کاریگەریی هاوپەیمانێتییەکان لەسەر داهاتوی خۆراوای کوردستان!

شه‌ریف عەلی
  2024-12-24     868

یەکەم: ئەگەر ئەمریکا-ئیسرائیل نەخشەی [گۆڕین]ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشتبێت، ڕێگا نادەن بە تورکیا [بەتەواوی] خۆی بەسەر خۆراوای کوردستان و سوریادا بسەپێنێت. ئەم ئەگەرە بەو مانایەیە: ئەمریکا-ئیسرائیل بەنهێنیی هەڕەشە لە [ئەحمەد شەرع] و ئۆپۆزسیۆنی تازە دەسەڵاتداری سوریا دەکەن کە هەمو سوریا نابێت بکرێتە پاروی تورکیا. ڕونە ئیسرائیل لێزانانە هەڵسوکەوتی کردوەو لە بەرزاییەکانی گوڵان [جۆلان]ەوە هاتۆتە ناوەو، نزیک دیمەشق بوەتەوەو، جارێ ناشکشێتەوە. لەملاشەوە ئەمریکا بەردەوام هێز دەبات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە  چارەنوسی سوریا بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل ئیجگار گرنگە، چونکە لە ڕوی جیۆستراتیژییەوە؛ پێگەیەکی گرنگی هەبوەو هەیە. ئەم ئەگەرە هاوتەریبیش دێتەوە لەگەڵ بەشێک لە بۆچونی وڵاتانی عەرەبیی کە نایانەوێت تورکیا بەتەواوی ببێتە هەمەکارەی سوریا. لە هاتنەدی ئەم ئەگەرەدا، چارەنوسی خۆراوای کوردستان بۆ کورد ڕوناک دەبێت.

 

دووەم: ئەگەری هاتنەکایەی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا-ئیسرائیل-تورکیا. ئەم ئەگەرە بۆ چارەنوسی خۆراوای کوردستان مەترسیدارە. چونکە تورکیا ئامادەیە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات بە مەرجێک ئەوان [کەمێک!] چاوپۆشی بکەن لە سەرەڕۆییەکانی تورکیا بەرانبەر خۆراوای کوردستان. ڕەوتی فاشیزمی عەرەب و ئیسلامە سیاسییەکانی سوریا، لە نێویشیان دا ئەحمەد شەرع و گروپەکەی و ئیسلامە سیاسییەکان، هاوتەریبن لەگەڵ ئەم ئەگەرەدا. پێشموایە: ڕودانی ئەم ئەگەر [زۆر!] مەترسیدارە لەسەر چارەنوسی خۆراوای کوردستان.

 یەکگرتویی کورد گرنگە کە دەبێتە مایەی لەخشتەبردنی پیلانەکانی تورکیا. گرنگترینە کە پەکەکەو پارتیی لەم ساتە هەستیارەدا [تەنانەت ئەگەر بە نهێنییش بێت!] لە یەکتر نزیکببنەوە، یاخود لەسەر چەند خاڵێک ڕێکبکەون. چونکە ئەوە وا دەکات تورکیا پیلانەکانی فەشەل بهێنێ. بەو ئاڕاستەیەی کە پارتیی هەڵسێت دبلۆماسیەتی حکومەتی هەرێم بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکا-ئەوروپا-ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بۆ پاڵپشتی خۆراوای کوردستان بەکاربێنێت و، سنوری دەستکردی داگیرکەران بۆ خۆراوا واڵا بکات. پەکەکەش لە ڕوی سەربازییەوە هاوکاریانە. تەنانەت ئەم نزیکبونەوەی پارتیی و پەکەکە بۆ باشوری کوردستانیش گرنگە کە لە ڕوداوەکان دا کەرکوک و [موسڵ]ی کوردستان ڕزگار بکرێت.

