لە بادانەوەی کوردانی بەرەی مقاومەوە، تا؛ پەیامەکەی ئۆجەلان!

شه‌ریف عەلی
  2024-12-29     420

ئەو فەرماندەو سەرکردانەی باشوری کوردستان، کە دەڵاڵی ڕژێمی کوردکوژی پەتوسێدارەی ئیمپریالیزمی فارس بون، بێشەرمانەو ترسنۆکانە، بایانداوەتەوە. چونکە ئێستا ئیتر خەبەریان بوەتەوە کە بەرەی مقاومە، تەسلیمیش ببێ؛ هەر قەلەپاچە دەکرێ. چونکە بەرەی مقاومە، زۆر خۆهەڵکێشانە، چەندین ساڵ هێرشیان دەکردەسەر ئیسرائیل. وای لێهاتبو عەلی باپیر بە وتار دەینوسی: "قەوارەی زایۆنیی وەک پەشمەک فشەڵ بو. گورزەکەی موجاهیدانی حەماس زیاتر فشۆڵیی قەوارەکەی دەرخست". ئەتوانن بڕواننە شیکاریی و هەڵسەنگاندنەکانی عەلی باپیر لە ڕۆژانی هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، کە ئێستاش وتارەکانی ماون. ئەوکات تێدەگەن ئەوانەی خۆیان ناوناوە [سەرکردەی کورد!] چەندێک بیرکردنەوەیان فشۆڵە.

 

نەک هەر ئەو، بگرە لە ڕۆژانی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەبوبەکر کاروانیی لەسەر کەناڵی ئێن-ئاڕ-تی تا دەگات بە شیکارییەکانی مەلا بەختیار و کەسانێکی گەورەکراوی وەک عادل باخەوان، هەر هەمو شیکاریی و هەڵسەنگاندنەکانیان فشۆڵ بون. بەڵام دەمێکە کە گورزی ئیسرائیلیان دی، بایانداوەتەوە. ئەمانە ستراتیژزان نین، بەڵکو بەپێی ڕوداوەکان قسەدەکەن، نەک بەپێی [کاریگەریی] ڕوداوەکان؛ ستراتیژ، ببینن.

 

گەشتە ئاستێک، عەلی باپیر داوای کرد ڕێگای بدەن و کارئاسانیی بکرێت کە موجاهیدانی کورد بۆ غەززەو پشتیوانی حەماس بنێردرێت.

 

یەکەم نوسەری کوردبوم، کە بابەتەکانم لە ئاوێنەدا ماوە، بە چەندین وتاری یەکلەدوای یەک، لە ڕۆژانی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بە ستراتیژبینییەوە وەڵامی عەلی باپیرەکان و باخەوانەکانم دایەوە. 

 

تەنیا نوسەری کوردیش بوم کە لەو ڕۆژانە بە بابەتی تایبەت نوسیم؛ "ئیسرائیل نەک ناکەوێ، بگرە دەبێتە زلهێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، هێرشەکەی حەماس پەت بۆ شلکردن بوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە ستراتیژی نوێی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە زلهێزبونیەتیی، بێنێتەدی".

 

وتارەکانی من هەموی ماون و، بەراوردی بکەن بە وتار و چاوپێکەوتنەکانی ئەوکاتەی عەلی باپیر، محمد حەکیم، ئەبوبەکر کاروانیی، موسەنائەمین، ئەبوبەکر هەڵەدنی، مەلا عیرفانی حەرەکە، فەرید ئەسەسەرد، مەلا بەختیار، شیکەرەوەکانی کەناڵی ڕوداوی باڵێکی پارتیی بە باخەوانیشەوە. ئیتر دەزانن ئەوانەی لە کوردستان سەرکردەن یان نزیکی دەسەڵاتن؛ چۆن لێکدانەوەکانیان لە کاتی ڕوداوەکەدا هەموی هەڵە بو. پاشان کە ڕوداوەکان پێچەوانە دەبنەوە؛ بادەدەنەوە.

