١٩/٥ ھەمومان لەلای ئەبین و پێی
دەڵێین کە لەپێناو مانەوەی فکر و بەرنامەکەی تۆ سور ئەبین لەسەر بە مەنزڵ
گەیاندنی کاروانەکەت بە ڕێگایەکی تر بێت یان بە ڕاستکردنەوەی ئەم ھەڵانەی
خوارەوە لە گۆڕانی ئێستادا.
ئەو ھەڵانەی گۆڕانیان لاواز کرد
لە سەرەتای نەخۆشکەوتنی کاک نەوشیروان ئیتر پێشبینی ڕوداوەکان نەکرا و
نەتواندرا پیلانی نەیاران پوچەڵ بکرێتەوە تا گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان
دەرکرا، دوای ئەوەش بە ھەمو پێوەرێک ئەبو ناڕەزای و خۆپیشاندانەکان چڕتر
بکرێنەوە تا ئەو ڕادەیەی بەلای کەمەوە پارتی لە سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و
ڕاپەڕین تەنگەتاو بکرایە و ئەو کودەتا عەسکەریەی بۆ نەچوایەتە سەر، بەڵام
وەک ئاو بە ئاگردا بکرێت و وەک ئەوەی پارتی کلیلی کێشەکانی دۆزیبێتەوە ھیچ
جموجوڵێک نەما، ئەبو بەزویی لە حکومەت بکشێینەوە و ئەوە خواستی زۆرینەی
جڤات و ئۆرگانەکانی گۆڕانیش بو، بەڵام ڕێگا نەدرا جڤات ئەو بڕیارە بدات،
ئەمەش زیانی جەماوەری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا و ھیچ دەرسێکیشی لێ
وەرنەگیرا.
ھەوڵی زۆر درا تا گۆڕان بڕیاری بایکۆتی ڕیفراندۆم بدات و
زۆرینەی جڤاتیش تا درەنگانی شەو ھەوڵی بریاردانی بایکۆتیاندا، بەڵام
ڕێگریان لێکرا و بەناچاری بڕیاری ئیزندانی خەڵک درا، ڕۆژی دەنگدانیش
ڕێکخەری گشتی و چەند ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندن بە بەڵێ دەنگیاندا، ئەمەش
زیانێکی گەورەی لە گۆڕاندا و دەرسی لێ وەرنەگیرا.
لەلایەن میدیای
گۆڕان و ھەندێ ھەڵسوڕاوی بەناو ڕۆشنبیر سوکایەتی زۆر بە زۆربەی چین و
توێژەکان، لەقەب و دابونەریتەکانی کۆمەڵگای کوردی کرا و تەنانەت ناوچە
گەریشیان پێوە دیار بو، بە ڕادەیە پۆپۆلیست بون و خۆیان لە خەڵک جیا
ئەکردەوە جێگای سەرسوڕمان بو کە نیو ملیون خەلک پشتیوانیان لە گۆڕان دەکرد.
لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ١٢/٥ پەرلەمانی عێراقدا بۆگەنی بەڕێوەبردن و
ئیدارەدانی ناوخۆی گۆڕان کاسی کردین، بەجۆرێک کە من بۆ ئەوەی بە میزاجی
شەخس مامەڵەی دارایی بانگەشەکەم لەگەڵ نەکرێت و نەکەومە ژێر ڕکێفی ئەو
عەقڵێتە مناڵ بازاڕیەوە، ئەرکی دارایی ھەمو بانگەشەی قەزای چەمچەماڵم لە
ئەستۆی خۆم گرت و نەچومە گردەکە، لەکاتێکا ئێمە ئیدعای بە دامەزراوەیی
کردنی حکومەتی ھەرێممان دەکرد، بەڵام ژوری کارگێری و دارایی خۆمان وەلا
نرابو و بە عەلاگە و بە میزاجی شەخس پارە ئەدرا و ئەدرێ بە میدیاکار و ژور و
ئۆرگانەکانی گۆڕان، خەڵک لە گۆڕان دەرکراوە بەبێ ئاگاداری ژوری یاسایی،
چەندین بڕیاری سیاسی دراوە بەبێ ئاگاداری ژوری سیاسی، میدیای گۆڕان بایکۆتی
چەندین سەرکردەی گۆڕانی کردبو، باجەکەشی ئەو لێکترازانەی ئێستای گۆڕانە و
بەخۆدا چونەوەش ناکرێت.
لە ١٢/٥ ھەڵبژاردنی عێراق بەھۆی تەزویرەوە
نیوە زیاتری دەنگەکانی گۆڕان لەدەست چون، زۆر ھاوارمان کرد کە لە
ھەڵبژاردنی کوردستانیش ھەمان شت دوبارە ئەبێتەوە و دەسەڵاتی ڕێگریشمان
نابێت، وتمان با بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەین و ئەم ٤ ساڵە لە دەرەوەی پرۆسەی
سیاسی بین، بەم کارەیشمان ھەم شەرعێت بەو ھەڵبژاردنە پڕ لە ساختەکاریە
نادەین، ھەم متمانەی جەماوەری خۆمان لەدەست نادەین و ھەمیش لە ماوەی ئەم ٤
ساڵەدا دەستکراوەتر و بە ھێز تر ئەبین، وتیان گورگ ئەمانخوات.
وتارە دژ بە یەکەکانی ئێستای گۆڕان
دوێنێ ئەمانوت ئەوە ئێمەین توانیومانە گۆمی سیاسی کوردستان بشەڵەقێنین و
بچوکترین سازشمان نەکردوە لە داواکاریەکانمان و مافی خەڵک، ئەمڕۆ ئەڵێین
ئێمە سازش دەکەین و لە ھەندێک داواکاری ئەبورین لەپێناو بەدست ھێنانی مافی
خەڵک و دروست نەبونی ئاژاوە و بشێوی، ئەمە چی سەر لێشێوانێکە؟ (سازشمان
نەکردوە لەپێناو مافی خەڵک، سازش ئەکەین لەپێناو مافی خەڵک).
ئەوترێ
ئێمە بایکۆت چیەکانمان پێویست نیە و بای ئەوە نین گوێیان لێ بگرین، چونکە
بەھۆی بانگەوازی ئەوانەوە نیوەی خەڵک نەھاتن بۆ دەنگدان و نیوەی
کورسیەکانمان لەدەستدا.
(بایکۆتچیمان پێویست نیە و بای ئەوە نین، بەڵام بایکۆتچیەکان سەنگی نیوەی کورسیەکانیان ھەیە)
ھەزار وتار و لێدوانمان ھەیە کە ئەڵێین گۆڕان بەرھەمی ھەوڵ و قوربانیدانی
نیو ملیون گۆڕانخوازە و بە خۆبەشی و پارەی گیرفانی ئەوان گۆڕان بینا کراوە،
بەڵام ئێستا ئەڵێین گۆڕان حەقی شەرعی و یاسایی خێزانێکە و میراتی باوکیانە
بۆیان جێماوە.
ئەگەر سەرکردایەتی ئێستای گۆڕان ڕاست دەکەن و دزی لە
داھاتی گۆڕان ناکەن و بڕیارەکانی گۆڕان بۆ بەرژەوەندی گروپێک دەرناچوێنن؟
ھەر ھیچ نەبێت ئەم دو خاڵەی خوارەوە جێ بە جێ بکەن.
یەکەم: ھەر
کەسێک ڕێکخەری ژوری کارگێڕی و دارایی بو بە وەکالەتێک ڕێگای پێ بدرێ
ئاگاداری ھەمو داھاتی گۆڕان بێت لە کۆمپانیای وشە و گاسن و چەند پشکێکی تر،
لە سەدا دەی داھاتی ئەو کۆمپانیا و پشکانە بۆ ھەڵسوڕێنەرانی کارەکان بێت و
لە سەدا نەوەتی بگوێزرێتەوە بۆ ژوری کارگێڕی و دارایی و بە پێی بەرنامەی
گۆڕان و بە ڕاپۆرتی مانگانە سەرف بکرێت.
دوەم: بڕیار بدرێت کە جڤاتی
نیشتیمانی بە پێی کات و بارودۆخ و ڕوداوەکان خۆی ئەجێندای کۆبونەوەکانی
دیاری بکات و ھەر بڕیارێکی بە زۆرینە دەرکرد ڕێگری لێ نەکرێت و وەکو خۆی جێ
بە جێ بکرێت.