پرۆسەی خوێندنی باڵا، پرۆسەیەكی گشتگیر و ھەروەھاش فرەرەھەندە. بە شێوەیەك بە ھۆی جیھانی بوونی ژینگەی خوێندنی باڵا و پەیوەندی فرەرەھەندی لە گەڵ كۆمەڵگای جیھانی, گشت سێكتەرەكانی كۆمەڵگای ناوخۆ، پێویستیان بەوە ھەیە لە دارشتنی ستراتێژی خوێندنی باڵا دا كە لێرە مەبەست پەروەردەكردنی كادری پێویست و بەتوانایە بۆ بازاری كار پێكھاتو لەكەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، رەچاوی وورد و دروشتی بابەتەكان بكرێت. لە سەر ئاستی جیھانیش كێبەركێیەكی گەورە ھەیە لە بواری خوێندنی باڵا. ئەمەیان بەشێكی گرینگی پەیوەندی بە پرسی ئاسایشی نەتەوەی یەوە ھەیە. بویە، كاتێك پرسێكی وەھا گرینگ كە گرێدراوە بە داھاتوی نەتەوەیەكەوە ، دەبێت و گرینگە بایەخێكی گرینگ پێی بدرێت. لە ھەمان كاتیش وەكو " سامانێكی گشتی" لە پرۆسەی خوێندنی باڵا و توێژینەوە بكرێت. مەبەست چی یە؟ لەم دامەزراوەیا بێجگە كار لە سەر بەرھەمی " مەعریفی" دەكرێت وەكو قوناغی یەكەم، ، لە قوناغەكانی دیكە ئەركەكە بریتی یە لە تەرجومەكردنی بەرھەمی مەعریفە بۆ " داھاتی ئابووری". ئەم بابەتەش بەشێكی پێكھێنەرە لە " ھێزی دەوڵەت". لە سیستەمی جیھانی ئەمرۆ، توانائابوری یەكانی ولاتان و كومەلگا فاكتەری ڕاكێشانی سەرەنجی كۆمەڵگای نێونەتەوەی و بەھێزكردنی پێگەی دەوڵەت دێتە ویتن.
بۆیە، پەیوەندیدار بە پرسی خوێندنی باڵا، بەشێكی بە دیپلۆماسی گشتی ھەرێمی كوردستانەوە گرێدراوە كە دەبێتە ھۆی نوێنەرایەتی كردنی ھەرێمی كوردستان لە ناوەندە زانستییەكانی جیھان بە گشتی. خوێندنی باڵا یەكێك لە گەورەترین ئەو ئامرازانەیە كە دروستكردنی " تۆڕی پەیوەندی ھاوبەش" لە نێوان نەتەوەكان و دەوڵەتان گرینگی یەكی تایبەتی پێدەدرێت. بە شێوەیەك دەوڵەتان لە رێگای دامەزراوە زانستییەكانییان كار لە سەر بەرفراوانكردنی پرۆژەی " وەبەرھێنانی ھاوبەش" لە كۆی گشت سێكتەرەكان دەكەن. بۆیە، ئێمە لە ھەرێمی كوردستان دەبێت بەشێك بین لەم تۆرەی جیھانی خوێندن و توێژینەوەی زانستی. ئەمەش چون دەكرێت؟ دەبێت گرینگی بە " بەرھەم ھێنانی زانست" بدەین، و بە جدی وەریبگرین، بە شێوەیەك کە ببینە جێگای متمانەی ناوەندە باڵاكانی زانستی جیھانی. ئێمە لە ھەرێمی كوردستان لەم پرۆسەیە سەركەوتن بە دەست ناھێنین، ئەگەر كار لە سەر دوو تەوەری گشتی پەیوەندیدار بە دامەزراوە زانستی یەكانی ھەرێمی كوردستان نەكەین! یەكەمیان پرسی بروانامەیە، كە لە پێنگاوی یەكەم ئەمەیان بێجگە لە كوالێتی، خاوەن رەسەنایەتی بێت. دووەم، ناوەرۆكی كورسەكانی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی كوردستان، دەبێت ھاوتەریب بن لە گەل ناوەندە زانستی یەكانی وڵاتانی پێشكەوتوی جیھان، واتە، خاوەن كوالێتی ناوەرۆك بن.
