کێشەکانی یەکێتی و کێشەکانی سلێمانی دابڕاو نین لەیەکتر بەو پێ یەی ئەم حیزبە دەسەڵاتداری پارێزگاکەیە، بێگومان گەر یەکێتی حیزبێکی بێ گرفت بایە، سلێمانیش هێندە گرفتار نەدەبوو، گرفتاربوونی یەکێتی، سلێمانیشی دەردەدار کردووە.
یەکێتی ماوەیەکە سەرقاڵی دیداری نيوخۆییەو لە زۆربەی ناوچەو مەڵبەندەکان دیدار بەڕێوەچوو یان بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا نە کێشەکانی سلێمانی، نە کێشەکانی حیزبیش بەپینەوپەڕۆ و دیداری سەرپێیی چارەسەر نابن.
گەر کێشەکان لۆکاڵی بایەن و تەنها ناوچەیەکی دیاریکراوی گرتبایەتەوە، دیداری لۆکاڵی لەو ناوچە ئاسایی بوو، بۆ چارەسەر کردنی گرفتی ناوچەکەیان، بەڵام مادام کێشەکان گشتگیرن، دیداری ناوێ، گەر ئیرادەی جدی هەبێت و ئیش بە پێشنیارەکانیان بکرێت، ئەوا بۆ چارەسەرکردنی گرفتە گشتگیرەکان، لیژنەیەکی عاقڵمەندی چەند کەسی بەس بوو، ئیتر پێویستی بە زۆر و بۆری کۆبوونەوەو دیدار و لیژنەو لیژنەکاری نەدەبوو.
گەر بتەوێ فۆکس بخەیتە سەر کێشەکانی سلێمانی و یەکێتیش، دەبێت کێشەکان پۆلێن بکەی بۆ دوو ئاست، ئاستی حیزبی و ئاستی حکومی، کە تەشخیسی کێشەکانت کرد، ئیرادە هەبوو چارەسەر دەکرێن، گەر ئیرادەش نەبوو، کە نایبینم، دۆخەکە لەمەی ئێستا خراپتر دەبێت.
لاوازی قیادەی یەکێتی
نەمانی مەرکەزیەت، تەحەکوم کردنی کۆمپانیاو پارەو خەڵکانی ناتێگەیشتوو لە سیاسەت، نەبوونی تێڕوانێکی ڕوون بۆ شێوازی حوکمڕانی، بیرنەکردنەوە و درک نەکردن بە گرفتەکان، خراپتربوونی بەردەوامی دۆخەکە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ لاوازی قیادەی یەکێتی.
ژمارەی سەرکردەکانی یەکێتی پێنج هێندە زیاترن لە ژمارەی سەرکردەکانی حیزبی شیوعی چین، لەکاتێکدا ئەمان چەندسەد هەزار ئەندامێک و ئەوان سەرووی نەوەد ملیۆن ئەندامیان هەیە، ئەمان پارێزگایەک و ئەوان گەورەترین وڵات بەڕێوەدەبەن.
لەم ڕۆژانەدا، لێدوانی بەرپرسێکی یەکێتیم بەرچاو کەوت، باسیلەوەکرد کە لە دواین کۆنگرەی دوای جیابوونەوەی گۆڕان دا، مام جەلال پێیوتوون؛ لاوازترین قیادەمان هەڵبژارد، گەر مام جەلال بمایەو ئەم قیادەی ئێستای بینیبا، ئاخۆ دەبێ ڕای چۆن بایە؟
سەرکردایەتیەک گەر بیرکردنەوەی دەستەجەمعی، پێشنیاری هاوبەش، درک نەکردنی بە گرفتەکان، پرۆژەو پێشنیار، دونیا بینی واقیعی بۆ گرفتەکان نەبێ، بە کام پێوەر پێی دەترێ سەرکردایەتی؟!
ئەوەی هەستی پێدەکرێ، زۆرێک لە سەرکردەکان، هێندەی لە پەیج و بەردەم کامێراکان حزوریان هەیە، هێندەی لە خەمی پۆست و مانەوەن لە پۆستەکانیان، هێندەی لەخەمی عەشیرەتایەتی و بازرگانین، هێندەی لە خەمی پاراستنی بەرژەوەندی و کوتلەو کوتلەکارین، هێندەی لە خەمی خۆ بەتاڵ کردنەوە و خۆبەبەتەڵ کردنن لە پەیجەکان، بیریان لای ئەرکە گرنگەکەیان نەماوە کە بەڕێوەبردنی حیزب و ئیدارەدانی ناوچەیەکە!
حیزبێک بۆ ئیدارەدانی پارێزگایەک، پێویست ناکات ئەو هەموو سەرکردەی هەبێت، یاخود چ مودیر ناحیەو بەرپرسی ئەمنی و شارەوانیە بکاتە قیادە، بەڵکو ١٥ کەسی هاوشیوەی فەرید ئەسەردی بەسە بیری بۆ بکاتەوە و ئیش لەسەر بۆچوون و پێشنیارەکانی بکات.
ئیدارەدانی حیزب پێویستی بە عەقڵی شار هەیە، بەو مانایەی فراوان بیربکاتەوە، دوور لە هاوکێشەکان بڕوانێت، خوێندنەوەی بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان هەبێت، پێشنیاری بۆ گرفت و ئاڵەنگاریەکان هەبێت، بەڵام ئەم عەقڵیەتانەی ناویان لێنراوە سەرکردایەتی یەکێتی، نەک شار، بەڵکو بیرکردنەوەیان لە چوارچێوەی گوندێکی چەند ماڵیشدا نیە.
ئاخر لە ٢٠٢٢ بەناو سەرکردە، هێشتا بیری لای جەماعەت جەماعەت و دەستەگەری و خەمی بەرژەوەندیەکانی بێت، چۆن دەیپەرژێتە سەر بیرکردنەوە لە گرفتەکانی خەڵک و خەمە گشتیەکان؟
بۆیە یەکێتی پێش هەموو هەنگاوێک، پێویستی بە تازەکردنەوەی قیادەکەی و وەلا نانی زۆرینەی ئەم قیادە هەیە، هەروەها هێنانە پێشەوەی خەڵکانی تێگەیشتوو لە سیاسەت هەیە، گەر نا، ئەوەشی بەدەستیەوە ماوە، لەدەستی دەدات.
نەمانی لێپرسینەوە و چاودێری !
لەناو یەکێتیدا هێندە چاودێری و لێپرسینەوە نەماوە، ئەوانەشی کە دەست بۆ کاری خراپ و نامەشروع نابەن، ڕەنگە سیفەتی شەخسی و پەروەردەی خێزانیان ڕێگربێت، ئەگینا کێ لەسەر هەنگاوی نامەشروع موحاسەبە یاخود چاودێری کراوە.
کام دامەزراوەی یەکێتی بەدواداچوونی بۆ موڵکە کەڵەکەبووەکانی بەرپرسەکانی کردووە، کام ئۆرگانی حیزبی لەسەر ئیش بۆ بەرژەوەندی خۆکردن، موحاسەبەی بەرپرسێکی کردووە.
لەنێو هەر حیزب و وڵاتێکدا چاودێری و موحاسەبە هەبوو، تەنانەت بەرپرسیارێتی بدرێتە دزیش ئاساییە، چونکە دز زوومی لەسەر بوو، ناتوانێت دزی بکات، بەڵام خەڵکی باشیش بخە نێو دامەزراوەی بێ موحاسەبەو چاودێریەوە، ئەمڕۆ فریو نەدرێ، دوو سبەی هەر تێدەکەوێ.
نزیکترین نموونە، زۆرێک لەو گەنجە سەرکێشانەی لە کوردستان نەیاندەزانی یاسا چیە، بەڵام کاتێک چوونە ئەوروپاو گەڕانەوە، یاسا هێندە لەقاڵبی دابوون، هەر لەبەر دەرگا و کاتێک لە ئۆتۆمبێل سەردەکەون، قایشی سەلامەتی دەبەستن، واتە موحاسەبەو چاودێری، دز دەکاتە شەریف، نەبوونیشی، شەریف دەکاتە دز و خراپەکار.
غیابی درک و دونیا بینی
لە دەرئەنجامی لاوازی قیادە و نەمانی چاودێری و لێپرسینەوە، لەناو یەکێتی دا گرفتی بیرنەکردنەوە و درک نەکردن بەکێشەکانیش دروستبووە، چونکە خەمەکان، لە خەمی گشتیەوە بوون بە خەمی شەخسی.
ئەگینا گەر درک و بیرکردنەوە هەبایە، ئەو هەموو ناڕەزایەتیە بەهەند وەردەگیرا، هەنگاو بۆ چارەسەر کردنی ئەو هەموو کێشە کەڵەکە بووە دەنرا، یانی مەعقول نیە، حیزبێک بیرکردنەوە تێیدا هێندە لاواز بێت، نەتوانێت شێوازی دابەشکردنی موچەی توێژێکی وەک خانە نیشینان چارەسەر بکات!
