گوێم لە بەشێک لە قسەکانی شاسوار عەبدولواحید گرت، بەتایبەت ئەو بەشەی قسە لەسەر خەڵکانی ناڕازی و سەربەخۆ دەکات، وا وێنای کرد گوایە سەرجەمیان سەر بە پارتی و یەکێتین، یاخود خۆی وتەنی ٩٩٪یان پارەیان لە خۆی وەرگرتووە، ئەوکاتەی پرۆژەی سیاسی نەبووەو کۆمپانیای هەبووە.
بێگومان ئەم جۆرە گوتارە، ئەم جۆرە لە قسەکردن زۆر مەترسیدارەو لە قسەی خەڵکی بازاڕ دەچێ، نەک لە کەسێک کە خەونی گۆڕانکاری هەبێت، کە لە خوارەوە خاڵ بەخاڵ دێمە سەری:
*بە لۆژیکی کاک شاسوار، سەربەخۆ نەماوە لە ناو کورددا، سەرووی ٩٩٪ یان پیاوی دەسەڵاتن.
جارێ ئەم گوتارە پارتی و یەکێتی دەمێکە ئیشی لەسەر دەکەن و لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێ خەڵک نائومێدو ڕەشبین بکەن و بڵێن: ئەوانەی بەناوی سەربەخۆوە رەخنەمان لێدەگرن، ئەوانە لە ژێر چەتری خەڵکی تردان، بەڵام تێناگەم ئەم هاوگوتارییەی کاک شاسوار و پارتی و یەکێتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
* بەپێی خیتابەکەی کاک شاسوار، لەگەڵم بە، گەر لەگەڵم نەبیت سەر بەدەسەڵاتیت. ئێ پارتی و یەکێتیش هەر وا دەڵێن: لەگەڵم نەبیت، دژمی!
ئەمەش خیتابێکی ئەوپەڕی ناعەقڵانییە، چونکە خەڵکی ژیر بەهەموو دوعایەک ناڵێ ئامین..
*کاک شاسوار دەڵێ: مادام ئەوانەی خۆیان بە سەرخۆ دەزانن و جنێو بە عایلەی بارزانی و تاڵەبانی نادەن و باسی نەعل و گۆرەوی ناکەن، کەواتە پیاوی دەسەڵاتن!
ئەم جۆرە گوتارە، ئەم جۆرە مەعریفە، ئەم جۆرە قسە کردنە، گریانی دەوێ، بۆ؟
بڕۆن مێژوو بخوێننەوە، هەموو ئەوانەی شۆڕشیان کردووە لە نێو وڵاتی خۆیان و گۆڕانکاریان دروستکردووە، تەنها یەک کەسیان تێدا نییە جنێوی بە رکابەرەکانی دابێت، ئەسڵەن هەر( متکلم) یش نەبوون ، بەڵام پیاوی کردار و گۆڕەپان بوون.
پاشان من دەپرسم، ئێستا جنێودان بە ماڵی تاڵەبانی و بارزانی چ ئازایەتییەکی تێدایە، خۆ کاتێک ( بافڵ، نێچیر، قوباد و مەسرور) وێنە دادەنێن، سەدان کۆمێنتی پڕ لە جنێویان بۆ دەڕوات، ئێستا شتێک ئاسان بێت جنێودانە بەوان، چونکە لەگەڵ جنێودا ڕاهاتوون و باکیان نەماوە.
ئینجا دۆخەکە ڕێک پێچەوانەی تێگەشتنەکەی شاسوارە، ئەوانەی جنێو نادەن و خاوەن پرەنسیپن و بەڕەخنەی مەعقول دەدەن لە بنی هەمبانەکە، ئەوانە سەربەخۆ و هەڵگری خەونی گۆڕانکارین.
بە پێچەوانەوە پارتی و یەکێتی دونیایەک کرێ گرتەی خۆیان خزاندووەتە ناو خەڵکانی رۆشنبیرو خاوەن پرەنسیپەوەو جنێویان پێدەدەن، تا بڕوایان پێ بکرێ، بۆ کەممان بینی بە لێشاو جنێویان بە ماڵی بارزانی و تاڵەبانی دەدا و دواتر دەرکەوت پلەداریشن.
ئینجامن پرسیارێکیشم لا دروستبووە،بۆ گەر کەسێکی وەکو عوسمانی حاجی مەحمود بجوڵێ، یەکێتی و پارتی دەکەونەجوڵە، بۆ تۆ ڕۆژ تا ئێوارە جنێویان پێدەدەیت تەنانەت نابینم میدیاکانیشیان بەزەقی ناوت بهێننو ئەسڵەن خۆیان تێکنادەن؟
* کاک شاسوار دەڵێت: ٩٩٪ ئەوانەی خۆیان بەسەربەخۆ دەزانن، پارەیان لە یەکێتی و پارتی وەرگرتووە، یاخود پێشتر و کاتێک کۆمپانیایان هەبووە، لە خۆی وەریانگرتووە.
ئەم قسەیە زۆر بێ مانایە، گەر پارە لە شاسوار وەرگیراوەو تەنها قسە فڕێدان نییە، دە ناوەکانیان بڵاو بکەوە، با ئەو خەڵکە بیانناسێت، نەک بیست سی کەسێک هاتبنە لاتو ئەمانە تەعمیم بکەیتە سەر هەموویدا.
جارێ نەک ٩٩٪ من خەڵکی میدیاکار دەناسم، تۆ بەناوی ریکلامەوە پارەت بۆ ناردووەو وەری نەگرتووە، دواتر هەمان کەس هەڕەشەی لەسەر بووەو پێشنیاری رۆیشتنت بۆ گوندی ئەڵمانی بۆ کردووە، دیسان ڕەتیکردووەتەوە.
بۆ خەڵک نائومێد دەکەی، بۆ ناڵێیت؛ ئافەرین، ئێمە میدیاکاری وەهامان هەیە و خەڵک تەشجیع بکەی، تا پارە وەرگرتن لە تۆش و ماڵی تاڵەبانی و بارزانیش ببێتە عەیبەو کەس جورئەت نەکات لە ژێرەوە بازرگانی بکات.
ڕاستە گروپێک میدیاکار و خەڵکانی چڵکاو خۆر و سەرشۆڕ هەن، پارە لە تۆش و ئەوانیتریش وەردەگرن، بەڵام رێژەکە زۆر کەمترە لەوەی تۆ خەڵکی پێ نائومێد دەکەیت.
نەک ٩٩٪ ی خەڵکانی سەربەخۆ، خۆ فرۆش نین، ئەسڵەن من دەیان و بگرە سەدان ئەناسم، پێشنیاری جۆرەها شتیان بۆ کراوەو ڕەتیانکردووەتەوە، لە کاتێکدا خەڵک قاوەیەکیان بۆ دەکڕێ.
ئێ ئەمە چ ویژدانێکە تەنها لەبەر ئەوەی بە ئاوازی تۆ ناخوێنن، ئیتر پیاوی سوڵتە بن؟
ڕەنگە من کەمترین قسەم لەسەر نەوەی نوێ کردبێ، بەڵام ئەم جۆرە قسەکردنەی شاسوار عەبدولواحید هی ئەوە نییە لێی بێدەنگ بیت، رەنگە ئەوانە بتوانن بێدەنگ بن، کە لە ٩٩٪ ەکەن.