سەرەتا نامەوێت دیسانەوە خوێنەر ببەمەوە بۆ نوسینەکانم لە دەورانی پێش شانزەی ئۆکتۆبەر. کاتێک بە پێشنیاری یەکێتیی؛ نێچیرڤان و قوباد و ئاشتی هەورامیی نێردران بۆ ڕوسیاو، ڕێکەوتنامەی ستراتیژی-نەوتییان لەگەڵ ڕوسیا ئەنجام دا.
من بە بابەتێکی تایبەت لەسەر ئەو پرسە کە لە ئاوێنە بڵاکرایەوە، تێفکرینی ستراتیژیم وابو: "ئێران ئەو پێشنیارەی بە یەکێتیی داوە بۆ ئەوەی ئەمریکا دژی هەرێم هان بدات و، ڕونم کردەوە کە: نیچیرڤان هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە دەکات بەو هەنگاوە، چونکە ئیتر بەرەی خۆراوا دەکاتە دژبەری ڕیفراندۆمی هەرێم. هەنگاوێکی لەو شێوەیە سعودیەو کوێتیش ناتوانن بیگرنەبەر؛ ئەی تۆ چۆن دەیگریتەبەر کە هێزەکانی ئەمریکا لە خاکەکەت دایە".
بەپێچەوانەی تێفکرینە ستراتیژییەکەم، خۆرهەڵاتیی و باشورییەکانی کەناڵی ڕوداوی پارتیی، بەرنامەیان لەسەر دەکرد و دەیانوت: "بەم هەنگاوە نێچیرڤان سیاسەتی باڵانسی دبلۆماسیی لە نێوان ئەمریکاو ڕوسیا گرتەبەر".
منیش پێکەنینم بە عەقڵیان دەهات و، دەمزانی ئەهلی کتێب خوێندنەوەو بەڵگەنامەکان نین. دەمزانی [هەرگیز!!] ئەمریکا+بەریتانیا ناهێڵن ئەو دژکردەوەی نێچیرڤان، بەبێ باج بەسەر کورد دا تێبپەڕێت. دیمان بەریتانیا چۆن لە ڕێگەی بافڵ-بریتیشەوە شانزەی ئۆکتۆبەری کرد!
پێویستە سەرکردەکانی کورد تێبگەن: بۆچی بەریتانیا دژی سەربەخۆیی باشوری کوردستانە؟
ڕونە، بەریتانیا خۆی بە پارێزەری عێراق دەزانێت؛ چونکە دروستکەریەتیی و، مانەوەی دەوڵەتی عێراق بە شکۆی خۆی دەزانێت.
بەریتانیا دژی مافی [سەربەخۆیی] گەلانی ژێردەستەیەو، بەڵام لەگەڵ مافی [ئۆتۆنۆمی]یە بۆیان.
هەروەها بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عەرەب و تورکیاو ئێران، زۆر گەورەترو لەپێشترن لە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ پرسی کورددا.
بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، تەنیا یەکجار لە ساڵی ١٩٩١ بە دەستپێشخەری فەرەنسا و ئەمریکا؛ بەریتانیاش لەگەڵ ئەوەدا بوە کە کەرکوک لەسەر هەرێمی کوردستان بێت، چونکە ئەمریکا،فەرەنسا و بەریتانیا پرۆژەیەکیان دەبێت بۆ ئەو مەبەستە. بەڵام بەڵگەنامەکانی بەریتانیا بەڕونی دەیسەلمێنن کە: مام جەلال ئەو پرۆژەیەی ئەوانی فەشەل پێهێناوە، بە هۆی سەردانکردنی بۆ لای سەددام و داننان بە واقیع دا.
بەڵگەنامەکانی بەریتانیا چۆن ئەو هەنگاوە هەڵەیەی مام جەلالیان باسکردوە؟
مام جەلال و نەوشیروان و نێچیرڤان بە وەفدێک دەڕۆنە لای سەددام. مام جەلال دەڵێت: "ئێمەو ئێوەی برایانی عەرەب بۆ هەمیشە لەسەر ئەم خاکە دەژین. ئەگەر ئێوە مافی ئۆتۆنۆمیمان بدەنێ لەسەر دەسەڵاتدارێتیمان بۆ هەر سێ شاری هەولێر، سلێمانیی و، دهۆک، ئیتر کاتێتی کە دەست بکەین بە ئازادکردنی دیلەکانی هەردولا".
