ئایا تورکیاش ڕێگەی ڤەنزوێلا دەگرێتەبەر؟
مایکڵ ڕۆبن
2019-02-03   1289
ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان ڕایانگەیاندووە، کە بەرگریی لە نیکۆلاس مادورۆ دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی کە مادورۆ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی مانگی ڕابردوو کۆتاییھات و ڕەتیکردەوە کە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت. مادورۆ دووەم خولی دەسەڵاتەکەیی لەسەر بنەمای ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئایاری ٢٠١٨ ڕاگەیاند، بەڵام زۆربەی چاودێرانی ناوخۆی ڤەنزوێلا و دەرەوە ئەوەیان ڕەتکردەوە و بە کارێکی ناڕەوا ناویانبرد. سەرەڕای ئەمانەش، مادورۆ زۆرینەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی قەدەغەکرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی و، لە بەرامبەردا، زۆرینەی ڤەنزوێلییەکان لە ماڵەکانیاندا مانەوە. بە شێوەیەکی دەستووری، ئەوە کاری ئەنجومەنی نیشتمانیی ڤەنزوێلایە کە بە شێوەیەکی کاتی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی ھەڵبژێرێت تا جێگرەوەیەکی بۆ ھەڵدەبژێردرێت و، خوان گوایدۆ-یان بۆ ئەو مەبەستە ھەڵبژارد.
لە ئێستاشدا ئەوە خوان گوایدۆیە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین وەکو سەرۆکی شەرعی ڤەنزوێلا دەیناسێنن. ئەوانەیشی پاڵپشتیی مادورۆ دەکەن بریتین لە چین، ڕووسیا، ئێران، کیوبا، کۆریای باکوور و تورکیا.
پاڵپشتیکردنی دەوڵەتە شیوعییەکان و دیکتاتۆرە دژە ڕۆژئاواییەکان بۆ مادورۆ جێگای سەرسوڕمان نییە. نە ڕووسیا و نە ئێران گرنگ نییە بۆیان لەوەی ڤەنزوێلا لە لێواری لەبرسامردندا بێت و، ملیۆنان کەس ھەڵبێن بۆ وڵاتی کۆڵۆمبیای ھاوسێ؛ لەڕاستیدا، دیدگایان بۆ جیھان ھیچە و، بەھانە بۆ ھەر ڕژێمێک دێننەوە کە دژی ڕۆژئاوا بێت. بە شێوەیەکی تر، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران لەبەر ھەمان ئەو ھۆکارانەی کە پاڵپشتیی ڕژێمی بەشار ئەسەدی بکوژی لە سووریا پێدەکەن، پاڵپشتیی ڕژێمەکەی مادورۆیش دەکەن. بنکەی سەربازیی ڕوسییش لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە لە ئەگەری ئەوەی کە گەلی ڤەنزوێلا قسەی خۆیان بکەن.
پاڵپشتی تورکیا، یان پاڵپشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی، بۆ مادورۆ لە سەرەتادا ئایدۆلۆژی بوو. ئەردۆغان و مادورۆ بە سەردانیکردنی پایتەختی یەکتری تۆوی پەیوەندییەکانیان چاندبوو، پەیوەندیی ھاوبەشیان ھەبوو لەبارەی دژایەتیکردنیان بۆ کاریگەریی ئەمریکا و ڕۆژئاوای دوای جەنگی دووەمی جیھانی. ھەردوو مادورۆ و ئەردۆغان لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە دەخوازن گۆڕانکاریی بنچینەیی لە کولتور و کۆمەڵگادا بکەن. مادورۆ دەیەوێت پرۆژەی شۆڕشی بۆلڤاریانی سۆسیالیست بچەسپێنێت، کە لەلایەن ھوگۆ چاڤێز سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلاوە کرا و مادورۆش جێگری بوو؛ ئەردۆغانیش پرۆژەکە پرۆژەی زیندووکردنەوەی دینی کۆمەڵگای تورکیایە، بەڵام ئیسلامێکی ئەنادۆڵی عادەتی نا، بەڵکو ئیسلامێکی پڕ لە برایانی موسڵمان (ئیخوان موسلیمین). میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاش ھاشتاگی (#ئێمە_مادورۆین)یان بەرزکردووەتەوە.
ھەرچۆن بێت، ئەمڕۆ ترسێکی پێشووە کە وا لە ئەردۆغان دەکات جارێکی تر بچێتە ڕیزی خراپترین دیکتاتۆرەکانی جیھانەوە. ئەردۆغان ھێشتایش، ڕەتکردنەوەی فەرمیی ئەمریکا لەوەی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولفەتاح سیسیەوە کودەتای سەربازیی بووبێت، ڕەتدەکاتەوە. بەڵکو ئەردۆغان ئایدۆلۆژیای ھاوبەشی لەگەڵ موحەمەد مورسی دووپاتدەکاتەوە، کە سەرۆکی لەکارلابراو و پاڵپشتی ئیخوان موسلیمین بوو. ناڕەزاییەکان دژی قەیرانی ئێستای ڤەنزوێلا بووە ھۆی ئەوەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دان بە ھەڵبژاردنێکی کەموکورتدا نەنێن. ئەمەش زۆر نزیکە لە ئەردۆغانەوە، چونکە ئەویش لە سندوقێکی زۆر ھاوشێوەی چاڤێز و مادورۆدایە لەڕووی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە. دەستگیرکردنی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستای تورکیا، وەکو سەڵاحەدین دەمیرتاشی سەرکردەی کاریزمای ھەدەپە، ھاوتەریبییەکی تری ڕوونی نێوان تاکتیکەکانی ئەو دوو ڕژێمەیە.
پێویستە ئەردۆغان لە ئابووریش نیگەران بێت. ئەردۆغان ماوەی ١٥ ساڵە دەستی بەسەر تورکیادا گرتووە. ھەرچەندە لە سەرەتادا ھەندێک سەرکەوتنی ئابووری بەدەستھێنا (بەھۆی چاکسازییە ئابوورییەکانی حزبەکەی و دابەشکردنی قازانجی دیمۆگرافییەوە). ئێستاش ھاوسەنگیی ئابووری تورکیا لە لێواری تێکچووندایە و دراوەکەی بەھای لەدەستداوە. کۆمپانیا دەرەکییەکانی بەرھەمھێنان وەکو وڵاتێک لێی دەڕوانن کە دۆخەکەی نەخوازراوە. چیتر لە تورکیا یاسا سەروەر نییە بۆ بەرھەمھێنان. قەرزی کەسیی کێشەی بۆ بانکەکان دروستکردووە کە چارەسەرەکەی ئاسان نابێت. لەوانەیە تورکیا ئێستا زۆر لە ڤەنزوێلا تەندروستتر بێت، بەڵام بە ١٠ ساڵی تر حوکمی ئەردۆغان لەوانەیە ئابوورییەکەی بڕوخێت، بە شێوەیەک کە زۆر لەوەی ڤەنزوێلا ئەزموونی کرد جیاوازیی نەبێت.
لەبارەی گوایدۆوە، مادورۆ ڕووبەڕووی مونافیسێکی گەنج و کاریزمی و بوێر بووەتەوە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش مەرگاوییە. یاساکانی حزبی سیاسی تورکیا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بۆ ھەر حزبێک دیکتاتۆرێک دروستەکەن، بە شێوەیەک سەرکردەکانی حزب ترسیان لە شکستھێنانی بەرەوپێشچوونی بزاوتەکانیان کەم دەبێت. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست یەکێکە لە ھەرە سەرکردە ناکاریزمییەکان، کە سەرکردایەتیی زنجیرەیەک ھەڵبژاردنی شکستخواردووی کردووە. تەنانەت لایەنگرانی باخچەلی دەڵێن، سەرکردەیەکی کاریزمی لەوانەیە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بۆ حزبەکەیان دوو ھێندە بکات. بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانیشی لە ھەڵبژاردنەکاندا، باخچەلی چووە ناو ھاوپەیمانێتییەکەوە لەگەڵ ئەردۆغان، کە تیایدا ھیچ دەسەڵاتێکی نییە، بەڵکو دڵخۆشدەبێت بەوەی کە سەرۆکی تورکیا لە مێزەکەیەوە تێیدەگرێت. کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لەوانەیە زۆر عاقڵتر بێت، بەڵام ئەویش لە ئێستادا زنجیرەیەک شکستی تۆمارکردووە. لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا ئەو دەموچاوە بەھێزە نییە کە بتوانێت تورک یەکبخاتەوە، بەڵام لەگەڵ باخچەلیدا، جیاوازییان ھەیە. مێراڵ ئاکشینەر بە شێوەیەکی دراماتیکی لە مەھەپە جیابووەوە بۆ پێکھێنانی ئیی پارتی، بەڵام ئەویش لە ھەڵبژاردنەکاندا نائومێد بوو و بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی وەفادار دەبینێت. زیندانیکردنی دەمیرتاشیش ھەدەپەی ئیفلیج نەکردووە، بەڵکو زیندانیکردنی لەلایەن ئەردۆغانەوە بەھۆی چەند سزایەکی کەمەوە ئیفلیجی کردووە. بۆ ھەموو ڕاگەیەندراوەکانیشی، ئەندامانی ھەدەپە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو نایەنە سەر شەقامەکان.
ئەگەر حزبە سیاسییەکانی تورکیا بتوانن سەرکردەگەلێک لە نەوەی نوێ لەخۆبگرن، سەرکردەیەک کە بەردەوام شکستنەھێنێت لە ھەڵبژاردنەکان، ئەوە ئەردۆغان دەبێت بترسێت. ئەگەر ڕای گشتیی تورکیا خواستی ئەوەیان ھەبێت بێنە سەر شەقام دژی ئەو بێڕێزییانەی بەدەستییەوە دەناڵن، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ لە مەیدانی گیزە کردیان، ئەوە لەوانەیە شتێک بەدەستبێنن کە وا لە ئەردۆغان بکات ڕووبەڕووی داھاتووی ببێتەوە. ئەردۆغان دەتوانێت سوود لە لاوازیی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا وەرگرێت، بەڵام مافی نیگەرانییشی ھەیە: ئەگەر تورکەکان بڕیاربدەن کە شوێن ئەو ڕێگایە بکەون کە لەلایەن خەڵکی ڤەنزوێلاوە بۆ زیندووکردنەوەی دیموکراسی و یاساسەروەری کێشراوە، ئەوە ئەردۆغان ھاوشێوەی مادورۆ لەوانەیە لەناکاو ڕووبەڕووی کێشەی شەرعییەتی لە پۆستەکەیدا ببێتەوە.