له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی-دا، قوباد تاڵه‌بانی به‌شی هه‌ره زۆری په‌یامه‌كه‌ی ته‌رخانكردبوو بۆ جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر زه‌روره‌تی به‌ستنی كۆنگه‌ری حیزبه‌كه‌ی. ئه‌م كۆنگره‌یه ساڵانێكه به‌مه‌به‌ست و به‌هۆی كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتیه‌وه دواخراوه، به‌ڵام له‌وانه‌یه ئیتر قورس بێت له‌مه زیاتر دوابخرێت به‌هۆی ئه‌و دۆخه سیاسی و رێكخراوه‌ییه‌ی ئه‌مڕۆ حیزبه‌كه‌ی پیا تێپه‌ڕده‌بێت و ئه‌و قه‌یرانه ناوخۆیی وههرێمایهتیانهی یه‌خه‌ی كوردستانیان گرتووه. زهحهمته بۆ یه‌كێتی بتوانێت وه‌ك حیزبێكی كاریگهرو كارای ناو روداوه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه رۆڵی خۆی بگێڕێت به‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ی ئێستایه‌وه، له كاتێكدا ركابه‌ره‌كانی له هه‌ولێرو به‌غداش هه‌میشه له گۆڕانكاری و به‌هێزبوونی به‌رده‌وامدان و نه‌وه‌ستاون له نوێكردنه‌وه‌ی تیمی سه‌ركردایه‌تی و كادره‌كانیان.
په‌یامه‌كه‌ی تاڵه‌بانی پێداگیریه له‌سه‌ر کۆنگره‌یه‌ك، بۆ نوێبوونەوەو بەھێزکردنەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، له ڕێگای پێداچوونەوە بە ئۆرگانەکانی حیزبه‌كه و سیاسەتەکانی و گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مەبدەئانەی یەکێتی لە پێناویان‌دا دروست بووە، ئه‌مه‌ش به "داڕشتنی سیاسەتێکی ژیرانە کە بتوانێت ئەمڕۆ کوردستان بەرەو کەناری ئارامی ببات." پێ ناچێت كه‌س لاری هه‌بێت له‌م په‌یامه، به‌ڵام زه‌حمه‌ته چوار ئه‌ندامی یه‌كێتی بدۆزیته‌وه‌و بڕوای وابێت كه به‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ی ئێستایه‌وه یه‌كێتی بتوانێت ئه‌م ئامانجانه‌ی بێنێته دی.
بۆ به دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ی، یه‌كێتی پێویستی به خۆڕێكخستنه‌وه‌و چالاككردنی ئۆرگانه‌كانی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به خه‌ڵكی شاره‌زاو خوێنده‌واری ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌كرێت كه له گۆڕانكاریه ئابوری و ئیداری و سیاسیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه تێبگه‌ن. بزانن چۆن به داتا‌و زانیاریه‌وه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و چاودێری كاری به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت و حیزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، بزانن چۆن ده‌نگده‌رانی حیزبه‌كه‌یان راده‌گرن و موخاته‌به‌ی ئه‌و به‌شه‌ی تری خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن كه ده‌نگیان بۆنه‌داوه. ده‌بێت تێبگه‌ن له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مڕۆ حیزبێكی ده‌وێت ئاستی خۆش-بژێوی و سه‌قامگیری و به‌ڕێوه‌بردن له وڵاته‌كه‌یاندا باشتر بكات، نه‌ك حیزبێك هه‌ر خه‌ریكی به‌خشینه‌وه‌ی دروشم و رابردووی شۆڕشگێڕانه‌و ناكۆكی ناوخۆیی بێت. له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانداو له‌م به‌یاننامه‌شدا قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی نیشانداوه كه باش له‌م پێداویستیانه‌ی ئه‌مڕۆی حیزبه‌كه‌ی تێگه‌یشتووه، به‌ڵام هێشتا دیارنیه تا چه‌ند ئه‌م حیزبه به‌ده‌م داخوازیهكانیهوه دێت تا خۆی و خه‌ڵكی كوردستانیش له‌و ته‌نگژه سیاسیانه رزگار بكات كه لاوازی ئادای سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی دروستی كردووه.
