کاتێک چەند مانگێک لەمەوبەر، ئیمزا بۆ لامەرکەزیەتی سلێمانی کۆدەکرایەوە، لە نێو بازاڕدا ڕێم کەوتە گروپێک لەو گروپە خۆبەخشانەی ئیمزایان کۆدەکردەوە، داوایانکرد ئیمزایان بۆ بکەم، بەڵام ڕەتمکردەوە.
کە ڕەتمکردوە، بڕواشم بە لامەرکەزیەتی ئیداری هەیە، بڕوام بەوە هەیە نابێت هەموو دەسەڵاتەکان لای ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان بێت و مامەڵەی هاوڵاتی بەو هۆیەوە چەند مانگێک دوابخرێت، بەڵکو بەباشی دەزانم دەسەڵاتەکان شۆڕ بکرێتەوە بۆ خوارەوە و مامەڵەی هاوڵاتی زوو ڕایی بکرێت.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، باوەڕم بە وەهم نیە، باوەڕم بە خەیاڵی دوور لە واقیع نیە، دەیان هەزار کەس ئیمزایان بۆ لامەرکەزیەتی سلێمانی کۆکردەوە، گروپێکی زۆری نێو یەکێتی خۆشحاڵ بوون بەم هەنگاوە، بێ ئەوەی ئاگایان لە ژمارە و داتا و داهات و واقیعەکە بێت!
هێشتا نە سلێمانی، نە هەولێر و دهۆکیش، ناوچەی بەرهەمێنانی گەورەی نەوتی نین، تا بەتەواوەتی پشت بەداهاتی نەوت ببەسترێ، ئەی بۆ ناپرسن، هەرێم بۆ زنۆقی لە هێرشی عێراق لە هێرشکردنە سەر بیرە نەوتیەکان چووە؟
چونکە ئەو نەوتەی هەرێم دەیفرۆشێت و لەداهاتەکەی موچە دەدرێ، زیاتر لە نیوەی نەوتی ئەو ناوچانەیە کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کەوتوونەتە دەست هەرێم، نەک نەوتی ناوچەکانی سلێمانی، دهۆک و هەولێر بێت.
تا پێش ساڵی ٢٠١٧ ، هەرێم پارەیەکی زۆری لە نەوتی کەرکوک دەست دەکەوت، کەچی دەشیویست عێراق موچەو پارەی خزمەتگوزاری پارێزگاکە بدات، واتە من خێرەکەی ئەبەم و تۆش بۆی خەرج بکە.
کەواتە ئەم دۆخەی لە سلێمانی هاتووەتە ئاراوە، تەنها ئەو کەسانە لێی بەرپرس نین، کە ڕێککەوتنەکەیان کردووە و موچەو نەسریەو پارەی پرۆژەیان خستە سەر داهاتی ئێرەو ئێستاش دەڵێن داهات بەش ناکات، بەڵکو یەک بەیەکی ئەوانەش بەرپرسیارن، لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ داتاو ژمارەکان هەبوو، ئەوانە بەرپرستارن کە سەرچاوەی داواکەیان ڕقی حیزبی و بێ ئاگایی بوو لە واقیع، نەک پشت بەستن بە داتاو ژمارەی دەقیق.
گەر بپرسرێ ئایا بۆ پارە نیە، بۆ داهات نیە، وەڵامەکەی ڕوونە، ئەوانە دوورن لە ڕاستیەوە گوایە حیزب پارەی نێو بانکەکان دەبات، شتی وا لە گۆڕێ نیە، بەڵکو ئەسڵی کێشەکە ئەوەیە قەبارەی قاچاخچێتی لە دەروازەکان هێندە گەورەیە، قەبارەی سودی شەخسی لەداهاتی ناوخۆ هێندە بەرزە، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی داهات هەبووە.
روئیایەکی دروست و زانستی نیە بۆ گەشەدان بە داهاتی ناوخۆ و کۆکردنەوەی داهات.
ئیدارەدانی دۆسیەی کۆکردنەوەی داهات، هێندە ناڕێک و پێک و پەرش و بڵاوە، گەر داهات دە هێندەی تریش زیاد ببێت، ڕەنگە گرفتی موچە چارەسەر نەبێت.
وەلحاڵ چێشتی فرە کوێخا یان شۆرە یان بێ خوێ یە، گرفتی سلێمانی گەر بەشێکی کەمی پەیوەندی بە داهاتەوە هەبێ، ئەوا هۆکاری بەشێکی گەورەی کێشەکە فرەکوێخایی، هەڵپەی شەخسی، خراپ ئیدارەدانی داهاتە.