بەهۆی دزی، گەندەڵیی و سیاسەتی نامرۆڤانەی هێزە [بە دروشمی درۆینە] دیموکرات و سیکۆلارەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گەر ئەمریکا خۆشی لە پشت دروستکردنی [هەمو] هێزە توندڕەو و میانڕەوەکانی ئیسلامی سیاسییش نەبێت؛ هەر ئەمریکا ناچارە مامەڵەیان لەگەڵ دا بکات.
لە سوریاوە، بۆ تورکیا، لەوێشەوە بە هێڵێک بگە بە ئەفغانستان و پاکستان؛ هێزگەلی ئیسلامیی سیاسیی باڵادەست بونیان هەیە. ئەیڵێمەوە: گەر ئەمریکا هەر هەموشیانی دروست نەکربێ، هەر ناچارە مامەڵەیان لەگەڵ بکات. چونکە هێزە [بە ناو!] دیموکرات یان سیکۆلارەکانی پێش ئەمان، هێندە لێوانلێو بون لە گەندەڵیی، جەردەیی و تاڵانیی، ڕەشەکوژیی، بێڕەوشتیی و، لادانی وڵاتەکانیان لە سیستەمی دامەزراوەیی، بونەتە مایەی ئەوەی کەشێک لەم وڵاتانە هاتۆتە پێشەوە کە ئەمریکا هێزە ئیسلامە سیاسییە توندڕەومیانڕەوەکان دروست بکا، یاخود مامەڵەیان لەگەڵ بکاو، ستراتیژی خۆی بەپێی دەسەڵاتداربونی ئەم هێزانە دابڕێژێت.
ئەمە بۆ باشوری کوردستان جێی تێڕامانی زیاترە. چونکە؛ دزی، بێڕەوشتیی، وەرەسەسەپێنیی، تاڵانیی خاک و سەرچاوە مرۆییەکانی نیشتیمان، خۆسەپاندن و بە حیزبییکردنی هەمو شتێ لە مزگەوتەکانەوە بۆ زانکۆکان و قومارخانەو لەشفرۆشخانەکان، دانانی کەسانی بێڕەوشت، قبوڵ خاس، بێسەنگ و نیشتیمانفرۆش لە زۆرینەی یەکە کارگێڕییەکان وایکردوە کە زۆرینەی جەماوەر [بە تەواویی] بێئومدبون لە پارتیی، یەکێتیی و، گروپەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن.
بۆیە لە کەشێکی ئاوادا، بەدڵنیاییەوە، دروستبونی هێزی ڕادیکاڵ و توندڕەوی چەکداری ڕوخێنەری ئەم دەسەڵاتە حیزبیانە، ئیسلامیی بێ یان سیکۆلار؛ دەبێتە یەکێک لە ئاواتەکانی زۆرینەی دانیشتوانی باشوری کوردستان. کاتێک بەهۆی دزیی و درۆزنیی و نیشتیمانفرۆشیی ئەم هێزانەوە، جەماوەر ئەو ئاواتە بخوازن؛ بێگومان نە ئەمریکاو نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش ناتوانن تاهەتایە کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتی گروپە تاڵانکارە کوردییەکان بن.
ئا لەم خاڵەدایە، کە زۆرینەی دەسەڵاتدارانی خۆرهەڵاتی ناوڕاست لە ناوخۆدا لەگەڵ میللەتەکانیان، بەردەوام لە ناتەبایی دان، چونکە زۆرینەی دەسەڵاتدارەکانیان تەماعکاری نانیشتیمانین.
سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی جەماوەر لە باشوری کوردستان ئاواتی هاتنەکایەی هێزێکی ڕادیکاڵ-ڕوخێنەر دەخوازن. بەڵام ئەوەی ئیسلامییە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کە [یەکگرتو، کۆمەڵە و حەرەکە]ن، لە زۆرینەی ئیسلامییە سیاسییەکانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جیادەکاتەوە، ئەوەیە: ئەمانەی باشور بەهۆی دزی و فەساد و، بەشداربونیان لە دەسەڵاتدارێتیی جوت-حیزبی تاڵانکاری هەرێم و، بونی لەشکرێک لە خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتێر و گزیرو، گرێدراویشیان بە پرۆژە ئیمریالیستییەکانی تورک، فارس و عەرەبەوە، بونەتە بەشێک لە گروپە گەندەڵەکانی کوردستان. ئەمەشە وایکردوە کە زۆرینەی باشور، وەک چۆن دژی یەکێتیی و پارتیین، بە هەمان ڕادەش دژی یەکگرتو، کۆمەڵە و حەرەکەن.
کەوابو، یەکگرتو، کۆمەڵە و حەرەکە، ڕۆحی شۆڕشگێڕبون، یان ڕادیکاڵ بون، یاخود ڕوخێنەر بونیان تێدا نییەو، لەتێکن لەو گۆشتە گەنیوەی کە یەکێتیی و پارتیین. بۆیەشە هیچ پلانێکی ڕوخێنەری ئاشکرایان نییە. تەنانەت لە ڕوشیان نایەت پلانی وا بە [زار]یش دەرببڕن؛ چونکە بەشێکبون و بەشێکن لە فەسادییەکە.
پرسیارەکەو لێوربونەوە ستراتیژییەکە ئەمەیە: وەک چۆن بە نزیکەی نیو سەدەی ڕابردو ستراتیژی ئەمریکا لە کەنداوەوە تا دەریای ناوەڕاست بەهێزکردنی ڕەوتی توندڕەوی شیعە بو؛ ئایا ستراتیژی ئەمریکا بۆ پەنجا ساڵی ئایندە لەم ناوچەیە بەرانبەر هێزە ئیسلامییەکان چییە؟
بەو مانایەی ئایا کاتێک ئەمریکا-ئیسرائیل دەستیان داوەتە پوکاندنەوەی بەرەی توندڕەوی شیعە، ئەمریکا چۆن مامەڵە دەکات لەگەڵ ڕەوتە توندڕەوە سونەکان بۆ پەنجا ساڵی داهاتو؟ لەکاتێکا هەر ئەمریکا لەم ساڵانەدا تاڵیبان و تەحریروشامی لە ئەفغانستان و سوریا خستۆتە سەر دەسەڵات و، زۆرینەی هێزە دیموکرات و سیکۆلارەکانیش هەر لە ئەفغانستانەوە تا سەر دەریای ناوەڕاست: هێزگەلی گەندەڵ و باندی مافیایین؟