دوای كلاسیك، گه‌ڕان به‌دوای مۆدێلێكی تر له‌دیموكراسی
قارەمان مەمەند
2019-05-10   764
وه‌ك ئاشكرایه ته‌نها به‌هه‌بونی رێكخستنی حیزبی سیاسی‌و هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌و بێگه‌رد، دیموكراسییه‌ت به‌دی نایه‌ت، به‌ڵكو كلیلی وه‌دیهێنانی دیموكراسیه‌ت، بریتییه له‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه دیموكراسییه‌ی كه ئه‌و ڕێوشوێن‌و دامه‌زراوانه بگرێته خۆی كه دروستكردنی بڕیاره‌كانی حكومه‌ت به‌شێوه‌ی پڕۆگرامی ڕۆژانه دیاریبكات.
فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كی دیموكراسیانه‌ی دروست پێویستی به‌و میكانیزمه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه هاونیشتمانیان به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو بتوانن به‌شداری تێدابكه‌ن له دروستكردنی بڕیاردا. هه‌روه‌ها فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كی دیموكراسیانه‌ی دروست پێویستی به دامهزراوهنهیه كه لێپرسینه‌وه وبه‌رپرسیارێتی تێدابێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات سهرنهكێشێتهوه. ئه‌و حكوماتانهی خاوه‌ن جۆرێك له‌و دامه‌زراوه‌ن، كه له ژێر لێپرسینه‌وه و بهرپرسیارێتیدان، زۆرترین توانایان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پیاده‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كی دیموكراسی بكه‌ن و له هه‌مانكاتدا پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ست ده‌هێنن. به‌ڵام ئه‌م حكومه‌تانه‌ی كه خاوه‌ن دامه‌زراوه‌كانی له ژێر لێپرسینه‌وه و بهرپرسیارێتیدانین، شه‌رعیه‌ت ده‌دۆڕێنن و توانایان بچووك ده‌بێته‌وه و كۆمه‌ڵێك گرفتی زۆریان بۆ دروست ده‌بێت.
گوێ نه‌دان به فهرمانڕهوایێتی دیموكراسیانه‌ی دروست كه‌موكورتی ده‌خوڵقێنێ و كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته تاكه‌كه‌سی و ناوچه‌یی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به جێده‌هێڵێت. نه‌بوونی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كی دیموكراسیانه‌ی دروست بۆته مایه‌ی تێك‌شكان و هه‌ره‌سی زۆر وڵات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه بڕێكی زۆر له هاوكاری داراییان پێگه‌یشتووه وه‌ك یارمه‌تی ده‌ره‌كی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا.
پڕۆسه‌ی دیموكراسی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای له‌دایك بوونیهوهو تا ئێستاش سیستێمێكی ئاڵۆز‌و پڕ كێشه‌یه، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به حیزبه سیاسیه‌كان له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ ده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رنامه سیاسیه ئاشكرا و گشتگیر و داماڵدراوانه له‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی. له كاتێكدا كه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای پێشنیار و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی ڕوون و ئاشكرا بووببێت، به‌ڵام هه‌ر ڕۆژی یه‌كه‌می دوای هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان، سیاسه‌تكاران ته‌نێ مه‌رامی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی نهێنی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی بۆ بژارده‌ی سیاسی و ئابووری خۆیان پیاده‌ده‌كه‌ن، واته ئه‌و به‌رنامه‌ی كارانه‌ی كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی به‌ڵێنه‌كانی پێشووی هه‌ڵبژاردن و پێداویستی و ئاره‌زووه ڕاسته‌قینه‌كانی خه‌ڵكه. بۆ نموونه له به‌ریتانیا به ملیۆنه‌ها خه‌ڵك ڕژانه سه‌ر شه‌قام بۆ دژایه‌تیكردنی جه‌نگی عێراق به‌ڵام به‌ره‌نجامی ئه‌وه ڕێگای له هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گرت. نموونه‌یه‌كی تر بریتیه له ده‌ستوری یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌كاتێكدا كه هاونیشتمانیان ڕاوسه‌رنج و بیروبۆچونیان وه‌رنه‌گیرابوو، وه‌ك له یۆنان‌دا-یاخود بیروڕایان وه‌رگیراو و ده‌نگیان له دژی داوه، وه‌ك فه‌ره‌نسا و هوڵندا، له‌هه‌ردوو باردا بیڕوڕای خه‌ڵك پشتگوێ خراوه و گوێی پێنه‌دراوه و ڕێزی لێنه‌گیراوه، له لایه‌ن ده‌سته‌بژێری سیاسیه‌وه ده‌ستوری ئه‌وروپی په‌سه‌ندكراوه له پشت ده‌رگای ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌وروپیه‌وه (Euro Treaty). ئه‌مه به‌مانای ئه‌وه دێت كه‌ده‌ره‌نجامی پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسی، وه‌ك ڕیفراندۆم، ڕێزی لێناگیرێت له لایه‌ن ده‌سته‌بژێری سیاسیه‌وه كاتێك كه پێچه‌وانه ده‌بێت له‌گه‌ڵ بڕیاره پێشوهختهكانیان.
ئه‌مڕۆكه له جیهاندا قه‌یرانی چه‌ند لایه‌نه هه‌یه، له بواری سیاسی ساردی و گوێپێنه‌دان به مه‌سه‌له سیاسیه‌كان هه‌یه، حزبه قه‌به و باڵاده‌سته‌كان هه‌ره‌سیان هێناوه، له‌و شوێنانه‌ی كه ده‌نگدان به زۆره‌ملی نییه ڕێژه‌ی ده‌نگ نه‌دان و به‌شداری نه‌كردن له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن زیادیكردووه. له بواری ئابووری به شێوه‌یه‌كی خێرا سامان و پاره‌ی زیاتر له ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌ك كۆده‌بێته‌وه و خه‌ڵكێكی زۆریش زیاتر له ناو هه‌ژاریدا ڕۆده‌چن، ئه‌م دیارده‌یه له وڵاته هه‌ژاره‌كان بۆته مایه‌ی شۆرش دژی هه‌ژاری و نه‌داری ، له وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه به‌مایه‌ی قه‌یرانی ئابووری. له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا لادان و خوپێوهگرتی مادده هۆشبه‌ركان زیادیكردووه، كه‌س نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ریان بۆ دابنێت جگه له زیادكردن و فراوانكردنی به‌ندیخانه‌كان. له‌ڕووی كه‌لتووری و فه‌رهه‌نگیه‌وه دژیه‌كیه‌ك و ئاڵۆزبونێكی زۆر هه‌یه. له ڕووی ژینگه‌ییه‌وه وێرانكارییه‌كی بێ وێنه و كۆنتڕۆڵ نه‌كراو هه‌یه، دیارده‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رماو قه‌تیسبونی گه‌رمای گۆی زه‌وی له زیادبوندایه و هه‌ندێك پێشهاتی چاوه‌ڕوانه‌كراو هه‌یه.
وه‌ك ڕوون و ئاشكرایه كه كێشه گه‌لێكی زۆر و گرنگ هه‌ن، به ته‌نها به‌رهه‌می دامه‌زراوه‌كان نین ، ئه‌مڕۆ دیموكراسیه‌تی نوێنه‌رایه‌تیش له هه‌موو ڕۆژگارێك زیاتر بووه به مایه‌ی چڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی گروپێكی كه‌م له خه‌ڵك، به‌مانایه‌كی تر له‌ئه‌مڕۆدا بووه به مایه‌ی قه‌یران، بۆیه ئه‌وه‌ی پێویسته به دیهێنانی سیستێمێكه كه ده‌سته‌به‌ری یه‌كسانی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان سه‌رجه‌م هاونیشتمانییاندا بكا .
دیموكراسیه‌تی سه‌راپاگیری، تێگه‌یشتنێكی تازه‌یه له دیموكراسیه‌تدا. دیموكراسیه‌تی سه‌راپاگیری، فۆرمێكی نوێیه له دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، دووباره كۆمه‌ڵگا ئاوێتهدهكاتهوه له‌گه‌ڵ بازاڕ و سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایی و سروشت. چه‌مكی دیموكراسیه‌تی سه‌راپاگیری، له دوو ترادسیۆنی میژوویی گه‌وره‌وه هاتووه، كه دیموكراسیه‌تی كلاسیكی و سۆشیالیستین، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ش هه‌ریه‌ك له ڕادیكاڵه فیمینیزم و سه‌وزه‌كان و بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازهكان ده‌گرێته خۆی .
له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ، یه‌كێ له خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تیه‌كانی پۆست‌مۆدێرن به‌سه‌رچوونی حیكایه‌ته گه‌وره‌كانه، وه‌ك ئاین، ماركسیزم و ناشناڵیزم، ئه‌وه به‌مانای مه‌رگی ئایدۆلۆژیاكان نایه‌ت، به‌ڵكو مه‌رگی سه‌رتاپاگیر و ئه‌و خه‌ونه‌یه كه گوایه ده‌توانرێت ژیان ته‌نها له دیدێكهوه ڕێكبخرێت. له زۆر بارودۆخی ئه‌مڕۆدا ده‌بینرێت كه‌سێكی ئاینداری موسڵمان، كه‌سێكی كریسچیان(فه‌له)، كه‌سێكی چه‌پ، كه‌سێكی ئه‌ناركیست، هه‌موو پێكه‌وه بهتهنیشتیهكهوه ده‌ڕۆن و یه‌ك دروشم ده‌ڵێنه‌وه، بۆ نمونه( دروشمی دژ به شه‌ڕ). مرۆڤ پێی سه‌یره چی ئه‌م هه‌موو دژانه كۆده‌كاته‌وه، به‌ڵام بیركردنه‌وه پرسیاركردن به‌م شێوه‌یه، له‌سه‌رده‌می پۆستمۆدێرندا، هه‌ڵه‌یه. په‌راوێزبوون له‌سه‌رده‌می پۆستمۆدێرندا، له‌زۆر جاردا ڕۆڵی چه‌ق ده‌بینێت. له پۆستمۆدێرندا په‌راوێز ده‌رفه‌تی هه‌یه بێته زمان، قسه‌بكات و قسه‌ی له‌سه‌ربكرێت. ئیتر ئه‌م په‌راوێزه شێته، ئافره‌ته، كه‌مینه‌یه، بیانییه، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه ئه‌ندامی حیزبه‌كان نین، دیاره په‌راوێز مه‌رج نییه كهمینهبێت. ده‌كرێ زۆر به ئاسانی، له دۆخی ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌بژێردا، زۆرینه‌ی خه‌ڵك په‌راوێزن .
به‌جۆرێك، جیهان له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌زاره‌ی نوێ‌دا، ڕووبه‌ڕوی چه‌ندین قه‌یرانی فره ڕه‌هه‌ند بۆته‌وه ( ئابووری و ژینگه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی). هه‌روه‌ها له ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی ڕابردوو ده‌ره‌نجامی دیموكراسیه‌تی نوێنه‌رایه‌تی و ئابووری بازاڕ، بووه به‌مایه‌ی چڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی چه‌ند بژارده‌ی جیاواز (various elites). به‌و مانایه، دیموكراسیه‌تی سه‌راپاگیری، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا ده‌گرێته خۆی، ئائه‌مه به‌مانای یۆتۆپیا نایه‌ت( مانا خراپه‌كه‌ی ئه‌م ووشه‌یه)، به‌ڵكو ئه‌وه تاكه ڕێگای ده‌رچوونه له‌م قه‌یرانه‌ی ئێستادا.
لهدماهی، لهپرسوباسێكی له‌گه‌ڵ بی.بی.سی پڕۆفیسۆر فرانسیس فۆكۆیاما ده‌ڵێت:"به ڕوانگه‌ی من به‌های دیموكراسی له‌وه‌دایه جۆره كارامهییهك له حكومه‌ته كه بواری ئه‌وه ده‌داته خه‌ڵكی ئه‌گه‌ربێت و ڕكابه‌ره‌كانیان هه‌ڵه بكه‌ن یا گه‌نده‌ڵ بن یا كارگه‌لێك پێچه‌وانه‌ی خواستی خه‌ڵكی ئه‌نجام بده‌ن، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و من وه‌ها بیرناكه‌مه‌وه كه دیموكراسی به‌هایه‌كی ڕۆژئاوایی بێ، به‌ڵگو ڕێگایه‌كی شیاوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو كۆمه‌ڵگه" .
قارەمان مەمەند
دکتۆرا لەسیستێمی یاسای نێودەوڵەتی‌و ماستەر سیستێمی یاسایی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا