تەکنیکێک بۆ ناسینەوەی نوسەرانی سەر بە دەزگای پاراستن یان زانیاری!

شه‌ریف عەلی
  2025-02-09     4224

دەمێکە یەکێتیی پارەو پۆست لە سنورەکەی دەڕژێنێت بەسەر ئەو نوسەروڕۆژنامەنوسە [بەناو!] سەربەخۆیانەی کە دژی پارتیی دەنوسن.

 

زەمەنێکیشە پارتیی پارەو پۆست لە سنورەکەی دەبارێنێت بەسەر ئەو نوسەروڕۆژنامەنوسە [بەناو!] سەربەخۆیانەی کە دژی یەکێتیی دەنوسن.

 

کەوابو، چ سەرشۆڕییەکە خۆت بە [بە ناو] سەربەخۆ بناسێنیی و، لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی دا بیت و، دژی پارتیی بنوسیت: چونکە یەکێتیی دەشتپارێزێ و، پارەشت پێ دەداو، پۆستیشت دەداتێ.

 

چ شەرمەزارییەکیشە خۆت بە [بەناو] سەربەخۆ بناسێنیی و لە ژێر دەسەڵاتی پارتیی دا بیت و، دژی یەکێتیی بنوسیت: چونکە پارتیی دەشتپارێزێ و، پارەشت پێ دەداو، پۆستیشت دەداتێ.

 

هەر نوسەر و ڕۆژنامەنوسێ یەکێتیی لە ڕیزی چەتەگەریی پارتیی دەربێنێ؛ ئەوە سەر بە دەزگای زانیارییە. چونکە یەکێتیی تەنیا هێندە لە زۆنەکەی ئازادی دەدا کە ڕەخنە لە پارتیی بگیردرێ. ئادەی لە تەواوی زانکۆکانی یەکێتیی با دکتۆرایەک لەسەر زنجیرە خیانەتی نەتەوەیی ١٩٦٥ تا ١٩٧٠ نوسرابێت، کە باڵی مەکتەب سیاسیی دەیانجار سوپای داگیرکەری عەرەبیان هێناوەتەسەر شاروگوندەکانی کوردستان. بگرە لە زانکۆکانی یەکێتیی ئەو زنجیرە خیانەتە نەتەوەییە کراوەتە پێشکەوتنخوازیی و نیشتیمانپەروەریی.

 

هەر نوسەر و ڕۆژنامەنوسێ پارتیی لە ڕیزی چەتەگەریی یەکێتیی دەربێنێ؛ ئەوە سەر بە دەزگای پاراستنە. چونکە پارتیی لە زۆنەکەی هێندە ئازادی دەدا کە ڕەخنە لە یەکێتیی بگیردرێ. ئادەی لە تەواوی زانکۆکانی پارتیی با دکتۆرایەک نوسرابێت لەسەر زنجیرە خیانەتی هێنانی سوپای داگیرکەر لەلایەن پارتییەوە. بگرە خیانەتی پارتیی لە زانکۆکانی پارتیی بە نەتەوەپەروەریی لە قەڵەم دراوە.

 

لە هەر ناڕەزایەتییەک دا، فڵان یان فیسار کەسی ناسراوی دژە پارتی لەوێ بن؛ دەزگای زانیاری لەوێیە!

 

دژایەتیی ئەمانە بۆ پارتیی، پەیوەندی بە شەڕی جەلالیی و مەلاییەوە هەیەو، هیچ پەیوەندی بە [ئامانج]ی پیرۆزی نەتەوەی مەزنی کوردەوە نییە کە ڕوخاندنی دەسەڵاتیی ستەمکار قەبیلەیی؛ جەلالیی و مەلاییە!

 

بۆ نمونە عەلی کەریمی خوشکەزای ئەوڕەحمانی زەبیحیی جەلالی. ئەوڕەحمانی زەبیحیی دژی قازی محەمەد بو. چونکە زۆرینەی جەماوەری شارۆچکەی مهاباد پشتیوانی قازی بون. دواتر ئەم ڕقە کۆنە هەر مایەوە. واتە: عەلی کەریمییەکان لە شەستوشەشەوە کۆنە دوژمنایەتیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیی هەیە و ئەیانەوێ ناڕەزاییەکان بۆ بەرژەوەندی جەلالییەکان بەکاربێنن. 

 

بەڵام میللەتی ئێمە [هەق و حساب]ی لەگەڵ هەردو بنەماڵەی ستەمکار قەبیلەیی؛ پارتیی و یەکێتیی هەیە، نەک کۆنە قین و دوژمنایەتیی!

 

 واتە: میللەتی ئێمە هوشیارەو پشتیوانی هیچ بنەماڵەیەکیان ناکات بۆ دژایەتیی ئەوی تریان.

 بەڵکو ئاوات و ئامانجی زۆرینەی باشوری کوردستان؛ ڕوخاندنی دەسەڵاتی ستەمکار قەبیلەیی؛ پارتیی و یەکێتییە!

 

لە ٢٠٠١ ەوە بابەت دەنوسم و لە ٢٠٠٨ یشە کتێبەکانم چاپ دەکەم؛ تەواوی هەوڵی خۆمم داوە کە ڕاستگۆبم لەگەڵ نەتەوەکەم داو، کەفوکوڵی ڕۆژگار و دەزگاموخابەرایەتییەکان بخوێنمەوە.

 

لە ٢٠١٢ ەشەوە لە چەندین بابەتم دا سەد بارەم کردۆتەوە، کە: دەسەڵاتی یەکێتیی و دەسەڵاتیی پارتیی دو هێزی، دو جوگرافیای جیاوازی جیۆپۆلەتیکین. واتە: دو سنوری جیاوازیان هەیە.

 

لە سلێمانیی خەڵات دەبەخشرێ کە جنێو بە بنەماڵەی بارزانیی بدرێ.

لە هەولێریش خەڵاتی دەدرێ کە جنێو بە بنەماڵەی تاڵەبانیی بدرێت.

 

 هەرگیز لە سلێمانییەوە؛ هەولێر ناڕوخێ و، لە هەولێریشەوە هەرگیز؛ سلێمانیی ناڕوخێ. 

 

بۆیە دەبێت خەڵکی سلێمانیی؛ یەکێتیی بڕوخێنن.

 

دەبێت خەڵکی هەولێریش؛ پارتیی بڕوخێنن.

 

گەر تۆ لە ژێر دەسەڵاتی ئێران بیت و ڕەخنە لە ئەردۆگان بگریت؛ ڕەخنەکەت خزمەتە بە ڕژێمی ئێران. 

 

بەپێچەوانەشەوە، گەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆگان بیت و ڕەخنە لە ڕژێمی ئێران بگریت؛ ڕەخنەکانت خزمەتە بە ڕژێمی ئەردۆگان!

 

نوسەری نەتەوەپەروەری بێلایەن کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی بێت؛ ئەبێت دژی دەسەڵاتی ستەمکاری بنەماڵەی تاڵەبانیی بێ و داوای ڕوخاندنی یەکێتیی بکات. چونکە دەسەڵاتی ستەمکاری بنەماڵەی یەکێتیی؛ چاکسازی هەڵنەگرەو وەک گۆشتی گەنیو ئیتر بۆ بەکارهێنان نابن.

 

هی ژێر دەسەڵاتی پارتیش ئەبێت دژی پارتی بێ و داوای ڕوخاندنی پارتیی بکات. چونکە دەسەڵاتی ستەمکاری بنەماڵەی پارتیی؛ چاکسازی هەڵنەگرەو وەک گۆشتی گەنیو ئیتر بۆ بەکارهێنان نابن.

 

ئەگینا نوسین و چالاکیەکانیان خزمەتە بە دەزگای پاراستن و زانیاری.

 

واتە: ئەو نوسەرانەی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی دان و، بەردەوام دژی پارتیی دەنوسن: سەر بە دەزگای زانیاریین. 

 

ئەوانەشی کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتیین و، هەر دژ بە یەکێتیی دەنوسن: سەر بە دەزگای پاراستنن.

 

دەزگاکانی پاراستن و زانیارییش هەوڵ دەدەن ئەو نوسەرانە بە سەربەخۆ و ئازا بناسێنن: کە سەر بە خۆیانن.