پێكەوەگرێدانێكی گەورە لە ناوبەینی ھەردو بابەتی ئاماژەپێكراو لە سەرەوە ھەیە. من لێرە، ئاماژە بە پرسێك دەكەم. رەنگە بیرورای جیاواز لەم بوارە لە بەر دەست ھەبن، بەڵام لە پێناو بەھێزكردنی ئەم بابەتە، وەكو مامۆستایەك كە ماوەی زیاتر لە 7 ساڵە چاودێری ئەم پرسەیە دەكەم، كۆمەڵێك پێشنیار دەخمە بەرد ەستی بەڕێزتان. بە ھیوای ئەوەی ببێتە ھۆی سەرەنج راكێشانی زانستخوازان و وزارەتی خوێندنی باڵا. لەو بروایەدام كە پشتگیرییەكی جدی سەبارەت ئەم پرسە لە لایەن كەسانی ئاكادەمی كوردستان، لە وزارەت دەكرێت. نامەوێت بلێم ئاستی زانكۆكانی وڵاتانی دیكە لە ھی ھەرێم كەمترە، بەڵام پرسەكە پەیوەندی بە بابەتێكی ھەستیارەوە ھەیە، كە بۆ كۆی گشتی پرۆسەی ئاوەدانكردنی ھەرێمی كوردستان گرینگییەكی تایبەتئ هەیە.
وەكۆ ئەوەی كە باوە و كۆلتووری ئیداری یە، وزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی ھەرێم وەكۆ بەرزترین دامەزراوە ئەركی یەكسانكردنی بروانامەكانی لە ئەستۆیە ئەگەر ھات و كەسێكی ھەڵـگری بروانامەیەك داخوازنامەیەك پێشكەشی وزارەتی ناوبراو بكات. من لێرە نامەوێت چەند و چوونیەتی پروسێسی ھەلسەنگاندنی بروانامەكان بكەم. بەڵام پێشنیاری خۆم ھەیە. ئەم پرسە كاریگەری فرەرەھەندی ھەیە لە سەر دروستكردنی بارگرانی ئابووری، كۆلتووری و زانستی نەك تەنیا لە سەر بودجە و داھاتی ھەرێمی كوردستان، بگرە داھاتوی ئەم نەتەوەیە دەخاتە مەترسییەوە. لایەنی ئاكادەمی بریتی یە لەوەی كە لە ڕۆی ھێزی مرۆڤایەتی و سەرمایەی زانستی لە شوێنی ئەوەی ھەرێم بووژانەوە بەخویەوە ببینێت، ئەگەر رێكاری پێویست نەگیرێبەر، ھەرێم دەخاتە بەر مەترسی یەوە. بۆیە، پێویستە كۆمەڵێك رێكار بگرێنەبەر ، یەكەم، ھۆكارەكانی ئابووری كە مڵك و ماڵی گشتی و پارەی ھەرێم بە خۆڕایی نەچێتە دەرەوە و ھەروەھا بارگرانی بۆ سەر ئابووری ھەرێم دروست نەبێت، دووەم، ھۆكاری ئەخلاقی ئاكادەمی، سێیەم، گەرانەوەی متمانە بۆ زانكۆكانی كوردستان.
لەم دوایە بە ھۆی كردنەوەی رێژەیەكی زۆری زانكۆ لە ھەرێمی كوردستان و كردنەوەی دەرگای خوێندن بۆ گەنجانی كورد لە دەرەوەی وڵات، ئەوەی ئێستا خەریكە لە ھەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، لێدانی گورزی ئەخلاقییە لە ژینگەی ئاكادەمی ھەرێمی كوردستان. شك لەوەدا نییە ئێمە لە ھەرێم لە زۆر بواردا ناتوانین خومان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەراوردا بكەین. بەڵام، زانكۆكانی وڵاتانی دراوسێ و ھەندێك دەڤەری دیكە بونەتەوە شوێنیكی سەرەنجراكێش بو پێدانی بڕوانامەی " ئاسان" بە قوتابییانی كوردستان. رێزم ھەیە بۆ ئەو گەنجانەی كە بە راستی بۆ خوێندن و زانست ڕۆ لە زانكۆكانی وڵاتانی جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەراست وەكو توركیا، قوبرس، سودان، میسر، ئێران و وڵاتانی سوڤێیەتی پێشوو، وەكو جورجیا، ئەمینیا و روسیا و ھتد دەكەن. ناكرێت ئێمە بە یەك چاو تەماشای ھەمو وگەنجانی وڵاتەکەمان بكەین لەم رویەوە. بەڵکۆ دەبێت كەسانی كەمترخەم لەو ھەڵەیەی كە دەكەن ئاگادار بكەین، كە پێویستە بە جدی خۆیان زەحمەت بدەن، ئەگەر مەبەستیانە ببن بە خاوەن بڕوانامەی ئاكادەمی. بۆیە دەبێت رێگری لەم بابەتە بکرێت، ئەركی وزارەتی خوێندنی باڵایە كە بە بەرپرسیارەتی خۆی لەم بوارەدە ھەلسێت و پرسێكی وەھا گرینگ ئێھمال نەكات.