 

سێیەم: ئەگەری ئەوەی کە تورکیا ناکۆکیی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل-ئەوروپا لەسەر خۆراوای کوردستان لێ پەیداببێ و، هەستێت نزیکبونەوەی تەکتیکی لەگەڵ ڕوسیا-چین و بەشێک لە وڵاتانی عەرەب بێنێتەکایەوە. لەم ئەگەرەدا، پێموانییە ئەمریکا-ئیسرائیل بەئاسانیی تورکیا گەمارۆ بدەن، چونکە دۆخە جیهانییەکە بۆیان هاوکار نییە. بەڵکو پێموایە: لە ڕودانی ئەم ئەگەرەدا، تورکیا شەڕی درێژخایەن بۆ خۆراوای کوردستان دروست دەکات لە ڕێگەی بەردەوام پاڵپشتیکردنی گروپەکانییەوە لە سوریادا. ئایا کورد بیری لە ئەگەری ئاوا کردۆتەوە؟

 لەم ئەگەرەش دا هەر گرنگترینە نزیکبونەوەی پارتیی و پەکەکە، چونکە گەر سنوری دەستکردی باشور لەسەر خۆراوا دانەخرێت؛ خۆراوای کوردستان گەمارۆ نادرێت. ئیتر با ئەوەش بوەستێت لەم دۆخەدا خۆراوای کوردستان پێویستیشی بە دبلۆماسیەتی حکومەتی هەرێمە بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە پارتیی نێوانی لەگەڵیان باشە. هەروەها لەگەڵ ئیسرائیل.

وەک بابەتی پێشو ئاماژەم پێداوە: گرنگترینە یەکگرتویی کورد لەم دۆخەدا.

 واتە: کلیلی چارەسەر نزیکبونەوەی پارتیی و پەکەکەیە [با بەنهێنییش بێ]. بەڵام بە کردەوە ڕەنگدانەوەی ببێت. 

ئەشزانم دەزگاکانی میت و ئیتلاعات و هەواڵگری عێراق و ئیسلامیی سیاسیی لە ڕێی بەکارهێنانی ڕۆژنامەنوسە کوردەکان و خۆفرۆش و فەیسبوکەوانە کوردەکانەوە هەڵمەتێکیان دەست پێکردوە کە پارتیی و پەکەکە زیاتر بکەنە دوژمنی یەکتر و، تەشهیر بە هەمو کەسێ دەکرێ کە باس لە یەکگرتویی کورد بکات. 

وەک ئەکادیمییەکی نەتەوەیی کورد، کە لەسەر دژایەتیم بۆ گەندەڵیی و هەڵوێستە نەتەوەییەکانم؛ یەکێتیی زۆر غەدری نایاساییان لێ کردم. هوشیاریم وابوە کە لەم دۆخەدا ئەوەم پشتگوێ خستوە. 

تکام وایە سەرکردایەتیی کورد [مناڵانە] بیرنەکاتەوەو، ڕابردو لەبیر بکات و، لاپەڕەیەکی پرشنگدار لەم دۆخەدا هەڵبداتەوە. ئەگەر نا؛ دایک و خوشکەکانمان لە خۆراوای کوردستان، بە هەمان شێوەی دایک و خوشکەکانمان لە شنگال، بە دەستی ئیسلامی سیاسیی، کە لەلایەن ئیمپریالیزمەکانی تورک و فارس و عەرەبەوە ئاڕاستە دەکرێن، دەکرێنە کەنیزەی سێکسیی و کوردان جینۆساید دەکرێنەوە.

 

چوارەم: کوردەکانی خۆراوا یەکگرتو بن و، بە پشتیوانی دبلۆماسیەتی هەمو کورد، دبلۆماسییەتی کوردی بتوانێ هێندە کاریگەریی لەسەر ئەمریکا-ئیسرائیل-ئەوروپا دابنێ کە فشار لەسەر ئەحمەد شەرع و گروپە دەسەڵاتدارەکەی دابنێن کە مافەکانی کورد لە خۆراوای کوردستان لە دەستوری سوریادا بچەسپێنرێن. ئەم ئەگەرە بێتەدێ، تورکیاش ناچار دەبێ مامەڵەی لەگەڵ دا بکات. بەڵام، پێموایە: نابێت بەئاسانیی هێزەکانی خۆراوای کوردستان ڕایبگەیەنن کە فیدراڵییەت و تەنانەت ئۆتۆنۆمیشیان ناوێت. چونکە کاتێک تۆ وات وت. واتە: تۆ ڕایدەگەیەنیت کە هێزە سەربازییەکانت هەڵدەوەشێنیتەوەو ڕێگا دەکەیتەوە بۆ سوپای داهاتوی سوریا بێتە ناو خۆراوای کوردستانەوە. لە وەها دۆخێکداو، تەنانەت ئەگەر بەشێک لەمافەکانی کورد لە دەستوری سوریاش دا ئاماژەی پێ بکرێ. هەر هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ جێبەجێ کردنیان. بۆیە هەڵەیەکی ستراتیژییە کە بەئاسانیی و بە پەلەپەل ڕایبگەیەنیت کە فیدراڵیی و ئۆتۆنۆمیت بۆ خۆراوای کوردستان ناوێت و، ئامادەی هێزەکانت تێکەڵ بە هێزی حکومەتی ناوەندی بکەیت. چونکە دواتر گەرەنتی بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد تەنیا بە دەستوری سوریا مەیسەر نابێ. بەڵکو هەبونی هێزی خۆسەری لە چوارچێوەی [جوگرافیا]ی خۆراوای کوردستان؛ گەرەنتی داگیرنەکردنەوەی خۆراوای کوردستان و بەردەوامبونی جێبەجێکردن و هێنانەدی مافەکانی کوردە.

 

پێنجەم: ئەگەری هاتنەکایەی هاوپەیمانێتیی نێوان خۆراوای کوردستان-ئیسرائیل. لە سیاسەت دا هیچ ئەگەرێک نامومکین نییە. ئەگەر ئیسرائیل ئامادەبێ خۆراوای کوردستان بپارێزێ؛ دەکرێ خۆراوای کوردستان ڕێکەوتنی نهێنیی لەگەڵ ئیسرائیل بکات کە ئامادەیە بیست ساڵ نیوەی نەوتی بەرهەم هاتوی خۆراوای کوردستان بە ئیسرائیل بدات، بە مەرجێ ئیسرائیل بیپارێزێت. لەم ئەگەرە مەحاڵەدا، دەکرێ ئیسرائیل هاوکار بێ کە سنوری خۆراوای کوردستان فراوانتر ببێ بۆ سروشتە خواکردەکەی!!!!

 ئەم ئەگەرە لە سیاسەت دا بونی هەبوە، وەک چۆن ئینگلیز نەوتی دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقی بە تورکیای نوێ دا لە پێناو دەستبەرداربونی تورک لە باشوری کوردستان [ویلایەتی موسڵ] لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی بیست. ئاوهاش دەکرێ ئەم ئەگەرە بهێنرێتەوە سەر مێز، بەڵام ئەمجارە دژ بێت بە بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی تورک، فارس و عەرەب لەسەر خاکی کوردستان و، کورد خۆی یاریکەرێکی ڕێکەوتننامەکان بێت. 

 

هەزار بارەی دەکەمەوە: هاندانی پارتیی و پەکەکە کە لەم دۆخەدا دژی یەکتربوەستنەوە، پیلانی میت و ئیتلاعاتە؛ تا کورد دەرفەتەکانی لە دەستدەربچێ و، ئەوانیش کورد جینۆساید بکەنەوە. بۆیە کاتی یەکگرتن و یەکڕیزییە. کاتی هەڵوەشانەوەی پێنج سەد ساڵ لە هەژمونی داگیرکاریی ئیمپریالیستیی تورک و فارسە لەسەر خاکی کوردستان. ساتی هەڵوەشانەوەی سەد ساڵ هەژمونی داگیرکاریی ئیمپریالیستیی عەرەبە لەسەر باشورو خۆراوای کوردستان. دەست نەپاراستن لە داگیرکەران و، ئاشکراکردنی پیلانەکانیان و، پاراستنی یەکڕیزی کورد؛ کلیلی سەرکەوتنە.

 

دۆخەکە بەجۆرێکە: ئاخوندەکانی ئێران و پاسداران و حەشدی شەعبیش لە ناوەڕاستی بەغاوتاران دا؛ کونەمشکیان لێبوەتە قەیسەریی و، زیڕەیان کردوەو، غیرەتیان نییە دو هێرشی [فشەکەر]انەش بکەنەسەر ئیسرائیل و، ناوی تۆڵەکردنەوەی لێ بنێن و، ئەردۆگانییش خەوی لێ زڕاوە. 

 

کوردبون: دوا لوتکەی شەرەفمەندێتییە. 

جاشبون و سیخوڕیکردن بۆ ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەب؛ ئەوپەڕی بێڕەوشتیی و شەرەفرۆشییە.

تا خۆر بمێنێ: کورد و کوردستان هەر بە شکۆوە دەمێنێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×