ئەم هەنگاوە بەڕادەیەک بەریتانییەکان توڕە دەکات، بەپێی چەندین بەڵگەنامەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کە لە بەردەستم دان، بەریتانیا سێ هەنگاو دەگرێتەبەر:
یەکەم: وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕاستەوخۆ موحسین دزەیی ئاگادار دەکەنەوە کە سەرۆکایەتی وەفدی کوردی بۆ لای سەددام، دەبێت بگۆڕدرێت و، لەمەولا دەبێت مەسعود بارزانیی بێت، نەک تاڵەبانیی (خودی ئەو بەڵگەنامەیەم لەلایە و خاڵ بە خاڵ هەڵەکانی دانیشتنەکەی تاڵەبانیشیان لەگەڵ سەددام ڕونکردۆتەوە).
دووەم: بەریتانیا هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی ئاگاداردەکاتەوە کە چیتر ڕێنەگرن لە جموجوڵی فڕۆکەکانی سەددام بۆ سەر شاری کەرکوک.
سێیەم: بەریتانیا بە فەرمی فەرەنساو ئەمریکا ئاگاداردەکاتەوە کە بەهۆی ڕێکەوتنی تاکلایەنەی نێوان [تاڵەبانیی، نەوشیروان و نێچیرڤان] لەگەڵ سەددام و، هەڵەی تاڵەبانیی لە داننانی بە دیفاکتۆدا، ئەو پرۆژەیەی کە هەیانبوە لەو کاتەدا کە هەرێمی کوردستان، کەرکوک، لەخۆبگرێت؛ ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت. بەریتانیا پێی وابوە: ئەزمونی زۆریان لە مامەڵەکردن لەگەل کوردەکان هەیە؛ ناتوانرێ یەکڕیز بکرێن و، متمانەیان پێناکرێت و، هەر دەگەڕێنەوە بۆ لای تورک و فارس و عەرەب.
واتە: کێشەی کورد نەزانینی هونەری دبلۆماسییە. من بەلای کەمەوە بە چەندین بابەتم کە تەنیا لە هی پێنج ساڵی ڕابردومەوە ئێستا لەم سایتە تازەیەی ئاوێنە هەن و خوێنەر دەتوانێت دوبارە بیانخوێنێتەوە، داوام لە حکومەتی هەرێم کردوە: واز بێنن لە دانانی خزم و کوڕ و کچی بەرپرسەکان لە نوێنەرایەتییەکان، بەڵکو نوێنەرایەتییەکان بکەنە دامەزراوەی دبلۆماسیی و، کەسانی بەتوانا و ئەکادیمیستی ڕاستەقینە دابنێن. بەڵام لەسەر بە خێڵەکیکردنی دبلۆماسیەتی کوردی بەردەوام بون.
هەڵسوکەوتەکانی سەرکردەکانی کورد ناچێتە خانەی زانست و هونەری دبلۆماسییەت. مام جەلال کە بەشێکی کورد پێی دەڵێن: دبلۆمات بوە. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر لە زانستی دبلۆماسییەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەفتارەکانی بکەین زیاتر لە سیخوڕێکی چەند سەرە [کە هەواڵدەری بۆ چەندین لایەن کردوە]دەچێت، نەک لە دبلۆماتکار.
بۆ نمونە، چ پێویستی دەکرد کە تاڵەبانیی لەسەر گۆڕی ئەتاتورک وتی: "دەوڵەتی کوردیی خەونی شاعیرانەیە". ئەمە لێدان بو لە شکۆ کوردستان و خوێنی شەهیدانی گشت پارچەکان و، بە سووک نیشاندانی گەلەکەی خۆیی و، بە گەورەدانانی ئیمریالیستەکانی تورک، فارس و عەرەب بو. وتنەوەی هەمان ڕستەی بەعسییەکان بو: کە بنێشتی کوردی هەیەو دەوڵەتی کوردیش خەونی شاعیرانەیە!
زۆر لەو وتارانەش زیاتر، بەڵگەنامەکانی بەریتانیا بە ڕۆژ و کاتی کۆبونەوەکان زانیاریان تێدایە، کە: مام جەلال نهێنیی کۆبونەوەکانی خۆی لەگەڵ ئۆجەلان لە سوریا، ناردوە بۆ بەرهەم ساڵحی نوێنەری یەکێتیی لە لەندەن، ئەویش داوێتی بە فۆرین ئۆفیسی بەریتانیی. بەریتانیاش تەنسیقی لەگەڵ میت هەبوەو بەشێکی ئەفسەرانی میت لە بەریتانیا پەروەردەکراون و مەشق دراون!