ئاخر، موچەی خانەنیشینانی هەر شارێک بدە بە چەند ماتۆرسکیل سوارێکی دڵسۆز، بە هەفتەیەک بۆت دابەش دەکات، کە ئەمە دواکەوتووترین و ناشیرینترین ڕێگە چارەیە.
یاخود مەعقولە ئیدارەدانی پارەی بانکەکان هێندە خراپ بێت، ئەمڕۆ هاوڵاتیەک دە ملیون بخاتە بانک، سبەی بانک دینارێکی تێدا نەبێ، هاوڵاتیەکە وەری بگرێتەوە، لە دونیادا نەبووە، گیرفانی بەرپرس، لەبانک پارەی زیاتر تێدا بێت!
نەکراوەو ناکرێ، وڵاتێک کۆمپانیاو سەرمایەدارە حیزبیەکانی، لەسەر حسابی خەڵک قاسەکانیان پڕبێت لەپارە، کەچی حکومەتەکەی باس لە کەمی پارەی نەختینە بکات.
ناکرێ و نەکراوە، پارێزگایەک بە چەند دەروازەیەکی پڕ لەداهات و چەند ناوچەیەکی دەوڵەمەند و دەیان دەزگای کۆکەرەوەی داهاتی ناوخۆ، سەری مانگ بانکەکانی هێندە پارەی تێدا نەبێت، موچەی لێبدرێت.
دۆخەکەم ڕێک وەک ئەو خێزانە بێ شیرازە دێتە بەرچاو، کە خاوەنی داهاتێکی زۆرە، بەڵام هێندە شیرازە تێکچوو، بێ سەرو و بەر و فرە کوێخایە، سەری مانگ قەرزاریش دەبێت و ئیداری خۆی پێ نادرێ.
بێ پلانی و نەمانی دڵسۆزی
هەموو شتێک بەپارە ناکرێ، بەڵام دڵسۆزی هەموو شتێکت بۆ ئاسان دەکات، پلان هەموو ڕێگەیەکت بۆ کورت دەکاتەوە، بەڵام نەبوونی پلان و دڵسۆزی، لەشوێنی خۆتدا دەتوەستێنێ، یان دواتدەخات.
بۆ نموونە، کاتێک بە نێو ناحیەیەکی ڕووتەڵەدا تێدەپەڕی، ڕەنگە جوانکردنی ئەم ناحیە هێندە پارەی نەوێ بتوەستێنێ، بەڵکو پلان و دڵسۆزی دەوێت، هێندە جوانی بکەی، کە ڕەنگە بە گروپێکی ژینگەدۆستیش بکرێ.
کەچی کاتێک بەنێو هەندێک شاروشارۆچکەدا تێدەپەڕی، هەستەکەی بەرپرسەکانی تاقەتی خۆشیان نەماوە، چ جای دەستهێنان بە شارەکەیان، چونکە ئەمانە لە سەر بنەمای دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دانەنراون، بەڵکو بەواسیتەی گرگنێک شارێکیشیان پێ وێرانکراوە.
یانی مەعقول نیە، سەرمایەدارێک شوێنێکی گەشتیاری وەک جاڤی لاند لە سلێمانی دروست بکات، کەچی حیزبێکی گەورە و خاوەن ئیمکانیەت، هێندە لە خەیاڵی قاچاخچێتی دەروازەکان و بردنی شوێنە گرانبەهاکان بێت، نەتوانێ چوار چاڤیلاند دروست بکات!
شت زۆرە، گەر بمانەوێ لەسەر کۆی کێشەکان بەوردی بوەستین، ڕەنگە دوو توێی کتێبێکی هەزار لاپەڕەیمان زیاتر پێویست بێت، بەڵام تائێرە بە کورتی بەسە.
ئێمە بۆ ناحەقی حیزبێک بگرین کە خزمەتمان ناکات، کە خزمەتی خۆی پێناکرێ، لەکاتێکدا تا ئێستا نەیتوانیبێ میدیا محەلی و سایتە شەخسیەکانی کۆ بکاتەوەو بۆ مونافەسەی ڕکابەرەکانی، میدیایەکی گەورە دابمەزرێنێ!
ئەو سلێمانیەی کە نازناوی شاری ڕۆشنبیرانی هەیە و پێویستبوو جێگەی میدیا بەهێز و کاریگەرەکان بایە، گەر کەناڵێکی وەک ئێن ئارتی نەبایە، دەبوو چاوی لەسەر میدیای دەرەوەی خۆی بایە.