ره‌هه‌ندێكی تری پێداویستیه‌كانی یه‌كێتی بۆ كۆنگره‌و گۆڕانكاری جدی له سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یدا رۆڵه هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ئه‌م حیزبه‌یه، چونكه هه‌میشه به‌شدارێكی كارای حكومه‌ته‌كانی هه‌ولێر و به‌غدای دوای ٢٠٠٣ بووه. ئه‌مه‌ش وایكردووه كێشه‌و گرفته ناوخۆیی و ڕێكخراوهییهكانی كاریگه‌ریه‌كی راسته‌وخۆی هه‌بێت له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك و پهیوهندیاكانی هه‌رێمی كوردستانیش له گه‌ڵ حیزبه عێراقیه‌كان، وڵاتانی دراوسێ و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش، به‌ڵام له دوای مام جه‌لال، یه‌كێتی له‌وه كه‌وت بتوانێت ئه‌م رۆڵه دیپلۆماسیه به باشی بگێڕێت و مه‌یدانه‌كه‌ی چۆڵكرد بۆ پارتی. ئه‌وه‌بوو پارتی-ش خه‌ڵكی كوردستان و یه‌كێتی به‌ره‌و رستێك قه‌یران و كاره‌سات برد تا گه‌یاندیه ریفراندۆم و روداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧. ئێستا رونبۆته‌وه كه چۆن پاشه‌كشه‌ی یه‌كێتی و لاوازی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بۆ هه‌موو كوردستان به زیان شكایه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بهێنرێته‌وه سه‌ر سكه‌ی ئاسایی خۆیی و رۆڵ و كاریگه‌ریه‌كه‌ی سه‌رده‌می مام جه‌لالی بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه، سه‌ركردایه‌تیه‌كی تازه‌ی پێویسته. لانی كه‌م ده‌بێت كه‌سانێك سه‌ركردایه‌تی بكه‌ن كه توانا‌و شاره‌زایی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه نێوده‌وڵه‌تی و ههرێمایهتیهكانداشوێنی خۆیان بدۆزنه‌وه. ژماره‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كه ئینگلیزی (وه‌ك زمانی دیپلۆماسیه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه) ده‌زانن له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕناكات، له كاتێكدا سه‌دان ئه‌ندام و كادری شاره‌زاو لێوه‌شاوه‌ی ئه‌م حیزبه یان هیچ رۆڵێكیان پێنه‌دراوه، یاخود له‌شوێن دام و ده‌زگای په‌راوێزیدا خه‌ریك كراون به ناكۆكی نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتیه‌وه، ئه‌مه‌ش له بناغه‌دا شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وه‌ی پاسه‌وانه كۆنه‌كانی یه‌كێتیه نه‌ك خودی حیزبه‌كه.
نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تیه‌كی كارا‌و یه‌كگرتوو بۆ ئه‌مڕۆی یه‌كێتی له‌وانه‌یه وڵاتانی ناوچه‌كه‌و به‌غداش په‌لكێش بكاته ناو هاوكێشه‌كانی كوردستانه‌وه چونكه هه‌مووان سه‌قامگیری ئه‌م ناوچه‌یان مه‌به‌سته‌و هیچ لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دانیه یه‌كێتیه‌كی لاوازئهم به‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان (زۆنی سه‌وز) توشی نائارامی سیاسی و ئه‌منی بكات. ئێرانیه‌كان ده‌ترسن له‌وه‌ی كه بۆشایی یه‌كێتی پارتی دیموكرات پڕی بكاته‌وه‌و توركه‌كانیش ترسیان له گروپ و ڕێخراوه‌كانی نزیك له (PKK) هه‌یه. ئه‌مریكیه‌كان كه له ساڵی ١٩٩١ه‌وه وه‌به‌رهێنانێكی زۆری سیاسیان له هه‌رێمدا كردووه و نایانه‌وێت لاوازی یه‌كێتی هاوسه‌نگی سیاسی كوردستان تێكبدات و هه‌رێمه‌كه توشی ناسه‌قامگیری بكات. روسه‌كان به به‌های ملیاره‌ها دۆلار وه‌به‌رهێنانیان له كێلگه نه‌وتیه‌كانی سلێمانی و گه‌رمیاندا كردووه‌و سه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسیان پێویسته.
له ڕوی نه‌خشه‌و جوگرافیای وزه‌ی جیهانیه‌وه، یه‌كێتی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته ژماره‌یه‌كی قورس. به پێی وته‌یه‌كی ئاشتی هه‌ورامی، هه‌رێمی كوردستان پلانی هه‌بوو ساڵانه ٢٠ ملیار مه‌تر سێجا غازی سروشتی بفرۆشێته توركیا له ساڵی ٢٠٢٠ه‌وه،. نزیكهی٨٠% ی غازی كوردستان له‌سنوری سلێمانی و گه‌رمیاندایه. ئه‌م سامانه سروشتیه هه‌رته‌نها ژماره‌ی سه‌ر كاگهزو پاره‌ی كاش نیه، به‌ڵكو كاریگه‌ری سیاسی و ستراتیجی ئه‌و لایه‌نه‌ش زیاد ده‌كات كه ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و ئه‌منی ناوچه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه. ئه‌مه واده‌كات یه‌كێتی له پێگه‌یه‌كی به‌هێزتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توركیا‌و روسیا بكات (كه رۆزنه‌فت و گازپرۆم و كۆمپانیای وزه‌ی توركی-یان له‌م بواره‌دا وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن)، به‌هه‌مان شێوه له‌به‌رامبه‌ر پارتی و حكومه‌تی عێراق و ئهورپیهكانیش كاریگه‌ری یه‌كێتی زیاتر ده‌بێت چونكه هه‌ریه‌كه‌و به جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه له سه‌قامگیری ناوچه‌كانی ئه‌م غازه سروشتیه.
به‌ڵام ئایا ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی ده‌توانن و ده‌زانن چۆن ئه‌م توانا‌و ده‌رفه‌ته بهكارنههێنراوهی ناوچه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه ستراتیجیه‌كانی كوردستان و به‌هێزكردنی پێگه‌ی حیزبه‌كه‌یان به كاربهێنن؟ زۆر قورسه وه‌ڵامێكی پۆزه‌تیڤی ئه‌م پرسیاره‌ت ده‌ستبكه‌وێت به‌ره‌چاوكردنی پرۆفایلی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئه‌مڕۆ حیزبه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن. چونكه ئه‌مه به كه‌سانێك ده‌كرێت بزانن و بتوانن له زمان و حساباتی ئابوری-سیاسی ئه‌م سه‌رده‌مه تێبگه‌ن. هێزی سه‌ربازی و ئابوری یه‌كێتی به ته‌نها گره‌نتی هیچ ده‌ستكه‌وتێك ناكات ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیه‌كی زیره‌ك و كارا نه‌بێت ئه‌م هێزانه ته‌رجومه بكات بۆ ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه هاوكێشه سیاسیه‌كان رهنگڕێژدهكهن. بۆ نمونه سالانێكی زۆر ده‌وترا نه‌وتی هه‌رێم هه‌ولێر ده‌كاته دوبه‌ی و زلهێزه‌كانی دنیاش ناچارده‌كات كوردستان بپارێزن مادام كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی وه‌ك ئێكسۆن مۆبیل و گازپرۆم هاتونه‌ته گه‌رمیان و قه‌ره‌هه‌نجیر. روداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ نیشانی‌دا كه ئه‌مه ته‌نها وههم بوو. كه‌س فریای كوردستان نه‌كه‌وت و به‌به‌رچاوی ئهمریكاو روسیاوه حه‌شدی شه‌عبی تا لێواره‌كانی هه‌ولێر هات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركردایه‌تیه‌كی خراپ و بڕیارێكی سیاسی هه‌ڵه‌ی هه‌بوو.
روداوه‌كانی ساڵانی رابردوو نیشانیاندا كه لاوازبوونی یه‌كێتی كێشه‌و نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروستكرد. ئه‌و نائارامیه سیاسیه‌ی له ١٠ ساڵی رابردوودا ناوچه‌كانی زۆنی سه‌وزی گرته‌وه ئێستا كاریگه‌ریه‌كانی له بازاڕ‌و ئابوری ئه‌م ناچه‌یه‌دا ده‌ركه‌وتووه. بۆنمونه كرێی داخلی ته‌كسیه‌ك به ده‌گمه‌ن له ٥ هه‌زار دینار كه‌متره له هه‌ولێر، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن له ٣ هه‌زار دینار زیاتره له سلێمانی، ئه‌م ههرزانیهی سلێمانی (ئه‌گه‌رچی له رویه‌كه‌وه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكانی كهمدرامهته) به‌ڵام ده‌ره‌نجامێكی راسته‌وخۆی بێكاری و بێ پاره‌ییه له‌م شاره‌دا، به‌شێكی زۆری ئه‌م بێ پارهییهش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ناسه‌قامگیریه سیاسیه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كانی له‌م شاره تۆراندووه و ناهێڵێت وه‌به‌رهێنانی بیانی روی تێبكات. ئێستا دیاره كه‌چۆن كێشه‌و لاوازیه‌كانی یه‌كێتی راسته‌وخۆ كار له ژیانی خه‌ڵك ده‌كات. هه‌ربۆیه له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كدایه یه‌كێتیه‌كی به‌هێز به سه‌ركردایه‌تیه‌كی كارا‌و نوێوه بێته‌وه مه‌یدان. ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه بێ ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆنگره‌ی قوباد تاڵه‌بانی و زۆربه‌ی كادره گه‌نجه‌كانی یه‌كێتی داوای ده‌كه‌ن.
یه‌كێتی ناتوانێت له‌م دۆخه سیاسیه تازه‌ی عێراق و كوردستاندا بژی و گه‌شه بكات ئه‌گه‌ر خوێن و وزه‌یه‌كی نوێ نه‌داته‌وه به‌و ئۆرگانانه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به كۆنگره‌یه‌ك ده‌كرێت كه نوێبونه‌وه‌و خۆڕێكخستنه‌وه‌ی بۆ زامن بكات، وه‌ك له په‌یامه‌كه‌ی تاڵه‌بانی-دا هاتووه، “کۆنگرە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مەبدەئانەی یەکێتی لە پێناویان‌دا دروست بووە."