ئێستاش ئەوەی نێچیرڤان، مەسرور، بافڵ و قوباد دەیکەن، هەمان ڕەفتاری تاڵەبانییە. زیاتر سیخوڕییە نەک دبلۆماسیەت. مەسرور بۆ ئەوەی خۆی لە میت نزیک بکاتەوە برازای سەلاحەدین بەهادین دەکاتە نزیکی خۆی. کەناڵی ڕوداوی نێچیرڤان لێوانلێوە لە کادیرەکانی سەر بە میت و ئیتلاعات و، داڕشتنی بەرنامەو هەواڵەکانیشیان هەر لەو چوارچێوەیە دایە. زیاتر لەوانەش، هەفتەی پێشو فازڵ میرانی لە یادی (شەهیدی سەرداری پارتییەکان: حاجی قاسم) وتی: "ئێمەی کورد موستەزعەفی سەر بە جمهوری ئیسلامیین". لە کوێی زانستی دبلۆماسییەت دا هەیە وتاری لەمشێوەیە. خومەینی لە هەر بیست و سێ بەرگی نوسین و وتارەکانی دا هەرگیز نەیوتوە: کورد نەتەوەیەکی موستەزعەفە!
ئینجا پارتیی ئازادە کە موستەزعەف و چەماوەی جمهوری ئیسلامیی و تورکیا بێت. بەڵام ناکرێ وەک جەلال تاڵەبانی بەناوی کوردەوە قسە بکەیت و کورد بە سووک لای داگیرکەران بناسێنیت. ئەتوانیت بڵێیت: ئێمەی پارتیی بە ئیفتیخارەوە بەسیجی جمهوری ئیسلامیی بوین و هەین.
لەکاتێکا کە بەریتانیا بە وردی ئاشنایە بە یەکترخۆریی و دزی سەرکردەکانی کورد. ئاشنایە کە یەکێتیی کارگەی تلیاک دادەنێ و بەریتانیا-ئەمریکا بەرپرسیارن چونکە ئەوان پشتیوانی پارتیی-یەکێتیین. بەریتانیا ئاگادارە کە حکومەتی دو زۆنی پارتیی-یەکێتیی لە گەندەڵیی و تاڵانکردنی زەوی کوردستان دا داڕزاون. ئیتر چۆن مامەڵە لەسەر کەرکوک وەک شارێکی عەرەبیی ناکات.
تەنانەت بە ئێستاشەوە، چەند ڕێگایەک هەیە کە دەتوانرێ بۆ هەمیشە پەیوەندییەکانی بریتش پترۆڵیۆم لەگەڵ عێراق لە کێڵگەکانی باکور داببڕدرێ، یەکێکیان ئەوەیە: بریتیش پترۆڵیۆم بە [ڕێگای جیاواز!!!]لە کێڵگەکانی کەرکوک بەردەوام نائارام بکرێ بۆ ئەوەی داخ بکرێن و بکشێنەوە؛ چۆن، .....؟ هەروەها ڕێگای تریش هەیە!!!!
بۆچی عێراق لەم تەوقیتەدا لەگەڵ بەریتانیای [باوک و دروستکاری] ئەم ڕێکەوتنامە-ستراتیژییە ئیمزا دەکات؟
یەکەم: بۆ ئەوەی ئەگەری لێدانی ئیسرائیل لەسەر خۆی کەمبکاتەوە. چونکە دەزانێ کە بەریتانیا دۆستی هەمیشەیی ئیسرائیل و ئەمریکایە.
دووەم: ئەم ڕێکەوتنامەیە کێڵگە نەوتییەکانی ئەوناوچانە دەگرێتەوە، که ئەگەر دەرفەت بۆ کورد بڕەخسێ و لە حەشد بدرێ؛ کورد دەتوانێ ڕزگاریان بکاتەوەو؛ باشوریش دەتوانێ سەربەخۆ بێ! بەڵام بەغدا بۆیە بریتش پترۆڵیۆم دێنێ بۆ ئەم کێڵگە کوردییانەی کەرکوک بۆ ئەوەی بەریتانیا بکاتە دوژمنی هەمیشەیی بەرانبەر پرسی [ئەگەر]ی سەربەخۆیی باشوری کوردستان!
سێیەم: ئەم ڕێکەوتنە-ستراتیژییە بۆی هەیە خاڵی نهێنییش لە خۆبگرێت. بەو ئامانجەی ئەگەر یەکێتیی+پارتیی هەرکاتێک هێرش بکەنەسەر ئەو ناوچانە؛ بەریتانیا پشتیوانی حکومەتی ناوەندی عێراق بکات. واتە: ئەم ڕێکەوتنی ستراتیژی نەوتە کە ڕێک پەیوەستە بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە؛ دەکرێت پاکێجی ستراتیژی سەربازیی و ستراتیژی ئەمنییش لەخۆی بگرێ و، لە ڕوی ستراتیژی سەربازیی و ئەمنیشەوە لە بەرژەوەندی حکومەتی ناوەندی بێت لە کەرکوک داو، دژ بە کورد و بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێم بێت لە کەرکوک.
