لە سەرمەسەلەی جێندەر پەلاماری خێزانی ئەحمەد هەردی دەدرێ، لە گۆڕەکەش ڕایئەچڵەکێنن. ڕۆژێ سەنگەر لە قانیعی شاعیر ئەگیرێ و ڕۆژێکیش ماریا هەورامی بە مەیموونە سەماکەرە ئەشووبهێنرێ. ڕۆژێک ژنی سفور بە داینەسور و ڕۆژێکیش ئاهەنگگێڕانە بۆ سەپاندنی فرەژنی. هێرشی بەردەوامی ئیسلامییەکان بۆ سەر هەموو جوانییە هونەری و هزری و کولتوری و مێژوویی و میللییەکان، لە سایەی کەشی ئازادیدا، خەریکە کەشێکی نوێ ئەخوڵقێنێ کە هەر لە ڕێگەی ئازادی خۆیەوە خودی ئازادی ئەکرێ بە پەند.