كورد له‌نێو بۆته‌ی ڕه‌گه‌زی فارس‌دا
شوان ئه‌حمه‌د باپیر
2019-05-21   1089
وڵاتی ئێران چه‌ندین پێكهاته‌ی جیاوازی له‌خۆگرتووه، له‌وانه‌ش نه‌ته‌وه‌ی "فارس، كورد، تورك (ئازه‌ر، توركمان) عه‌ره‌ب، ئه‌رمه‌ن، بلوچ، یه‌هود" كه له‌قۆناغه جیاوازه‌كانی مێژوویدا هه‌ندێك له‌مانه شوێنپێیه‌كیان له‌م وڵاته‌دا هه‌بووه، سه‌باره‌ت به‌ڕه‌گه‌زی كورد، سێ هێرشی گه‌وره وه‌زعی دانیشتوانی كوردستان‌و ئاسیای نزیكیان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر شپڕزهكرد(هاتنی توركه سه‌لجوقییه‌كان 1051، مه‌غۆل 1231، ته‌یمورله‌نگ 1402)كورده‌كان ڕووبه‌ڕووی زۆر ئاڵهنگاریو گیروگرفتی ئابووریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره بوونه‌وه، كه كاریگه‌رییه‌كان دور مه‌ودا بو، له‌و كاته‌ی شا ئیسماعیلی سه‌وفی "1501- 1524" خۆی كرد بهشایی ئێران، ئایینزای شیعه‌ی به فه‌رمی بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی ڕاگه‌یاند (مه‌زهه‌بی شیعه‌یان وه‌ك ئامرازێكی سیاسی بۆ دابینكردنی یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌ی ئێران به‌كارهێنا)، هه‌روه‌ها زۆر توند‌و تیژ بو بۆ چه‌سپاندنی ئه‌م ئایینزایه، به‌دژی مه‌زهه‌بی سوننه. له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌واوی ئێران و كوردستان و باشوری كوردستانی ئه‌مڕۆشدا سه‌پاند.
ئیمپڕاتۆریای سه‌فه‌وی ئێرانی ڕه‌وایه‌تی ئاینی خۆی له ئاینی ئیسلامه‌وه وه‌رگرت، به‌ڵام ناوه‌رۆكێكی مه‌زهه‌بی هه‌بوو، له‌سه‌ر بنه‌مایی شیعه‌ی 12 ئیمام دامه‌زرێندرابوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له ناوه‌ندی ڕه‌سمی ئیسلام، خه‌لافه‌تی ئیسلامی سوننه مه‌زهه‌بی عوسمانی داببڕن، سه‌ركه‌وتووش بوون.كورد به هۆی مه‌زهه‌بی شیعه‌ی سه‌فه‌وییه‌كانه‌وه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی تووش هات، چونكه كورد موسڵمانی سوننی بوون، هه‌ر له‌شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه" 1514"به‌هۆی پاڵپشتی كورده‌كان به‌شێكی كوردستان كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان.
سه‌فه‌وییه‌كان له‌پاڵ كوشتاری به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستاندا له‌لایه‌كی تره‌وه كه‌وتنه ڕاگوێزانی هه‌زاران خێزانی كورد بۆ خوڕاسان،" 8هه‌زارله توركه ئهفشارییهكانیان" به زه‌بری شه‌ڕو كوشتار له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێكرد. به‌م كاره‌ی ده‌وڵه‌تیش عه‌جه‌مه‌كانی كرده پۆلیس له‌سه‌ر كورد و دیمۆگرافییای نیشته‌جێی كوردی‌یان گۆڕی. له‌سه‌رده‌می شا "عه‌باسی سه‌فه‌وی1588- 1629" به‌هۆی دوژمنایه‌تی سیاسی – مه‌زهه‌بی نێوان سه‌فه‌وییه‌كان و عوسمانییه‌كانه‌وه، زۆر ناوچه‌ی كوردستان، ئازه‌ربایجان، ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق وێران بوون.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌ماوه‌ی نێوان" 1752- 1795" بنه‌ماڵه‌ی پادشایه‌تی گه‌وره‌ی كورد به سه‌رۆكایه‌تی كه‌ریم خانی زه‌ند له ئێران دامه‌زرا، كه به‌وته‌ی د. عه‌بدولره‌حمان قاسملوو "جوانترین فه‌سڵی مێژوویی گه‌لی كوردبوو له‌و ده‌مدا".