چوارەم: ڕونە بەریتانیا دەزانێ حکومەتی بەغداد واتە؛ ئێران. بەو مانایەش کە ئێرانیش گڵۆپی سەوزی بۆ حکومەتی عێراق هەڵکردوە کە بڕوات ئەم ڕێکەوتنە ستراتیژییە لەگەڵ بەریتانیا واژو بکات. کەواتە لە ڕوی ستراتیژی سیاسیشەوە: ئەم ڕێکەوتنە پشتیوانی نێودەوڵەتیی بۆ حکومەتی عێراق زیاتر دەکات دژی حکومەتی هەرێم. هەروەها، هەر لە ڕوی ستراتیژی سیاسییەوە: ئەکرێت ئێران بۆیە ڕێگای بە سەرۆک وەزیری عێراق دابێت کە بڕوات ئەم ڕێکەوتنە ستراتیژییە گرنگە لەگەڵ بەریتانیا ئیمزا بکات [چونکە سودانی دوو ڕۆژ پێش ڕۆشتنی بۆ بەریتانیا؛ سەردانی ئێرانی کردو ئێران ئەندازیاریەتی]، کە بەریتانیا لەگەڵ مانەوەی حکومەت لە دەستی شیعەکان لە عێراق و مانەوەی ڕژێمی ئێرانییش دابێت. بەتایبەت بەو ئامانجەی بەریتانیا ڕۆڵ بگێڕێت لە هێورکردنەوەی ترامپ بەرانبەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق و خودی ڕژێمی ئێران.
پێنجەم: ئەم ڕێکەوتنامە ستراتیژییە بەو مانایەیە کە بەریتانیا لە ڕوی ستراتیژییەوە لەگەڵ مانەوەی کەرکوک دایە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی عێراق. بە مانایەکی تر: ئەم ڕێکەوتنامەیە نیشانی دەدات کە بەریتانیا پشتیوانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ جێبەجێنەکردن و لەژێرپێنانی مادەی سەد و چلی دەستور. لە ستراتیژیش دا هەنگاوی لەقاڵبدانی پارتیی و یەکێتییە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت لەو هەمو دەرفەتەی لە دەست پارتیی و یەکێتیی بون لە ١٩٩١ ەوە تا ئێستا؛ خۆیان بۆ بەریتانیا نە سەلماندوە کە حوکمڕانییەکی دامەزراوەییان پێ دەکرێت. هەر ئەم ڕێکەوتنامە ستراتیژییە هەڵگری ئەو پەیامەشە کە بەریتانیاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی متمانە دەکەن بە حکومەتی عێراق بەڵام متمانەی ستراتیژییان بە پارتیی و یەکێتیی نیە.
دە ئیتر هەر [ورگدار] بن ئەی سەرکردە دز و جەردەکانی پارتیی و یەکێتیی، کە سیی ساڵە مناڵەکانتان دەخەنە نوێنەرایەتییەکانەوە، بۆیەشە عێراقێکی داڕوخاو بەردەوام لە ڕوی دبلۆماسییەوە گۆڵتان لێ دەکا.
دە ئیتر هەر ڕۆحشاد بە ئەی هەڤاڵ جەلال تاڵەبانییەکەی سکرتێری یەکێتییەکان، کە پاش سەردانکردنی گۆڕی خومەینیی و ئەتاتورک: هەستایت لە هەستیارترین تەوقیت دا کە کورد دەیتوانی بۆ هەمیشە [کەرکوک] چنگ بخاتەوە، تۆش بە پرۆژەیەکی ئێرانیی-تورکیی پرۆژەی لە سەدا سیی و دوت بۆ بە [عێراقی]یکردنی کەرکوک خستەکار، ئەوەش تەنیا لە پێناو ئەوەی ئێران-تورکیا ڕازیبن کە تا دەمریت هەر سەرۆک کۆماری عێراقی عەرەبی ئیمپریالیست بیت!