 

ئازایەتیی و ڕاستگۆیی ئەوەیە: گەر لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی بیت، ئامانجی هەمیشەییت: ڕوخاندنی دەسەڵاتی وەرەسات قەبیلەیی یەکێتیی بێت و زۆرترین تەرکیزت لەسەر یەکێتیی بێت کە حاکمی موتڵەقی زۆنەکەتە.

 

ئازایەتیی و ڕاستگۆیی ئەوەیە: گەر لە ژێر دەسەڵاتی پارتیی بیت، ئامانجی هەمیشەییت: ڕوخاندنی دەسەڵاتی وەرەسات قەبیلەیی پارتیی بێت و زۆرترین تەرکیزت لەسەر پارتیی بێت کە حاکمی موتڵەقی زۆنەکەتە.

 

ئەگینا بەکرێگیراوی دەزگای زانیاری یان پاراستنیت.

 

ناکرێ خۆت بێعەقڵ بکەیت و، دەزگای زانیاری بتقۆزنەوە بۆ ئەوەی پێش پێکهێنانی دوەمین کابینەی مەسرور، ناڕەزایەتییەکەی تۆ وەک مامەڵەیەکی فشار دژی مەسرور بەکاربێنێ و، دواتریش بتفرۆشێ بۆ ئەوەی یەکێتیی وەزارەتێک زیاتر لە مەسرور وەربگرن!

 

ناڕەزایەتیی ڕاستەقینە لە زۆنی یەکێتیی دەبێت ئامانجی [ڕوخاندن]ی یەکێتیی بێت. دەبێت ڕوبکاتە دەباشان. دەبێت [بە ڕێزەوە] داوای گواستنەوەی تەرمەکانی مام جەلال و نەوشیروان بۆ گۆڕستانە ئاساییەکان بکرێت و، ئەو زەویانەی بەو هۆیەوە مۆنۆپۆل کراون بکرێنەوە بە موڵکی گشتیی. دەبێت ئامانجی گرتن و دادگاییکردنی سەرانی بنەماڵەکانی تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد بێت. دەبێت خرۆشانە ڕزگاریخوازییەکە تەواوی سەروەت و سامان و کۆمپانیاکانی ستەمکارانی یەکێتیی بگەڕێنێتەوە بۆ موڵکی گشتیی.

 

بە هەمان شێوەش، ناڕەزایەتیی ڕاستەقینە لە زۆنی پارتیی دەبێت ئامانجی [ڕوخاندن]ی پارتیی بێت. دەبێت ڕوبکاتە کۆشکەکانی نێچیرڤان و مەسرور. دەبێت ئامانجی گرتن و دادگاییکردنی سەرانی بنەماڵەی بارزانیی بێت. دەبێت خرۆشانە ڕزگاریخوازییەکە تەواوی سەروەت و سامان و کۆمپانیاکانیی ستەمکارانی پارتیی بگەڕێنێتەوە بۆ موڵکی گشتیی.

 

ئەگینا هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک کە لە سلێمانییەوە داوای ڕوخاندنی پارتیی بکات؛ بکەرانی سەر بە دەزگای زانیاریین. بۆیە زۆرینەی میللەت بەشدار نابێت تێیدا هەتا بەرەو سوتاندنی دەباشان نەڕۆن. 

 

ناڕەزایەتیی ڕاستەقینە گەر لە سلێمانیی هەبێت دەبێت ڕاستەوخۆ بەرەو سوتاندنی دەباشان بکەونەڕێ؛ ئەگینا ناڕەزایەتییەکی درۆینەیەو دەزگای زانیاری دروستکەریەتی. چونکە ستەمکارەکە لە بەردەمت دایە کە دەباشانە؛ ئیتر بۆچی دەتەوێت خۆتی لێ گێل بکەیت!؟ خەڵکی کوردستان هێندە مرۆڤی هوشیاری تێدایە کە ئاڕاستەی دروستکارت بخوێننەوە!

 

هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکیش لە هەولێرەوە داوای ڕوخاندنی یەکێتیی بکات؛ بکەرانی سەر بە دەزگای پاراستنن. بۆیە زۆرینەی میللەت بەشدار نابێت تێیدا هەتا بەرەو سوتاندنی کۆشکەکانی نێچیرڤان و مەسرور نەڕۆن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×