سه‌باره‌ت به‌سه‌رده‌می قاجارییه‌كان له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا"1796- 1925" كاربه‌ده‌ستانی ئێرانی و عوسمانی به هۆی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند به‌سه‌ر كوردستاندا، زوڵم وسته‌می زۆرتریان هێنا بۆ كورد، كه بووه هۆی كۆسپێكی گه‌وره‌ی سه‌ر ڕێگه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی ئابووریی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی‌و فه‌رهه‌نگیی خه‌ڵكی كوردستان، جوڵانه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری( 1880- 1881) سه‌ركه‌وتوونه‌بوو له‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان له‌ژێر هه‌ژمونی قاجارییه‌كان بهێنێته ده‌ره‌وه، به‌هۆی خه‌سڵه‌تی عه‌شیره‌تی و تاكگه‌رایی كه به‌سه‌ریدا زاڵ بو.
دۆخی ڕه‌گه‌زی كورد له‌سه‌رده‌می په‌هله‌وییه‌كان"1926- 1979" به‌دیاریكراوی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاشادا، به‌توندی هه‌وڵدرا بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌ر تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و تواندنه‌وه‌ی له‌بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێران‌دا، له‌وانه‌ش" لهناوبردنو تواندنه‌وه‌ی زمانی كوردی و قه‌ده‌غه‌كردنی له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیاندا، قوتابخانه‌و چاپخانه‌كانی غه‌یره فارسی داخران، دیمۆگرافییای زۆر ناوچه‌ی گۆڕی، ناوی كرماشانی له لوڕستان و ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجان له جیاتی كوردستان گۆری، ورمێی گۆڕی بۆ ڕه‌زاییه".ده‌وڵه‌تی ڕه‌زاخان و كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی یه‌كبوونی خاكی ئێران و هه‌ویه‌یی میللی ئێرانه‌وه هه‌ریه‌كه له ڕاپه‌ڕینی سمكۆی شكاك 1920-- 1930و "كۆماری كوردستانی له‌مهاباد ساڵی 1946"دا تێك‌شكاند و ڕێگه‌ی گه‌شه‌كردنی نه‌ته‌وه‌یی له‌كورد به‌ست.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر ساحه‌كه ده‌گوزه‌رێت، كه(ئێران) نیمچه ئیمپڕاتۆریایه‌كی مه‌زهه‌بییه، هه‌مان ڕێبازی مێژوویی ئێران دژ به گه‌لی كورد درێژه پێده‌دات، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه سه‌باره‌ت به پارت و هێزه كوردییه‌كانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان، تا چه‌ند تێكۆشاون و كاریانكردووه بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی به‌دینه‌هاتووی" پێشه‌وا قازی موحه‌مه‌د و دكتۆر عه‌بدوره‌حمان قاسملۆ"، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه به شێوه‌یه‌كی گشتی زۆربه‌ی حزبه سیاسییه كورده‌كان له‌م پارچه‌یی كوردستاندا نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر بنه‌مای ئاگایی و ئه‌زموونی داینامیكی نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م چاڵاكییه سیاسییه‌كانی خۆیان ڕێكبخه‌ن، وه‌ك نه‌ریتێكی وه‌ستاو چه‌ق به‌ستوو سه‌یری سیاسه‌ته‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك ڕێگایه‌كی داینامیكی گه‌یشتن به ئاواتهكانییان.
ژێده‌ره‌كان:
د.عه‌بدولره‌حمان قاسملوو، كوردستان و كور، وه‌رگێرانی عبدوڵا حسن زاده، چاپی نوێ، سوێد، 2004.
د.عه‌زیز شه‌مزینی، جوڵانه‌وه‌ی رزگاریی نیشتیمانیی كوردستان،چ4، وه‌رگێڕانی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی كوردستان، سلێمانی، 2004.
د.جعفر علی، ناسیۆنالیزم وناسیۆنالیزمی كوردی،چ2، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2013.
د. ڕه‌فیق سابیر، ئیمپراتۆریای لم، چاپ،3، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس، سلێمانی، 2014.
عهبدوڵلاَ ئۆج ئالان و مه‌سه‌له‌ی كورد له خۆرهه‌ڵاتی ناوین، د. عهبدوللاَی ئاوریشمی، وه‌رگێڕانی، سیدۆ داود عه‌لی، خانه‌ی چاپ و په‌خشی ڕێنما، سلێمانی، 2015.
د. ئیبراهیم خلیل ئه‌حمه‌د و د. خه‌لیل عه‌لی مراد، مێژووی ئێران و توركیا، وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه، به‌هادین جه‌لال مسته‌فا، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2011.