دە ئیتر هەر دیوەخانت پڕ پڵاو و گۆشتی کەڵەباب بێت بۆ سمێڵ بۆیاخە ورگدارەکان ئەی مەسعود بارزانییەکەی سەرۆکی پارتییەکان. تۆ دەتوانیت هەر بەردەوام لە دیوەخانی سەری ڕەشەوە، بڵێیت: "من حساب بۆ هیچ شتێک ناکەم، بە بەریتانیاشەوە". کەچی ئەوەتانێ حکومەتی بەریتانیا بە ڕێکەوتنی ستراتیژی کەرکوکی دا بە حکومەتی عێراقی عەرەب!
ڕونتریشی دەکەمەوە، کە: حکومەتی عێراق دەیتوانی ڕێکەوتنی هەرزانتر و باشتر لەگەڵ کۆمپانیا ڕوسیی، چینیی، فەرەنسیی و ئەڵمانییەکان ئیمزا بکات. بەڵام بۆچی لەگەڵ ئەوان نەیکرد و، ڕۆشت قازانجێکی زۆرتری خستەبەردەم بریتش پترۆڵیۆمی بەریتانیی، لەبەر ئەو پێنج هۆکارەی کە لەسەرەوە شیمکردەوە.
هەمیشە عەرەب، فارس و تورک بەناوی برایەتییەوە کوردیان خەڵەتاندوە. بۆ ئەوەی دەرفەتەکان لە دەست کورد دەربێنن و، دواتر دەرفەتێکی تری جینۆسایدکردنی کورد ئەنجام بدەنەوە!
بۆ توێژینەوەیەکم، کە ماوەیەکی تر ڕایدەگەیەنم، هەر بیست و سێ بەرگەکەی کتێبی [چاوپێکەوتن، نوسین و وتارەکانی] خومەینیی کە بە فارسییە. لە بەرگەوە بۆ بەرگ خوێندومەتەوەو، بەکارهێناوە.
لە هەر بیست و سێ بەرگەکەدا، خومەینیی زیاد لە حەفتاو هەشت جار لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسەکانی پاسداران؛ کوشتنی کوردی بە حەڵاڵ داناوەو، کورد بە نەوەی شەیتان و داردەستی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم و بەچکەی کافر لە قەڵەم داوە.
کەچی هەر خومەینیی ئەوەندە لێزان دەبێت: کاتێک لەگەڵ چەند مەلایەکی جاشی کورد دا کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی هاندانی لاوانی کوردی شیعە و سوننە بۆ شەڕ دژی سەددام: دووجار خومەینی کورد و فارس بە [برای ئیسلامیی یەکتر] ناودەبات!
بۆ هەمان توێژینەوە، هەر پێنج بەرگەکەی کتێبی (في سبيل البعث)ی عەفلەقم، بەرگ بۆ بەرگ خوێندۆتەوەو بەکارهێناوە. عەفلەقی عەرەب-مەسیحیی، زیاد لە چل جار پاکتاوکردنی ڕەگەزی کورد و گۆڕینیان بۆ عەرەب بە پەیامێکی [خودا] دەناسێنێ و، بە وردی چەندینجار ئاماژە بەوە دەدات کە عەرەب مەزنترین نەتەوەیە چونکە خودا پەیامی [نەمریی] خۆی بە عەرەب دا ناردوە بۆ هەمو جیهان. بۆیە عەرەب هەڵگری پەیامێکی نەمری ئاسمانییە کە ئیسلامەو، دەبێت کوردەکان بە زمانی عەرەبی پەروەردە بکرێن و، پێیوایە: شێتییە مرۆڤ بڕوا بەوە بکات کورد کە قەبیلەیەکی لاوازن دەتوانن شەڕی مەزنترین نەتەوەی جیهان بکەن کە عەرەبە!؟
کەچی کاتێک هێرشی سوپای عەرەب بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێدەکات، هەر خودی ئەم عەفلەقە لە وتارێکی دا، لە ڕوی مێژوییەوە کورد بە برای عەرەب و بەرگریکار لە ئیسلام لە قەڵەم دەدات!!
واتە: چی؟
واتە: جەلال تاڵەبانیی و مەسعود کە دەیانجار وتویانە: کورد و عەرەب بران. هەڵگری هەمان گوتاری ئیمپریالیزمی عەرەب بون!
عەرەب و فارس و تورک هەرگیز لە کردەوەدا کورد بە برا نازانن. مەگەر کاتێک نەبێت کە پێویستیان بە بەکارهێنانی کورد بێت!
واتە: کاتێک دەرفەتێک بۆ کورد دێتەپێش، بۆ ئەوەی دەرفەتەکە لە دەست کورد بدەن؛ تورک و فارس و عەرەب خێرا بەناوی برایەتییەوە، وەک ئەوەی ئێستای ئۆجەلان، سەرکردەکانی کورد لە خشتەدەبەن. تا دەرفەتێکی تریان بۆ جینۆسایدی کورد بۆ دەڕەخسێ!
ئادەی با ستراتیژی یەکێتیی و پارتیی ببینین دژی ڕێکەوتنامەی ستراتیژی حکومەتی عێراق و بەریتانیا لە کێڵگەکانی کەرکوک، کە هەنگاونانە بۆ داڕماندنی حکومەتی هەرێم!؟
ئەوە خەباتەکەی بافڵ، ئەندازیارەکەی شانزەی ئۆکتۆبەر هاتە بەرهەم! کە دوای شانزەی ئۆکتۆبەر چاوپێکەوتنێکی بافڵم بە ئینگلیزی بینی، دەیوت: من بریتیشم و پارێزگای لە بەریتانیا دەکەم. ئینجا ئیمزای ئەو سەرکردانەی یەکێتیی بەدەستەوەبو کە ڕەزامەند بون لەسەر ڕێکەوتنی نهێنیان لەگەڵ حەشد بۆ تەسلیمکردنی کەرکوک!
واتە: بافڵ بۆیە ئەیوت من بریتیشم. مەبەستی پەیامی سیاسیی بو کە بە نهێنیی بە پرسکردن بە بەریتانیا کەرکوکی دابوە حەشد! ئادەی بافڵ ئەوە بریتیشەکەت کەرکوک وەک بەشێک لە حکومەتی ناوەندی عەرەبی عێراق دەناسێنێ بەپێی ئەم ڕێکەوتنە ستراتیژییە، دە فەرمو!! هەر بافڵ دوو ساڵ پێش ئێستا دەیوت: ناهێڵین حکومەتی هەرێم گازی کۆرمۆر دەربهێنێت. ئەمە ڕێک نەخشەدانانی بەریتانیا بوە بۆ بافڵ بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو حکومەتی عێراق زاڵبکاتەوە.
ئێستا من دەپرسم: ستراتیژی حکومەتی هەرێم و ئەندامانی لیژنەی داڕشتنی [سیاسەتی ستراتیژی!!] پەرلەمانی کوردستان (هاهاها بە وەڵا بە هەمو پەرلەمانتارانی کوردستان نازانن بیرۆکەیەکی سیاسەتی ستراتیژی دابڕێژن!!، بەس لە دەمبازیی دا مەلابەزێنن)، دە فەرمون کۆنترا-سراتیژ بەرانبەر ئەم ڕێکەوتنە ستراتیژییەی حکومەتی عێراق-بەریتانیا لەسەر کەرکوک دابڕێژن!
پرسیارێکی تر دەکەم: ئایا نیچیرڤان، مەسرور، بافڵ و قوباد و ڕاوێژکارەکانیان بەلای کەمەوە یەکی سەد کتێبیان لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە خوێندۆتەوە، دەی ئیتر چۆن دەزانن کە بەریتانیا و عێراق لە ڕوی ستراتیژییەوە ئامانجیان چییە؟ چۆن دەزانن پاکێجە ئەمنیی و عەسکەریی و سیاسییەکانیی ئەم ڕێکەوتنە ستراتیژییە نەوتییەی عێراق-بەریتانیا لەسەر نەوتی کەرکوک لێکەوتەی چیی و چۆن دەبێ!؟
با تێفکرینیشتان بەرەو لای ئامانجێکی تری ئەم مەسەلەیە بەرم. بە پێنج خاڵ شیمکردەوە کە بۆچی عێراق لەم تەوقیتەدا ئەم ڕێکەوتنە ستراتیژییەی لەگەڵ بەریتانیا لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک ئیمزا کرد. ئەی ئایا سەرکردەکانی کورد و ڕاوێژکارەکانیان دەزانن: چۆن و بۆچی بەریتانیا لەم تەوقیتەدا لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکەوت لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکی کوردستان!؟ ئایا تەنیا هۆکارەکە ئەوەبو کە حکومەتی عێراق ئێستا لە پێگەیەکی لاواز دابو و بەریتانیا هەژمونی بەرژەوەندی خۆی بەسەر ئەم ڕێکەوتنەدا سەپاندوە، یان هۆکاری تر هەن کە مەترسیدارن بۆ پێگەی هەرێم لە ستراتیژ دا!؟
وردیش مێژو بخوێننەوە: هەرکاتێک بریتش پترۆڵیۆم هاتبێتە کەرکوک، بەریتانیا حکومەتی عێراقی تەواو پڕچەک کردوە بۆ لەناوبردنی کورد، تەنانەت بەڵگەنامەی بەریتانییم لایە: پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەش بە چەکی بەریتانیی کراوە، کە خودی حکومەتی بەریتانیا بە عێراقیی فرۆشتوە!
چەندینجار دەتوانم بیسەلمێنم: هەرکاتێک بریتش پترۆڵیۆم هاتبێتە کەرکوک؛ بەریتانیا حکومەتی عێراقی پڕچەک کردوەو، پاش چەند ساڵێک شەڕ لەگەڵ کورددا دەستی پێکردۆتەوە. دە ئیتر بڕۆن هەر مناڵەکانتان لە نوێنەرایەتییەکان دابنێن. دە ئیتر بڕۆن هەر قبوڵخاس و ماستاوچییەکان با ڕاوێژکارتان بن!! دە ئیتر بڕۆن بتوانن ستراتیژی سیاسیی و ستراتیژی دبلۆماسیی و ستراتیژی حوکمڕانیی دابڕێژن!
کاتێک موسەنا ئەمین، هوشیار عەبدوڵا و سۆران عومەر هاواریان دەکرد بەڵێ نەوتی هەرێم تەسلیم بە بەغدا بکرێ و، کاتێکیش موسەنا ئەمین لە ئێن ئاڕ تی وتی: دادگاکەی پاریس بە سودی خەڵکی کوردستان بڕیاری داوە کە نەوت لە ژێر دەستی هەرێم دەربێنێت. ئا لەم سایتی ئاوێنە بە بابەتێک بەناونیشانی: (پارتییو نەوت، مەسعودو سەدر، بافڵو تورکیا!) لە ڕۆژی ٦ ی ٤ ی ٢٠٢٣ کە ئێستاش بابەتەکە لە وێبسایتەکە ماوە، وەڵامی موسەنا ئەمینم دایەوە. کە قسەکان و هەنگاوەکانیان بە ئامانجی بەرژەوەندییەکانی تورکیاو عێراقە بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێم. چونکە عاقیبەت تورکیا لەگەڵ عێراق و بەریتانیا ڕێکدەکەوێت. هەروەک چۆن ئەتاتورک هەستا شێخ مەحمودی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بەرژەوەندی زیاتر لە بەریتانیاوعێراق بەدەست بێنێ و، دواتر خۆی لەگەڵ عێراق و بەریتانیا لە ساڵی ١٩٢٥ لەسەر ویلایەتی موسڵ ڕێکەوت.
لەو بابەتەم دا، خوێندنەوەی ستراتیژی مەترسییەکانی ئەو بڕیارەی دادگای پاریسم لەسەر قەوارەی هەرێم ڕونکردەوەو، ئینجا ئاماژەشم بەوە دا: ستراتیژی ئێران ئەوەیە تا حکومەتی هەرێم نەڕوخێنێت؛ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڕێکوپێکی نانێردرێت. ئەوکات نوسیم: گرنگترینە بەزویی حکومەتی هەرێم چاکسازی گشتگیر ئەنجام بداو لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی دا بەزویی گۆڕانکاری بکات. فەرمون لە لیستی وتارەکانم لە ئاوێنە بیخوێننەوە، بزانن چۆن بە تێفکرینی ستراتیژی زانیم حکومەتی عێراق هەنگاو بە هەنگاو پەرلەمانتارە کوردەکانی گۆڕان، یەکگرتو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ و یەکێتیی فریو داوە. لەم لاشەوە پارتیی بە حوکمڕانی گەندەڵەوە هەر بەیاننامەی دەردەکرد، بە بێ چاکسازی گشتگیر.
لە کۆتاییدا ئەم بابەتەم دەبەستمەوە بە ڕاپۆرتەکانی ئاڕنۆڵد وڵسن و مێجەرنۆئیل لەسەر شێخ مەحمود، خوێنەر دەتوانێت بەراوردیان بکات بە تاڵەبانیی و بارزانیی و نەوشیروان.
مێجەرنۆئیل و وڵسن ڕاپۆرتیان بۆ بەریتانیا بەرز کردۆتەوە، کە: ئێمە دەسەڵاتێکمان بۆ کوردەکان لە سلێمانی دروستکرد، چونکە کوردەکان زۆر چەوساوەی دەست تورکەکان بون. بەڵام هەر هۆزێکی کورد چوار کاندیدی هەبوە کە بەریتانییەکان مامەلەی لەگەل دا بکات. هەروەها شێخ مەحمود لە حوکمڕانیەکەی دا زەوی عەشیرەتەکانی تر تۆماردەکات بە ناوی خۆیەوە. ئەمەش وایکردوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ عەشیرەتەکان دەبنە دوژمنی ئینگلیز و وادەزانن ئێمە پشتیوانی لەو ڕەفتارانەی شێخ مەحمود دەکەین.