 

ئێستا هەندێک فەرماندەی یەکێتیی هەیە، کە بەشێکیان بونە گۆڕان و بە قیناعی کیمیاوییەوە پێش پاسداران کەوتن بۆ ئەوەی هەڵەبجە  [بە کیمیابارانکردن] بدەن. هەڵدەستن وتار دەنوسن کە بەرەی مقاومە دەڕوخێت!! ئەی بۆ هەتا دو ساڵ پێش ئێستا؛ [بەسیج بون]؟ چۆن بو بەم درەنگوەختە باتاندایەوە؟ بەسیجانەیان لێکەمکردونەتەوە؟

 

 ئەی ئێوە حساب بۆ مێژو ناکەن کە مەلەفەکانتان لەلای ئیتلاعات و ئەوانەی لای بەشار ئەسەدیش کە دەست ڕژێمی ئەحمەد شەرع کەوتوە؟ واتە ئێوە مێژوشتان گڵاو و جاشایەتیی بێت؛ فشەیە. تەنیا گرنگ ئەوەیە؛ بەپێی ڕۆژ سواڵکەرانەی جاشایەتیی لە ڕژێمێکەوە پەیا بکەن، بۆیەشە بەشێکی ئەم میللەتە مەزنەی کوردتان فێری کاسەلێسیی کردوە؛ چونکە ئێوە کاسەلێسی ڕژێمە داگیرکەرەکانن. هەر تەمەنی جاشایەتیتان درێژ بێ؛ ئیتر مێژو لاتان فشەیە. هێمن وتەنی:

ژینی کورتم دی پڕاوپڕ له‌ شانازی و شه‌ره‌ف،

 

عومری زۆری [وەکو ئەوەی ئێوەی سەرکردەکانی کوردیش]م دی، که‌؛ دوایی هات به‌ ڕیسوایی و نه‌ده‌م!

 

کاتێک بەڵگەنامەیەک بڵاودەکەمەوە، لەسەر جەلال تاڵەبانیی لە ١٩٦٥ تا ١٩٧٠. یا لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی یەکێتیی لەلایەن بەعسیی سوریا. یان لەسەر ئەوەی کە تاڵەبانیی بە [پۆستەچیی و بەریدی] ڕەفسنجانی لە ١٩٨٧ تا ١٩٩٦ ناوبراوە لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا کە ڕەفسەنجانیی هەندێک لە پیلانە دەرەکییەکانی خۆی لە ڕێی تاڵەبانیەوە ئەنجام داوە. یاخود لەسەر ئەوەی کە نەوشیروان لە سەرەتای نەوەدەکان هەوڵێکی ناسەرکەوتوی لەناوبردنی تاڵەبانیی داوەو پێشتر بەریتانیای ئاگادارکردۆتەوە. تا دەگات بەوەی کە سیی و یەکی ئاب بەهۆی پیلانیی نەوشیروان مستەفاوە بوە. ئیتر یەکێتییەکان بە گۆڕانەکانیشەوە، وەک دەروێشەکانی شێخ نەهرۆ؛ دەڕۆنە دنیای تەهلیلەی خۆیانەوە.

 

بەهەمان شێوەش، کاتێک بەڵگەنامەیەک لەسەر بە بەسیجبونی قیاده موەقەتە، یا بە ئەنفالکردنی بارزانییەکان بەهۆی هێنانی پاسداران لەلایەن پارتییەوە بۆ گرتنی شارۆچکەی حاجی ئۆمەران، یاخود بەرەڵاکردنی بە گۆترەی هەزاران جەنەراڵ و سەربازی سوپای بەعس لەلایەن [مەسعود، تاڵەبانیی و نەوشیروان] لە ١٩٩١ و ١٩٩٢، کە ئەو هەزاران بەعسیستە تاوانکاری ئەنفال و کیمیاباران بون و، ئەمان تەنیا بۆ خۆنزیکردنەوەیان لە سەددام بەرەڵایان کردون. دیسانەوە، پارتییەکانییش وەک موریدانی شێخی کەسنەزانیی، پەرستشی خۆیان بۆ بارزانیی سەدبارە دەکەنەوە. بە تەهلیلەی ئەوانییش؛ بارزانیی ڕەخنەهەڵنەگرە!

 

جا هەندێک مەسەلە هەیە بەڵگەنامەکانی بەریتانیاشی ناوێ. بۆ نمونە، ئەم ملیۆنان تەن دۆلارەی سەروەت و سامانی بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانیی. عەیبە ئەوەیە؛ فەرید ئەسەسەردم بەرچاوکەوت ڕاستەوخۆ دیفاعی لە حافیز ئەسەد دەکرد کە گوایە تاڵەبانیی و یەکێتییەکان زیاتر ئاشنایەتیان لەگەڵ حافیز ئەسەد بوە! وەک ئەوەی حافیز ئەسەد؛ فریشتەی دیموکراسیی بوبێ! مەگەر حافیز ئەسەد نەبو کە ئەو منداڵە کوردانەی ئەنفال کرد کە خۆپیشاندانیان کردبو لەسەر ئەوەی کوردن و با ناسنامەی سوریان لێنەسرێتەوە؟  کە هەر هەمو منداڵەکانییش لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵ بون؟ حافیز ئەسەد هەزاران تاوانی تری هاوشێوەی کردوە! 

ئێوە ئەتانەوێ دڕندەترین داگیرکەرەکان مادەم پارەی بە ئێوە داوە؛ ئیتر مێژوشیان بۆ سپی بکەنەوە؟ ئێوە ئەتانەوێ ئاوا خۆتان لە مێژوی ڕەشتان لابدەن بۆ ئەوەی تەمەنتان درێژ بێ! بەڵام زۆرجار عومری کورت؛ شانازییە!!

 

دوێنێ بو، ڕێک کاتێک بەشار ئەسەد کیمیابارانی خەڵکی کردو، قیژەی ژن و مناڵی کوێر بو و سوتاو بە چەکی کیمیاوی دەگەشتە کەشکەلانی فەلەک. کەچی لە هەمان کاتدا، بەبێ حسابکردن بۆ هەستی خەڵک و تەنانەت بۆ بۆچونی کوردیش؛ تاڵەبانیی بەیاننامەی پشتیوانی بۆ بەشار ئەسەد ڕادەگەیاند و وێنەی خۆی و ئەوی هەڵدەواسیی! دوێنێ بو؛ دوێنێ!

 

 دوێنێ بو کە تاڵەبانیی لە زێڕینترین فورسەت دا کەرکوکی لە کوردستانیبون لادەداو، پرۆژەی لە سەدا سیو دوی ڕاگەیاند و، تەنیا نوسەری کوردبوم بە بابەتێک نوسیم: [نەخێر بۆ پرۆژەکەی تاڵەبانیی]. بەڵام ئەسەسەردەکان کۆڕی پشتیوانیان بۆ پرۆژەکەی تاڵەبانیی لە زانکۆی سلێمانیی بۆ ساز دەکرد. مەلا بەختیارەکان هەڵدەستان تاڵەبانیان لە کوردی ساویلکە کربوە؛ جۆرج واشنتن! ئەمانە هەموی دوێنێ بو؛ دوێنێ!

 

مەبەستم لەم شیکردنەوانەی سەرەوەم، پەیامێکمە بۆ پەکەکە و بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان. کە من گوێ بەوە نادەم بۆچونەکانم جیاواز بێ و خەڵکیش عەقڵیان نەیبڕێ. تەنیا حساب بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەم دەکەم و تێفکرینەکانم نەترسانە دەخەمەڕو.

 

ئەمە ستراتیژی بیرکردنەوەی منە سەبارەت بە پەیامەکەی ئۆجەلان کە: "تورکیا دەیەوێت ئۆجەلان وەک -جاشێک- بەکاربێنێت؛ نەک وەک -شۆڕشگێڕێک-. ئێرانییش دەیەوێت پەکەکە وەک داردەستێکی [هەمیشەیی] بەکاربێنێت. بۆیە داواکارم کوردانی باکور بە هەمو ڕەوتەکانیانەوە؛ وریابن. هوشیاربن. چونکە لەم دۆخەدا کە داگیرکەران لە داڕوخاندان. قسەکردن لە برایەتیی گەلان، بەبێ گەرەنتی کردنی فیدراڵیی یان ئۆتۆنۆمیی بۆ باکوری کوردستان، یان تەنانەت بۆ خۆراوای کوردستانییش، دەبێتە جاشایەتیی".

 

جا ئەوە پەیامێکی کورتی منێکی ئەکادیمیستی نەتەوەپەروەریی کورد بو. شوێنکەوتەکانی هەمو گروپەکانی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی یەکێتیی، پارتیی و، پەکەکە هەرچی بڵێن و چۆن ئاڕاستە دەکرێن؛ هیچ کاریگەریی لەسەر ڕاستبێژیی و ستراتیژزانین و نەتەپەروەرییم ناکات.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×