یەكەم: پێویستی پێداچوونەوە بە پرۆسەی یەكسان كردنی بڕوانامەی زانكۆكانی دەرەوەی ھەرێم:
لێرە من دا لە بارەی ئەو بروانامانەی كە لە زانكۆكانی وڵاتانی روژەھەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی سەر بە سیستەمی پێشۆی كۆمۆنیستی بەدەست دەهێنرێن، ھەندێك بۆچوونی خۆم دەخەمە ڕوو، بە لە بەرچاوگرتنی ئامانجەگرینگەكەمان كە ئەویش باشتركردنی كوالیتی زانستییە،. لەو بڕوایەدام كە ئەم پروژەیە دەتوانرێت تۆكمەتر بكرێت و لە لایەكی دیكەشەوە رێگریكردنە لە "بڕوانامە ناتدردوستەكان" بکرێت لە ناو دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان. نابێت ئەم جۆرە كەسانە سود لە ئیمتیازەتەكانی وزارەتی خوێندنی باڵا وەربگرن و ببن بە بارگرانی بۆ سەر ئابووری ھەرێمی كوردستان و ھەروەھاش لەكەداركردنی سیستەمی خوێندنی باڵای ھەرێم. بویە: كاتێك ھەڵگرێكی بروانامە لە پێناو یەكسانكردنی بڕوانامەی خۆی سەرەدانی وزارەتی خوێندنی باڵا دەكات،:
-بریارێكی وزارەت هەبیت كە كۆی گشتی خەرجی " پێویست" بەم پرۆسەیە لە ئەستۆی قوتابی بێت.
-قوتابی بە كۆی گشتی پرۆسەی تاقیكردنی " تاوتوێكردنی توێژینەوە" كە تێدەپەرێت. بە شێوەیەك:
1-لژنەی ھەڵسەناگاندن لە لایەن وزارەتەوە نامەی توێژینەوەكە ئاراستەی 3-4 كەسی پسپۆردەكات لە پێناو ھەڵسەنگاندنی توێژینەوەكە.
2- ھەڵسەنگێنەران دەبێت، بە نووسین ھەڵسەنگاندن بۆ ھەر " بەش و فصل"ی توێژینەوەكە بكەن. كە نابێت لە 3 لاپەری A4 تێپەرێت.
3-ھەڵسەنگێنەران، ھەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ لژنەی وزارەتی خوێندنی باڵا دەنێرن.
4-لژنەی وزارەت رۆژێك دەستنیشان دەكات بۆ تاوتوێكردن و گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەل قوتابی لە یەكێك لە زانكۆكانی ھەرێم كە نێزیكە لە شوێنی مانەوەی قوتابی.
5-ئەندامانی لژنەی تاوتوێكردن لە 2-3 ئەندام پێك دێن.
6-لە دوای تاوتوێكردن، ئەندامان دەرئەنجامی " تاوتوێكردن و مناقشە" بە نووسین بۆ لژنەی وزارەتی خوێندنی باڵا دەنێرن.
7-لیژنەكە دوای وەرگرتنی ھەموو ھەڵسەنگاندنەكان، بریاری فەرمی دەردەكات كە قوتابی شیاوی ئەوەیە ببێتە ھەڵگری بڕوانامەی ( بەكالوریوسی، ماستەر یاخود دكتۆرا)؟
8-لە حاڵەتێك دا كە لیژنەی تاوتوێكردن و ھەڵسەنگێنەرانی وزارەت شكیان لە تواناكانی قوتابی ھەبوو، ئەوا دەتوانێت بریار دەربكرێت بە پێدانی " بروانامەكی پیشەیی" نەك " ئاكادەمی".
9-بڕوانامەی پیشەی ناتوانرێت لە ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵای ھەرێم كاری ئاكادەمی و پەروەردەی بكات.
10-بڕوانامەی پیشەی لە ئیمتیازاتەكانی بروانامە بێ بەش دەبێت ئەگەر لە شوێنێك ھاتە دامەزراندن.
11-گرینگە وزارەت بریارێكی وزاری دەربكات و پێوەرەكانی " بڕوانامەی پیشەی" رونبكاتەوە.
12-لژنەی وزارەت دوای ئەوەی كە پەسەندی كرد بڕوانامەی ئاكادەمی بە قوتابی ناوبراو بدات، داوا لە قوتابی دەكات، كە پێویستە ماستەرنامە یان توێژینەوەی دكتۆراكەی " وەرگێرێتەوە بۆ سەر زمانی كوردی".
13-ئەگەر توێژینەوەكە وەرنەگێرێتەوە بۆ سەر زمانی كوردی، ئەوا بڕوانامەكە یەكسان ناكرێت.
14-رەنگە ھەندێك لە قوتابییانی دانیشتۆی ھەرێم ھەوڵ بدەن بڕوانامەی خۆیان لە " بغداد" وزارەتی خوێندنی باڵای عێراق یەكسان بكەن. ئەمەش لە پێناو ئەوەی كە بە سیستەمی ھەرێمی كوردستان دا تێنەپەرن، بەڵام وزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم دەتوانێت رێگر بێت لەم پرۆسەیە.
بە بۆچوونی من ئەم میكانیزمانە دەبنە ھۆكاری ئەوەی كە قوتابییانی كورد كە بۆ خوێندن ڕۆ لە زانكۆكانی دەرەوە دەكەن، بەخودا بچن و بە ڕاستی ھەوڵ بدەن كە بیخوێنن. بەم شێوەیەش وزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم دەتوانێت " متمانە" بۆ زانكۆ و ناوەندە ئاكادەمییەكانی ھەرێمی كوردستان بگەرێنێتەوە.
ددوەم: پێداچوونەوە بە تاوتوێكردنی ماستەرنامە و دكتۆرا دا
شك لەوە دا نییە كە ھەرێمی كوردستان رێگای باشی بڕیوە لە بواری ئاكادەمی، بەڵام پێویستیمان بە پێكەوە كاركردن و رێكخستنی بابەتەكان ھەیە كە بتوانین ئاستی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان بەرز بكەین. تاوتوێكردنی ماستەر نامە و دكتۆرا یەكێكی دیكەیە لەم بابەتانە كە دەبێت لە " چوارچێوەی كلاسیكی" بێتە دەر. بۆیە لێرە ھەندێك پێشنیار دەخمە بەردەست بە ھیوای ئەوەی كە سودیان لێوەر بگیرێت. لە ماوەی چەند ساڵی رابوردوو شایەتی تاوتوێكردنی چەندین توێژینەوەی ماستەر و دكتۆرا بووم، كە لە ھەندێك حالەتدا دەتوانم بڵێم " خەجاڵەتم". بۆیە، بە پێویست دەزانرێت، كۆتایی بەم كۆلتوورە بھێنرێت، و كۆلتوورێكی ئاكادەمی شوێنی تاوتوێكردنی توێژینەوەكان جێگیر بكرێت. بۆیە، بە بڕوای من هەنگاوەكانی كە لە خوارەوە رێزبەند كراون، دەتوانرێت پرسەكە بەرەو ئاراستەیەكی باشتر ببات. لەو بڕوایەشدام كە وزارەتی خوێندنی باڵا دەتوانێت بە سود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیكەش ئەم پرسە جێگیرتر و تۆكمەتر بكات. بۆیە، لەم پرۆسەیەدا:
1-پێویستی بە دوو لیژنەیە، یەكەم لیژنەی بریاردەری زانكۆ، دووەم، لیژنەی تاوتوێكردنی بڕوانامەكە لە رۆژی تاوتوێكردنی توێژینەوەكە.
2-رێژەی ئەندامانی لیژنەی تاوتوێكردن دەبێت كەم بكرێن بو 3 كەس لە جیاتی ئەوەی كە ئێستا ھەیە وەكۆ 5 کەس و ھەندێك جار دەگاتە 6 كەسیش.
3-ئەركی ئەم لیژنەیە رێكخستنی پرۆسەی تاوتوێكردنی ماستەرنامە و دكتۆرانامەكانی زانكۆیە. كاری كۆكردنی راپوورتی ھەڵسەنگێنەرەكان و راپوورتی لیژنەی تاوتوێكردنی ماستەرنامە و دكتۆرانامەكان دەبێت.
4-لیژنەی بریاردەری زانكۆ (ھەڵسەنگێنەر و بریاردەر) لە ئاستی زانكۆ لە 5 كەس پێكدەھێنرێت كە ئەركی بریاری كۆتایی و تاوتوكردنی دەرئەنجامی بۆچوونی ھەسەنگێنەرانە.
5-لیژنەی بریاردەری زانكۆ 2 لە ئەندامانی دەبێت لە كەسانی ئیداری – ئاكادەمی بن كە سەر بە زانكۆی دایك دەبن. ئەندامانی دیكە دەتوانن لە زانكۆكانی دیكەی ھەرێم ھەڵبژێردرێن.
6-ئەندامانی لیژنەی تاوتوێكردن ( رۆژی تاوتوێكردن) پێك دێت لەم كەسانە
سەرپەرەشتیار
مامۆستایەكی ناوخۆی، زانكۆی دایك
مامۆستایەكی دەرەكی
7-لە رۆژی تاوتوێكردنی ماستەرنامە و دكتۆرانامە، دەرئەنجامی " مناقشە/تاوتوێكردن" بە قوتابی توێژەر ڕاناگەیەندرێت. بەڵکۆ لیژنەكە ڕاپوورتی خۆی پێشكەش/ئاراستەی لیژنەی ھەڵسەنگێنەر و بریاردەری زانكۆ دەکات بۆ بریاری كۆتایی.
8-دوای تەواو بوونی توێژینەوەی دكتۆرا و پەسەندكردنی لە لایەن سەرپەرەشتیاری ماستەرنامە و دكتۆرانامەكە، سەرپەرەشتیار بە فەرمی بەشی زانستی كۆلیژ ئاگادار دەكاتەوە لە كۆتایی ھاتنی پرۆسەی توێژینەوە و ئامادەبوون بۆ تاوتوێكردن .
9- توێژینەوەكە بۆ 4 كەسی پسپۆر دەنێردرێت. ئەم كەسانە ھەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەكە دەكەن بە شێوەیەك كە دەبێت ھەڵسەنگێنەر، ھەڵسەنگاندن بۆ تاك بە تاكی " بەشەكان، فصل"ی توێژینەوەكە بكات.
10-دەبێت ھەڵسەنگێنەر ھەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ھەر بەش و فصلێك لە سەر لاپەرەیەك بنووسێت. كۆی گشتی ھەڵسەنگاندن نابێت لە 3 لاپەرەی A4 تێپەرێت.
11-ھەڵسەنگێنەر راپۆرتی ھەڵسەنگاندنی خۆی بۆ لیژنەی ھەڵسەنگێنەر و بریاردەری زانكۆ دەنێرێت.
12-دوای كۆكردنەوەی ھەموو راپۆرتەكانی ھەلسەنگێنەران و لیژنەی تاوتوێكردنی(مناقشە) توێژینەوەكە، لیژنەی ھەڵسەنگێنەر و بریاردانی زانكۆ، لە رێگای بریارێكی نووسراوەوە، قوتابی توێژەر لە دەرئەنجامەكان ئاگادار دەكاتەوە.
13- پرۆسەی دوای، ھەڵسەنگێنەر بە پێی ھەڵسەنگاندن، كۆنمرەیەك ( دەرەجە) بۆ توێژینەوەكە دیارت دەكات.
تێبینی: ئەم بابەتە بۆ نووسینگەی وەزیری خوێندنی باڵا نێردراوە، بەڵام ھەتا ئێستا وەڵامییان نەبووە.
سوپاس
د. سەردار موسی شەریف- بەشی زانستی سیاسەتی گشتی- زانكۆی دھوك