لە ڕاپۆرتێکی وڵسن دا هاتوە: "شێخ مەحمود لە نەزانیی سیاسیی و لە تەماحی سەروەت و سامان و دەستگرتن بەسەر زەوی هۆزە کوردییەکان لە ناو گەلانی فارس و تورک و عەرەب و کورد دا وێنەی نییە. بە سروشتی خۆی زۆر تەماحبازە بۆ زەوی خێڵەکان و تا دێت وڕکی زەوی زۆرتر دەگرێت. هەرگیز ئامادەش نییە دان بە هەڵەی خۆیدا بنێ و دانیش بەو پەیوەندییە نهێنیانەی دا بنێت کە تورکەکان پارەو چەکی بۆ دەنێرن کە دژی ئێمە بەکاری بێنێت. ئەو کێشانەی شێخ مەحمود ڕۆژانە دژی هۆزە کورییەکان دەیخولقێنێت لە هەمو کێشەکانی بەڕێوەبردنی عێراق زیاترە. ئێمە ڕۆژانە ناچارین دڵی سەرۆک هۆزەکانی کورد ڕابگرین بەرانبەر کارەکانی شێخ مەحمود".
لە ڕاپۆرتێکی تردا نامەیەکی شێخ مەحمودی تێدایە کە ئەگەر کۆمیسیاری بالای ئینگلیز لە بەغدا زەوییە بەراوەکانی حمە ئاغا بە شێخ بدات ئەوا شێخ ئامادەیە هەرچییەک بەریتانیا بیڵێت ملکەچی داواکارییەکانیان بێت. کۆمیسیاری باڵای بەریتانیاش وەڵامی شێخ دەدەنەوە کە ئەو دەسەڵاتەیان نییە کە یاسای موڵکی زەوی و زاری هەمو پارێزگای سلێمانیی بگۆڕن بۆ بەرژەوەندی شێخ مەحمود.
وڵسن لە ڕاپۆرتێکی بۆ حکومەتی لەندەن ئاماژەی بەوە داوە: بە گوێگرتنم لە مێجەرنۆئیل بەرانبەر ڕەفتارەکانی شێخ مەحمود و ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکمان بە بەشداری نۆئیل، لیچمان، سۆن و والكەر و ئەفسەرانی سیاسیی تر. من و نۆئێل پێمان باش بو کە گونجاوترین کەس کە بێبەزەییانە بتوانێت تەماحی شێخ مەحمود لە داگیرکردنی زەوی هۆزە کوردییەکان لەناوببات و پەیوەندییە نهێنییەکانی شێخ و تورکەکان بپچڕێنێت؛ سۆنە. بۆیە مێجەرنۆئیلمان لە ئەفسەری سیاسیی سلێمانیی گۆڕی بە سۆن.
ئینگلیزەکان پێیان وابوە: شێخەکانی کورد کە سەر بە تورکەکانن لەگەل سەرۆک خێڵەکانی کورد تەنیا گوێڕایەڵی کەسێک دەبن کە بێبەزەیی بێت و بە هێز یەکیانبخات. بۆ ئەمەش باشترین کەس مێجەرسۆنە چونکە زۆربێبەزەییەو نوسەرێکی بەتواناشە.
دواتر ڕاپۆرتەکانی وڵسن ئاماژەیان بەوە داوە: کوردەکان سەرسامی مێجەرسۆنن چونکە زۆر لێی دەترسن و بەرانبەریان زۆر بێبەزەییە. سۆن لەگەل ئەوەی نوسەرێکی بەتوانایە، زۆر سەرسامە بە هونەری فێڵزانی فارس و بە دەوڵەمەندی زمانی کوردیی. سۆن دەمێکە بەنهێنیی بوەتە باوەڕداری شیعە.
ئینجا وەرن داگیرکردنی زەوی هۆزەکان لەلایەن شێخ مەحمودەوە بەراوردبکەن بەو شەست و پێنج هەزار زەوییەی سلێمانیی کە سەرکردەکانی یەکێتیی لە ماوەی دوو ساڵ دا تاڵانفرۆشیان کرد. لەو هەزاران دۆنم زەوییەی کە سەرکردەکانی پارتیی بۆ خۆیانیان برد. پەیوەندییە نهێنییەکانی شێخ لەگەل تورک بەروارد بکەن بە پەیوەندییە سیخوڕییەکانی ئێستای گروپەکانی کوردستان لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب!