لەم وتارەدا کاک قوبادی جەلیزادە بۆ دەربڕینی زۆر مەبەست و پلار دەبێتە بەهانە، بۆئەوەی گلەیی و هەندێ ڕەخنەی جددی لە ڕۆشنبیران و نوسەر و شاعیرانی یەکدوو و دووسێ نەوەی پێش خۆمان بگرین.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو کەسێک چیرۆکێکی هەڵبەستروای هۆنیبۆوە، گوایە قوباد پیاوێکی بەعسی و دژەکوردە و لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕانی کورد ئامانجی بووە. خۆشبەختانە لە دەیان لاوە تەواوی چیرۆکەکە بەدرۆ خرایەوە و هیچیان بۆ من نەهێشتەوە.
ئاشکرابوونی هەقیقەتی چیرۆکی ئەم چیرۆکنوسە ڕاسپێردراوە دڵخۆشی کردم، نەک لەبەرئەوەی من لە کۆتایی نەوەدەکانەوە و تا ئێستاش سەرسامی زۆربەی شیعرەکانی قوبادم. دیارە چێژبینین لە شیعرەکانی هەر شاعیرێکیش بەو ماوە زۆرە، خودی شاعیرەکەشت لا خۆشەویست دەکا، لەگەڵ ئەمانەشدا لەبەرئەوەی لە مێژووماندا لە نوسەر و شاعیر و دەربارمان کەم نەبووە، تا خۆشحال بین، بەوەی دانەیەکی تریشی بچێتە سەر، کە نەچووە سەری.
پێم وایە قوباد لە شیعرەکانیدا کۆدی ئازار و جوانیەکانی پشت سروشت شیکار دەکا. دوای کەشفی هەموو جوانیەکانی پێش و پاشی سروشت، مرۆڤ وەک بەشێک لە سروشت نمایش دەکا، لە مرۆڤیشدا زێتر بەلای مێدا دەیشکێنێتەوە و قەهر و خەمی جەستەیی و دەرونی و کۆمەڵایەتی ژن و کیژی کورد دەخاتە سەر لە پی دەست. دیارە لەوەدا کەس هێندەی قوباد مێناس و مێنوس نەبووە.
تا ئێستاش قوباد خۆی دەنوسێتەوە، نەوەک قەڵەمێک لە دژی ئایین.. قوباد سەرنجی گەنجانی کورد بۆ چاڵەبەفری جێ سمی پڕ خوێنی هێسترێکی ساڵانی شەست، تا هەشتاکان یان نەودەکان و دەشێ تا ئێستاش ڕابکێشێ، کە لە خوێنی پێشمەرگەیەکی برینداری سەر پشتی هێسترەکە داچۆڕاوەتە ناوی. کەچی تاریکبینەکان پێیان وایە قوباد هزر و فکری گەنجان لەسەر سەرکەوتنە گەورەکانی فتوحاتی وەقاس و حیکایەتە پیرۆزەکانی هورەیرە لادەدا. کێشەی گەورە لە فیکرەدایە، گەر ئەوان قوبادەکان بشکێنن و تێیانپەڕێنن، ئەوا بەگژ جەزیری و مەولەوی و خانی و مەلا فەندیدا دێن و نابوتیان دەکەن. بۆیە قوبادەکەن لەگەڵ هەمو داهێنان و جوانییەکانیان سەنگەرێکی بەرگری تۆکمەشن تا دەستی ڕەش نەگاتە کلتور و ئەدەبی نەتەوەییمان.
سەرەڕای ئەمانەش هەموو ئەو جوانیانەی قوباد و قوبادەکان نابنە ئەنگەر و تەگەرە لەوەی بەلای کەمی لای من ڕەخنە نەیانگرێتەوە. ئێمە بایی ئەوە خوێندەوار و وشیارین، تا بزانین ڕۆشنبیری خودی بەرپرسیارێتیە بەرامبەر کۆمەڵگا و تاکە هاونیشتیمانیەکەی و دراوسێکەی و هاوزمانەکەی و هاوپیشەکەی.. ڕۆشنبیری بە مانا بەرپرسیارێتیەکەی تەواو لە نوسەری و شاعیربوون بەو مۆدێلەی ئێستای کوردستان جیاوازە.
من هەر لەو بارەوە وەک دەقێکی ناپەیوەست بە ئێستاوە، هێشتا ڕێزم بۆ دەقەکانی ئەم جۆرە نوسەر و وەرگێڕ و شاعیرانە هەیە، کە دەشێ لە دواڕۆژدا جێ بگرن و ببنە هەوێنی ئازادیی، پێش هەموو ئازادیەکان ئازادی سیاسی و دەسەڵاتێکی کوردی ڕەشید و دادپەروەر، جا با پاڵەوانە ئازیخوازەکەشیان هی ڕۆمانێکی ناکوردیانەی وڵاتێکی وەک پیرۆی ئەوسەری دونیاش بێ. لێرەدایە کە ئەوانە قەڵەمبەدەستی زۆر باش و خەتخۆشن، بەڵام قەت نوخبە و ڕۆشنبیر و کەسایەتیی ڕۆژی خۆیان نین، یان نەیانتوانی بەردەوام وەک کوڕانی ڕۆژلەمستی خۆیان بەردەوام بن. ڕۆشنبیر واتە بەرپرسیارێتیی فکر و نوسین و قسەکردن لەسەر تەواوی ڕوداوە جددیەکانی ڕۆژەڤی کۆمەڵگا.
ئەوانەی وەک نوخبە و ڕۆشنبیر ناسراون، بەشێکیان نوسەری دەرباری دەسەڵاتن و دەمێکە بە ئاشکرا و بێشەرمانە خەریکی ڕتوش و ماکیاژی کارە قێزونەکانی دەسەڵاتن و خۆیان خۆیان یەکلاکردۆتەوە و ئێمەش قسەمان لەسەریان نیە.
جۆرەکەی تر کە وەک مرۆڤی باش و بێزەڕ، وەک تاک لە ناویاندا هاوڕێم هەن، گەر خۆشیان وا هەست بکەن قەڵەمەکەیان کێشەی نیە، من دەزانم چەندین ساڵە قەڵەمەکەیان کولە و لە دۆخێکی ناجوردان، کە نازانن قەڵەمتراشی ڕاستەقینەیان وا لەژێر پێی زیندانیە بادینیەکانی هەولێردایە.
ئەم زومرەیەی دووەم نەوەک هەر لەبەرئەوەی خۆیان لە کێشە زەقەکانی ئێستا نادەن و بە هەر هۆیەک بێ، هەموو قسەکردنێکیان بەرامبەر ستەمەکانی ئێستای دەسەڵاتی کوردی لا بڤڤەیەکی پەنجەسوتێنە، بەڵکو ئەمانە بە هەڵە لە قەڵەم گەیشتبوون، وایان دەزانی چۆنت بوێ، دەتوانی وا پەنجەی لەگەڵ نەرم بکەی، نەوەک قەڵەم چرایەکە بێ و بشێ، قامکەکانیشت داخ بکا. کە پەنجە داخکردن کارە سەرەکیەکەیەتی. ئەم دەستەیە بە شاکارەکانیانەوە دوێنێ ناویان لەمێژوودا بە جوانی نوسرا، بەڵام ئەمڕۆ لە مێژووی نوێدا بە پێچەوانەوە دەنوسرێنەوە.
بەیتی قەسیدە ئەوەیە، کە ڕۆشنبیر و نوخبە دەبێ، پێش هەموو شتێک قسەیەکی لەسەر کێشەکانی ئێستای مەملەکەتەکەی هەبێ. من هەرگیز نەمویستوە و لام دروست نیە، هەمووان وەک من و بە شێوەی من ناڕازی بن و بە ستایلی من بدوێن، بەڵام گەر تۆ لەسەر دوو ساڵ بێنەوبەردەی زیندانیانی شیلادزێ و بادینان بە نوکەقەڵەمێک دەنگت نەبێ، لە کاتێکدا زۆربەی هەرەزۆری ڕێکخراوە داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و کونسڵخانەکانی هەرێم بە ڕاستەوخۆ و بە زمانێکی نەرمی دیپلۆماسیی ستەم و زوڵمی دەسەڵاتیی کوردییان دووپات کردبێتەوە. هەروەها گەر تۆ لەسەر دەستگیرکردنی کوڕانی شیلادزێ بەرامبەر بەرگرییان لەهەمبەر داگیرکاریی تورکیای داگیرکەری خاکی کوردان دەنگت نەبێ!
ئەی هاوار! لەسەر مردنی خانەنشینێک لە سەرەی وەرگرتنی مەچەکەی... دەیان و سەدان گەندەڵی و سوکایەوتی بە هاونیشتیمانیەکانت دەنگ و هەڵوێستت نەبێ. ئیتر دەتەوێ چۆن لە مێژوودا ناوت وەک نوسەر و وەرگێڕ و شاعیرێکی گیانلەسەردەست و خەمخۆری نەتەوەکەت بنوسرێتەوە؟!
گەر ئێوە ڕۆشنبیر و نوخبەی ئێمەن، دیسان دەبێ ئێوە قسەیەکتان هەر هەبێ. ئەمە گەمەیەکی زۆر ناخۆش و بێزراوە و وا بەسەر دەچێ. یان دەبێ بەرگری لە زیندانیانی بادینان بکەن، یان دەبێ بچنە پاڵ دەسەڵات و ڕایبگەینن، کە ئەمانە تێکدەر و ئاژاوەگێڕ بوون. یان دەبێ مردنی خانەنشینێک لە سەرەی موچەدا بەوپەڕی کەمتەرخەمی و بەڕەڵڵایی و حوکمی قەرەقوشی حکومەت بزانن، یان دەبێ ئەوە ڕابگەیەنن، کە مردنی خانەنشینێک لە سەرەدا پەسەند بکەن و وەک وەرینی گەڵای دارێک وەریبگەرن!
پنتی باس، نە خودی کاک قوباد و نە ئەو نوسەرە زلناوانەش کە بەرگریەکی پێویست و جوانیان لێ کرد، لێیانم نەبیستوە و نەزانیوە، هەر لە سەرەتاوە هیچ قسەیەکیان لەسەر ئازادیخوازانی بادینان کردبێ و پێناچێ هیچیشیان لەسەر لەدەستدانی ئەندامی جەستەیی و کەمئەندامبوونی هەندێک لەو زیندانیە مانگرتوانەی بادینان هەبێ و دیارە پەیوەندی بە قەڵەم و ئازادیخوایی و خەمی ئینسانیانەی ئەوانەوە نیە!
چەقی مەبەست ئەوەیە، کە دەبوو ئەو برادەرانە نەک بە خۆپیشاندان و کردەی وا بڤڤە، هەر بە نوسینێک بەرگریەکتان لە ئازادی ڕادەربڕینی ئەمانە کردبا. گوتباتان ئەو پیاوانەی لە سەرەی موچەدا مردن، لەوپەڕی گوناهیدا دوای ئەو هەموو خزمەتەی نیشتمان لە کەلێنی پەنجان بەربوونەوە و پێش ئەوەی بگەنە سەر زەوی بوون بە هەڵم. ئێوە کە بڕشتی قەڵەمن، وەڵامێک بۆ کوڕ و کچی ئەم مردوانە دابنێن، تا ئەحفادەکانیان باوەڕ بە چۆنیەتی مردنی باپیرەگەورەیان بکەن و ئیتر دوای چەندان ساڵ لەسەر ئیشتایگەری دائیرەکە و شۆستەی ڕەقوتەق بە دوای تەرمەکەیاندا نەگەڕێن!
ئێوە مێشکی ئێمەی نەوەی هەرزەکاری نەوەدەکانتان بە ئازادیی تەواو گۆش کرد و پێتانگوتین ناکرێ، هەرگیز دەست لە ئازادی هەڵگرن و هەموو ستەمێکیش ڕەتبکەنەوە، جا هی سەددام و بەعس یان هەر ستەمێکی تر بێ. ئێوە کە لە ستەمی بەعس دەرچوون و ئیتر چوونەوە بنباڵ و نسێی بنلەغەمی ستەمکارێکی تر کە کوردیە و کەمترین ناڕەزاییتان نیە.
ئێوە ڕاستگۆ بوون لەگەڵ خۆتان، کە تەفرەقەتان خستە نێو ئازادیش، ئێمەش ڕاستگۆ بووین لەگەڵ تێکستەکانی ئێوە، کە بەرنگاربوونەوەی ستەم و لە باوەشگرتنی ئازادیمان وەک یەک پاکێج وەرگرت.